• English
  • العربية

پێکەوەگرێدانی ناوەندەکانی وزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی و کەنداو: فراوانبوونی ڕۆڵی ستراتیژی ئەمریکا

وێنەیەک بەیەکەوە بەستنی هیند لە ئاوەکانی دەریای عەرەبی بە کەنداو، هەروەها کەنداو بە دەریای سپییەوە ڕووندەکاتەوە
جوگرافیاى سیاسى

10/21/2024 9:21:00 PM

د. بەهرۆز جەعفەر

حەوزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست کە لە: قوبرس، میسر، یۆنان، ئیسرائیل و خاکەکانی فەلەستین، لوبنان، ئوردون، سوریا و تورکیا پێکهاتووە، لە کۆتایی ساڵانی ٢٠٠٠ ەوە وەک شوێنێکی گەرمی کێبڕکێی وزە، پێکدادانی ئایدیۆلۆژی، ناکۆکی مێژوویی و بەرزبوونەوەی خواستە ناوچەییەکان دەرکەوتوە. ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست بەشێکە لە تابلۆیەکی فراوانتر کە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، یەکێتی ئەوروپا، ڕووسیا و چین لە ڕووی جەوهەرییەوە سەریەک دەخەن. لەڕاستیدا ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و ناوچەی کەنداو تادێت لە یەک فەزای جیۆپۆلەتیکیدا یەکدەگرنەوە، بۆتە جێگای کێبڕکێی ناوچەیی و یاریکردنی دەستەڵاتە گەورەکانی جیهان، بەتایبەتی لە ڕۆژگارێکدا ویلایەتە یەکگرتوەکان بەدوای ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی هەژموونی چین دا دەگەڕێت و، جەنگی ئۆکراین و غەزە دەخوازن دەرئەنجامی گەورە لە نەزمی نویی ناوچەیی و جیهانییدا درووست بکەن.

 

ئاسایش و داینامیکییەتی وزە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی

لە ساڵی (٢٠٠٩) ەوە دۆزینەوە گازییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست دەنگۆی گۆڕانکارییەکی جیۆپۆڵەتیکیی هێناوەتە ئاراوە. ئەم گەڕان و دۆزینەوانە ئیسرائیلی لە هاوردەکاری گازەوە کردوە بە هەناردەکار، قوبرسی کردوە بە یاریزانێکی ناوچەیی، بوە هۆی پێکهێنانی هاوپەیمانی سێقۆڵی لە نێوان یۆنان- ئیسرائیل- قوبرس. لەوەش زیاتر لووتکەی گازی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (EMGF) لە ساڵی (٢٠١٩) بە بەشداری حەوت وڵات کە سنوریی ئاوییان دەکەوێتە سەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی پێکهات، لە لوتکەکەدا یەکێتی ئەوروپا، ئەمریکاو ئیماراتی عەرەبیش بە سیفەتی چاودێر بەشدارن. لەگەڵ ئەوەی تورکیا یاریکەرێکی ناوچەیی سەرەکییە و دەکەوێتە سەر ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی، بەڵام وڵاتانی ناوچەکە ڕێگەیان بە تورکیا نەداوە بەشداریی لە چالاکییە گازییەکانی ناوچەکەدا بکات، ئەمەش سەرئێشەیەکی ناوچەیی درووستکردوە.

کێڵگەکانی تامار (لە ساڵی ٢٠٠٩) و لیڤیاتان (لە ساڵی ٢٠١٠) لە نزیک ئیسرائیل، کێڵگەی ئەفرۆدیت لە کەنارە ئاوییەکانی قوبرس (لە ساڵی ٢٠١١)، و زۆهر نزیک لە میسر (لە ساڵی ٢٠١٥) پاشان کێڵگەی کالیپسۆی قوبرس و کاریشی ئیسرائیل و چەندین دۆزینەوەی دیکە بوونە هیوایەک بۆ ئەوەی کە ئەم یەدەگە گازییە نوێیانە ببنە هۆی هاندانی هاوکارییە ئابوورییەکانی ناوچەکە و کەمکردنەوەی گرژییە سیاسییەکان.  

بەڵام ئەم گەشبینییە وەکو پێویست جێگەی خۆی نەگرت، بەڵکو درێژەی بە گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان دا. یەکتربڕینی ناوچە ئاوییەکان و کێشە لەسەر سنوورە ئاوییەکان بەتایبەت لە نێوان لوبنان و ئیسرائیل، خاکی فەلەستین و ئیسرائیل، هەروەها دەستوەردانەکانی تورکیا لە سنوورە ئاوییەکانی یۆنان و بەردەوامی کێشەی نێوان دوو قوبرسەکە چالاکییە ئابورییەکان سست تر دەکات و، وەک پرسێکی سیاسی مشتومڕاوی و دژوار دۆخی ناوچەکە دەهێڵێتەوە، بەو پێیەی ئەم بابەتە هەم مافی سەروەری و هەم بەرژەوەندی ئابووری لەخۆدەگرێت. ڕەتکردنەوەی تورکیا بۆ داننان بە سەروەری قوبرس، گرژییە جیۆپۆلەتیکییەکان زیاتر دەکات.

بەشێوەیەکی گشتی، لەساڵی (٢٠١٨) ەوە پلانی بونیادنانی (١٩٠٠) کیلۆمەتر هێڵی بۆڕی گاز لە کێڵگەکانی قوبرس و ئیسرائیلەوە بە ژێر ئاودا بۆ دوورگەی کریتی یۆنان لە جێبەجێکردندایە، وا بڕیارە لە (٢٠٢٥) دا تەواو ببێت. بەڵام ئەم هەوڵە ڕووبەڕووی تێکەڵەیەک لە گرفتی جیۆپۆڵەتیکیی و دارایی و ژینگەیی بۆتەوە. ئایا ئەمە بۆ ئەوا درووست دەکرێت هەوای پێدا بڕوات؟ بڕیارەو هەردەبێت ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی لە ڕووی ئەمنی و پرسی وزەوە پەیوەست بێت بە ئەوروپاوە، ڕەنگە ئەم هێڵەی وزە تەواوبکرێت، یان ڕێرەوەکەی بگۆڕێت بە جۆرێک لە ڕێگەی میسرەوە بگاتە ئەوروپا.

دەبێت لەبیرمان بێت، حەوزەی دەریای سپی ناوەڕاست بەتەنها هێمای دەرهێنان و هەناردەکردنی نەوت و گاز نییە، جگە لە چالاکییە بازرگانیی و ئابورییەکان ئەم ناوچەیە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە دۆخی ئاسایشەوە هەیە لە سەرانسەری ئەوروپا، بۆ نموونە لە دوای بەهاری عەرەبییەوە ملیۆنەها کۆچبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریکاوە ئاوەکانی دەریای سپی ناوەڕاست بەکاردەهێنن بۆ پەڕینەوە بەرەو وڵاتانی ئەوروپا، ئەمەش بوەتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی ناسنامە لە ئەوروپا، ئەوەش فاکتەرێکی سەرەکییە کە حیزبە ڕاستڕەو و پۆپۆڵیستەکان لە هەندێک وڵاتی ئەوروپی دا هەڵبژاردنەکان دەبەنەوە.

 

لینکە ونبوەکەی دەستپێشخەریی پشتێنەو ڕێگا: بەستنەوەی کەنداو بە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی یەوە

چالاکییەکانی کەنداو لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دا بەشێکی دانەبڕاوە لە ئاڕاستەکردنی بەرەوپێشچوونەکان، بەتایبەتی کۆمپانیا نیشتیمانییەکانی بواری وزەی کەنداو وەک بەشێک لە ستراتیژییەکانی بەنێودەوڵەتیکردنیان سەرکردایەتی فراوانکردنی بوونی دەوڵەتە عەرەبییەکانی کەنداویان کردووە لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی؛

لە کۆی سێ وڵاتی زلهێزی کەنداو، ئیمارات ئەو وڵاتەیە کە هەوڵی داوە گەورەترین ڕۆڵ لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دا بگێڕێت. جگە لە بەشداریکردنی لە لیبیا و میسر و هەروەها پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ قوبرس و یۆنان.  ڕێککەوتنەکانی ئەبراهام لەگەڵ ئیسرائیل لە ساڵی ٢٠٢٠دا کاریگەرییەکانی ئیماراتی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی دا بە توندی چەسپاند، کە هەردوو توخمەکانی هێزی نەرم و سەختی لەو ماوەیەدا تێکەڵکرد. کۆمپانیای نیشتمانی نەوتی ئەبوزەبی (ADNOC) و کۆمپانیای موبادەلە پترۆلیۆم کە بارەگا سەرەکییەکەی لە ئەبوزەبیشە، سەرکردایەتی هەوڵەکانی ئیماراتیان کردووە بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی کاریگەر لە کەرتی وزەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (ئێست مێد).

موبادەلە پترۆلیۆم لە ڕێگەی گرێبەستێکەوە لە ئەیلولی ٢٠٢١ دا  ٢٢% ی پشکی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانی لە کێڵگەی تاماری ئیسرائیلی بە بەهای (١) ملیار دۆلار کڕی.  هەروەها موبادەلە خاوەنی ١٠٪ ی گەورەترین کێڵگەی غازی میسری "زوهر" ە.  لە شوباتی ٢٠٢٣، کۆمپانیای  ADNOC Distributionکە گەورەترین فرۆشیاری سووتەمەنی و ئاسانکارییە لە ئیمارات، پشکی ٥٠%ی لە کۆمپانیای TotalEnergies  ی میسری بەدەستهێنا، ئەمەش بووە هۆی هاتنە ناوەوەی کۆمپانیای ئەبوزەبی بۆ میسر، وەک بەشێک لە پلانەکەی بۆ فراوانکردنی ئاستی ناوچەیی. لەم نێوەندەدا، کۆمپانیای نەوتیی نیشتیمانیی ئەبوزەبی- ADNOC لەگەڵ کۆمپانیای بریتش پیترۆلیۆم گرنگی بە پەرەپێدانی سەرچاوە نوێیەکانی غاز لە دەریای ناوەڕاست دەدات، هەردوو کۆمپانیاکە پابەندبوون بە کڕینی کۆمپانیای نیومێد (New Med) ی ئیسرائیل کە خاوەنی گەورەترین پشکە لە کێڵگەی غازی لیڤیاتان.

هەرچەندە جەنگی غەزە تەگەرە دەخاتە بەردەم گرێبەستەکە، بەڵام هیچ لەو ڕاستییە ڕوونتر نییە کە ئیماراتی عەرەبی بە دوای خەونەکانی خۆی کەوتوە، جگەلەوەش سیاسەتی ئیماراتی عەرەبی لەگەڵ ئێران و گرووپە پرۆ-ئێرانییەکانی ناوچەکە ناکۆکە، هەروەها لەگەڵ ئیخوان موسلیمین ناکۆکە کە حەماس بەشێکە لێی.

هەروەها لە شوباتی ٢٠٢٤ دا، بەرپرسانی میسر ڕێککەوتنێکی ٣٥ ملیار دۆلاریان لەگەڵ ئیمارات بۆ پەرەپێدانی هاوینەهەواری ڕاس ئەلحکمە لە کەنارەکانی باکووری وڵاتەکەیان واژۆکرد. ئەم گرێبەستە ژیاندنەوەی ئابوریی میسر بوو لە ڕێگەی یەک دەرزییەوە، کە  دراوی بیانی زۆر پێویست دەهێنێتە قاهیرە و بووەتە هۆی داڕمانی بازاڕی ڕەش، لەکاتێکدا میسر بەدەست داڕمانی دراو و قەیرانی ئابورییەکەیەوە دەیناڵاند. جگەلەوە ئەم پرۆژەیە دەتوانێت بە مانای زیادبوونی گەشتیاری کەنداو و ڕۆیشتنی سامان بۆ ئەم ناوچانە بێت.

بەگشتی، لە ڕوانگەی تازەترین کتێبی خۆم بەناونیشانی (Deciphering the Eastern Mediterranean's Hydrocarbon Dynamics: Unravelling Regional Shifts ) کە لەلایەن گرووپی ئیمراڵدەوە لە ئەوروپاو ئەمریکا بڵاوکراوەتەوە، ئەم بابەتە تاوتوێ دەکەم:

هەموو پرسە ئابوریی و ئەمنییەکان پەیوەست نین بە نەوت و گازەوە، ئەمە پاکێجێکە کە لە هەناویدا وەرچەرخانێکی جیۆپۆڵەتیکیی لە خۆگرتوە، تیایدا هەریەکە لە کەنداو و ئیسرائیل ئەجێندای خۆیان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا، گازی سرووشتی بوەتە تۆپیکێکی سەرەکی ناو بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (بەتایبەت لە میانەی جەنگی ئۆکراینەوە). ئەگەرچی زۆرینەی ئۆتۆمبیل لە ئەوروپا بە پاتری کاردەکات و، جیهان بەگشتی ڕووی کردۆتە وزەی پاک، ئێمە ئێستا لە قۆناخی گواستنەوەی وزەداین، بەڵام هێشتا نەوت و گاز لە ڕیزبەندی یەکەمدان لە بازاڕی ئابوریی جیهانییدا.

یەکێتی ئەوروپا لە پێش و پاش جەنگی ئۆکرایناش ئەو ڕاستییەیان نەشاردۆتەوە کە بۆ ڕزگاربوون لە پشت بەستنی خۆرئاوا بە گازی ڕووسیا لەمەولا هەوڵ دەدەن گازی ڕۆهەڵاتی دەریای سپی (ئەو یەدەگەی ئیسرائیل، میسر و قوبرس) وەک جێگرەوەی گازی ڕووسیا بەکار بهێنن. ئەمەش وادەکات ئەم حەوزەیە بەهێزتر بکرێت و پاڵپشتی دیکەی بۆ بدۆزرێتەوە، بەتایبەتی بیر لە بەستنەوەی کوتلە وزە دەوڵەمەندەکەی کەنداو بە دەریای سپی بکرێتەوە، کە ئامادەکارییەکانی تا ئەندازەیەک تەواو بوە، بەڵام جەنگی غەزەو بوونی هێزەکانی نیزیک لە ئێران لە ناوچەکەدا دەتوانێت ئەم پرسە بەتەواوی ئاڵۆز بکات.  لەوەش زیاتر، بەهۆی بەردەوامی جەنگی ئۆکرایناوە ڕەنگە ڕووسیاش لە بەرژەوەندی ئێران لەم ناوچەیە دەستوەردانی زیاتر بکات.

لەلایەکی ترەوە، دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگا (BRI یان B&R) کە لە چین بە یەک پشتێنە یەک ڕێگا ناسراوە و هەندێکجار بە ڕێگای ئاوریشمی نوێ ناودەبرێت، ستراتیژییەکی جیهانییە بۆ پەرەپێدانی ژێرخان کە لەلایەن حکومەتی چینەوە لە ساڵی ٢٠١٣ پەسەندکراوە، ئامانجی وەبەرهێنانە لە زیاتر ١٥٠ وڵات و ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دا؛ بەپێی ڕاپۆرتی سەنتەری دارایی و گەشەپێدانی سەوز لە (٢٠٢٤) کە پشتی بە ڕاگەیاندنە فەرمییەکانی چین بەستوە؛ تا مانگی نیسانی ٢٠٢٣، بە گشتی ١٤٩ وڵات (بە چینیشەوە) بەڵگەنامەیان واژۆ کردوە بۆ پەیوەستبوون بە دەستپێشخەری پشتێن و ڕێگای چین ەوە.  

چین پەیوەندیی ستراتیجی و هەژموونی ئابوریی خۆی لەگەڵ کەنداودا بە ڕوونی دەستپێکردوە؛ لەماوەی ساڵانی (٢٠١٥ -٢٠٢٢) ئاستی پەیوەندییە ئابورییەکان لە چوارچێوەی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداودا لەگەڵ چین بەڕێژەی (١٤٠٪) زیادی کردوە، بەپێی وتەی وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، شێخ محەمەد بن حەمەد بن قاسم ئالسانی سەرۆکایەتی شاندی دەوڵەتی قەتەری کردوە لە ٢٣ ی ئایاری ٢٠٢٤ بۆ کۆنفڕانسێک لە شاری شیامینی چین لە ژێر دروشمی "ئامێزگرتنی داهاتوو: پێشخستنی هاوکاری پیشەسازی و وەبەرهێنانی کوالیتی بەرز لە نێوان چین و وڵاتانی ئەنجومەنی هاریکاریی کەنداو" قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان هەردوولا لە ساڵی (٢٠٢٣) دا گەیشتووەتە نزیکەی (٢٣.٧) ملیار دۆلار، لە (٢٠٢٤) شدا ئاستی گەشەی نێوانیان (٣.٧٪) زیادی کردوە.

نەرمە هێزی چین لە ئاسیادا بەگشتی و لە عێراق و کەنداودا بەتایبەتی مەترسیی تەواوەتی بۆ تاکجەمسەریی ئەمریکا درووستکردوە. بەڵام هێشتا کەنداو بەتایبەتی سعودییەو ئیمارات و عومان بەردە گۆشە (Corner Stone) ی سیاسەتی ئەمریکاو بەریتانیان لەناوچەکەدا. ئەوان لە ڕووی ئەمنییەوە پێویستیان بە ئیدارەی ئەمریکایە بیانپارێزێت، بەتایبەتی لە هەڕەشەکانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی نیزیک لە ئێران لە ناوچەکەدا. کۆنێکتکردنی کەنداو بە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی یەوە، دەبێتە بەشێک لە ستراتیژێکی گەورەتری ئیدارەی ئەمریکا بۆ ڕێگیریکردن لە بڵاوبونەوەی هەژموونی چین کە لە هیندۆ-پاسیفیک بە پشتیوانی (هیندستان، یابان، ئوسترالیا) ەوە دەست پێدەکات، لە هەوڵی بەستنەوەی بەندەری مۆمبای هیندستان بە بەندەری دوقمی سەڵتەنەتی عومانەوە لەنگەر دەگرێت. پاشان هێڵی خێرای بەندەری دوقم تا سعودییە لەتەواوبوندایە، بەهەمان شێوە گەیاندنی سعودییەش بە کەنارە ئاوییەکانی دەریای سپی بە پاڵپشتی ئوردون لەناکاوێکدا تەواو دەبێت.

دەرئەنجام

زۆرینەی گرفتە جیهانییەکان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپیدا هەڵکەوتوون، وەکو کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، قەیرانی سوریا، کێشەی چارەسەرنەکراوی قوبرس کە وا دەکات تورکیا زیاتر دەست لەناوچەکە وەربدات، کێشەی کۆچبەر، پرسە ژینگەییەکان، جەنگی لوبنان، هەروەها گواستنەوەی ماددەی هۆشبەر لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەوروپا بەم ناوچەیەدا تێدەپەڕێت. ئەم پرسانەش تەنها بە جەنگێکی یەکلاکەرەوە یەکلایی دەبنەوە.

هەریەکە لە ئیسرائیل، ئێران، تورکیاو سعودییە زلهێزەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن. لەوە ناچێت دۆخی خراپی ئابوریی لەتورکیا ڕێگەی پێبدات بەشداری جەنگ لەدەرەوەی خۆی بکات، چوونکە ناوەوەی تێکدەچێت و هەڵدەوەشێت. کەنداو بەگشتی بەدوای هەمەڕەنگکردنی سەرچاوە ئابورییەکانی خۆیانن، ئێران هەمیشە وەک سێبەری مەترسییەک لەسەر خۆیان هەژمار دەکەن. بۆیە ئیسرائیل بە پاڵپشتی تەواوەتی خۆرئاوا هەنگاو دەنێت بۆ کۆتایی هاتنی مەترسییەکانی حەماس و حیزبوڵا تا لە شادەماری ئابوریی خۆی کە بەندەرەکان و کێڵگە گازییەکانن دوورتریان بخاتەوە. دەکرێت ڕوونتر بڵێین کە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوچەیەکی بێئەندازە ستراتیجییە بۆ خۆرئاوا، پێویستییان بە دۆستێکی بێئەندازە کاریگەرو باوەڕپێکراوە لەناوچەکە، کە بۆ ئەوان "ئیسرائیل" ە.  بۆیە جەنگەکە حەتمییە و کورت مەوداش نابێت، تا هەموو لایەک دەگەنە ئەو باوەڕەی بەڕێگەی وەشاندنی گورزە کاریگەرەکان حووسییەکان، حیزبوڵڵا و حەماس لەناو ناچن، چوونکە هەموو کاتێک کە پەلامار دەدرێن، دوای ماوەیەک ئەم گرووپە- میلیشیایانە خۆیان تازە دەکەنەوەو پەلاماری ئیسرائیل و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەدەنەوە.

         ----------------------------------------------------------------------------------------------------------------------

بەهرۆز جەعفەر/ ڵیکۆڵینڤان و ڕۆژنامەوانی کوردە. دکتۆرای لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا هەیە، دامەزرێنەرو بەرێوەبەری دامەزراوەی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی. پسپۆڕە لە ئابوریی سیاسیی و ئاسایشی وزەو پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان.