- بەهرۆز جەعفەر
دوای ئەوەی ساڵی (٢٠١٦) ئۆپیک پڵەس پێکهات، ئەوە یەکەمجار نییە، لە پێناو بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا، ئەم گرووپە بڕیار لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان یان ئاستی خستنەڕووی نەوت دەدەن بۆ بازاڕەکانی جیهان. ڕۆژی یەکشەممە (٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٣)، کۆبوونەوەی هاوپەیمانی ئۆپێک پڵەس لە ڤیەننا بەڕێوەچوو؛ بڕیاریاندا بۆ ساڵی ٢٠٢٤ رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ 40.46 ملیۆن بەرمیل کەمبکەنەوە، بڕیارە ئەندامانی ئۆپیک پلەس تێکڕا رۆژانە بڕی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزار بەرمیل بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکەنەوە. ئەمەش لەپێناو سەقامگیری بازاڕ و هاوسەنگی لەنێوان خواست و خستنەڕوو، هەروەها بەهۆی بەردەوامی دابەزینی نرخی نەوت. ئایا ئۆپیک پڵەس سەرکەوتوو دەبێت لە ڕێگیریکردن لە دابەزینی نرخی نەوت؟ ئەم بڕیارە بۆ عێراق چێ دەگەێینێت؟
چەند خاڵێکی پێشوەختەی سەلمێنراو هەیە بۆ زانینی پێشوەختە گرنگە:
یەکەم/ سەرەڕای ئەوەی پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان و هەوڵەکان بۆ بەرهەمهێنانی وزەی پاک گەیشتوونەتە ئەوپەڕی، بەڵام پێداویستی جیهان بۆ بەکارهێنانی نەوت و گازی سرووشتی تا دێت زیاد و زیادتر دەکات. بە دیاریکراوی لەساڵی (٢٠٠٠) دا ڕۆژانە جیهان بۆ پێداویستیەکانی خۆی (٧٥٫٨) حەفتاو پێنج ملیۆن و هەشت سەت هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا بەکاربردووە. لە کۆتا ڕۆژەکانی (٢٠١٩) ەدا (واتە پێش گەیشتنی کۆرۆنا) ڕۆژانە جیهان (٩٤) نەوەت و چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی بەکار بردووە. ئەمرۆکەی (٢٠٢٣) ش هەموو ڕۆژێک جیهان (١٠١.٨٩) سەت و یەک ملیۆن و هەشتاو نۆهەزار بەرمیل نەوت بەکاردەبات.
دووەم/ هایدرۆکاربۆن بەگشتی و نەوت بەتایبەت، زەمینەیەکی هاوبەش-Common Ground ن لە نێوان گەلانی جیهاندا. واتە سیاسەتی نەوت و گاز تەنها پەیوەندیی بە وڵاتی بەرهەمهێنەر یان خانەخۆێوە نییە، بەڵکو لەهەر حاڵەتێكدا، ئەوانی تر لە هەر گۆشەیەکی دونیاوە ماف بەخۆیان دەدەن دەستوەردان یان کۆمێنتیان هەبێت سەبارەت بە پرۆسە نەوتییەکانی هەر جێگەیەک.
سێهەم/ ئۆپیک وەک (١٣) ئەندامەکەی خۆی، پاشان (ئۆپیک پلەس) کە لە سیانزە وڵاتەکەو ١٠ وڵاتی بەرهەمهێنەری دیکە پێک دێت لەدەرەوەی ئۆپیک، یەکیانگرتوە بەو ئامانجەی خزمەت بە بەرزبوونەوەی داهاتی ناوخۆیی وڵاتەکانیان بکەن. ئەمانە بەهەموویان (٤١ بۆ ٤٤) ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێكدا بەرهەم دەهێنن. واتە؛ کاریگەری ئۆپیک پلەس بەسەر ئابووریی وزەی جیهانییەوە، وە بەسەر دیاریکردنی نرخی نەوتەوە بەڕادەی (٤١٪ بۆ ٤٤٪) ە. کەواتە ئۆپیک پڵەس بەتەنها تاکە فاکتەر نییە کە کاریگەریی دەخاتە سەر نزمی و بەرزی نرخی نەوت. واتە کە تۆ پێشنینی و خەمڵاندن دەکەیت بۆ ئەوەی نرخی نەوت بە چەند (دۆلار) دابنەیت لە بودجەدا بۆ ساڵی ئایندە، یان بۆ هەر پرسێکی دیکە، نابێت تەنها فاکتەری ئۆپیک بە گرنگ بزانیت.
چوارەم/ نرخی وزە، بەتایبەتی بازاڕی نەوت یەکێك لە تایبەتمەندییەکانی ئەوەیە بازاڕێکی سەقامگیر نییە؟
ئێـمە نۆ هۆکاری هەمیشەیی دەست نیشان دەکەین بۆ نزمبونەوەی نرخی نەوت، کە بێگومان هەر ئەو فاکتەرانەشن ئەبنە هۆی بەرزبونەوەی؛
یەکەم/ کەمبوونەوەی دەستەڵاتی ئۆپیک لە بازاڕی وزەی جیهانی دا بۆ نرخ دانان (التسعير). بە نزیکەیی (٤١٪)ی بەرهەم بریتیە لەو نەوتەی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک پڵەس هەیانە. (٦٠٪) ئەگەرێتەوە بۆ ئەوانەی تر بەرهەمهێنەرن و لە دەرەوەی ئۆپیکن یان سۆپەر پاوەرن، وەکو ویلایەتە یەکگرتوەکان و ڕووسیا.
دووەم/ بوونی زستانێکی مامناوەند لە بەشە باکورییەکەی گۆی زەوی، وائەکات خواست لەسەر نەوت کەمتر بێت.
سێهەم/ جیا لە بڕیارەکانی لە ناو ئۆپیک دا دەدرێن، بڕیاردانی عێراق یان سعودیە وەک وڵاتێکی سەرەکی ئۆپیک بۆ زیادکردنی بەرهەم (خستنەڕوو) ی نەوت. بۆ نمونە ساڵی ٢٠١٦ عێراق بڕیاریدا لە ٣.٣ ملیۆن و سێسەت هەزارەوە ئاستی بەرهەم بۆ ٤.٣ ملیۆنی ڕۆژانە بەرزبکاتەوە!. ئەگەرچی عێراق نەیتوانی و نەگەشتە ئەوەی بۆ-خۆی دەیویست. بەڵام کاریگەریی لەسەر نرخی نەوت هەبو.
چوارەم/ بوونی سات و سەوداگەرێکی زۆر کە وەک برۆکەر ( جامباز- دەڵاڵ) وان. ئەم خاڵە گرنگە و کەمیش باس دەکرێ! ئەمانە بڕێکی زۆر نەوت دەکڕن جاری وا هەیە بە کەشتییەوە (زیاتر لە هۆڵەندا دەکرێ یان لە فوجەیرەی ئیمارات) یان بەگشتی لە هەندێک لە بەندەرەکانن، یاخود لە بازاڕە داراییەکان و بەشێوەی ئۆنلاین، لەناکاو دەبینی نەوت کەم دەبێتەوە لە بازاڕدا، یان لە پڕ بڕێکی زۆر دەخەنەڕوو بۆ لێدان لە بەهای دراوی وڵاتێک کە خۆیان مەبەستیان بێت. یان بە دەستی دوو نەوتی ناوچەیەکی قەدەخەکراو یان سزادراو دەکڕن بۆ ساخکردنەوەی...ئیترئاوها.
پێنجەم/ دیاردە ناوچەییەکان، بۆ نموونە بۆکۆ هەرام لە نەیجیریا گرفت درووست دەکات، داعش لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یاخوود گەڕانەوەی وڵاتێكی وەکو ئێران بۆ بەرهەمێنانی نەوت، هەرکاتێک سزاکان لەسەر ئێران زیاد بکات کاریگەری لەسەر نرخی نەوت هەیە، بۆ نموونە ڕەنگە ئێران وابکات لە ئاوەکانی کەنداو یان لە حەوزەی قەزوینەوە نەوت درەنگتر بگاتە بازاڕەکانی جیهان بە هۆی خراپی دۆخی ئەمنیەوە. ئەمەش کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخ دەبێت. هەرکاتیش ئێران دەست بکاتەوە بە بەرهەمهێنان کاریگەری لەسەر دابەزینی نرخ هەیە.
شەشەم/ ترس لە (چین). چین گەورەترین وڵاتی بەکاربەری نەوتە، ئەمریکاش گەورەترین بەکاربەرە، بەڵام لەهەمان کاتدا ئەمریکا بۆ خۆی گەورەترین ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیشی هەیە. بە پێی (CEIC Data) چین لە ساڵی (٢٠١٠) دا ڕۆژانە (٩.٣٠٧) نۆ ملیۆن و سێ سەت و حەوت هەزار بەرمیلی بەکارهێناوە، بەڵام لە (٢٠٢٣) دا بەکارهێنان و پێداویستی ڕۆژانە بەرزبۆتەوە بۆ (١٥.٤٤٢) پانزە ملیۆن و چوارسەت و چل و دوو ملیۆن!
حەوتەم/ کارەساتە سروشتیەکان ( بومەلەرزەو تسونامیەکان، لافاو، سەرماو گەرما، نەخۆشی و پەتاو تاعون).
هەشتەم/ دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی نەوتی بەردین ( زەیتی سەخەری) گوایە! وەک جێگرەوەیەک بۆ نەوتی خاو لە چەندین وڵات وەکو ئەمریکاو کەنەداو ئازەرباینجان و ئەردەن و بەرازیل .و.. تادوایی. ئیشیان لەسەر کردوە زۆریش سەرکەوتو نەبوە. چونکە تا پلەی (٤٠٠) بەردەکە گەرم دەکەن و بۆ ژینگە خراپەو تێچوی زۆرەو... تادوایی.
نۆیەم/ هۆیەکی تری باس نەکراوی نا جێگیریی نرخی نەوت، خەزانەکانی نەوتە، بەتایبەتی لە ئەمریکاو یابان و چین گەورەترین ئەمبارەکان هەن، خەزن و ئەمباری دەکەن. گەورەترین گرفتی ئەم خەزانانە ( کە ئەمریکا لە ژێر زەوی و سەرزەویدا هەیەتی) ئەوەیە ناشەفافە. هەندێک سەرچاوە بە (١٤) چواردە ملیار بەرمیلی خەزنکراو دەیخەمڵێنن. وڵاتان بە شەفافی و دیاریکراوی باسی ڕێژەی خەزنکراویان ناکەن!. هەندێ جار جەمسەرەکان یان هێزە هەرێمیەکان ئەمە بۆ دەست و نینۆک کردنی یەکتری بەکاردێنن ئەگەر بیانەوێ گەڕ بە یەکتریدا بکەن، سەرەتا لە ڕێگەی گروپە چەکدارو میلیشیاکانەوە پشێوی لەناوچەیەکدا دروست ئەکەن، کە زانییان ئەمە تا ڕادەیەک ئامانجی پێکاوە، ئینجا لەگەڵییدا لە ناکاو بڕێکی نەویتی زۆر دەخەنە بازاڕەوە بۆئەوەی نرخ داتەپێت! وە یان ئەگەر ویستییان هەبێت زۆرتر خەزن دەکەن بۆ ئەوەی نرخ بەرز بێت. ئێستا کە ئۆپیک پڵەس بڕیاریداوە نەوت کەمتر بخاتە بازاڕەوە، نرخی نەوت و سووتەمەنی بەگشتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەرزتر دەبێتەوە. ئەمەش زیانە بۆ ئیدارەکەی بایدن، کاتێکیش ئەمریکا نەتوانێت میکانیزمێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی نرخی نەوت بدۆزێتەوە، ناچار دەبێت دەست بۆ نەوتە خەزنکراوەکانی ببات، ئیتر نەوت بەرزتر دەبێتەوە.
کۆتایی
کۆتاییەکەی ئەوەیە، ئەمریکا بەتایبەت و خۆرئاوا بەگشتی هێشتا نەیانتوانیوە ڕێگە لە بە گریژنە دەرچوونی نرخی نەوت و گاز بگرن، بۆ نموونە؛ هەر کە لە شووباتی ٢٠٢٢ شەڕەکەی ڕووسیاو ئۆکراینا دەستی پێکرد، یەکسەر خۆرئاوا (٩٣٠) دەماری ئابوریی و سیاسی و بانکیی و دیبلۆماسیی ڕووسیای بەئامانج گرت. بەڵام دوای ماوەیەک لە بەردەوامی جەنگەکە ڕووسیا دەستی کرد بەوەی وزەی خۆی بە ڕۆبڵی ڕووسی بفرۆشێت نەک دۆلار؛ ئێستا تورکیا بەشێک لە سەرچآوەی وزەی خۆی بە ڕۆبڵ لە ڕووسیا دەکڕێت. لە بەرانبەریشدا ئۆپیک پڵەس (کە ڕووسیا تیایدا لایەنێکی سەرەکییە) بە تەنها ناتوانێت کۆنترۆڵی نرخی وزە بکات؟ نەک هەر لە بەرئەوەی تەنها (٤١٪) ی نەوتی پێویست بۆ جیهان ئەوان بەرهەمی دەهێنن، لەبەرئەوەی نا-چوونییەکی هەیە لە نێوان بارودۆخی ئابووریی و هەڵکەوتەی وڵاتانی ئەندام لە ئۆپیک پڵەس، بۆنموونە دۆخی عێراق لە هیی ڕووسیا و ئەنگۆلا یان ئەردەن و ئازەربایجان و سعوودییە ناچێت کە ئەندامن لە ڕێکخراوەکە. عێراق هێشتا بوودجەکەی ڕووناکی نەبینیوە کەچی ئەو بودجەیە سەروو (٢) دوو ملیار دۆلار زیانی بەرکەوتووە بەهۆی ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و کەرکوکەوە، کە دەبوو بە پێی پلانی ناو بوودجەکە ڕۆژانە (٥٠٠) هەزار بەرمیل هەناردە بکات. جگەلەوەی هەر لەسەرەتاوە ئەم بووجەیە (٢٥٪) کوورتهێنانی تیایە (ئەم ژمارەیە چاوەڕوانکراوە کە ڕووبدات لە بوودجەکە یان کە متر یان زیاتر). جگەلەوەی ئێران داوای (١١) ملیار دۆلار قەرزی گاز دەکاتەوە کە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا هەناردەی عێراقی کردوە. بەگشتی، پێویستە لەم سێ ساڵەدا بە بەردەوامی نرخی نەوت (١٠٢) دۆلار بێت، ئینجا عێراق دەتوانێت خۆی لە بەڵا ئابوریی و ناسەقامگیرییە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکەی بپارێزێت.
بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS