- - بۆردی ئابوری- پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی
فاروق مەلا مستەفا سەفوەتی حاجی مەلا ڕەسوڵ. هەرچۆنێک لە ڕێبازی ژیانی ئەم ناوە دیارە بکۆڵیتەوە، دوو بەشە؛ بەشێکیان، قۆناخی تێکۆشانە لە پێناو چینی زەحمەتکێش و هەوڵدان بۆ ئەوەی پێویستە مرۆڤ لە پێناو مرۆڤدا تێبکۆشێت. قۆناخی دواتریان وەبەرهێنان و بازرگانییە بۆ ماوەی نزیکەی (٥٠) ساڵی تەواو.
فاروقی مەلا مستەفا، ساڵی (١٩٤١) لە شاری سلێمانی لە دایک بووە. ئەو کوڕی کەسایەتی ئاینی و شاعیری کورد ″ مەلا موستەفای سەفوەت″ە. قسەیەکی باو هەیە کە دەڵێن ″شیوعییەت لە کوردستان نەبوو، کوڕی مەلاکان هێنایانە بوون″. پیاوێکی قووڵ و تێگەیشتوو لە سەرمایەداریی، ئابوریی بازاڕ، خەباتی چینایەتی لای مارکس، یەکسانی کۆمەڵایەتی، بەم باکگراوەندەوە ساڵی (١٩٦٤) لە زانکۆی بەغدا کۆلێژی بازرگانی و ئابوریی تەواو دەکات. لە گەرمەی جەنگی ساردی نێوان دوو بلۆکی سوسیالیستی و سەرمایەدارییدا، ئەو دەبێتە یەکێک لەسەرکردە دیارەکانی حیزبی شیوعی عێراق. هەر لەسەرەتای شەستەکانی سەدەی بیستەمدا خەباتی نەتەوایەتی پشتگوێ ناخات و بەشداری لە شۆڕشی ئەیلول دا دەکات، بەو هۆیەوە لە بەغدا دەستگیر دەکرێت.
پێشینەی کاری بارزگانی و بیرکردنەوە لەوەی بەهۆی سەرمایەگوزارییەوە چاکەی گشتیش بەرجەستە دەبێت، ئەمە بە پراکتیکی لای فارووقی مەلا موستەفا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (١٩٧٠). ساڵی (١٩٩٩) لە سەردەستی فاروق مەلا موستەفا کۆمپانیای ئاسیا سێڵ- Asia Cell دادەمەزرێت، ساڵی (٢٠٠٠) تۆڕەکە دەگاتە شاری سولەیمانی. لە ساڵی (٢٠٠١) دا سەرەتای فرۆشتنی هێڵی تەلەفۆن لە بازاڕەکانی کوردستانی باشووردا دەنگ دەداتەوە. ئینجا ئیتر لە ساڵی (٢٠٠٣) ەوە ڕێگە درا بە کۆمپانیاکە لە هەموو عێراق کاربکات نەک تەنیا لە کوردستان.
ساڵی ٢٠١٥ ئاسیاسێڵ توانی ببێتە خاوەن مۆڵەتی بەکارهێنانی نەوەی سێیەمی شەبەکە (3G) لە عێراق، لە ساڵی ٢٠٢١ـش نەوەی چوارەمی (4G) بەکارخست کە کوالێتی نەوەی سێیەم بۆ ساڵی ٢٠١٥ هەنگاوێکی گەورەبوو بۆ عێراقییەکان.
لە سەرەتای ساڵی (٢٠٢٠) دا، لەمیانی بەڕێوەچونی كۆنفرانسی جیهانی International Finance Awards لە دوبەی، خەڵاتی باشترین كۆمپانیای كەرتی پەیوەندییەكان لە بواری بەرپرسیارێتیی كۆمەڵایەتی CSR و باشترین کۆمپانیای پەیوەندی لە عێراقدا، بەخشرایە كۆمپانیای ئاسیاسێڵ.
لە ساڵی (٢٠٢٣) دا ژمارەی ڕەزامەندان و بەکارهێنەرانی هێڵی ئاسیاسێڵ لە عێراقدا (١٦) ملیۆن کەسی تێپەڕاندووە.
ساڵی (٢٠١٣) لە ڕاپۆرتێکی بلومبێرگ دا، کە ئەلێکس کادرۆس، ئامادەی کردووە بە ناونیشانی "ملیاردێرە ناسراوەکەی عێراق هەلی کار دەدات بە ژنان لە دوای سەددام حسێن" باس لە رۆڵی فاروقی مەلا مستەفا دەکات لە بنیاتنانەوەی عێراق و گوتەی چەند کەسایەتیەک دێنێتەوە لەسەری ئەو کەسێکە باوەڕی بە سیستەمی مۆدێرن هەیە و یەکێک لە شتە سەرنج راکێشەکانی لە کۆمپانیاکانی، بریتیە لەوەی رێژەی زۆری ژنان بەگشتی دامەزراون.
فارووق؛ ئازایەتی، سەرکێشی و دیدگای ئابوریی پێکەوە دەبەستێت
سێ سیفەتی سەرەکیی هەیە، فارووقی مەلا مستەفای پێ جیادەکرێتەوە:
- پاشخانێکی ڕۆشنبیریی بەهێز کە لەسەرمایەگوزارە عێراقییەکانی دیکەدا ئەستە ببینرێت.
- نەبردنە دەرەوەی پارە بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەجۆرێک تاکە یەک دیناری لەسەرمایەکەی نەبردۆتە دەرەوەی وڵات، سەرجەمی پرۆژەو پارەکانی لەناوخۆدا بەکاردەهێنێت.
- هەمەچەشنی لە پرۆژەکانی و سەرکێشی لە ئەنجامدانی هەر جووڵەیەکی ئابورییدا.
بەم شێوەیە، فارووق گرووپ ساڵی (٢٠٠٨) دادەمەزرێنێت. ئەو ئێستا سەرۆكی كۆمپانیای فاروق هۆڵدینگە كە لە (٢٧) كۆمپانیای (١٠) سێکتەری جیاجیا پێكدێت، لەوانە پەیوەندییەكان و ئایتی، چیمەنتۆ، بیناسازی، هۆتێل. چارەسەریی خۆڵ و خاشاک، ئاسن، ئەلەمنێوم، کۆمپانیای دڵنیایی، خزمەتگوزارییە داراییەکان. هەموو ئەمانەش سەرمایەکەی فاروقیان گەیاندووە بە سەروو (٣) سێ ملیار دۆلار کە لە سلێمانییدا بەگەڕی خستوون.
عێراق، بەناوچەیەکی گەرم لە ڕووی ناکۆکی سیاسیی و سەربازییەوە دەناسرێت، لە ناو وڵاتەکەشدا، پارێزگای سولەیمانی بە ناوچەیەکی سەختی پڕ ململانێی سیاسیی یەکلەدوای یەک بەناوبانگە. لەگەڵ ئەمەشدا، سەرەڕای تەشقەڵە سیاسییەکان { هەندێ جار میدیاییش} فارووق گروپ نەبووەتە بەشێک لە کێشە سیاسییەکان. هەمیشە گرفتە سیاسییەکان کاریگەریی خراپیان خستۆتە سەر دۆخی ئابوریی و دارایی هەرێمی کوردستان، بە پێچەوانەی شەپۆلەکەوە، فارووقی مەلا مستەفا توانیویەتی لە پرۆژەکانیدا توانیویەتی سەروو (١٠٠) سەت هەزار هەلی کار بە مووچەی بەرز بڕەخسێنێت.
فاروقی مەلا مستەفا لە ئۆفیسەکەی خۆی- کۆتا نهۆمی باڵەخانەی ئاسیا سێڵ لە شەقامی سالم
چیرۆکنووس و یاساناسی کورد ″ حسێن عارف″ ساڵی (١٩٣٦) لە دایکبووە، لە ڕۆژنامەی ( صباح الجديد) ی عێراقی دا لە (٢٦ ی حوزەیرانی ٢٠١٩) دا لە ژێر ناونیشانی [فاروق ملا مصطفى.. من مناضل ثوري مكافح الى مستثمر قدير وتقدمي وخيِّر] دا دەنووسێت: من و کاک فارووقی مەلا مستەفا بۆ زیاتر لە (٥٠) پەنجا ساڵە یەک دەناسین، لەو ماوەیەدا هیچ پچڕان و لێک جیابوونەوەیەک نەبووە، ئێمە لە یەکتر نزیک بووین و یەکترمان خۆشدەویست، سەرکەوتنی ئەو دەرئەنجامی شایستەیی و بەهرەکانییەتی، کە سیفەت و تایبەتمەندی کەسیین کە ڕەگ و ڕیشەی لە خۆیدا داکوتاوە، لەسەری پەروەردە بووە و لەناو خۆیدا گەشەی کردووە و گەشەی کردووە. مێژووی ژیانی بۆ دوو بەش پۆلێن دەکەم: بەشی یەکەم ئەوەیە کە خەباتگێڕێکی شۆڕشگێڕە خەبات دەکات بۆ نەهێشتنی ئیستغلالکردنی مرۆڤ لەلایەن مرۆڤەوە. لە بەشی دووەمدا فاروق دەبێتە وەبەرهێنەرێکی بەتوانا. دەبێتە خێرخوازێک کە دەنگی بڵندە. لێرەدا لە کۆبوونەوەیەکدایە کە لە کەناڵە سەتەلایتەکانەوە پیشان دەدرێت و دەوڵەمەند و خێرخوازانی کوردستانیش لەخۆدەگرێت بۆ کۆکردنەوەی بەخشین، بۆیە دەبینین یەکەمیان پەنجا ملیۆن دینار، ئەوەی تر سەد ملیۆن دینار، سێیەمیش پێنج سەد ملیۆنی پێشکەش دەکات، لێرەشدا ئەوەیە فاروق دەنگی بەرز دەکاتەوە و دەڵێت: لە منەوە سێ ملیار دینار.
ئاماژە نێودەوڵەتییەکان لە هەوڵەکانی فارووق گرووپ دا
گرووپی کۆمپانیاکانی فارووق دەیان ئاماژەی سەرکەوتووی لە ئاستی نێودەوڵەتییدا لێ دەخوێنرێتەوە؛
لە ساڵى ٢٠١٢، کۆمپانیای "ئەڵتای" فەرەنسی بۆ لێکۆڵینەوەکانی تایبەت بە خستنەبازاڕ کۆمپانای ئاسیاسێڵی وەکو یەکەمین براندی بازرگانی لەعێراقدا ناساند – نەتەنها لە بازاڕی پەیوەندیەکانى مۆبایل، بەڵکو لە هەموو کەرتەکان – کە ئەمەش رەنگدانەوەی ئەو ئامادەگیە بەهێزەی براندی بازرگانی ئاسیاسێڵە، هەروەها ئەو ناوبانگە دێرینەی هەیەتی بۆ کواڵیتی و متمانە و خزمەتگوزاری.
لە ئابی ٢٠١٩ ەدا، رێککەوتنێکی تایبەت لەنێوان کۆمپانیای ئاسیاسێڵ و رێکخراوی (IOM)ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا جگە لەوەی ئاسیاسێڵ بوو بە هاوبەشی سەرەکی رێکخراوەکە لە عێراق، هاوکات کۆمەڵێک پرۆژەی پێشکەش بە هاووڵاتیان و کەسانی بێکار لەسەرانسەری عێراقدا کردووە.
لە سەرەتای تەمموزی ٢٠٢٢ دا، سهرۆكی ئهنجومهنی بهڕێوهبردنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ فاروق مستەفا رەسوڵ لەلایەن دامەزراوەی گلۆباڵ ئیکۆنومیکس (Global Economics Limited)ــەوە کە بارەگاکەی لە لەندەنە خەڵاتکرا. ئەوەش لەبەر ئەو رۆڵە گەورەیەی کە لە گەشەپێدانی کەرتی پەیوەندییەکان بینیویەتی لە عیراقدا، لە رێگەی ئەو وەبەرهێنانە گەورانە و شەراکەتە گرنگانەی ئەنجامیداون، لەگەڵ ئەو روئیا پێشەنگەی کە بۆ کۆمپانیای ئاسیاسێڵی داڕشتووە و بووەتە مایەی ئەوەی شایستەی خەڵاتی "باشترین سەرمایەداری پێشەنگ لە بواری پەیوەندییەکان" بێت.
گلۆباڵ ئیکۆنومیکس خانەیەکی بڵاوکردنەوەی دارایی پایەبەرزە لەگەڵ گۆڤارێکی وەرزیی تایبەت بە بزنس کە بارەگاکەی لە شانشینی یەکگرتووە و هەڵدەسێت بە میوانداریکردنی بەرنامەی خەڵاتەکانی ساڵانەی ئابووریی جیهانی کە لە رێگەیەوە ئەداکردنی نایابی کەرتە جیاوازەکانی ئابووریی لە جیهاندا رێزیان لێ دەنرێت.
بۆ ساڵی ۲٠۲۳، گۆڤاری فۆربیس میدڵ ئیست، فاروق موستەفا ڕەسوڵی وەک یەکێک لە کاریگەرترین سەرکردەی بواری چاودێری تەندروستی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵبژارد. فۆربێس (Forbes) ساڵانە (١٠٠) كەس دیاریدەكات كە لە كەرتی تەندروستیدا پێشەنگ بوون، ئەو (١٠٠) كەسە كاریگەرییان لە بواری خزمەتكردنی تەندروستیدا هەبووە، توانیویانە پێشكەوتنی گەورە پێشكەش بە بواری تەندروستی بكەن، بۆ ساڵی ٢٠٢٣ لە لیستەكەدا (فاروق مەلا مستەفا) سەرمایەداری كوردی تێدایە، وەك خاوەنی شاری پزیشكی فاروق كە توانیوێتی خزمەتگوزاری لە بواری چاودێری تەندروستیدا لە عێراق پێشكەش بكات. شاری پزیشكی فاروق (٧٠) هەزار مەتر چوارگۆشە دەگرێتەوە، (٢١٠) قەرەوێڵەی هەیە و زیاتر لە (١٩٠) پزیشك لە (٣٧) بەش و (١١) ژووری نەشتەرگەریدا كاردەكەن.
لەم بارەیەوە، بەهرۆز جەعفەر، دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان و سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دەڵێت؛ فارووقی مەلا موستەفا حاڵەتێکی شازە، وەک دیاردەیەکی جوان و ناوازەو کاراکتەری خاوەن بەهایە لەناو سەرمایەو جیهانی ئەمڕۆی سەرمایەدارییدا. لە ڕۆژگارێکدا سەرمایەداریی لە دونیادا، سەدان کۆت و بەندی خستۆتە ملی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، کە هەر بەدەستی مرۆڤ خۆی ئەم نا-یەکسانییە کۆمەڵایەتی و ئابورییە درووستکراون، بەڵام فارووقی مەلا مستەفا سەدان جار سەلماندوویەتی بەشێکە لە خەندە، لە ئاشتی و هاریکاریی ڕاستەقینە؛ ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەندێ خەسڵەتی بەرز و دیار کە لە فارووقی مەلا مستەفادا هەیە و جیای دەکاتەوە لە سەرمایەگوزارە هەڵتۆقیوەکانی دیکە.
بەبڕوای بەهرۆز جەعفەر، گەلی کورد هیچی کەمتر نییە لە گەلانی جیهان و ناوچەکە، نالی و حەمدی و مەحوی و گۆران بۆچی کەمتربن لە شاعیرانی قووڵی گەلانی ناوچەکە؟ شێرکۆ بێکەس و لەتیف هەڵمەت چییان کەمترە لە ئەدۆنیس؟ سەیرە دەوترێ کورد لە مێژوودا نییەو بەشێک نییە لە مێژوو، فارووقی مەلا موستەفا لە لیستی گەورەترین ملیاردێرەکانی ناوچەکەدا چی دەکات؟ فارووق دەیان هێندە لە ملیاردێرە سەر بەگۆبەنەکانی دونیا گەورەتر و بەرزترە. ملیاردێرمان بینی لە ڕووسیا میلیشیای هەبوو ڕووی نەتەوەو وڵاتەکەی خۆی لە هەستیارترین کاتدا ناشیرین کرد، لە باکوری ئەمریکا ملیاردێرەکان سەرچاوەی داهاتەکانیان بە زۆری زۆر ناشەرعی و لە ڕێگای مەترسیدارەوەیە، بەڵام فارووقی مەلا موستەفا پاشخانێکی گەورەی رۆشنبیریی و خزمەتگوزاریی جیای دەکاتەوە لە هەموو ئەوانە. کورد لە ڕێگەی ئەمانەوە ئامادەیی دەبێت لە مێژوودا.
بەخشین و هاوکارییەکانی فارووقی مەلا مستەفا هەزاران لاپەڕەی پێویستە بنوسرێتەوە
هاریکارییەکانی فارووق هۆڵدینگ بەتایبەتی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، لە خوێن بەخشینەوە بۆ یارمەتی نەخۆشخانەو نەخۆشانی شێرپەنجە، لە پارێزگاری ژینگەوە ( وەکو بەخشینی ١ ملیۆن دۆلار بۆ چاندنی ملیۆنێک دار لە چیای گۆیژە)ەوە دەست پێدەکات، بە دابین کردنی سووتەمەنی لە زستاندا بۆ هاوڵاتیان و هاریکاری و جەژنانە بۆ هەزاران کەمدەرامەت و کەم ئەندام کۆتایی پێ دێت.
بۆیە ئەستەمە، بتوانرێت، یارمەتییە دارایی و هاوکارییە مرۆییەکانی ئەم ملیار دێرەی کوردستان و عێراق بە بێ بوونی لیستێکی تەواو بژمێردرێت، ئەوە جگەلەوەی کۆمپانیاکانی فارووق زۆرترین ″باج″ دەدەنە حکومەت لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.
فارووقی مەلا مستەفا، لە ڕێگەی کۆمپانیای ئاسیا سێڵەوە، ساڵی (٢٠١٥) سەنتەرێکى پێشکەوتوو بۆ پەیوەندی و زانیارى بێبەرامبەر راگەیاند بە ژمارەى تەرخانکراوى (385) کە تایبەتە بە یارمەتى فریاگوزارى بۆ ئاوارە وپەنابەران. پاکێجەکە باربۆکردن بە بڕى ٢٥٠ هەزار دۆلارى ئەمریکی بۆ کڕینى پێداویستى بەپەلە و پێشکەشکردنى ١٠ هەزار سیمکارت بە ئاوارەکان کە خزمەتگوزارى ئاگادارکردنەوەى لەگەڵدا بوو.
لەکاتی شەڕی داعشدا (٢٠١٤ - ٢٠١٧)، کۆمپانیای ئاسیاسێڵ بە خۆڕایی خزمەتگوزارییەکانی بۆ پێشمەرگە دابین دەکات. لەمبارەیەوە فارووق دەڵێت ″پێشمەرگە گیان فیداکارەکانمان و ئەو هێزانەی خاکمان دەپارێزن لەئێستاوە دەتوانن بەخۆڕایی هێڵی ئاسیاسێڵ بەکاربێنن لەبەرەکانی جەنگدا.”
کاتێک کۆرۆنا وەک پەتایەکی کوشندە، ڕوودەکاتە جیهان و هەرێمی کودرستان، سەرمایەداری دیاری كوردستان، فاروق مەلا مستەفا هاوكاریی بۆ ٧ هەزار خێزانی قەزاو ناحیەكانی سلێمانیو ٣ سێ هەزار خێزانی ناو شاری سلێمانی دابین دەكات، بۆ ڕوبەڕوبونەوەی پەتای کۆرۆنا ٧٥٠ ملیۆن دینار بۆ عێراق و ٥٠٠ ھەزار دۆلاری بۆ ھەرێم تەرخان کرد.
لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، کاتێک بەهۆی لافاوەوە زیانێکی گەورە بەر شاری هەولێر و هاوڵاتیان کەوتن، فارووقی مەلا مستەفا (١) یەک ملیار دینار ( نزیکەی ٨٠٠٠٠٠ هەشت سەت هەزار دۆلار) ی بەخشییە زیانلێکەوتوانی لافاوەکە.
یەکێک لە دوایین کارەکانی ئەم ملیاردێرە، درووستکردنی ئەندەر پاسی "فاروق مەلا مستەفا" یە لەسەر شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود، کە تێچوەکەی ٧ ملیارو ٣٠١ ملیۆن و ١٦ هەزار دیناری عێراقییە و جەنجاڵییەکی زۆر لە کۆڵی خەڵکی شارەکە دەکاتەوە.