• English
  • العربية

سەردانەكەی سودانی بۆ كۆشكی سپی: ئاماژەو ئەنجامە چاوەڕوانكراوەكان

ئاسایشی ووزە

4/3/2024 2:17:00 PM

 د. یاسین تەها-  پسپۆڕ لە مێژووی ئایینزا ئیسلامییەکان و شارەزا لە کاروباری عێراق

لەنێو گرژییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە سێبەری دوكەڵی جەنگی غەززەدا، بڕیارە محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەگەڵ شاندێكی حكومیدا یەكەم سەردانی خۆی بۆ كۆشكی سپی لە 15ی نیسانی 2024 ئەنجام بدات. سەردانكردنی ئەمریكا یەكێكە لە نەریتە سیاسی و دیپلۆماسییە باوەكانی سەرۆك وەزیرانەكانی عێراق لە پاش 2003، بەڵام بەهۆی ئەوەی سودانی سەرۆكایەتیی كابینەكەی "چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە" دەكات، كە خۆی بە نەیاری ئەمریكا دەزانێت، ئەم سەردانە هەندێك تایبەتمەندی و فۆكەسی زیاتری لەوانەی پێش خۆی لەسەرەو، دەشێت خوێندنەوەی جیاواز هەڵبگرێت. ئەم شرۆڤەیە لەبارەی ئاماژەو لێكەوتەو كاریگەرییەكانی ئەو سەردانە چاوەڕوانكراوە هەڵوێستە دەكات.

پێكهاتەی شاندەكەو گرنگیی سەردانەكە بۆ سودانی
ئامادەكارییەكانی سەردانەكە لەلایەن تیمێكی ڕاوێژكاریی سەرۆكایەتیی وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق "فوئاد حسێن"ەوە ئەنجام دەدرێن؛ بڕیاریشە شاندی هاوەڵی سودانی بۆ ئەمریكا بریتی بێت لە: وەزیری دارایی، سەرۆكی بانكی ناوەندی، وەزیری بازرگانی، وەزیری نەوت، وەزیری كارەبا، وەزیری ڕۆشنبیری[1]. چاوەڕوان دەكرێت لە هەرێمی كوردستانیشەوە نوێنەر هاوەڵییان بكات. هەرچەند سەردانەكە حكومی و فەرمی و تەوەرە سەرەكییەكەی، پەیوەندییەكانی هەردوو دەوڵەتی عێراق و ئەمریكایە، بەڵام بۆ كەسایەتیی سیاسیی سودانی، گرنگیی تایبەتی هەیە، چونكە دەركەوتن لە كۆشكی سپی بە شێوەیەكی فەرمی، یەكێكە لە ڕێگەكانی نمایش وەك كارەكتەرێكی سیاسیی پەسەندكراو لەبەردەم ئەو وڵاتانەی پەیوەندیدارن بە دۆسیەی عێراق. بە بۆچوونی هەندێك لە شارەزایان دەركەوتنی فەرمی لە تەنیشت سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان پێوەرێكی زێڕینە لەناوخۆی عێراق و دەرەوەیش بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانی؛ بۆ كەسێكی وەك سودانییش دەشێت چانسی لە هەڵبژاردنی 2025دا بەهێز بكات[2]. ئەوەیشی پاڵپشتیی ئەم بۆچونە دەكات لاوازیی ڕایەڵەكانی زۆربەی هێزە شیعەكانی چوارچێوەی هەماهەنگییە لە وڵاتانی ڕۆژاوا، بەتایبەت كە ئەم حكومەتەی ئێستا بە هاوپەیمانی و پاشكۆیەتیی ئێران تۆمەتبارەو زۆر جار یەكێكە لە ئامانجەكانی لۆبیی پاڵپشتیی ئیسرائیل.
لەسەر ئاستی كەسی، بۆ سودانی گرنگە وەك دەوڵەتمەدار دەربكەوێت و قەرەبووی بەشێك لە كەموكوڕییەكانی سەركردایەتییە سیاسییەكەی بكاتەوە لەبواری پەیوەندیی دەرەكی، چونكە ناوبراو لە سەركردەكانی نەوەی دووەمی سیاسییە شیعەكانە كە هەر لە ناوخۆی عێراق بووەو ئەزموونی ژیان و مامەڵەکردنی لەگەڵ ئەمریكاو ئەوروپا نییە وەك سەرۆك وەزیرانەكانی پێشتر.
هاوكات لەگەڵ ئەو نیمچە كۆدەنگییەی لەسەر گرنگیی سەردانەكە هەیە، لەبەرەی ڕكابەرانی سودانییەوە لەنێو شیعەكان، ئاڕاستەیەك هەیە لە بایەخی سەردانەكە كەمدەكەنەوە بە پاساوی ئەوەی "هەموو ئاماژەکان ئەوە پشتڕاستدەکەنەوە کە بایدن دەڕوات و ترامپ دێت". لە وەڵامی ئەوانەیشی دەڵێن ئەمریكا دەوڵەتی دامەزراوەکانەو گۆڕانی سەرۆك زۆر شت ناگۆڕێت، ڕەخنەگرەكان دەڵێن "بینیمان چۆن ترامپ لە خولی پێشوودا، هەموو شتێکی پێش خۆی پشتگوێ خست".[3] بەڵام بۆچوونی تر پێیوایە كۆمارییەكانیش بەرژەوەندییان هەیە لە عێراق لە چەشنی كۆمپانیای "هانویڵ"ی تایبەت بە وزە كە بە كۆمپانیایەكی پشتیوانی كۆمارییەكان دەناسرێت لە ئەمریكا[4]؛ بەمدواییانەش سودانی گرێبەستی گازی سروشتیی لەگەڵدا نوێ كردوونەتەوە[5]. دەشێت ئەمەش ئامادەكاری بێت بۆ ئەگەری هاتنەوەی كۆمارییەكان بۆ كۆشكی سپی. ئەم كۆمپانیایەش یەكێكە لەو تاقەمە كۆمپانیا ئەمریكییانەی پێشتر لە عێراق گرێبەستیان لەبواری گازی سروشتی هەبووە [6].
سەرباری ئەمانەش هێشتا بۆچوونێك هەیە پێیوایە كۆی سەردانەكە "پرۆتۆكۆڵی"یەو ڕێكکەوتننامەی گەورەی لێ شین نابێت جگە لەوانەی پێشووتر كە هەن؛ هێندە هەیە ڕەنگە لە دۆسیەی دارایی، سودانی هەندێك داواكاری بۆ بانكە سزادراوەكان بكات. مەرجیش نییە هەرچی سودانی داوای بكات ئەمریكا لەسەری ڕازی بێت، بەتایبەت لەبواری ئاسایش و سەربازی؛ بەتایبەت کە ئەمریكا لەبەردەم هەڵبژاردنەو ئەگەری گۆڕانكاری لە ئیدارەی ئەمریكادا كراوەیە[7].

تەوەرە گشتییەكانی سەردانەكە
بەپێی ئەو ڕاگەیەنراو و لێدوانە فەرمییانەی هەن، تەوەرە سەرەكییەكانی سەردانەكەی سودانی بۆ واشنتۆن چەند بوارێك لەخۆدەگرێت وەك: پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی هەردوو وڵات، ئایندەو چارەنوسی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق، دۆسیەی كارەباو گازی سروشتی و وزە، هاندانی كۆمپانیا ئەمریكییەكان بۆ وەبەرهێنان، كۆمەكی پەروەردەو خوێندنی باڵا لەگەڵ پشتیوانیی ئەمریكی لە بوارەكانی كەلتورو مۆزەخانەكان؛ لە پەنا ئەمانەیشدا دۆسیە ئابوری و بازرگانییەكان ئامادەیی بەهێزیان دەبێت، لەوانەش ئاسانكاریی بانكی و هاتنی دۆلاری زیاتر بۆ عێراق، لەگەڵ هەوڵی دۆزینەوەی ڕێگەیەك بۆ ئەوەی عێراق پارەی گازی سروشتیی هاوردەكراوی ئێران (10 ملیار دۆلار) لەڕێگەی بانكەكانی كەنداوەوە حەواڵە بكات بۆ ئەوەی بانكەكانی خۆی توشی گەمارۆ نەبنەوە[8]. ئەگەر ئەم ناونیشانە گشتییانەش ورد بكرێتەوە هەر یەك لەوانەش لەمپەرو هاندەری چوونەپێشیان جۆراوجۆرە. دووان لەوانەش كە زۆر سەرەكین، بەڕووی چەند ئەگەرێكدا كراوەن، ئەوانیش دۆسیەكانی سەربازی و ئاسایشن لەگەڵ دارایی و دۆلار:

– دۆسیەی ئاسایش و سوپا:
حكومەتی عێراق لەژێر گوشاری گروپە شیعە چەكدارەكان و لێكەوتەكانی جەنگی غەززە سەرەتای 2024 ڕایگەیاند، لەگەڵ ئەمریكا دەستی بە دانوستان كردووە لەبارەی سێ تەوەرە: مەترسییەكانی داعش، بەهێزكردنی هێزە ئەمنییەكانی عێراق، گەیشتن بە خشتەیەكی كاتی بۆ كۆتاییهاتنی ئەركی "هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش"؛ بەجۆرێك پەیوەندیی ئەمنیی هەردوولا بچێتە ئاستی دووقۆڵی بەپێی ڕێككەوتننامەی ستراتیژیی عێراق- ئەمریكا  كە ساڵی 2008 واژۆ كراوە[9].
لە پاش ئەم پێشهاتەشەوە هەموو لێدوان و بەیاننامە فەرمییەكانی عێراق جەخت لە گرنگیی گەیشتن بە كۆتاییهاتنی ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەكەنەوە بۆ ڕازیكردنی گروپە شیعەكان كە ئێستا لە حاڵەتی ئاگربەستدان. لای خۆشیانەوە گروپە شیعەكان بەردەوامن لە گوشارو، سەقفی داواكارییەكانیان بەرز كردووەتەوە بۆ ئەوەی سودانی لە ئەمریكا كارێك بكات "واشنتۆن كۆتایی بە دەستیدەستیكردن بهێنێت لە دۆسیەی كشانەوە لە بنكە سەربازییەكان و، هەژموومی خۆشی لەسەر گرێبەستەكانی پڕچەككردنی عێراق هەڵگرێت[10]. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە باڵیۆزە بەهێزەكەی ئەمریكا لە عێراق، (ئیلینا ڕۆمانۆڤسكی)، پێش سەردانەكە كەوت و هۆشداریی دا لەوەی داعش هێشتا مەترسییە، هەروەها ئەوەش کە باسی كۆتایهاتنی هاوپەیمانیی داعش لە ئارادا نییە![11]؛ هاوكات لەگەڵ ئەمەشدا (ئیان ماکاری) نوێنەری ئەمریکی لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش بەڕوونی ڕای گەیاندووە "لە ئێستادا هیچ پلانێک بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق نییە"[12]. ئەمەش بەو مانایە دێت سەردانەكەی سودانی پێناچێت هیچ لە هاوكێشەی ئەمنی و سەربازی بگۆڕێت و، ئەوكات دۆخەكە كراوەیە بەڕووی دەستپێكردنەوەی چالاكی گروپە چەكدارە وەلائییەكان و پێداگرییان لەسەر كشانەوەی ئەمریكا كە لە پاش 2020و كوشتنی (سولەیمانی)و (ئەبو مەهدی موهەندیس)ەوە بووەتە ئامانجێكی ستراتیژییان. 

لەڕووی كردەییەوە كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا، لەمپەری زۆری لەپێشەو بەدەرە لە توانای سودانی و حكومەتی عێراق لەبەر چەند هۆكارێك:
-    ئیدارەی بایدن لە ساڵی هەڵبژاردندا ڕیسكی لەو جۆرە ناكات، بەتایبەت کە هێشتا دۆسیەی كشانەوەی پڕ لە فەوزای ئەفغانستان پاكتاو نەكراوە.
-    جەنگی غەززەو ئاسایشی ئیسرائیل و ئاسایشی هاوپەیمانەكانی تری ئەمریكا لە ناوچەكە (ئوردن و كوێت و سعودیه‌و وڵاتانی تری كەنداو)، ڕێگرە لە كشاندنەوەی كتوپڕی سەربازەكانی ئەمریكا لە عێراق و بەجێهێشتنی بۆ باڵە ئێرانییەكان.
-    زۆربەی سیستەم و كەرەستە سەربازییەكانی عێراق ئەمریكین و بەبێ ڕاوێژكاری ئەمریكی و بەبێ ئەپدەیتی ئەمریكی دووچاری كێشەو تەنگژەی زۆر دەبنەوەو، عێراقیش ناتوانێت پێداگریی زۆر بكات[13].
-    بە كشانەوەی ئەمریكا بەوجۆرەی گروپە شیعەكان دەیانەوێت، عێراق لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپی و ئەندامانی ناتۆ دەكەوێتە كێشەو دابڕانەوە، چونكە هیچیان بەبێ ئەمریكا ئامادەی هاوكاری و مانەوە نین لە جەنگی داعش.
-    سوپای عێراق و سیستەمی ئەمنیی وڵاتەكە، توانای بەرەنگاربوونەوەی مەترسییە دەرەكییەكانی نییە بەبێ پشتیوانیی ئەمریكا؛ بەتایبەت کە داعش و ئەگەری دووبارەبوونەوەی سیناریۆی 2014 هەمیشە مەترسییە[14].
-    وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، لە واشنتۆن ڕاشكاوانە ڕایگەیاند، كوردو سوننەو بەشێك لە شیعە لەگەڵ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكادا نین لە ئێستاداو بۆ ئەمەش پاساو و هاندەریان هەیە، بەڵام شیعەكان ئەمەیان بەئاشكرا نەوتووە[15]. ئەمەش كە ڕاستییەكەو ماوەی پێشوو لە دانیشتنێكی پەرلەماندا ئەمە دەركەوت، خۆی لە خۆیدا هێندەی تر دۆسیەی كشانەوە ئاڵۆزتر دەكات و پاساوی مانەوەی ئەمریكییەكان زیاتر دەكات، بەپێچەوانەی خواستی گروپەكان و یاریكردن بە وشە لە لێدوانە فەرمییە حكومییەكانی عێراق.
-    لە دەرەوەی هاوكێشەی عێراقیش ئەگەر هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش نەمێنێت، چیتر ئەمریكییەكان ناتوانن لەڕووی یاساییەوە عێراق بكەنە بنكەو پێگەی پشتیوانیكردن لە هێزە سەربازییە بچوكەكەیان لە سوریا؛ ئەو هێزەی ڕۆژهەڵاتی فورات ئەگەرچی ژمارەیان كەمە (900 سەرباز)، بەڵام بەرامبەر پێگەی ڕوسیاو ئێران، پێگەیەك بۆ ئەمریكا لە سوریا مسۆگەر دەكەن. هەروەها كشانەوەی ئەمریكا لەوێ دەرفەت دەڕەخسێنێت بۆ گەڕانەوەی داعش لە هەندێك ناوچەی شڵۆق؛ ئەمەش گورز دەبێت لە دەسكەوتەكانی جەنگی هاوپەیمانان دژی داعش بە سەرۆكایەتیی ئەمریكا. شتێكی ڕوونیشە هەر بۆشاییەك لەو وڵاتە دروست بێت، ئەگەر داعش پڕی نەكاتەوە، ئەوە دەبێتە پێگەی ئێران و ڕوسیا. ئەمەش بۆ ئەمریكاو ئیدارەی ئێستا سیناریۆیەكی نەخوازراوە[16].
بەپێی ئەو ئاماژانەی بەردەستن ڕەنگە ئەمریكا هەندێك لە قەبارەو ژمارەی هێزەكانی خۆی لە عێراقدا بگۆڕێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێكدا ئەوەی گروپە شیعە وەلائییەكان چاوەڕێی دەكەن و هەوڵی بۆ دەدەن لە كۆتایهاتنی هەژموونی سەربازیی ئەمریكاو كشانەوەی سوپاكەی لە پاش سەردانەكەی سودانی، تاڕاددەیەك دوورەو لە هەموو حاڵەتێكدا عێراق مەحكومە بە "ڕێككەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیژیی 2008" كە پەیوەندیی هەردوولای كردووەتە دوورمەوداو درێژخایەن[17].

-    دۆسیەی دۆلارو ئابوری:
لە ناوەندی سیاسیی شیعیدا سەردانەكەی سودانی جگە لە "گەیشتن بە لێكگەیشتنی كردنەدەرەوەی سوپای ئەمریكاو كۆتایهێنان بە ئەركی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی"، ئامانجێكی تری سەرەكی، هەڵگرتنی بەندوباوە لەسەر دۆلارو متمانەكردنە بە ئەمریكا بۆ سوككردنی سزا لەسەر هەندێك لە بانك و كۆمپانیاكان كە بەشی زۆریان هی لایەنە شیعەكانن[18]. بەرپرسیارێتیی ئەمریكا لەم پرسەدا كە 20 ساڵە بەردەوامەو پەیوەستە بە هەژموونی یاسایی واشنتۆنەوە بەسەر داهاتی نەوتی عێراق بە دۆلار بەپێی ڕێككەوتنی عێراق لەگەڵ پۆڵ بریمەر (2004) [19]، یەكێكە لە نیگەرانییەكانی هێزە شیعەكان، بەتایبەت پاش ئەوەی بەمدواییانە كە ئەمریكا زنجیرەیەك سزای بەسەر دامەزراوە داراییە شیعییەكاندا سەپاند بە تۆمەتی هاوكاریكردنی دامەزراوە داراییە ئێرانییە سزادراوەكان. بەشێوەیەكی بەردەوامیش نیگەرانی و قسەوباسی ئەوە لە ئارادایە كە ئەمریكا تواناو هێزی یاسایی خۆی بەسەر داهاتی نەوتی عێراق بۆ گوشاركردنی سیاسی بەكار دەهێنێت[20].
هادی عامری كە یەكێكە لە سەركردەكانی چوارچێوەی شیعی، پێداگرە لەسەر ئەوەی سەروەریی ئابوری و دارایی عێراق هیچی كەمتر نییە لە سەروەریی نیشتمانی؛ باسی ئەوەیشی كردووە ئەوان خوازیارن كۆتایی بەو سەرێشەیە بێت كە دۆلاری عێراق ڕەهن و دیلی نێو بانك و بەندوباوەكانی ئەمریكا بێت[21]. بەڵام تێكڕای لێدوانە ئەمریكییەكان، چ لە واشنتۆن و چ لە عێراق، باس لە چاكسازیی بانكی دەكەن و هیچیان باسیان لەوە نەكردووە عێراق ئامادەیە بۆ ئەوەی ئەمریكا دۆلارەكانی بەتەواوی ئازاد بكات.
هاوكات لەگەڵ ساغبوونەوەی هەواڵی سەردانی سودانی بۆ كۆشكی سپی، نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی عێراق ڕووی لە داكشان كردو هاتە ژێر نرخی 0150 دینار بۆ هەر دۆلارێك و تا ئاستی 0147 دینار، لە كاتێكدا چەند مانگێك بەر لە ئێستا نزیكبووەوە لە ئاستی 0160 دینار. هەندێك ئەم دابەزینە بە هیواهەڵچنین لەسەر سەردانی سودانی دەبینن و هەندێكی تر پێیانوایە یاریی بازاڕی ڕەش و بازرگانەكانەو دابەزینەكە كاتییە[22]؛ بەتایبەت بەیاننامەی كۆشكی سپی لەبارەی سەردانی سودانی بەڕوونی ئەوەی تێدا هاتووە كە بایدن و سودانی جگە لە داعش لەبارەی چاكسازییە دارایییەكان و سەربەخۆیی عێراق لە كەرتی وزە گفتوگۆ دەكەن[23]. ئەمەیش بە مانای دووركەوتنەوە لە ئێران و ڕێگریكردن لە ئاودیوكردنی دۆلارو شەفافكردنی جوڵەی دۆلار دێت و هیچ ئاماژەی ئەوەی تێدا نییە عێراق دەستكراوە بكرێت لە مامەڵەكردن بەو یەدەگەی لە دۆلار کە لە بانكی فیدراڵی ئەمریكادا هەیه‌تی.

پرسەكانی هەرێم لە ئەجێندای سەردانەكە  
بەپێی لێدوانی باڵێوزی پێشووتری ئەمریكا لە عێراق، ڕۆبەت فۆرد، دۆسیەی نەوتی هەرێمی كوردستان یەكێك دەبێت لە تەوەرەكانی باس لەنێوان دامەزراوەكانی ئەمریكاو شاندی عێراق بە سەرۆكایەتیی سودانی[24]. لە سەروبەندی ئامادەكارییەكانی سەردانەكەشدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، (ئەنتۆنی بلینكن)، لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حسێن، باسی لە کێشەکانی نێوان هەولێرو بەغداد کردووە، هەروەها هانی بەغدادی داوە کێشەکان چارەسەر بکەن "چونكە سودە ئابورییەکانی بۆ هەموو عێراقییەکان دەبێت".[25] هەر لەم بەینەشداو زیاتر لە دوو هەفتە پێش سەردانەكە، سیناتۆری كۆماری، (تۆم كۆتۆن)و حەوت لە هاوڕێكانی لە كۆنگرێس نامەیەكی تایبەتیان ئاڕاستەی بایدن كردووە لەبارەی سودانی كە نیگەرانیی پێوە دیارەو باسیان لە هەندێك پرسی كوردستان كردووەو بە بایدن دەڵێن: "حکومەتی عێراق بەشێوەیەکی چالاکانە لەگەڵ تاران دژی هاوپەیمانە کوردەکانمان کاردەکات، لەنێویاندا بڕینی هاوکارییە داراییەکانی حکومەت و داخستنی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا، کە بەشێکی زۆری ئابوریی کوردستانی لەسەر بەندە".
لە نامەکەدا ئەو ئەندامانەی ئەنجومەنی نوێنەران و سێناتی ئەمریکا داوای دانانی پێشمەرج بۆ سەردانەکەی سودانی بۆ ئەمریکا دەكەن لە چەشنی "داواكردنی ئەوەی كە دەستبەجێ بۆریی نەوتی عێراق – تورکیا بکرێتەوە بۆئەوەی هەرێمی کوردستان بتوانێت دەست بە هەناردەکردنی نەوت بکاتەوە". پرسێکی دیکە کە لە نامە هاوبەشەكەدا جەختی لێ کراوەتەوە، ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە: “پێویستە داوا لە حکومەتی عێراق بکەیت کە دەست بکاتەوە بە ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان”.[26]، بەڵام بەوپێیەی نامەكە زیاتر لەلایەن سیناتۆرەكانی حزبی كۆماری نوسراوە كە ڕكابەری بایدنن، دەكرێت یەكێك لە هاندەرە گەورەكانی كێبركێ سیاسییەكانی نێوخۆی ئەمریكا بێت. بەپێی ئەزمونەكانی پێشووش نمونەی لەم جۆرە نامانە بۆ سەرۆكەكانی ئەمریكا هەبوون و ئەنجامی زۆر گەورەشی لێ نەكەوتووەتەوە، بەتایبەت كە ژمارەی كۆنگرێسمانەكان زۆر نییە. هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، ئەنتۆنی بلینكن، جەختی كردووەتەوە، ئەوان "خوازیاری دیتنی سودانی و بایدنن لە كۆبوونەوە" چونكە لە تێڕوانینی ئەواندا "عێراق هاوبەشێكی گرنگی ئەمریكایە بۆ بەرقەراركردنی ئاسایشی ناوچە".[27]
بەهۆی ئەوەشی سەردانی سودانی بۆ ئەمریكا چەند ڕۆژێك پاش سەردانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی دێت، بۆچونێك لەنێو هەندێك لە چاودێرانی سیاسیی عێراق هەیە كە خواست و پێداگرییەكانی هەرێم، سێبەریان بەسەر دیدارەكانی دامەزراوە ئەمریكییەكان و سودانییەوە دەبێت، بەتایبەت لەبواری هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم[28]. چاودێری تری بیانی هەن باسیان لەوە كردووە جگە لە دۆسیەی نەوت، بایدن لەگەڵ سودانی باسی بڕیارەكانی دادگەی فیدراڵیش دەكات، بەتایبەت كە هەندێك دزەپێكردن ئاماژە بەوە دەكەن ڕاوێژكاری ئاسایشی ئەمریكا پێشتر بە سودانیی وتووە، "پێویستە سەردانەكە لە كەشێكی باشدا بێت و بەرەوپێشچوون لە پەیوەندییەكان لەگەڵ هەولێر هەبێت".[29] ئەم خواست و پێداگرییە ئەمریكییەش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت كە ئەمریكا پێیوایە باشبوونی پەیوەندیی بەغدادو هەولێر لە قازانجی ئۆقرەیی عێراقەو گرژیی نێوان هەردوولاش لەگەڵ بەرژەوەندییەكانیدا ناجۆرە؛ بەتایبەت قسەیەك هەیە كە ئەمریكا بەو چاوە سەیری هەرێمی كوردستان دەكات كە هاوپەیمانێكی جێگیرە لە عێراق[30]. وەزیری دەرەوەی عێراقیش لە سەروبەندی ئامادەكارییەكانی سەردانی سودانی لە ئەمریكا ئەوەی نەشاردەوە، کە كورد لەگەڵ مانەوەی سوپای ئەمریكادان لە عێراق و سوننەكان و بەشێك لە شیعەكان لەمەدا هاوڕان[31].
بەپێی هەندێك زانیاریی بەردەستیش بەر لە سەردانی پێشووی سودانی بۆ نیویۆرك لە ساڵی ڕابردوو، بۆ ڕێگەخۆشكردن بۆ سەردانەكە بڕیاری خەرجكردنی سێ مانگ قەرزی بۆ هەرێمی كوردستان دابوو؛ دەشێت ئاسانكاریی لەم شێوەیەش بۆ ئەم سەردانە دووبارە ببێتەوەو سودانی و تیمەكەی خوازیاری ئەوە نین لە واشنتۆن دووچاری ڕەخنەو گازندە ببنەوە لەسەر درێژەكێشانی پرسە هەڵواسراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

كۆبەند
سەردانی سودانی بۆ واشنتۆن و دیداری لەگەڵ بایدن، دەرفەتێكە بۆ پیشاندانی پاڵپشتیی ئەمریكا لە عێراق لە سایەی حكومەتی چوارچێوەی شیعی بە سەرۆكایەتیی محەمەد شیاع سودانی، بەڵام پێشبینی ناكرێت گۆڕانكاریی گەورە لە پەیوەندییەكانی هەردوولا دروست بكات و پێشهاتی چاوەڕواننەكراوی لێ بكەوێتەوە، بەتایبەت لە دۆسیەی مانەوە یان كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا كە ملكەچە بۆ زۆر كارتێكەریی دیكەی ئاڵۆز.
سەردانەكە بۆ كارەكتەری سەرۆك وەزیران، محەمەد شیاع سودانی، هەلێكی باشی پیشاندانی تواناو پەسەندكراوییە لە دەرەوەی عێراق و، دەشێت ببێتە كەرەستەیەك لە پرۆژەی دروستكردنی ڕێبەرایەتی و سەركردایەتیی سیاسیی ناوبراو؛ بەڵام بەڕووی لێكەوتەی خراپیشدا كراوەیە ئەگەر گروپە چەكدارە شیعەكان بێهیوا ببن لەوەی لە ڕێگەی سودانییەوە بە ئامانجەكانیان بگەن كە بەرتەسككردنەوەی هەژمونی ئەمریكایە لە كایەی ئەمنی و سەربازیی عێراق.
لە سەردانەكەی سودانیدا پرسەكانی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، بەتایبەت دۆسیەی نەوت ئامادەیی دەبێت و ڕەنگە شاندە عێراقییەكە گوێبیستی هاندانی زیاتر ببن بۆ چارەسەركردنی پرسە هەڵواسراوەكان، بەتایبەت كە سەردانەكەی سودانی بەدوای سەردانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بۆ واشنتۆن و لۆبیی ژمارەیەك كۆنگرێسماندا دێت بۆ داكۆكی لە هەرێم. بەڵام جێبەجێكردنی ئەو خواستە ئەمریكییەش، ملكەچە بە ئاڵۆزییەكانی هاوكێشەی نێو چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعە كە ئێستا لە دۆخی ئامادەكاریی پێشوەختەی هەڵبژاردنی داهاتوودان و وەك پردی پەڕینەوە تەماشای ئەم كابینەیەی ئێستا دەكەن، نەك چەترێك بۆ چارەسەرە درێژخایەنەكان.

سه‌رچاوه‌كان:

[1]  https://bit.ly/3VzZj3N

[2]  https://bit.ly/43Df8su

[3]  https://bit.ly/3IZw6YD

[4]  https://bit.ly/3VAoeV5

[5]  https://pmo.iq/?article=1541

[6]  https://bit.ly/3TXX1ua

[7]  https://bit.ly/4cFI5sa

[8]  https://bit.ly/3TATujZ

[9]  https://bit.ly/4afdorS

[10]  https://bit.ly/49fb6rB

[11] https://bit.ly/3TFUeoh

[12]  https://bit.ly/3vwD0S5

[13]  https://bit.ly/49gURKC

[14]  https://bit.ly/4aCk4Ap ؛

https://bit.ly/43FPWBK

https://bit.ly/43EdR4u

[15]  https://bit.ly/3TATujZ

[16]  https://bit.ly/3TAW9ug

[17]  https://bit.ly/3PHWjPi

[18]  https://bit.ly/4cFI5sa

[19]  https://bit.ly/49iWAz7

[20]  https://bit.ly/49gURKC

[21]  https://bit.ly/4cFMnjg

[22]  https://bit.ly/3VHMFjk

[23]  https://bit.ly/3VAmNWv

[24]  https://arbne.ws/3VynL5N

[25]  https://bit.ly/49ik5s5 ؛

https://bit.ly/4agPJHy

[26]  https://bit.ly/3IXw6Zi ؛

 https://bit.ly/49dtAZn

[27]  https://bit.ly/3TWAgGY

[28]  https://bit.ly/3xgZaIC

[29]    https://bit.ly/3IYt8Uo

[30]    https://bit.ly/3IYt8Uo

[31]  https://bit.ly/3TATujZ