• English
  • العربية

لێکەوتە ناوچەییەکانی ئاشتبوونەوەی سعودیەو ئێران: بۆ کورد چی تێدایە؟

ئایا ویلایەتە یەکگرتوەکان لە پەراوێزدا ماوەتەوە؟
دوباره‌ بیركردنه‌وه‌ له‌ ئاسایشى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوین

3/12/2023 1:35:00 AM

  •    - بەهرۆز جەعفەر

    کلیک لێرە بکە  بۆ دابەزاندنی لێکۆڵینەوەکە بە شێوەی PDF

  پوختەی جێبەجێکار

ئێران و سعودییە دوو یەکەی هەرێمایەتی گەورەن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؛ ناکۆکیی و ململانێکانیان مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی و جیهانی درووست دەکات. ڕۆژی هەینی ١٠- ٠٣- ٢٠٢٣ سعودیە و ئێران رێککەوتن کە پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە و نێردە دیپلۆماسیەکانیان لە وڵاتی یەکدی بکەنەوە. ئەم رێککەوتنە دوای ساڵانێکی زۆر لە دوژمنایەتی نێوانیان بە نێوەندگیریی چین دروستبوو، چاوەڕێدەکرێت لێکەوتەی بەرفراوانی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەبێت. ئایا ئاسایبونەوەی پەیوەندییەکانی سعودییەو ئێران دەبێتە هۆی چارەسەربوونی گرفتە هەڵواسراوەکانی ناوچەکە؟ ئایا نزیک بونەوەی ئێران و سعودییە چی ئاماژەیەکی مێژوویی، سیاسیی و ئابوریی بیری کورد دەخاتەوە؟

یەکەم: ئاسایبونەوەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کاریگەرییان لەسەر ئاڵۆزیی ئاسایشی جیهانی

دەوڵەت، ئەکتەرە بە‌هێزەکەی ناو بابەتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئەوەی وا لە ئەکتەری {ئەلف} دەکات مامەڵەیەک یان جووڵەیەک بەرەو {ب} و {جیم} بکات پرسی بەرژەوەندیی و بەرزڕاگرتنی ئاسایشە. بۆ نموونە، ئەگەر هەر لە سەرەتاوە سعودییە وەک ئەکتەرێکی ناوچەیی کەوتە قەیرانی ئاسایشەوە، ئەوە مانای وایە کە هەر لەسەرەتاوە ئاسایشی جیهانی کێشەیەکی دیکەی بۆ زیادبوو.. بەواتایەکی تر، کردار و پاڵنەرەکانی ئەکتەرەکان لە بواری ئاسایشی نێودەوڵەتی دا بە شێوەیەکی زۆر لە ئاستی ناوچەییدان. ئەمەش بەو مانایەیە کە نیگەرانییە ئەمنییەکانی ئەکتەرێک بە پلەی یەکەم لەگەڵ دراوسێ و نزیکەکانی خۆیاندا دروست دەبن. ئاسایشی هەر ئەکتەرێک لە ناوچەیەکدا کارلێک لەگەڵ ئاسایشی ئەکتەرەکانی تردا دەکات. هەر بەسادەیی؛ سەقامگیرکردنەوەی جەمسەرە گەورەکانی جیهان پێویستی بە تەلارسازیی و بیناکردنەوەی ئاسایشی ناوچەیی هەیە؛ ئەمە یەکێکە لە تیۆرییە بەرجەستەکان  کە باری بوزان - Barry Buzan و ئۆلێ وایڤەر- Ole Waever لە چوارچێوەی "قوتابخانەی کۆبنهاگن-Copenhagen School of security studies " خستییانە ڕوو. تیۆرییەکە وابەستەیی ئەمنیی بەیەکەوە وەک فاکتەری گرینگ لە دروستکردنی تەونێکی بنەمادار بە لایەنی ناوچەیی دەبینێت. 

لەسەر ئەم بنەمایەش، دەستەبژێری ئێرانیی وای دەبینن، کە ڕێککەوتنەکە خزمەتێکی بەرچاو بە ئابوریی ئێران دەکات؛ لەسەروو هەموویانەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی بەهای دراو "تومەن" کە لەوپەڕی داڕماندایە. لە ڕووی سیاسیشەوە، ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ ئێران کە بەهۆی پاڵپشتییەکانی بۆ ڕووسیا لە میانەی جەنگی ئۆکرایناوە، کەوتبووە بەر پەرواوێزخستن و سزادانی نێودەوڵەتی، لێرەوە دەکرێت ئێران باشتربوونی پەیوەندییە ناوچەییەکانی بکاتە ئامرازی کرانەوەی سیاسیی و دیبلۆماسیی بە ڕووی جیهاندا. عێراق ڕۆڵی کەم نەبوو لە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیەو ئێراندا. ئەو ڕۆڵەش لە (٢٠٢٠) ەوە مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی پێشووتر و فواد حوسەین وەزیری دەرەوەی پێشووتر و ئێستا بینیوویانە: چەندین جار سعودیی و ئێرانییەکان لە ماڵەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق "فواد حوسێن" کۆبونەتەوەو، وەزیری دەرەوەی عێراقیش سەردانی هەریەکە لە "ئیبراهیمی ڕەئیسی" و "شا سەلمان بن عەبدولعەزیز"ی لە ئێران و سعودییە بۆ هەمان مەبەست کردووە.

لە سێپەمبەری ٢٠٢٠ دا، بە سەرپەرشتی ویلایەتە یەکگرتوەکان "ڕێککەوتنی ئەبراهام-Abraham Accords" بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین دەستی پێکرد. لە نۆڤەمبەری ٢٠٢١ دا دوای زیاتر لە دە ساڵ لە گرژیی و ناکۆکییەکانیان تورکیاو ئیماراتیش پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە. بە دوایدا تورکیاو ئیسرائیلیش دوای دوانزە ساڵ وەستانی پەیوەندییە سیاسیی و دیبلۆماسییەکانیان پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.  دوای ساڵێک لە هەوڵ و نێوەندگیرییەکانی پەکین (لەگەڵ ڕۆڵ بینینی عێراق و عومان) هەریەکە لە ڕیاز و تارانیش گەیشتنە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی نێوانیان.

سعودییە، گەورەترین هەناردەکاری نەوتی جیهان، سەروو (11) ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرهەم دەهێنێت؛ لە ساڵی (٢٠٢٣) دا ڕۆژانە حەوت ملیۆن و ٤٤ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات. هەروەها ئێرانێک کە بەهۆی پرسی چەکی ئەتۆمییەکەی و دەستوەردانی لەناوچەکە جیهانی سەرقاڵ کردووە. لە دوای سەرکەوتنی شۆڕشی کۆماری ئیسلامیی ئێران (١٩٧٩) ئێران و سعودییە لە یەمەنەوە تا لوبنان و سوریاو عێراق لە ناکۆکییدان. سعودییە بەردەوام هەوڵی ئەوەی داوەو دەدات کە بەهۆی پێگەو پیرۆزیی مەککەو مەدینەوە وەک ڕابەری جیهانی ئیسلامی دەربکەوێت. ئێرانیش وەکو تاکە نمایندەکاری (١٥٠ – ٢٠٠) ملیۆن شیعە لە جیهاندا دەردەکەوێت؛ کە لە ئێران، عێراق،  ئەفگانستان، سوریا، لوبنان، یەمەن، بەحرەین و ڕۆژهەڵاتی سعودییەدا خۆی دەبینێتەوە. لای خوارەوە، تەنها کلیک لەسەر یەک ناوچەی دیاریکراو دەکەین:  

دووەم: خوزستان لە نێوان عەرەبستان و ئێران دا

خوزستان، یەکێکە لە (٣١) پارێزگاکەی ئێران کە مەڵبەندەکەی شاری ئەهوازە، دەکەوێتە باشوری خۆرئاوای ئێرانەوە، کە سنوری لەگەڵ عێراق هەیەو، بەدیار کەنداوی عەرەبییەوە شانی دا-داوە (ئێران دەڵێ کەنداوی فارس، عەرەب و زۆربەی ئاژانسە میدیاییە جیهانییەکان بە کەنداوی عەرەبی ناوزەندی دەکەن، ئوسامە بن لادن و قاعیدە پێیان دەووت کەنداوی ئیسلامی).

ئەگەر لە سنوری پارێزگاکەدا، تەنها ناوەندی شارستانی ئەهواز بە نموونە وەربگرین، ژمارەی دانیشتووانی شاری ئەھواز لە ساڵی ٢٠١٦  دا زۆرتر لە 1.000.000 یەک ملیۆن کەس بووە کە زوربەیان لە کورد، عەرەب و فارس پێک ھاتوون، بەمجۆرە کە کورد (٥٠٪) و عەرەب (٣٥٪) و فارس (١٥٪) ی پارێزگاکە پێک دێنن.

بە درێژایی مێژوویی ناوچەکە، ململانێ لە پێناو ناسنامە، شەڕی تایەفی و هەوڵ بۆ جیابونەوەی "خوزستان" لە ئێران لە ئارادا بووە. بەتایبەتی عەرەب، لە دوای دووەمین جەنگی جیهانی و لە سەردەمی جەنگی سارددا، وەهایان دەبینی بە بێ ساخکردنەوەو یەکلاکردنەوەی خوزستان بەلای خۆیاندا، شتێکی وەهایان نەکردووە کە جێگەی باس بێت. ئەم ناوچەیە قورگی کەنداوە، بۆڕی هەناسەدانی ئێرانە، ڕێڕەوە بۆ هەناردکردنی نەک نەوت بەڵکو بەشێوەیەکی گشتی سەرجەم کاڵا بازرگانییەکان بەرەو خواروو و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا. 

کاتێک ساڵی (١٩٥٥) هەریەکە لە؛ عێراق، تورکیا، ئێران، پاکستان بەسەرپەرشتی شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا "پەیمانی بەغدا" یان بۆ بەرگرتن و ڕێگرتن لە بڵاوبونەوەی بیری کۆمۆنیستی و هەژموونی یەکێتی سۆڤییەت واژۆکرد. بەهۆی کودەتای عەبدولکەریم قاسم لە ساڵی (١٩٥٨) و گۆڕینی سیستەمی فەرمانڕەوایی عێراق لە پاشایەتییەوە بۆ کۆماری، هەروەها بەهۆی تەشەنەسەندنی شیوعییەت و هەژموونی سۆڤیەت لە عێراقدا، عێراق کە ئەندامی دامەزرێنەری پەیمانی بەغدا بوو لە ٢٤ ی  ئازاری ١٩٥٩ لە پەیماننامەکە کشایەوە. ئەمەش ململانێکەی سەختتر کردەوە؛

ئێران، بۆ ئەوەی عێراق و نەتەوەی عەرەبی سەرقاڵ بکات بە کێشەی کورد و شۆڕشی کوردەوە و "خوزستان"یان لە بیربباتەوە، بەدرێژایی (١٤) ساڵ پاڵپشتی شۆڕشی ئەیلولی کرد. توانی تا ڕادەیەکی زۆر باش سەرکەوتوو بێت لە سەرقاڵکردنی حکومەتە یەکلەدوای یەکەکانی عێراق بە پرسی کوردەوە. ئەگەرچی دواجار شۆڕشی ئەیلول بۆ-خۆی بەڕێبەرایەتی مەلامستەفای بارزانی خاوەنی پەیامی نەتەوەیی و داخوازی ڕەوا بوو لەمەر دیاریکردنی چارەنووسی کوردستان. هەر بەهۆی پرسی کوردەوە سەددام حوسەین پەنای بردە بەر شای ئێران و ڕێککەوتننامەی جەزائیری لە ساڵی (١٩٧٤) دا واژۆکرد، کە تیایدا عێراق دەستی لە بەشێک لە سنوری ئاویی خۆی لە "شەتولعەرەب" هەڵگرت بۆ ئێران. دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلول لەو گەلەکۆمەکییە ناوچەییەدا خامۆش کرا. ئینجا سەددام حوسەین لە رێککەوتنەکە پاشگەزبۆیەوەو جەنگی عێراق- ئێران هەڵگیرسا (سەدام هەڵیگرساند) و (٨) ساڵی خایاند. بەم پێیە، هەر پرسی کوردیش بوو بووە هۆی ئەوەی جەنگی دووەمی کەنداو بەرپابێت. بەدرێژایی ئەو ماوەیە سعودییە دەیان ملیار دۆلاری لە پاڵپشتی کردنی عێراقدا خەرجکرد، بۆئەوەی ئێران سەر-نە-کەوێت. 

بە درێژایی سەردەمی جەنگی سارد، بەهۆی نا- ئامادەگیی کورد وەکو هێزێکی یەکگرتووی مۆدێرن، ئەکتەرە ناوچەییەکان بەردەوام دۆسییەی کوردیان بۆ دژایەتی یەکتر بەکارهێناوە. سادەترین نموونە، پرسی کردنەوەی "ڕادیۆ"یە وەک ئامرازێکی پەیوەندییە گشتییەکان لە سەردەمەکەدا. جەمسەرەکان لە دژی یەکتر ڕادیۆیان بۆ بەدەنگ و زمانی کوردی کردۆتەوە:

ساڵی (١٩٤١) ئینگلیزەكان بۆ دژایەتیكردنی ئەڵمانیای نازی بەشی كوردی ڕادیۆی یافایان كردەوەو ژمارەیەك كەسایەتی وەك گۆرانی شاعیرو ڕەفیق چالاك كاریان تیادا كردووە.
لەسەردەمی جەمال عەبدولناسر سەرۆكی پێشوتری میسردا، ئێزگەیەكی كوردیی لەساڵی (١٩٥٧) دا لەشاری قاهیرە كرایەوە. دواترو لەپایزی ١٩٥٨ دا لە کاردانەوەی ناسردا شای ئێران ڕادیۆی كوردی لەشاری كرماشان کردەوەو ڕادیۆی كوردی تاران داخرا. پاشان بە بڕیاری شۆرەوی لە مۆسکۆ ڕادیۆی کوردیی کراوەتەوە. کۆتا جار کورد خۆی، بەژمارەیەك ئامێری سەرەتاییەوە ڕادیۆی دەنگی كوردستان لەساڵی ١٩٦٣دا کردەوەو لەناوچەی باڵەكایەتی دەستی بەپەخشی خۆی كردووە!

ئیتر هەریەکە بۆ مەبەستێکی خۆی.. بۆ نموونە جەمال عەبدولناسر ویستویەتی ڕێبەرایەتی هێڵی نەتەوایەتی عەرەبیی بکات لە میسر و عێراق و سوریادا، بەوەش ئێران و دژایەتی ناسیۆنالیزمی تورکیی کردووە.. هۆمەر شێخ مووس لە کتێبی "پشکۆیەک لە خۆڵەمێش دا" دەگێڕێتەوە کە ناسر پێی وتون، جارێک باڵوێزی تورکیا بەشپرزەیی و بێ دیاریکردنی کاتی بینین چۆتە نووسینگەکەی، فەرمانی بە سکرتێرەکەی داوە کەی ئەو باڵوێزە هێور بویەوە با بێتە ژوورەوە! کە بینیویەتی، وتویەتی: میسر بە کردنەوەی ڕادیۆی کوردیی قاهیرە دەست لە کاروباری تورکیا وەردەدات.. لەوەڵامدا ناسر دەڵێ " ئێوە دەڵێن کورد لە تورکیا بوونی نییە، بچن ڕای بگەیەنن کە کورد لە تورکیا هەیە، منیش ڕادیۆکە دادەخەم."  مام هەژار لە کتێبی چێشتی مجێوردا دەڵێ " ناسر چەندە پاڵثشتی دەنواند بۆ کوردی عێراق، بەهەمان ئەندازە حەزی بە کوردی سوریا نەبوو". میسر لەو وڵاتانەیە کە ساڵی (٢٠١٧) دژایەتی ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کوردستان کرد، بەڵام ساڵی دواتر کە پەیوەندییەکانی سەر کۆماری میسر "عەبدولفەتاح سیسی" لەگەڵ سەرۆک کۆماری تورکیا "ڕەجەب تەیب ئەردۆگان" تێکچوو، بەردەوام بە لێدوانی جیاجیا پاڵپشتی پرسی کوردی دەکرد.

 

سێهەم: ڕێککەوتنەکە چی بۆ کورد تێدایە؟

لە پەیوەند بە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودییەو ئێراندا؛ یەکسەر هەریەکە لە میسر و عێراق و ئیمارات و عومان پێشوازیی و پشتگیریی خۆیان بۆ ئاشتبوونەوەکە ڕاگەیاند. عێراق لە نیسانی ٢٠٢١ ەوە  میوانداریی چەندین گەڕی دانوستاندنی لە نێوان سعودیە و ئێران کردووە. ئەی کورد؟

  سەلمێنراو ئەوەیە کە لە ١٩٥٨ ەوە تا ٢٠٢٣:  کورد خۆی ئامادەگیی نەبووەو سات و سەودا بە دۆسییەکەیەوە کراوە. هەروەها، کورد خۆی خاوەنی یەکدەنگ و یەک هێزی تۆکمە نەبووەو، کۆ-ڕایی و ڕوانگەی یەکگرتوویان نەبووە کە لە ناوەوە بونیادنان و لە دەرەوە بەدوای ددان پیاناندا بگەڕێن. ناوخۆی هەرێمی کوردستان زیاتر لەوەی دەبیندرێت پەرش و بڵاوە.. هێشتا لەناوچەی سولەیمانی و دەوروبەری دەستەڵاتی یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان سەرقاڵی سزادان و باڵباڵێنەو، دەنگە-دەنگی لاوەکیی- لۆکاڵییە، وەک ئەوەی ئەم دیاردانەی لە دەوروبەر ڕوودەدەن پەیوەندییەکیان بە ژیانی سیاسیی و ئاسایشیی کوردستانەوە نەبێت! چوار حیزبی ئیسلامی لە یەک هەرێم دا هەڵپەی دەستەڵات و کورسیی و مەلەزاتی دونیا دەکەن، دوو حیزبی دەستەڵاتدار بەهۆی نەمانی متمانەی نێوانیانەوە کێشەکان بۆ یەکتر بەجێدەهێڵن، چەندین حیزب و لیستی دیکەش دەردەکەون، کە هیچ کام لەوانە بێ دەستوەردانی دەرەکی نییە.

دیرۆکی یەکە هەرێمایەتییەکان جیاوازن. ئێران هەمیشە ئەجێندەی خۆی هەیە و لەگەڵ پرۆژەی تورکیدا ڕێ ناکات. بەدەر لەوە هەر کاتێک پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و تورکیا ئاسایی ببێتەوە ئەوا بە بێ سێ و دوو بە زیانی پرسی کورد لە سوریا دەشکێتەوە. هەروەک چۆن پێشوتر لە نەوەتەکاندا پەیوەندیی تورکیاو ئیسرائیل بەهێزبو دەستگیرکردنی ڕێبەری پەکەکە «عەبدوڵا ئۆجەلان» لێ کەوتەوە. وە بە هەمان شێوە ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ ئیمارات لە قۆناخی یەکەم دا نا، بەڵام لە قۆناخی دواتری پەیوەندییەکانیاندا "ئەگەر بەردەوام بێت" دژ بە پرسی کەرکوک و هەرێمی کوردستانی عێراق دەشکێتەوە. چونکە لەدوای ڕووداوەکانی  (١٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧) تورکیا بەهەڵەی خۆی کەرکوکی ڕادەستی ئێران کردوە.

"مەترسیی هەرە گەورەی ڕێککەوتنی تورکیا لەگەڵ ئیمارات یان ئیسرائیل بۆ سەر کورد ئەوەیە دەبێتە گەورەترین بەرهەڵستی بۆ ئەوەی کوردستانی باشورو ڕۆژئاوا نەگەنە سەر نەخشەی جیۆپۆلەتیکی ووزە لە دەریای سپی. هەروەها مەترسیی ئەمنی و ژینگەیی ئەخەنە سەر هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان، لە بازاڕی نەوت و گازی کوردستانیشدا قسەکەری یەکەم ئەوانن و ئەوان دەبن..بەهەمانشێوە ئێران و سعودییە تورکیاو ئیمارات نیین، هەرکاتێک بیانەوێ دەتوانن ڕۆڵیان هەبێت لە دوورخستنەوەی کورد لە پرسی وزەدا".

چوارەم: ئایا ویلایەتە یەکگرتوەکان لە پەراوێزدا ماوەتەوە؟

لەم ساڵانەی دوییدا، بە ڕووکەش تەماشا بکەیت.. لەرە-لەری گەورە لە پەیوەندییەکانی ئەمریکاو سعودییەدا ڕوویانداوە:

یەک: تیرۆرکردنی جەمال خاشقچی، ڕەخنەگرێکی دژی حکومەتی سعودی، نووسەر بۆ واشینگتن پۆست و بەڕێوبەری پێشوو و سەرنووسەری کەناڵی ئەل-عەرەب نیوز، لە ٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٨ لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ، تورکیا ڕوویدا و لەلایەن بریکارانی حکومەتی سعودیەوە ئەنجام درا. ئەوەش سعودییەی خستە بەردەم سەرزەنشتکردنی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا و ئیدارەی ترامپ.

دووەم: لە کاتێکدا خۆرئاوا بەهۆی جەنگی ئۆکراینەوە کەوتۆتە قەیرانی وزەوە. لە سەرەتای ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ دا، سعودیە بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕووسیا وەک بەشێک لە ئۆپێک پڵەس بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت بڕیاریدا. ئەوەش پەیوەندییەکانی نێوان ئەمریکا و سعودیەی تووشی گرژیی زیادتر کرد.  ئیدارەی بایدن بەڵێنی دا وەڵامی "میتۆدی" بداتەوە بەو شتەی کە وەک ڕەتکردنەوەیەکی ئاشکرا و هاوکاری لەگەڵ مۆسکۆ هەستی پێدەکات. لە کاتێکدا بانگەوازی دوولایەنە لە کۆنگرێسدا سەریهەڵدا بۆ ڕاگرتنی هاوکارییە ئەمنییەکان بۆ سعودیە. لای خۆیەوە ڕیاز جەخت لەوە دەکاتەوە کە تەنیا لە بەرژەوەندیی ئابوورییەوە مامەڵەی کردووە.

سیاسەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتوەکان، هەمیشە ڕوون و ڕاشکاو نییە؛ بۆیەش زۆربەی کات لە ڕێگەی نوێنەرەکانییەوە لە ناوچە جیا-جیاکاندا شەڕی ئەجێنداکانی خۆی دەکات. بۆ ویلایەتە یەکگرتوەکان پرسی ئاشتبوونەوەی سعودییەو ئێران لە دوو سیناریۆ بەدەر نییە:

سیناریۆی یەکەم: سیاسەتی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوتۆتە پەراوێزەوە. وڵاتانی کەنداو بەتایبەتی سعودییە، قەتەر و عێراقیش پەیتا پەیتا مامەڵەی گەورە لەگەڵ "چین" واژۆ دەکەن، هەژموونی ئابوریی و بوندەکانی چین بە خێرایی ناوچەکەی داپۆشیوە و برەو بە "هێڵی ئاوریشم" دەدات. چین (٤٠٪) ی نەوتی عێراق ڕۆژانە بۆ خۆی دەکرێت، خەریکی دروستکردنی (١٠٠٠) خوێندنگەیە لە عێراقدا.  نزیکەی (٥٥٪) کێڵگە نەوتییەکانی عێراق لە لایەن چینەوە کاریان تیادا دەکرێت، چینیەکان مۆڵەتی پەرەپێدانی "پاڵێوگەی فاو"یان لە بەسرە بە (٧) ملیار دۆلار لە ساڵی (٢٠٢١)دا وەرگرتووە. هەروەها قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان سعودیە و چین لە ماوەی (٢٠١٧-٢٠٢١) دا ( (٣٢٠) ملیار دۆلار بووە. لە کۆتایی (٢٠٢٢) شدا کۆمپانیاکانی سعودی و چینی (٣٤) ڕێککەوتنی وەبەرهێنانیان واژۆکرد، ئەوەش لە چوارچێوەی سەردانەکەی شی جینپینگ، سەرۆکی چین بۆ سعودیە، بە ئامادەبوونی وەزیری وەبەرهێنان، خالد ئەلفالح، و نوێنەری دەزگا حکومییەکانی پەیوەندیدار بەو کەرتانە کە تێیدا ڕێککەوتنەکان واژۆ کران. کۆتا نەخشی سیاسیی و دیبلۆماسیی چین نێوەندگیریی سعودییەو ئێران بوو کە لە (١٠ ی ئازاری ٢٠٢٣) دا سەری گرت و واژۆکرا. بەم پێیە هیچ ڕێگەیەکی دیکە نەماوە جیگە لەوەی بڵێین "بەخێر بێن بۆ جیهانی چینی".

سیناریۆی دووەم: بە پێچەوانەی یەکەمەوە، ئامانجە سەرەکییەکەی ئەمریکا ئەوەبوو کە ئێران لە چین و ڕووسیا دووربخاتەوە، ئەو کارەشی بە ڕێگەی سعودییەوە ئەنجام داوە.  ئەوە هەڵەیەکی زۆر زەقە، کە ئەو ڕاستییە لە بیر خۆمان ببەینەوە، کە لە کۆتاییدا ئەوە ئەمریکا و خۆرئاوایە بەگشتی سعودییە دەپارێزن، پاتریۆتی ئەمریکی مەککەو جەددەو ڕیاز دەپارێزێت. ئەگەر ئەمریکا نەبوایە ئێران و حووسییەکان هێزیان لە سعودییە بڕیبو، ڕۆژهەڵاتی سعودییە زۆرینەیان شیعە مەزهەبن، تاکە مەترسییەک کە "شا سەلمان" و بنەماڵەکە لێی تۆقیون شیعەو ئێرانییەکانن بە درێژایی دەیەکانی ڕابردوو. ئەوە ئەمریکایە سعودییەی فێری نەوت فرۆشتن کرد و بە جیهانی مۆدێرنی ئاشنا کردن، کۆمپانیای "ئارامکۆ" ساڵانە بەبەهای سەدان ملیار دۆلار نەوت بە هاریکاری خۆرئاوا دەفرۆشێت. "شازادە محەمەد بن سەلمان" ئەو ڕاستییە دەزانێت پشت کردنە ئەمریکا باجەکەی کەوتنێکی ئازار بەخشە. لێرەدا ئاگرەکە لە شوێنێک کراوەتەوەو ڕاستی مەسەلەکە لە جێگەیەکی ترە. لە دەرئەنجامدا، ئەوە ئیدارەی ئەمریکایە توانی لە ڕێگەی بریکارەکەی "سعودییە" ەوە چین ڕاکێشێت و وەها لێ بکات ئیتر چەند پارچە ئاسنێک بۆ دروستکردنی درۆن نەدات بە ئێران، لە بەرانبەر ئەوەدا سعودییە بە سەدان ملیار دۆلار مامەڵە لەگەڵ "چین" دەکات. بۆ ئیدارەی ئەمریکا گرنگە کە ئێران پابەند بێت بەم ڕێککەوتننامەی ئاشتییەوەو، ئەمریکییەکان پێشوازی لە ڕێککەوتنی نێوان ئێران و سعودییە دەکەن، کۆشکی سپی ڕایگەیاند کە  "پێویستە چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئێرانییەکان پابەندبوونەکانیان جێبەجێدەکەن یان نا". بە هیچ جۆرێک ئەمریکاو بەریتانیا ناوچەکە بۆ ڕووسیاو چین چۆڵ ناکەن، بەڵکو پێچەوانەکەی ئەنجام دەدەن.

دەرئەنجام

یەکەم: هێورکردنەوەی ململانێ و ناکۆکییە هەرێمایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەنگاوێکە بۆ ئاشتی و سەقامگیریی، بەڵام کاریگەرییەکەی لە ئاستی جیهانییدا زۆر کز و لاواز دەردەکەوێت؟ چوونکە لەولاترەوە، پرسی بڵاوبونەوەی چەکی ئەتۆمی لە جیهاندا بووەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر هەسارەی زەوی: چین، پاکستان، ئیسرائیل، ئێران، کۆریای باکور، هیند، ڕووسیا تا دەگاتە بەریتانیاو فەڕەنساو ئەمریکا پێکەوە چەکی ئەتۆمییان هەیەو، زۆربەشیان هەڕەشەی بەکارهێنانی دەکەن، بەتایبەت ڕووسیا لە پەیوەند بە جەنگی ئۆکراینەوە.

دووەم: سیستەمی تاک جەمسەری لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا لەنگەری شکاوە. ڕووداوە ناوچەیی و جیهانییەکان ئێجگار خێراو دراماتیکی ڕوودەدەن. ئەمەش وا دەکات ئەکتەرە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی تاکتیکیی تەماشای ڕێککەوتننامەو مامەڵە دیبلۆماسیی و بۆندە ئابورییەکان بکەن.

سێهەم: نزیکبونەوەی سعودییە لە چین و، پرسی ئاشتەوایی نێوان ئێران و سعودییە بە بێ ئاگاداری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا نییە. ئەمریکا پاڵپشتە تا ئەو جێگەیەی هەر ڕێککەوتننامەیەک لە ناوچەکەدا ببێتە هۆی دوورخستنەوەی ئێران لە ڕووسیاو چین.

چوارەم: لەگەڕی یەکەمی ئاسایبوونەوەی پەیوەندییەکاندا، هەرێمی کوردستان ڕۆڵێکی کاراو ئامادەکارانەی لە دونیادا بینی، بە تایبەت سەردانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم بۆ بەریتانیا لە  نیسانی ٢٠٢٢، هەروەها دوای ئاسایبونەوەی پەیوەندییەکانی تورکیاو ئیمارات لە کۆتایی (٢٠٢١) دا، بەدوایدا چەندین سەردانی ئاست کاریگەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان "نێچیرڤان بارزانی" و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "مەسرور بارزانی" بۆ شانشینی یەکگرتووی ئیمارات ئەنجام دراوە. جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان "قوباد تاڵەبانی" لە سەردانەکانیدا بۆ بەشداری لە لوتکە جیهانییەکانی وەکو (دێلفی) کە لە (٦ تاوەکو ٩ ی نیسانی ٢٠٢٢) لە یۆنان بەڕێوەچوو، پاشان پێشوازیی لە چەندین میوانی ئاست بەرزی وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان و یەکێتی ئەوروپا، هەموو ئەمانە کردوویەتیە ئەوەی تاڕادەیەک کورد خۆی لەسەر مێزەکە ئاگاداری دۆسییەکەی بێت. لە هەموو ئەمانەش سەرووتر وەزیری دەرەوەی عێراق "فواد حوسێن" کوردەو یەکێکە لە پێشەنگەکان کە ڕۆڵی لە ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی سعودییەو ئێراندا بینیوە. زیاتر لە (٤) جار سعودیی و ئێرانییەکان لە بەغدا لە ماڵەکەی ئەودا کۆبونەتەوە.

پێنجەم: لەهەر گۆڕانێکی ناوچەییدا، دەشێت کورد تووشی دەرفەتی گەورە ببێتەوە. لە ئێران بەهۆی بارودۆخی ناوخۆییەوە گۆڕانکاریی ڕووبدات، ئەوا لە عێراق نوخبەی شیعی ناتوانن بیر لە ناوەندگەرایی و دیکتاتۆرییەتی شیعیی بکەنەوە. لە تورکیا هەڵبژاردن ڕووبدات، هەر گۆڕانکارییەک بێتە ئاراوە خزمەت بە دۆسیەی کورد دەکات. پرسی ئاشتەوایی سعودییەو ئێران ئەگەر بچێتەسەر کاریگەریی دەخاتە سەر کەرتی وزەی هەرێمی کوردستان، چوونکە هەردوو وڵاتی ئێران و سعودییە کاریگەریی گەورەو مێژووییان لەسەر عێراق هەیە. هەرێمی کوردستان لە دوو مەلەفی هەستیاردا بەشدارە، یەکەمیان: پرسی وزە، دووەمیان، پرسی ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆر و توندوتیژیی ئەوەش لە ڕێگەی فراوانترکردنی ڕووبەری پێکەوەژیان لە ناوچەکەدا. بەمجۆرە پێویستە دەستەڵاتێکی تۆکمەو لەسەر پێ ژیرانە لەگەڵ ڕووداوەکانی ناوچەکەدا بێتە دەست و لە ئاستی ناوخۆشدا بیری قووڵتر لە بیناکردنی کۆمەڵایەتی و ئابوریی و سیاسیی بکات.

 

کلیک لێرە بکە pdf

 

  • بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، سەرۆکی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS
  •