• English
  • العربية

توركيا و پاڵنەرەکانی پرسی ئاشتی

تورکیا

10/21/2024 8:28:00 PM

- مەولود باوەمراد

ماوەیەکە جموجۆڵی نافەرمی و کرانەوە بەڕووی دانوساندن و دووبارە دەنگۆی چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد لە تورکیا بووەتە بابەتی ناوەندە سیاسییەکەی تورکیا بەگشتی و حیزب و لایەنە کوردییەکان بەتایبەتی، لەگەڵ باوەڕبوون بەوەی کە تەنیا رێگەی چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا و ناوچەکە، رێگەی دانوساندن و لێگەشتنی ئاشتیانەیە، بەڵام هەموو دەوڵەتێک و دەستەبژێری سیاسی دەسەڵات بەرژەوەندییەکانیان لەسەر پشتی (کات و رووداو) دەخەنەڕێ، هێچ شتێک بێ نیاز و پاشخانی بەرژەوەندی دەستەبژێر و بڕیارەکانیان نییە!! ئەگەر لەم گۆشە نیگاوە پرسی ئاشتی لە تورکیا بخوێنینەوە، دەگەینە خەمڵاندنی ئەو پاڵنەرانەی پرسی ئاشتی دەکەنە پێویست.

 

1- هۆکاری فراوانبوونی شەڕی غەززە
   
تورکیا یەکێکە لە دەوڵەتە هەرێمایەتییە گەورەکانی ناوچەکە، جگە لە هەستیاری و بەهەندگرتنی شەڕی غەززە / ئیسرائیل و مەترسییەکانی فرانبوونی بە ئاراستەی هەردوو لایەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل و تێوەگلانی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی هەریەکە لە لوبنان و سووریا و یەمەن و عێراق، ئەگەری تەشەنەکردنی پڕیشکی شەڕەکەی بەرەو وڵاتانی دیکەی ناوچەکە کردووەتە ئەگەرێکی پێشبینیکراو، ئەوەی ئەم گریمانەیە بەهێز دەکات رەتکردنەوەی هەوڵەکانی ئاگربەست و درێژەدانی دەوڵەتی ئیسرائیلە بەشەڕەکە، پێدەچێت ئەو بیرۆکەیە پشتڕاست بکاتەوە کە ئیسرائیل هەلی روودانی شەڕی 7ی ئۆکتۆبەری2023پەلامارەکانی بۆسەر کەرتی غەززە بقۆزێتەوە بۆ هێنانەدی ئەوگۆڕانکاریانەی سەرۆکی ئیسرائیل لە کۆبوونەی خولی ئەم ساڵی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە 27 ئەیلوولی 2024 دا نەخشەیەکی خستەڕوو کە ئیسرائیل سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی ناوچەکەی تێدا بەئامانج گرتووە، بەگوێرەی بەرژەوەندییە داگیرکاری و فراوانخوازییەکانی، رەوتی رووداوەکانیش بەجۆرێک لەجۆرەکان ئاماژەی هەوڵی هێنانەدی ئەو مەرام و پلانە بەدەستەوە دەدات.
 
لێرەوەیە چاودێران رایانوایە ناوچەکە بە قۆناخی گۆڕانێکی دراماتیکیدا تێدەپەڕێت و سەرۆکی تورکیاش ئەردۆغان، هۆشداری  ئەوەی داوە بە ئیسرائیل، ئەگەر هێرشەکانی بەرەو داگیرکردنی بەیروت دەست پێبکات، ئەوا بەرژەوەندییەکانی حکومەتی تورکیا دەکەونە بەر مەترسی و ناچاری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئیسرائیل دەبێت، لەگەڵ ئەوەی راگەیاندنی ئەم هەڵوێست و گوتارە بەشێکی بانگەشەی رازیکردن شەقامە موسڵمان و دڵگەرمەکەی ناوخۆی تورکیایە بەرامبەر تاوانەکانی کوشتاری خەڵکی سیڤیلی غەززە، بەڵام لە ئەگەری روودانی دا، تورکیا توانای لەئەستۆگرتنی تێچووی دووبەرەی جەنگی نییە، لێرەوە خستنەگەڕی جموجۆڵی کرانەوە بەڕووی دانوساندن و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی چارەسەری ئاشتیانەی کێشەی کورد و راگرتنی شەڕ و پێکدادان وەک پێویستییەکی حەتمی بۆ خۆ یەکلاکردنەوە و ئامادەکاری حکومەت و سوپای تورکیا بۆ ئەگەری فراوانبوونی شەڕی ئیسرائیل/ غەززە لە ناوچەکەدا خۆی دەسەپێنێت.
 
2-  کێشەی ئابووری و رێگەی گەشەپێدان 
 
لەسەرەتای ئەم سەدەوە تاوەکو 2015 تورکیا بەسەرۆکایەتی پارتی دادوگەشەپێدان هەنگاوی گەورەی لە گەشەکردن و بەرەوپێشچوونی ئابووری تورکیادا هەڵگرت، تاوەکو ئەو ئاستەی تورکیا بووە یەکێک لە ٢٠ ئابوورییە پێشکەوتووەکەی جیهان و بە پێوەرەکانی گەشەکردنی یەکێتی ئەورووپا و دەوڵەتی ئەو 20 ئابوورییە جیهانییە، لەوە بەدواوە ساڵ لە دوای ساڵ کێرڤی ئەم هەڵکشانە ڕووی لە دابەزین و هاتنە خوارەوەکردووە و ئێستا ئابووری تورکیا تووشی هەڵاوسانی دارایی و هاتنەخوارەوەی نرخی دراوەکەی بووەو ئەوە چەند ساڵە توانای کۆنترۆڵکردنی لە ئاستێکی هاوسەنگ دا لەدەست دەرچووە، گرانی پێویستییەکانی ژیان و بژێوی هاووڵاتیانی هەراسانکردووە، هاوکات لەگەڵ بێکاری و دابەزینی ئاستی وەبەرهێنان خەریکە وادەکەوێتەوە کە هەرچی دەسکەوتەکانی دەستپێکی ئەم سەدەیە دەسڕێتەوە!!
 
یەکێک لەو پڕۆژە ئابوورییە ستراتیژیە گەورانەی حکومەتی تورکیا چاوی ئومێدی لە سەریەتی پڕۆژەی( رێگەی گەشەیە)کە لە وڵاتی چینەوە دەست پێدەکات و لە ئەورووپا کۆتایی دێت، - لێرە جێگەی باسی گرنگی و چۆنیەتی رێککەوتنی بەشدارانی نییە- ئەم رێگەیە لە بەندەری گەورەی( بەسرە)ـەوە بەناو هەرێمی کوردستان دا لە خاڵی پێشخاپوور دەچێتە نێو تورکیا و ناوچەکانی باکووری کوردستان و بە هەموو نێوەڕاستی خاکی تورکیادا دەپەڕێتەوە بۆ ئەورووپا!! پڕۆژەی رێگەی گەشە ژێرخانێکی ئابووری گەورەی هەزاران کیلۆمەتریی رێگەی شەمەندەفەڕ و وێستگەی سووتەمەنی و کۆگای هەڵگرتن و خاڵی پشووی هەمیشەیی و… هتد دەوێت، کە تورکیا بەدەستپێشخەری ئامادەکارییەکان دەیەوەێت لایەنەکانی پڕۆژەکە هانبدات بۆ دەستکردن بە جێبەجێکردنی!! ئەم پڕۆژە گرنگەی ئابووری تورکیا ئاڵاوە لە شەڕ و پێکدادانی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان لە بەشی هەرە زۆری ناوچەکانی باکووری کوردستان دا و، بەبێ خستنەگەڕی پێشوەختەی پرۆسەی ئاشتی کە دڵنیایی گەرەنتی کردنی وەبەرهێنانی ئەو سەرمایە زەبەللاحە مێژووییە بکات، چاوەڕوانی جێبەجێکردن و سەرکەوتنی ئەو پڕۆژەیە و بووژانەوەی ئابووری تورکیاش ئاسان نییە.
 
3- پاڵنەری نووسینەوەی دەستووری نوێی تورکیا
 
سەرۆکی تورکیا و پارتەکەی و فراکسیۆنە پەرلەمانییەکەیان بابەتی نووسینەوەی دەستوورێکی مەدەنی نوێیان بۆ تورکیا لەجیاتی دەستووری ساڵی 1982 خستووەتە بەر گفتوگۆ، هەموو حیزب و هێزەکانی تورکیا کۆکن لەسەر ئەوەی دەستوورێکی سەربازی داسەپاوە و لەبەر زۆر هەموارکرانەوەی مادەکانی بواری لەوە زیاتر هەموارکرانەوەی تێدا نەماوە و، پێویستە تورکیا لەم سەردەمەدا دەستوورێکی مەدەنی نوێی هەبێت، لە بەدواداچوونە رۆژنامەڤانییەکان دا، دەرکەوتووە هەموو لایەک کۆکن لەسەر دانانی دەستوورێکی نوێ، بەڵام لەسەر نێوەڕۆکی بڕگەو مادەکانی ناکۆکی زۆرە!!
 
دەنگۆی ئەوەش هەیە کە دانانی دەستوور و دەنگ لەسەردانی دەکەوێتە ساڵی 2026 و رێگە بە خۆ بەربژێرکردنەوەی  سەرۆک کۆمار ئەردۆغان بۆ خولێکی دیکە دەدات!!
 
پەیوەندیی بابەتی دەستوور بە پرۆسەی ئاشتییەوە، گرێدراوی کاریگەری سەرکەوتنەکانی حیزب و بەربژێرەکانی کوردە  لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ئەم دواییەی تورکیا، سەرباری سەرخستنی پاڵێوراوانی هاوپەیمانەکانیان (پارتی گەلی کۆماری) لە شارە گەورەکانی وەک ئیستەنبووڵ و ئەنقەرە، لێرەوە پارتی داد و گەشەپێدان و سەرۆک کۆمار لە رۆڵی کاريگەری دەنگدەری کورد و ئەو پارتانەی نوێنەراتیان دەکات لە ململانێ سیاسییەکاندا تێگەیشتوون و لەبەرچاونەگرتنی هەژموونیان لە دەنگدانی دەستووردا کە دەنگی دوو لە سێی ئەندامانی پەرلەمان و (50 +1) دەنگی دەنگدەرانی گەلی تورکیای پێویستە.


 لەگەڵ ئەوەی شارەزایانی دەستووری تورکیا هاودەنگن لەسەر ئەوەی کورد و ئیسلامییەکان زیانمەندی یەکەمی دەستووری 1984ی تورکیان، لە سۆنگەی ئەوەی ئاماژەی بۆ کرا حکومەتی تورکیا دەیەوێت ئاسوودەبێت لەوەی بە رێژەیەکی زۆری دەنگی گەلی تورکیا دەستوورەکە تێدەپەڕێت و دەچێتە مێژووی دەسەڵاتی ئەردۆغان و پارتی داد و گەشەپێدانەوە، بەشداری دەنگی کورد و حیزب و کۆمەڵە و رێکخراوەکانی، کە لە بازنەی لایەنگر و هەواداری پارتی کرێکارانی کوردستان دان و گوێ لە ئاراستە سیاسی و پەیامەکانی ئەوان دەگرن بۆ دەنگدان یان بایکۆت. لێرەوە پرۆسەی ئاشتی و ئاساییکردنەوەی دۆخەکە بۆ دەنگدانی گەلی کورد بە دەستووری نوێ تاوەکو لەسەر ئاستی گەلانی تورکیا و یەکێتی ئەورووپا و ئەمریکا و وڵاتانی جیهان گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکانی گەلی تورکیا بکات، پێویستییەکی پرۆسەکەیە!
 
سەرئەنجام تورکیا بۆ خستنەسەر رێی پرۆسەی ئاشتی پێویستی بە کەسایەتیەکی سیاسی و دیپلۆماسی ناسراوی کورد و خاوەنی پێگەی دەستوریی عێراقی وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێزدار نێچیرڤان بارزانی هەیە، کە پەیوەندییەکی هەمەلایەنەی لەگەڵ کەسایەتی و بەرپرسانی سیاسی و حوکمڕانانی تورکیا هەیە، لەلایەکی دیکەوە خاوەن رێز و گوێ لێگیراوی حیزب و کۆمەڵە و کەسایەتییەکانی باکووری کوردستانە، وەک کلیلێک بۆ کردنەوەی دەرگا داخراوەکان و پێویستییەک بۆ گرێدانەوەی پردی پەیوەندییە پچڕاوەکان و وەک زەمانەتی بە یەکگەیشتنەوی خاوەن هێڵە گەرمەکانی دابڕان و دەستپێکی گفتوگۆی ئاشتی لە بەرژەوەندی گەلی کورد و مافەکانی و گەڕانەوەی ئاشتی و ئاسوودەیی و ئۆقرەیی بۆ هەموو گەلی تورکیا.
 
تێبینی : تاوەکو ئەم ساتە قسە لەسەر ئەوە هەیە کە مادەکانی (1، 2، 3، 4)ی دەستووری ئێستای تورکیا، کۆدی نە گۆڕینیان لەسەرە و وەک خۆیان دەگوێزرێنەوە بۆ دەستووری نوێ، ئەم مادانەش هەبوونی هەموو گەل و نەتەوەیەکی دیکە جگە لە تورک لە تورکیادا رەت دەکاتەوە و، پارێزگاری لە رەوتی ناسیۆنالیستی کەمالیزم و عەلمانیەتی دەوڵەتی تورکیا دەکات.