ئارام شەعبان
خواستە بێ سنوورەکەی مرۆڤ بۆ گەڕان و داهێنان و گەشەسەندنی بەردەوام، بەرهەمی وای لێ بەدیهێنراوە کە ئاسانکارییەکی زۆر بۆ ژیانی ڕۆژانەمان دەکەن بەڵام لەهەمان کاتدا بە گوشار خستنە سەر ژینگە و سروشت، چالاکیەکانی مرۆڤ بوونەتە هەڕەشەی مەزن بۆ سەر سیستەمی زیندەیی و ئیکۆلۆژی جیهان. سەرەتای پڕۆسەی بە پیشەسازیکردن دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٧٥٠ی زاینی و بە بەکارهێنانی بزوێنەری هەڵمی دەستی پێکرد و گەیشتۆتە ئەو قۆناغە پێشکەوتووەی ئێستا. بە پێشکەوتنی زیاتری پیشەسازیی فاکتەرەکانی وەکو بەرهەمهێان، شارنشینی، هۆکارەکانی گواستنەوە، گەرمکردن و ساردکردنەوە و ڕوناک کردنەوە بوونەتە هۆی زیادبوونی خواست لەسەر وزە. بۆ دابینکردنی ئەو خواستە زۆرەی سەر وزە، مرۆڤ ناچار بووە کە بڕێکی زیاتر لە سەرچاوە سروشتییەکان بەکاربهێنێت. سەرئەنجام پێویستە بڕێکی زیاتر لە خەڵوز، غازی سروشتی، نەوت بسوتێنرێت تاکو ئەو وزە پێویستە دەستکەوێت. سووتاندنی سەرچاوەی وزەی بەردینیش بوەتە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی گازی زیانبەخش و ژەهراوی نێو هەوا و زیان گەیاندن بە بەرگەهەوای زەوی.
لە ڕێکەوتنامەی پاریسی ساڵی٢٠١٥ی تایبەت بە کەشوهەوا و ژینگەدا، زۆربەی وڵاتانی بەشداربوو ئامادەیی خۆیان دەربڕی بوو بۆ کەمکردنەوەی ڕێژەی دەردانی گازە ژەهراوییەکان و دووەم ئۆکسیدی کاربۆن و بنبڕکردنی لە ماوەی سی ساڵی داهاتوودا. هەروەها بڕیاردرا بە کۆنترۆلکردنی تێکڕای بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی ساڵانە و ڕاگرتنی لە ژێر پلەی ٢ی سەتیدا. جگە لە توێژەرانی بواری ژینگە، بە هیوای گەیشتن بە "دەستەبەرکردنی ئابوورییەکی بێ کاربۆن" توێژەرانی بواری ئابووریش لەڕێگەی ئەنجامدانی توێژینەوەی زانستی و خستنەڕووی پێشنیاری جۆراوجۆر لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ گەیشتن بە گۆڕانکاری ڕیشەیی و گشتگیر لە مۆدێڵە ئابووریییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرییەکی کاریگەر بۆ ئەو کێشانەی کە بەهۆی چالاکییە ئابووری و بازرگانییەکانەوە بەر ژینگە دەکەون. یەکێک لە گرنگترین توخمە پێویستەکانی گەیشتن بە گۆڕانکارییە ڕیشەیییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانیدا، دابینکردنی پارەیە (پارەدارکردن-قەرز( بۆ ئەو پڕۆژە و وەبەرهێنانانەی کە لە بواری ئابووری سەوز، دارایی سەوز، بانکی سەوزدا ئەنجام دەدرێن.
بەجۆرێک ئێستا بابەتی ژینگە و کەش و هەوا ڕاستەوخۆ دەبەسترێتەوە بە پڕۆسەی بەدیهێنانی "بەردەوامییSustainability-". لەمبارەیەوە بانکەکان کە یەکێکن لە پێکهاتە گرنگەکانی سیستەمی ئابووری جیهان، ڕۆڵێکی لەڕادەبەدەر گرنگ دەگێڕن لە مسۆگەرکردنی بەدیهێنانی بەردەوامی ئابووری و گەرەنتی کردنی گەشەسەندنی بەردەوامی ئابووری جیهان.
گۆڕانکارییە لەناکاوەکانی کەش و هەوا و ڕووداوە سروشتییە جۆراوجۆرەکانی وەکو؛ ئاگر کەوتنەوە، بوومەلەرزە و لافاو لە بنەڕەتدا دوو جۆر مەترسی سەرەکی دێننە ئاراوە؛ مەترسی یەکەمیان بریتی یە لە مەترسییە گیانی و ئیکۆلۆژییەکانی وەکو لەناوچوونی ژمارەیەکی زۆر لە زیندەوەر و کەمبوونەوەی هەمەجۆری زیندەیی. هەرچی مەترسی دووەمیشە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئاستی خۆشگوزەرانی کۆمەڵگاکان و ڕادەی بەهێزی و خۆراگری وڵاتان، ئەویش بابەتی ئابوورییە. واتە ڕووداوە سروشتی و نەخوازراوەکان کە بەهۆی گۆڕانی ژینگەیی و کەش و هەواوە دێنە ئاراوە ڕاستەوخۆ دەبنە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی مرۆیی و ئابووری.
"بەردەوامی" وەکو چەمک واتە ڕەچاوکردنی پێوەر و ستاندرادە ئابووری و دارایی و فاکتەرە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانە لە کردارە ئابووری و بازرگانییەکاندا. واتە لەکاتی وەبەرهێناندا پێویستە کاریگەری ئەو پڕۆژەیە و مەترسییەکانی لەسەر ژینگە و کەمەڵگا هەڵبسەنگێنرێت و دڵنیابکرێتەوە لە بارەی زیان نەگەیاندن بە سەرچاوە سروشتییە پێویستەکانی ژیان بۆ نەوەکانی داهاتوو. بە واتایەکی تر، بریتی یە لە دڵنیایی دان لە دابین کردنی جیهانێکی لەبار بۆ نەوەکانی داهاتوو کە تێیدا بارودۆخی ئابووری و ئیکۆلۆژی و کۆمەڵایەتیی گونجاوبن بۆ ژیان.
مۆدێلە ئابوورییەکانی ڕابردوو مەترسییە ژینگەییەکانیان لەبەرچاو نەگرتووە، بۆیە چالاکییە ئابوورییەکانی مرۆڤ گوشارێکی زۆریان لەسەر سەرچاوە ئابوورییەکان دروست کردووە. بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەکارهێنانی سەرچاوەکان؛ کێشەی وەکو زیادبوونی دەردانی گازی گەرمخانەیی و بڕی پاشەڕۆی فڕێدراو، هەڵاوسانی درێژخایەن، بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی ئاو و هەوا و کەمبوونەوەی هەمەجۆری و فرەچەشنی زیندەوەرەکان دروست کردووە. مەترسی وەکو سەختی دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوە ئابوورییەکان بوونەتە هەڕەشەی حەتمی بۆ سەر نەوەکانی داهاتوو. گەر بە خێرایی هەنگاوی پێویست بۆ بەدیهێنانی بەردەوامی ئابووری نەگیرێتەبەر، ئەوا بە پێی پێشبینییەکان تا ساڵی ٢٠٣٠ بەهۆی کێشەی ژینگەیی و کارەساتەکانی پەیوەست بە گۆڕانی کەشوهەواوە زیانەکانی ئابووری جیهان دەگاتە ٢٩٠ بۆ ٥٨٠ ملیار دۆلار.
مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی گۆی زەوی زیانی ئابووری زۆر گەورە بەدوایخۆیدا دێنێت. ئەنجامدانی توێژینەوە و گەڕان بەدوای ڕێگەچارەیەک بۆ کۆنترۆڵکردنی کاریگەری مەترسییەکانی گۆڕانئی کەش و هەوا پێویستی بە بودجەیەکی گەورە هەیە. بۆیە ڕۆڵی دامەزراوە داراییەکان بەگشتی و بانکەکان بە تایبەتی لە بابەتی پیس بوونی ژینگە و ئاو هەوادا پێویستی بە سەرنجێکی وردتر و قوڵتر هەیە. لە کۆنفڕانسی ساڵانەی نەتەوەیەکگرتووەکان بە ناوی COP تایبەت بە گۆڕانی کەش و هەوا، چەمکی دارایی بەردەوام (دارایی سەوز) تەوەرێکی سەرەکی و گرنگی کۆنفڕانسەکە پێکدێنن. دەستەواژەی "دارایی بەردەوام" بریتی یە لە کرداری پارەدارکردنی (پێدانی پارە بەقەرز) ئەو پڕۆژە و وەبەرهێنان و کۆمپانیانەی کە سوودی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و حوکمڕانی environmental, social and governance (ESG) considerations ڕەچاو دەکەن لە چالاکییەکانیاندا. پێوەرەکانی ESG (ژینگە، کۆمەڵایەتی و حوکمڕانی) کە بە پێوەرەکانی بەردەوامیی ئابووریش ناسراون، وەبەرهێنەران بەرەوە ئامانجی بەدیهێنانی بەردەوامی ئابووری ئاڕاستە دەکەن لە پڕۆژەکانیاندا. کاریگەرییەکی تێکهەڵکێش و فرەلایەنانەی سیستەمی ئێستای دارایی لەسەر ژینگە و کەشوهەوا، و کاریگەری گۆڕانکارییەکانی ئیکۆسیستەم لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان؛ بوونەتە هۆی زیادکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بەمەبەستی بەدیهێنان و گەیشتن بە ڕادەی دڵنیایی و ئاستی بەردەوامی لە ئابووری بەگشتی و سێکتەری دارایی بە تایبەتی. بەجۆرێک کە لەم سیستەمە دارایییە نوێیەی جیهاندا، وەبەرهێنەران نابێت چیتر تەنها بیر لە قازانجی ماددی بکەنەوە، بەڵکو پیویستە کاریگەری و دەرئەنجامە ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەکانیش لەبەرچاو بگرن لە کاتی ئەنجامدانی پڕۆژەکانیان.
لەوانەیە لە ئێستادا ئەم چەمکانە بۆ وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان نوێ بن بەڵام لە چوارچێوەی چاکسازیییە گشتگیر و ستانداردە جیهانییەکان، لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆمپانیا و دامەزراوە داراییەکانی وەکو بانک و کۆمپانیاکانی قەرزدان لەم دەستە وڵاتانەشدا ناچار دەبن خۆیان لەگەڵ ئەم نوێگەرییە گرنگانەدا بگونجێنن. ئێستا جیهان بە شێوەیەکی گشتی بەرەوە ئابووری سەوز و دارایی سەوز هەنگاو دەنێت. هەموو ئەم چالاکییانە کە لە بواری ئابووری و داراییدا ئەنجام دەدرێن لە چوارچێوەی "دارایی بەردەوام و بانکی بەردەوام"کۆدەکرێنەوە. ئەمەش بە مەبەستی بنیاتنانی جیهانێکی گونجاوتر و دەستەبەرکردنی ژیانێکی تەندروستترە بۆ مرۆڤ و گشت زیندەوەران.
لەم بارەیەوە ژمارەیەک دامەزراوەی ئابووری و دارایی سەوز لەسەر ئاستی جیهاندا دامەزراون کە هەڵدەستن بە دانانی سیستەمی ڕیزبەندی و پۆڵین کردنی بانک و دامەزراوە داراییەکانی وڵاتان بەگوێرەی ڕێژەی پابەندبوونیان بە پێوەرەکانی ژینگە، کۆمەڵایەتی و حوکمڕانی ESG لە چالاکییەکانیاندا. ئەو بانک و دامەزراو یاخود ئەو وڵاتانەی کە خاڵی بەرز بەدەست دێنن، دێنە پێشەوەی ڕێزبەندییەکە و بەمەش دەبنە جێگای سەرنج بۆ وەبەرهێنەرە نێوخۆیی و بیانییەکان هەروەها ئەو بانک و دامەزراوە یاخود وڵاتەی کە خاڵی ESGیان بەرزە دەتوان بە تێچوویەکی کەمتر داوای قەرز بکەن لە دامەزراوە جیهانییەکانی وەکو سەندوقی نەقدی نێودەوڵەتی و بانکە بیانییەکانی تر. واتە بەشێویەکی ئاسانتر سەرچاوەی پارەدارکردنیان دەست دەکەوێت. بۆ نمونە لە گروپی NETZERO دا کە لەپاڵ کۆمپانیای تر ١٣٩ بانکیش تێیدا ئەندامن لە سەرتاسەری جیهان. گروپەکە هەوڵدەدات "بەردەوامی ئابووری و دارایی" بکاتە ستراتیژی سەرەکی کاروچالاکی ئەندامەکانی. ئەو بانک و کۆمپانیانەی کە ئەندامن لە "نێت زیڕۆ"دا ئامانجی هاوبەشیان هەیە کە بریتی یە لە زیادکردنی بەها کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکان هاوتەریب لەگەڵ کاریگەرییە ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و حوکمڕانییەکان ئەمەش بۆ مسۆگەر کردنی بەردەوامی ژیان و بەردەوامی ئابووری بۆ کۆمەڵگاکانی جیهان.
هەرچی بانکی سەوزیشە (Green Banking-GB) بە جۆرێک یاخود فۆڕمێکی نوێی بانک دادەنرێت کە لە چالاکییەکانیدا ڕەچاوی لایەنە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان دەکات. هەروەها ئامانجی کۆتایی پاراستنی ژینگە و سامانە سروشتییەکان و کەمکردنەوەی بڕی دەردانی گازی ژەهراوی وەکو دووەم ئۆکسیدی کاربۆنە. بانکەکان وەک دابینکەرانی پارە لە رێگەی ئاسانکاری بانکی، قەرزی بانکی و متمانەی بانکییەوە بە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی دابینکردنی دارایی بۆ پڕۆژە پیشەسازییەکان و سێکەتەرە جیاوازەکانی نێو ئابووری دادەنرێن. ئاشکرایە کە پڕۆژە و کارگە پیشەسازییەکان لە ڕووی دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن بۆ نێو ژینگە پشکی شێریان بەردەکەوێت ئەمەش لە ڕێگەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی جۆراوجۆری وەکو پۆڵا، کاغەز، چیمەنتۆ، قڕکەر،وزە، کارەبا و قوماش...هتد. بانکەکان بەهۆی ئەو پەیوەندییە قوڵەی کە هەیانە لەگەڵ سێکتەری پیشەسازی، دەتوانن وەک ناوەندێک لە نێوان گەشەی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پاراستنی ژینگەدا کار بکەن و وەبەرهێنانی بەرپرسیارانە لە ڕووی ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەوە بەرەوپێش ببەن. شایەنی باسە چەمکی بانکی سەوز بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٨٠ لەلایەن بانکێکی هۆڵەندی بە ناوی بانکی تریۆدۆس خرایە ڕوو و دواتر لە ویلایەتی فلۆریدا لە ساڵی ٢٠٠٩ خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
بانکە سەوزەکان بەرهەمی جیاوازتر لە بانکە ئاساییەکان پێشکەش بە سەوداکارەکانیان دەکەن کە ئامانجی ژینگەپارێزی لەخۆدەگرن. بۆ نمونە بەرهەمە داراییە سەوزەکانی تایبەت بە سەوداکارە تاکەکان ئەمانەن؛ قەرزی سەوزی خانووبەرە، قەرزی سەوزی ئۆتۆمبێل، کارتی بانکیی سەوز. سەبارەت کۆمپانیاکانیش بانکی سەوز کۆمەڵێک خزمەتگوزاری وەکو؛ پارەدارکردنی پڕۆژە سەوزەکان، نامەی دڵنیایی سەوز، کۆمپیاڵەی سەوز، سوکوکی سەوز، سەرمایەی مەترسی سەوز، بەڕێوەبردنی سەروەت و سامان؛ سندوقی گشتی سەوز، سندوقی وەبەرهێنانی سەوز، بەرهەمەکانی بیمەی سەوز؛ وەک بیمەی سەوزی ئۆتۆمۆبیل، بیمەی سەوزی باڵەخانەکان و بیمەی سەوزی دژی گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن پێشکەش بە کۆمپانیاکان دەکات.
بۆ پیشاندانی ئاستی گشتگیری و پێشکەوتوویی دارایی و بانکی سەوز و قەبارەی مامەڵە سەوزە ژینگەپارێزییەکان سەرنج بدەنە سەر ئەو گرافەی خوارەوە. لە ساڵی ٢٠٢٢دا بە قەبارەی زیاتر لە یەک تڕیلیۆن ٥٠٠ ملیار دۆلار هەروەها لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بە قەبارەی ٧١٧ ملیار دۆلار لەسەر ئاستی جیهاندا بەرهەمی پارەدارکردنی سەوز (بەرهەمی دارایی بەردەوام) لەلایەن بانک و دامەزراوە داراییەکانەوە دەرکراوە و پێشکەش بە موشتەرییەکانیان کردووە.
بێگومان ژینگەپارێزی لە کارنامەی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا پێگەیەکی زۆر هەستیار و مەزنی هەیە. بەجۆرێک بەردەوام دەستپێشخەری کراوە بۆ دەستبەرکردنی ژینگەیەکی لەبارتر و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی مەترسی وشکەساڵی لە ڕێگەی دورستکردنی پۆند و بەرنامەی تایبەت بۆ دروستکردنی بەنداوەکان. ئەم هەنگاوانە دەکرێت کاریگەرتر و خێراتر بکرێن لە ڕێگەی زیادکردنی هۆشیاری و پێدانی ڕێنمایی تایبەت بە ستانداردەکانی ESGی نێودەوڵەتی بە کۆمپانیا بیانی و خۆماڵییەکانی کوردستان تاکو لەپاڵ حکومەتدا ئەوانیش بەشداربن لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا هەروەها خۆشیان زیاتر بەرەو ئەو پڕۆژانە هەنگاو بنێن کە دۆستی ژینگەن. بۆ نمونە لە رێگەی قەرزی سەوزی ژینگە دۆستی بانکەکانەوە یاخود لە ڕێگەی قەرزی بچوک و مامناوەندی پڕۆژەکانەوە وەبەرهێنەران و کارسازان هانبدرێن کە پڕۆژەی وا دروست بکەن کە دۆستی ژینگە بن و پیسکردنی ژینگە بگەیننە نزمترین ئاستی. بەشداری کردنی هەریەکە لە بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسی کۆپ٢٨دا دەرفەتێکی باشە بۆ وەرگێڕانی ئەزموونی وڵاتان و دامەزراوە دارایی و کۆمپانیاکانی وڵاتە پێشکەوتووەکان بۆ هەرێمی کوردستان.