لە 24 مانگی ڕابردوو، كۆشكی سپیی ئاشكرای كرد كە بەڕێز ترەمپ ئۆردوگانی ئاگاداركردووە لە "هەندێك هەمواری هەلًپەساردن سەبارەت بەو پشتگیریە سەربازیانەی كە دەدرێن بە هاوبەشەكانمان لە سوریا". لەوە سەرنجراكێشتر، لە سەرەتای ڕاگەیەندراوەكەدا ئەم دەستەواژەیە هاتووە "بەهاوئاهەنگبوون لەگەڵ سیاسەتی پێشوەختەمان".[1] لەم سەرەتایی پێشەكییەدا مەبەستمان نیە مانای ورد و قوڵی ئەو دەستەواژانە بزانین، بەڵكو ئەوەی ختوكەی بیركردنەوەمان دەدات، ئەو دڵراگرتنەی وڵاتە یەكگرتووەكانە بۆ نیگەرانیەكانی توركیا كە لەو دوو بڕگەیەی سەرەوەدا هەستپێدەكرێت. ئەمە وەك ئەوە دەرەكەویت كە بڵیت: ئازیزم ئۆردوگان تكایە كەمێكی تر ئارامگربە، هەموو شتیك لە تەواوبووندایە!
هەرچۆنێك بێت، بۆ كەسێك كە لەدوورەوە چاودێری ڕوداوەكانی سوریا بكات، وا تێئەگات كە ئیتر وا "داعش" بوونی جوگرافی نامێنێت و شانۆكەش دوا دیمەنی خۆی پەخش ئەكات. بەلام لە واقعدا تەنها گۆرانكاری كە تا ئێستا رۆیدابێت، چونەدەرەوەی تەنها یەك پێشبڕكێكاری دۆڕاوە لە یاریە هەمە لایەنەكەی سوریا. ئەگەر كۆششێكی زۆر بكەی بۆ ئەوەی نەخشەی دابەشبوونی لایەنە شەڕكەرەكانت بیر بێتەوە لە سوریای 2014دا، ڕەنگە لەناو ئەو گۆڕانكارییە تێكئاڵۆسكاوانە وونببیت كە لەوكاتەوە لەسەر زەوی ڕویانداوە. ڕەنگە تاكە دەستەواژەیەك كە بۆ ناولێنانی ماوەی ڕابردووی سوریا گونجاوبێت "فەوزا" بێت. ئێستا ئەوەتا ئاوێنەكە ڕووی خۆی ئەسڕێتەوە و تەنها پەڵە گەورە و كاریگەرەكان جێدەهێڵێت: كورد لە باكوری ڕۆژهەڵات، ڕژێمی سوری "بەنزیكەیی" لە هەموو شوێنێكە بێجگە لەو شار و شارۆچكانە نەبێت كە گەمارۆ و نیمچە گەمارۆ دراون. بۆیە ئاماژەكانی قۆناغێكی نوێی ڕووبەڕووبوونەوە، زۆر پێدەچێت كە هیزە سەرەكییەكانی پاش داعش بەرەو بەریەكەوتن پاڵبنێت.
بەرپرسانی سوری لەم دواییانەدا زیاد ئاماژە بە یەكێتی و ڕزگاركردنی تەواوی خاكی سوری ئەدەن، كە پێئەچێت زیاتر كاردانەوەی ئەو سەركەوتنە یەكلاكەرەوەی هیزەكانی سوریای دیموكرات بێت لە پێشبڕكێی كونترۆڵكردنی كیڵگە نەوتیەكانی ئەل-عومەردا. توركیا بەبەردەوامی ئاماژەی ئەوە دەكات كە ئیدارەیەكی سەربەخۆ لە باكوری سوریا قبوڵناكات كە لەلایەن - یە پە گە - (كاریگەرترین گروپی كوردی نێو هێزەكانی سوریای دیموكراتە) فەرمانڕەوای بكرێت. لەوەش گرنگتر لە گفتوگۆی داپۆشراوی نیوان توركیا و وڵاتە یەكگرتوەكان ی ئەمریكادا، توركیا بە پەرۆشەوە داوای چاوپۆشی پەلاماردانی كانتۆنی عفرین دەكات. ئەو پرسیارەی لێرە بەدواوە بەدوای دەكەوین ئەوەیە: ئایە لە بارودۆخی ڕوبەڕووبوونەوەی پێشبینیكراو لە نیوان توركیا یان سوریا لەگەڵ هێزەكانی سوریای دیموكرات، كاردانەوەی وڵاتە یەكگرتوەكان چۆن دەبێت؟ ئایا "دیفاكتۆ"ی كوردی لە باكوری رۆژهەڵاتی سوریا بەشێوەیەكی ستراتیژی پارێزراوە؟ ئایە وڵاتە یەكگرتوەكان هیچ جۆرە بەرپرسیاریەتیكی لە هەمبەر ڕوژاڤا هەیە بێجگە لە پیادەكردنی ئەركێكی سەربازی كاتی؟
دەسپێكی هاوكاری نێوان وڵاتە یەكگرتوەكان و هێزەكانی سوریای دیموكرات
ئیدارەی ئۆباما لە 2013، ڕێگەی دستپێكردنی بە پرۆگرامی داپۆشراوی سی-ئای-ئەی دا بە ڕاهێنان و چەكپێدانی "یاخیبووە سورییە مۆدیرنخوازەكان" بەمەبەستی لەكارخستی ڕژێمی ئەسەد، یاخود بەلایەنی كەم ناچاركردنی بە ئامادەبوون و بەشداریكردن لە كفتوگۆیەكی بنیاتنەرانە. هیچ یەك لەم ئامانجانە بەدینەهاتن. بە پێچەوانەوە، وەك ئەوەی باس دەكرا زۆرینەی چەكە ئەمریكییەكان دزەی دەكرد بۆ لایەنە توندوتیژەكان لەنێویاندا داعش.[2] هەرچەندە پرۆگرامەكە بەفەرمی هەڵنەوەشێنرابووەوە بەلام لەڕووی پِڕاكتیكیەوە پێدانی چەك راِگیرا و ئەنجامی پرۆگرامەكە بە ناڕوونی مایەوە. خاڵی وەرچەرخان بریتی بوو لەوەی لە سێپتێمبەری 2016[3] هێزەكانی سوریای دیموكرات خرانە چوارچێوەی پڕۆگرامەكەوە. هەرچەندە بە نافەرمی لە كۆتایی 2015ەوە وڵاتە یەكگرتوەكان بەشێوەی پچڕپچڕ چەكی پێدابوون.[4] وڵاتە یەكگرتوەكان پێویستی بە هاوبەشێكی چالاك و سیكیولار هەبوو لە سەرزەوی سوریا، ڕاستر بڵین هەردوولا پێویستیەكی یەكلاكەرەوەیان بەیەكتر بوو. وڵاتە یەكگرتوەكان لە ڕێگای هیزەكانی سوریای دیموكراتەوە پیادەی هەژموون و شەڕی داعش دەكات لە سوریا. هەرچی هیزەكانی سوریایە (كە یەكینەكانی پاراستنی گەل زاڵە بەسەریدا، بەڵام عەرەب، توركمان و كریستیانیش لە خۆدەگرێت) بڕی پێویستی چەك و كەرەستەی سەربازی بەدەستدەهێنیت كە لەشەڕی داعشدا پێویستی پێیە.
لە 31 كانوونی دووەمی 2017، هێزەكانی سوریایی دیموكرات لە چوارچێوی پڕۆگرامەكە پێویستی سەربازی و گولەنەبڕەكانیان وەرگرت.[5] تا تەموزی 2017، چوارسەد (400) گولەنەبڕیان پێگەیشت، زیاتر لە چوارهەزار (4000) شەڕڤان ڕاهێنانیان پێكرا، ئەمە سەرەڕای پشتگیری ئاسمانی بەردەوام. لە ئەنجامدا وڵاتە یەكگرتوەكان ئەوەی ویستی بەدەستیهێنا: شەڕی گروپە تیرۆرستەكانی سوریا (بەتایبەت داعش) بەشێوەیەكی كاریگەر و چالاك دەكات بەبێ بەشدارییێكردن و بڵاوەپێكردنی ڕاستەخۆی سەربازی ئەمریكی لە بەرەكاندا (تەنها وەك ڕاوێژكار نەبێت، یان زۆر سنوردار).[6] شەڕەكە بەشێوەیەكی باش بەڕێوەچوو، بە نزیكەیی هەموو ڕۆژهەڵاتی ڕوباری فۆرات كۆنترۆڵكران بە "ڕەقە"شەوە كە بە پایتەختی "دەوڵەتی خەلافەت"دادەنرا لە سوریا.
سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لە سوریا
سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ لەبەرامبەر ڕوسیا بەشیوەیەكی گشتی نەرمتر و هاورێیانەترە بەبەراورد بە ئیدارەی ئۆباما. ترەمپ چەند جارێك پێشنیاری بۆ ڕوسیا كردووە كە كۆششیكی یەكگرتوو و هاوكار پێكبهێنن لە شەڕی تیرۆردا. بەپێی ڕاپۆرتێكی كەناڵی –سی ئێن ئێن- ترەمپ ئەوەی ڕایگەیانووە كە "من هەمیشە بڕوام وابووە كە وڵاتە یەكگرتووەكان و ڕوسیا پێویستە پێكەوە كاربكەن لە شەڕی دژ بە تیرۆر و پاراستنی ئاشتی جیهان، ئەمە بێجگە لە بازرگانی و هەموو ئەو سوودانەی كە دەكرێت لە رێزگرتنی هاوبەشی نیوامانەوە بەدەستبێن".[7]لە ڕاستیدا واپێدەچێت ترەمپ بەو چاوی دوژمنكاریەوە تەمەشای ڕوسیا نەكات كە عەقڵیەتی ئەمریكیەكان لەسەری ڕاهاتووە. لەسەر ئەم بنەمایە، ڕێزگرتنی ئیدارەی ترەمپ لە بەرژەوەندیەكانی ڕوسیا لە سوریا تەواو ڕوونن، ئەمەش لە دوو باردا دەردەكەوێت: یەكەم، بەخۆدوورگرتن لەهەر ئەگەرێكی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ڕوسەكان، دووەم، بە نەرمی نواندن و خۆدورگرتن لە ڕستەی "ئەسەد نابێت هیچ ڕۆڵێكی هەبێت لە داهاتووی سوریادا". بۆیە لە ئیستادا وڵاتە یەكگرتوەكان دوودڵ و ڕاڕا دەردەكەوێت لە بابەتی مانەوەی ئەسەد لە "ماوەی گواستنەوە" لە سوریا. [8]
پێدەچێت هەڵوەشاندنەوی پرۆگرامی داپۆشراوی -سی ئای ئەی- 2013، لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە نزیكەی سێ (3) مانك بەر لە ئیستا، سەرچاوە لەو ڕاستیەوە بگرێت كە ئەم ئیدارەیە ئەو كارەی بۆیە كردووە چونكە هیچیتر بڕوای بە لەكارخستنی ئەسەد نەماوە، كە زیاتریش بۆ ڕازیكردنی ڕوسیایە. ئەمەش بەشێوەیەكی فراوانتر دەگەڕیتەوە بۆ پێشینەی ستراتیجیەتی ئەم ئیدارەیە لە شەڕی تیرۆریزم لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەر لەهەر شتێكی تر. دەكرێت پشتگیری ئەم ئاڕگیومینتە بەتەواوی لە ووتەیەكی ترەمپەوە بەردەستبخرێت كە لە سیپتیمەبەردا بە شێوەیەكەی حەرفی ئەڵیت: "وڵاتە یەكگرتوەكان هیچی وای نیە لە سوریا جێگەی باس بێت بێجگە لە كوشتنی داعش".[9] هەرچی سەبارەت بە سیاسەتی وڵاتە یەكگرتوەكانە لەمەڕ ئێران و "حزب الله"ی لوبنانی، بەتەواوەتی ناڕوون و ئاڵۆزە، چونكە سەرەڕای زمانی توندی ئیدارەی ترەمپ لە بارەی ئێرانەوە، ئەوەتا ئەوان بەردەوام بەرەو فراوانبوون و كونترۆڵكردنی زیاترین خاكی سوریا هەنگاودەنێن، بەڵام وڵاتە یەكگرتووەكان لە دۆخیكی تەواو تەمەشاكردندایە.
چارەنووسی پەیوەندی نێوان وڵاتە یەكگرتوەكان و هێزەكانی سوریایی دیموكرات دوای داعش
فراوانبوونی پانتایی جیوگرافی كۆنترۆڵكراو لەلایەن هێزەكانی سوریای دیموكرات (بەنزیكەیی هەموو رۆژهەڵاتی ڕوباری فورات، كانتۆنی عفرین و منبج) چەندە هەژموونی جیۆپۆلەتیكی ئەو هێزە زیاد دەكات، هێندەش مەترسیە هەرێمییەكان. نزیكەی یان زیاتر لە 50% ئەو ناوچانە كوردنشین نین. هاوكات لەگەل نوسینی ئەم ووتارەدا، توركیا تۆپبارانی پچڕپچڕی باكوری عفرین دەكات، لەبەرامبەریشدا لە عفرینەوە تۆبارانی ئەدلب دەكرێت. لەم دواییانەدا توركیا هەڵویست و ئارەزووی بێمەرجی دەربڕیووە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ ڕژێمی سوریادا بەمەبەستی بەئامانجگرتنی ڕۆژاڤا. تەنانەت گروپە ئۆپۆزسیۆنەكانیش چەندە دژایەتی ڕژێمی ئەسەد دەكەن، بەهەمان ئەندازە یان كەمیك هێمنتر، ڕۆژاڤا. ڕاگرتنی باڵانس لە نیوان دانشتوانە فرەچەشنە ئیتنی و ئاینییەكان یەكێكی تر دەبێت لە ڕووبەڕووبوونەوەكانی داهاتووی ڕۆژاڤا.
پرسیاری بنچینەیمان، ئایە ویلایەتە یەكگرتوەكان كاردانەوەی چۆن دەبێت لەكاتێكدا ڕۆژاڤا دووچاری هیرشی ڕژێمی سوری یان توركی بێت دوای كۆتایی پێهینانی داعش لەڕووی سەربازیەوە؟ بە دەستەواژەیەكی تر: ئایە سروشتی پەیوەندی نیوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و ولایەتە یەكگرتوەكان چۆنە؟ ئایە پەیوەندیەكی ستراتیجی یە، یان تەنها ئەركێكی سەربازی كاتی پوخت؟
سەرەڕای ئەم ووتەیەی ترەمپ، "وڵاتە یەكگرتوەكان هیچی وای نیە لە سوریا جێگەی باس بێت بێجگە لە كوشتنی داعش"، وەزیری كاروباری بەرگری جیم ماتس لە 19ی ئایار ئەوەی دركاند كە،" وڵاتە یەكگرتوەكان تائیستا پەیوەندییەكانی لەگەڵ كوردەكانی سوریا سنورداركردوە لە ئاستی سەربازیدا، هەرچەندە ئیدارەی كوردی لەوێندەر ئارەزووی فراوانكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ وڵاتە یەكگرتووەكان دەربڕیووە بۆ ئاستی سیاسی و دیبلۆماسی". وەهەروەها جوناسان كۆهین، یاریدەدەری جیگری وەزیری كاروباری دەرەوەی وڵاتە یەكگرتوەكان ئاشكرای كرد كە: "سروشتی هاوبەشیی وڵاتە یەكگرتوەكان لەگەڵ یەكینەكانی پاراستنی گەل: كاتی، مامەڵەیی و تەكتیكی یە".[10] هیسەر نۆوێرت وتەبیژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكی لە وەڵامی پرسیاریكدا سەبارەت بەوەی ئایە ئەمریكا لە باكوری سوریا دەمێنێتەوە ، لە 18ی ئاب 2017، بەم شێوەیە وەڵامی دایەوە:" نەخێر ئەوە پلانی ئێمە نیە, مەبەستی بوونی ئیمە لەوێنەر تێكشكاندنی داعشە، وە ئیمە فۆكسمان تەنها لەسەر ئەو ئامانجە دەمێنێتەوە". نۆوێرت لە بۆنەیەكی تریشدا دەڵێت:" ئامانج و مەبەستی سەرەكی وڵاتە یەكگرتوەكان و هاوبەشەكانی لە هاوپەیمانی دژی داعش بریتییە لە تێكشكاندنی داعش لە سوریا و عراق، ئێمە دەمانەوێت سوریا لەلایەن سوریەكانەوە بەڕێوە ببرێت، تەنها سورییەكان، نەك وڵاتە یەكگرتوەكان و هیچ هێزێكی تر".[11]
پێشتر كاتێك هێزەكانی سوریایی دیموكرات لە ڕووباری فوڕات پەڕینەوە بە ئامانجی گەیشتن بە كانتۆنی عفرین، ئەگەرچی ڕێڕەوەكە لەژێر كۆنترۆڵی داعشدا بوو، بەهۆی ناڕەزایی و ڕەتكردنەوەی هیستیری توركیا، وڵاتە یەكگرتوەكان ڕەزامەندی لەسەر ئۆپراسیۆنەكە نەدا. هەرچۆنیك بوو، هێزەكانی سوریای دیموكرات ئۆپراسیۆنەكەیان ئەنجامدا بە كۆنترۆڵكردنی شاری منبج و بەردەوامبوون بەرەو خۆراوا. هێزەكانی توركیا بەهاوەڵی چەند گروپێكی ئۆپزسیۆنی نزیك لە توركیا ئۆپراسیۆنێكی پێچەوانەیان دەسپێكرد بەناوی "قەڵغانی فورات"، ئەو ڕێرەوەیان كۆنترۆڵ كرد كە دەبوایە هیزەكانی سوریای دیموكرات پێیدا تێپەڕن بەرەو عفرین. قەڵغانی فورات ئەو خەونەی كوردی بە شیۆەیەكی زۆر دراماتیكی و ئازاربەخش لەناوبرد. توركیا لە سایەی هیچ بارودۆخێكدا مافی ئەنجامدانی ئەو ئۆپراسیۆنەی نەبوو، لەگەڵ ئەوەشدا وڵاتە یەكگرتوەكان پێشوەخت مۆڵەتی ئەنجامدانی بە توركیا دابوو.[12] ڕەنگە بتوانین لە چوارچێوەی دوو خاڵدا لەم هەڵوێستەی ئەمریكا بگەین: یەك، وڵاتە یەكگرتووەكان بەم ئۆپراسیۆنە تووڕەی توركیای تاڕادەیەكی باش خاڵیكردەوە بە پێدانی ڕۆڵێكی سنوردار بەڵام زۆر ستراتیجی لە سوریادا. دوو، ئەم ئۆپراسیۆنەی توركیا دەیویست هیزەكانی سوریای دیموكرات بگێڕێتەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات، بەڵام ئەمریكا گەرەنتی مانەوەیانی كرد لەوشوێنانەی كە كەوتوونەتە ڕۆژئاوای فوڕات و پێش دەستپێكردنی قەڵغانی فورات دەستیان بەسەرداگرتووە. بەمشێوەیە وڵاتە یەكگرتوەكان توانی تاڕادەیەك باڵانسی نیوان هاوبەشێكی سەربازی نوێ و دانەیەكی تری تەقلیدی بپارێزێت. ئەمە لەكاتێكدا كە شەڕی داعش نزیك لە سەرەتادا بوو، ئیستا كە ئەمریكا سروشتی پەیوەندی خۆی و هێزەكانی سوریای دیموكراتی تەنها بۆ مەبەستی شەڕی دوژمنێكی هاوبەش كورتكردۆتەوە، كەواتە ئەتوانێت چی ببەخشێت بە ڕۆژاڤا لە كێشە چاوەڕوانكراوەكانیدا لە پاش داعش؟
وڵاتانی دراوسێ سەرباری ناكۆكییەكانیان زۆر بەپەرۆشن بۆ لەباربردنی ئەزموونی ڕۆژائا. ئایە چی ڕوئەدات ئەگەر ڕژێمی سوری سیناریۆی كاولكردنی حەلەبی بە یارمەتی ئیران و ڕوسیا لە ڕۆژاڤا دووبارەكردەوە؟ ئایە چی ڕوئەدات ئەگەر توركیا دووەم قەڵغانی فوراتی ڕاگەیاند؟ ئایە وڵاتە یەكگرتوەكان ئامادەیە ڕوبەڕووی ڕوسا ببێتەوە كە لەكاتی زۆر هەستەوەرتردا بێ هەڵوێستی هەڵبژارد؟ ئایە وڵاتە یەكگرتوەكان ئامادەیە ڕووبەڕووی توركیا ببێتەوە لەكاتێكدا لە ئەوپەڕی پێویستیدا بە هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوەی بۆ نەكردن؟
جێیداخە، وڵاتە یەكگرتوەكان چەند جاریك و لە چەند شوێنیكی جیاوازدا ئەوەی ڕوونكردۆتەوە كە ئامانجی بوونی ئەو لە سوریا شەڕی داعشە، پشتگیری تەواوی یەكێتی سوریا دەكات، پەیوەندی لەگەل هێزەكانی سوریای دیموكرات پوخت پەیوەندیدارە بە ئەركێكی هاوبەشی سەربازی، وە سوریا لە پاش داعش بۆ خودی سورییەكان بەجێدەهێڵێت.[13] لە ئێستادا ئەمریكا بە ڕوونی و ڕاشكاوی ئەوە ڕادەگەیەنیت كە پێدانی كەرەستەی سەربازی بە هێزەكانی سوریای دیموكرات سنورداردەكات بە ئەندازەی سنورداربوونی تواناكانی داعش. لەوە سەرنجڕاكیشتر، وڵاتە یەكگرتوەكان پێدەچێت زۆر بەپەرۆش بێت بۆ گەیاندنی ئەم هەواڵی سنورداركردنە بە توركیا.[14] بۆیە كە دەبینین وڵاتە یەكگرتوەكان جێبەجێكردنی ئەركە سەربازیەكانی بەرامبەر دوژمنی راستەوخۆی كە داعشە بە شێوازی شەری وەكالەت ئەكات (هێزەكانی سوریای دیموكرات دەیكات)، زۆر دژووار ئەبێت پێشبینی تێوەگلانی بكەیت لەو بەریەكەوتنە چاوەڕوانكراوانەی كە لەنیوان ڕژێمی سوری یان توركیا لەگەڵ ڕۆژاڤا دروست ئەبێت. ئەمە ڕەنگە پەیوەندی بەوە نەبێت كە ئەمریكا بیەوێت یان مەبەستی بێت ڕۆژئاڤا لاوازبكات، هەروەك چۆن مەبەست و ئارەزووی نەبووە حەلەب وێرانبكرێت، بەڵكو پەیوەندیدارە بە سنورداری هەژموونی وڵاتەیە یەكگرتوەكان لە ناكۆكی و بەریەككەوتنەكانی سوریادا.
لەگەڵ ئەوەشدا، هەموو ئەوەی ئێمە تا ئێرە شیكردنەوەمان بۆ كرد پشت بە سیاسەتی بەكاری ئیستای وڵاتە یەكگرتوەكان دەبەستێت لە سوریا. ژینگەی بەپیتی ناوچەكە بۆ گەشەكردنی تیرۆریزم دەكرێت وڵاتە یەكگرتوەكان بوروژێتێت بۆ دووبارە پیاچونەوەی ئەم سیاسەتە و داهاتووی پەیوەندی لەگەڵ رۆژاڤا. چونكە ئەركێكی زۆر فریودەر ئەبێت بۆ وڵاتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا كە هاوبەشێكی تری هاوشێوەی هێزەكانی سوریای دیموكرات: باش دسپلنكراو، پەیوەستدار بەئەرك، چالاك و سیكیولاری دەستكەوێت لە ناوچەیەك كە بەتەواوی بە تەوژمی مەزهەبی كۆنترۆڵكراوە. هەرچۆنێك بێت، پەیامە بەناوبانگەكەی هینری كسنجەر دەبێت بۆهەمێشە لە زهنیەتی كوردیدا ئامادەبێت: "بەڵێنی هەموو شتێكیان پێبدە، تەنها ئەوەیان بدەرێ كە بەدەستی دەهێنن(شایستەن)، وە لە قونیانبە كە نەیان توانی لەگاڵتەیەك تێبگەن".[15]
سەرچاوەکان:
- Office of the Press Secretary, white House, ‘Readout of President Donald J
.Trump’s Call with President Recep Tayyip Erdogan of Turkey’, November 24, 2017
- Chase Winter, “Donald Trump scraps Covert CIA Program to arm
Syrian Rebels,” DW, July 20,2017, http://www.dw.com/en/donald-trump-scraps-covert-cia-program-to-arm-syrian-rebels/a-39763349
- "US
sending arms to Kurdish-led SDF in Syria, Turkey's Erdogan outraged". ARA
News, 25 September 2016. http://aranews.net/2016/09/us-sending-arms-kurdish-led-sdf-syria-turkeys-erdogan-outraged/
- Roy Gutman, "U.S.
begins airdrops of weapons to Kurdish forces in northern Syria", McClatchy, 12 October 2015, https://web.archive.org/web/20151013115202/http://www.mcclatchydc.com/news/nation-world/world/middle-east/article38868126.html
- Carla
Babb, “US supplies First armored vehicles to the Syrian fighters,” Voanews, Feb
1,2017, https://www.voanews.com/a/us-provides-syrian-democratic-forces-with-guardian-armored-vehicles/3702817.html
- Alexander
Pearson, “What do the US, Russia, Turkey and Iran want?” DW, November 2,2017,http://www.dw.com/en/syria-conflict-what-do-the-us-russia-turkey-and-iran-want/a-41211604
- Elena
Ulansky and William Witenberg, “The
evolution of Trump’s View on Russia,” Hufington Post, https://www.huffingtonpost.com/elena-ulansky/the-evolution-of-trumps-v_b_9964094.html
- Pearson (n
5).
- Pearson (n
5).
- Paul
Iddon, “The United States’ Relation with Rojava after ISIS,” Rudaw, May
20,2017, http://www.rudaw.net/english/analysis/20052017
- Heather Nauert, “Department press briefing” U.S Department
of States, Augest 18,2017: https://www.state.gov/r/pa/prs/dpb/2017/08/273533.htm
- “IS conflict: Turkey-backed Syrian rebels
take Jarablus,” BBC, Augest 24, 2016: http://www.bbc.com/news/world-europe-37171995
- James S. Brady, “Press Briefing by Press Secretary Sarah
Sanders,” The White House, November 27, 2017,
https://www.whitehouse.gov/the-press-office/2017/11/27/press-briefing-press-secretary-sarah-sanders-11272017-35
- Brady (n 12)
- Mickey Z, “Kissinger to Kurds: F*ck ‘em if they
can’t take a joke!” World News Trust, December 2, 2016, http://worldnewstrust.com/kissinger-to-kurds-f-ck-em-if-they-can-t-take-a-joke-mickey-z