• English
  • العربية

دەسەڵاتداریی ئاو

ئاسایشی ئاو: واتای ئاسایشی نەتەوەیی" لە دوای سەرهەڵدانی چەمکی نەتەوە - وڵات لە سەدەی حەڤدەدا هاتە ئاراوە
ئاسایشی ووزە

11/24/2022 9:59:00 PM

فەرەیدوون پەروازە 

 

پوختەی جێبەجێکار

پرسی ئاو، لە دونیای ئیمڕۆدا زۆرێک لە هاوکێشە و باڵانسە سیاسییەکانی تێکداوە و وادیارە ئەو قەیرانە کە نزیک بە 36 وڵاتی جیهانی بە چڕی گرتۆتەوە، لە داڕشتنی سیاسەتی نوێی جیهانیدا کاریگەری و شوێندانەری هەبێت. قەیرانی ئاو، سەرەتا لە گوندەکانەوە دەستی پێکرد و پاشان شارەکان، دواتر وڵاتان و ئیستاش جیهانی گرتۆتەوە. قەیرانی بێ ئاویی، شەڕ و دەمەقاڵەیەکی بێ دەنگ و شاراوەی لە نێوان وڵاتاندا درووستکردوە کە پێدەچێ لە داهاتوودا پێ بنێتە قۆناخی کردەییەوە و ڕاستەوخۆ بە ناوی "ئاو"وە شەڕی گەورەی وڵاتان دەست پێبکا. لە ئیستەدا " لە دە شوێنی جیهاندا بە هۆی سەرچاوە ئاوییەکانەوە مەترسی سەرهەڵدانی شەڕ لە ئارادایە کە زۆربەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستن"[1].
لەم بابەتەدا "لە پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی" یەوە، هەوڵ ئەدرێت، بە کورتی پرسی ئاو لەو سەردەمەدا بە هەموو ڕەهەندەکانییەوە لە ئاستی جیهانی و ناوچەییدا تاوتوێ بکرێت، هەروەها کاریگەری ئەو بابەتە لە سەر کوردستان و پرسی ئاو لە هەرێمی زاگرۆس بە تایبەتی لەو دواییانەدا کە قەیرانی ئاو سەریهەڵداوە، شرۆڤە بکەین.

زاراوە سەرەکییەکان: بەڕێوەبەریی ئاو، قەیرانی ئاو، ئاسایشی ئاو، هایدرۆپاوەر،  شەڕی ئاو، ئاوی کوردستان(هایدرۆکوردستان)

سەروتار: لە 2.5% ئاوی شیرین لە جیهاندا "کەمترلە 1% لە کونترۆڵ و چاوەدێری مرۆڤ دایە و ئەوی دیکە لە جەمسەرەکاندا وەکوو بەستەڵەک لە بەفرەچاڵە سروشتییەکاندا قەتیس بووە و هەروەها 20 تا 30% ئاوەکان بە هەڵم دەبن .لەو1%ش بەشی زۆری پێوەندی بە ئاوە ژێر زەوییەکانەوە هەیە و تەنیا نیو لە سەد ئاوەکان بسووڕ و سەرزەوینین"[2 ] .
   ئەبینین کە  1% ئاو بەوشێوەیەی کە سروشت دیاریکردوە هەتا پەنجا ساڵ لەوەبەر بە دەردەسەرییەکی کەمەوە به جۆرێک بەشی گوزەران و پێداویستییەکانی مرۆڤی سەرزەوی کردوە. دابەشبوونی ئاوەکان بە شێوەی سروشتی لە جیهاندا یەکسان و یەکدەست نیە و بە پێی هەلومەرجی جوغڕافیایی و جۆری کەشوهەواکان، لە هندێک ناوچەدا بارین و وەشتووار زۆرە و لە هەندێک شوێندا کەم و دەگمەنە. دوو هۆکاری زۆربوونی حەشیمەت و پیشەسازی بوونی وڵاتان، کاریگەری زۆری لە سەر بڕانەوە و مەسرەفی ئاو هەبووە و ئەگەر بەو ڕەوتەش  بچێتە پێشەوە "پێشبینی کراوە تا ساڵی 2050ی ز پێویستی و خواست بۆ مەسرەفی ئاو لە بەشی پیشەسازییدا 400% و لە بەشی ماڵاندا 130% زیاد بکات "[3].
لە ئیستاشدا، بە پێی لێکدانەوەکانی فائۆ 90%ی ئاوەکان بۆ بەشی وەرزێری و پیشەسازی و 10% بۆ بەشی ماڵانە. یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی  کەمبوونی ئاو، پێوەندی ڕاستەوخۆی بە بەڕێوەبەرییەوە هەیە کە لە هەموو بەشەکانی پیشەسازی و ماڵاندا بەدی ئەکرێت و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا کێشەی گەورەی ساز کردوە. "بەڕێوەبەریی ئاو، کێبەرکێی توندی بۆ دەسپێراگەیشتن و چاوەدێری ئاو، پێکهێناوە و وەک ژیئۆپۆلیتکی ئاو شرۆڤەی بۆ دەکرێت، سیاسەتی ئاو ڕۆڵی گرنگی لە سەر دوژمنایەتی و دۆستایەتی نێوان نەتەوەکان لە ناوخۆ و دەرەوەدا هەیە"[4]. قەیرانی ئاو دەتوانێت شەڕ و کێشە لە نێوان خەڵکی دوو گوند، دوو شار، دوو پاڕیزگا و تەنانەت دوو یا چەن وڵاتدا درووست بکات. وڵاتانی نادیموکراتیک لە ئیستادا، لە پرسی ئاو وەک چەکێکی گران لە دژی دەورووبەر کەڵک وەرئەگرن و ئەگەر قەیرانی ئاو و وشکەساڵی بەو خێراییە بچێتە پێشەوە، چەکی ئاو لە چەکی کۆکوژ بە بڕشتتر دەبێت.  بەڕێوەبەریی لاواز و ناتەندرووستی ئاو، بووە بە هۆی سیاسی و هەستیاربوونەوەی پرسی ئاو کە لەو ساڵانەی دواییدا بە سەدان کۆبوونەوە و گرێبەست و یاسای تایبەت بە ئاو لە ئاستی نێونەتەوەییدا درووست بووە.
بە کورتی، بە هۆکارگەلی وەک زۆربوونی حەشیمەت، زۆربوون و گەورەبوونی شارەکان، گەشەی پیشەسازی، گەرم بوونی گۆی زەوی، پیسبوونی خاک، ئاو و هەوا، بڕینی دارستانەکان، وشکاندنی ڕووبارەکان ، درووستکردنی بەنداوەکان و ،،،قەیرانی ئاو لە ناوچە وشکانی و کەم ئاوەکاندا بە چڕی سەریهەڵداوە و قەرەبووکردنەوەشی ئەستەم و نامومکینە. وەک ئەوەیکە قەیرانی بێ ئاوی و وشکەساڵی لە هەندێک لە ناوچەکاندا ڕوویداوە لە بەرامبەریشدا بەڕێوەبەری و چاوەدێری دەوڵەت و کۆمپانیا تایبەتمەندەکان لاواز و ناستانداردە. لە داهاتوودا قەیرانی ئاو، دەسەڵاتی سیاسی وڵاتانی لاواز و بێ بەرنامە دەخاتە بەر مەترسی ڕووخان و لێکهەڵوەشان  .
هایدرۆپۆلیتیک، وەک چەمکێکی نوێ لە بەستێنی جوغڕافیای سیاسی و ژیئۆپۆلیتیکدا سەریهەڵداوە و لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بەڕێوەبەرێتی و چاوەدێری پرسی ئاو دەکا.پرسی ئاو لە نێوان هندێک وڵاتانی هاوبەرژەوەنیدا دۆستایەتی و هاوپێوەندی درووستکردوە و هەروەها لە نێوان هەندێک وڵاتی دیکەدا کێشە و ئاڵۆزی سازکردوە. لە سەردەمی ئیستەدا " 263 حەوزەی ئاوی و ئاوخوانی(سفرەی آبی) هاوبەش هەیە کە سنووری دو یا چەندین وڵاتی بەزاندوە،دیجلە و فورات سنووری سێ وڵات ، ڕووباری نیل یازدە وڵات ،ڕووباری دانوب نۆزدە وڵات،ڕووباری کۆنگۆ سێزدە وڵات و ئامازوون نۆ وڵاتیان"[ 5]. تێپەڕاندوە. بەرنامە و پلانی ئاوی وڵاتان بە تایبەت وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە هۆی ئەوەیکە کینە و دوژمنایەتی مێژوویی،سیاسی،مەزهەبی و تەنانەت ئیتنیکی لە پشتە،تێکەڵ بە سیاسەت کراوە و بێجگە لە تینووکردنی دراوسییەکان، کێشەی ژینگەیی و سروشتی بۆ ناوچەکە درووستکردوە .گەڵاڵەی گاپ لە تورکیا لە ساڵی 1990 بە دواوە بەرەبەرە دیجلە و فۆراتی لە عێراق و سوریا وشک کرد و...تادوایی.

هەرچەندە ڕێکخراوی نەتەوەکان و چەندین ڕێکخراوی جیهانی تایبەت بە ئاو، سەبارەت بە بەڕێوەبەرێتی نا-بەرپرسانەی ئاو هۆشدارییان بە هەندێک وڵاتی کێشەساز داوە. بەڵام بە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوانە باڵی سەخت ئامێری و هێزی سەربازییان نیە، بڕیار و هوشدارییەکانیان جێبەجێ نابێت.

لە ئاستی ناوخۆیی وڵاتانی کەم ئاودا.  بەڕێوەبەریی و چاوەدێری ئاو  لە ئاستێکی نزم دایە: ئەگەرچی دروستکردنی بەنداوەکان، گواستنەوە و لادانی ئاوی بەنداو و ڕووبارەکان لە ناوچە زۆنگەکانەوە بۆ ناوچە وشک و بیابانییەکان، بۆ ماوەیەکی کورت کێشەی بێ ئاوی چارەسەر دەکات، بەڵام لە درێژ ماوەدا خەساری ژینگەیی قەرەبوو-نەکراو لە ناوچەی سەرچاوە ئاوییەکان دەداتەوە. بێجگە لەو بابەتە، بابەتێکی دیکەش هەیە کە پێوەندی بە نەبوونی بەڕێوەبەریی و چاودێریی مەسرەفی ئاو لە بەشی پیشەسازی، وەرزێری و تەنانەت ئاوی ماڵاندا هەیە. لە زۆرێک لە وڵاتاندا لە بەشی پیشەسازی و کشتوکاڵدا بەربەست و پاوانکاری هەیە و ئەو پیشە و کارگەیانەی وەک کارگەکانی ئاسن کوڵێن، بنکە ناوکییەکان، دەباغخانەکان، هەروەها لە بەشی کشتوکاڵدا برنجکاری، چاندنی سەوزەوات و باخداری بۆ ماوەیەکی کورت یا هەمیشەیی قەدەغە دەکرێت. درووستکردنی گەورە شار و زۆربوونی زێراب و پاشەرۆی کارگە پیشەیی و کشتوکاڵییەکان دیسانەوە لە پیسبوونی ژینگە و گەرمبوونی هەودا دەوری نەرێنی دەگێڕێت، کە پاڵاوتن و خاوێن کردنەوەی ئاوە پیس و خۆڵەمێشییەکان دیسانەوە تێچووی زۆری دەوێت.
کۆچکردنی بە لێشاوی خەڵک لە ناوچە کەمئاوەکانەوە بۆ ناوچە خۆش ئاو و هەواکان، قەیرانی بەرین و قەرەبوو-نە-کراوی لێکەوتۆتەوە. لە ڕابردودا هەم حەشیمەتی گۆی زەوی کەم بوو هەم بە هۆی زاڵبوونی ژیانی گوندنشینی بە سەر ژیانی شارییدا، حەشیمەت بە شێوەی یەکسان بە پێی کەشوهەواکان بە سەر هەموو ناوچەکاندا دابەش ببوون، بەڵام "لە ساڵی 1950 بەدواوە ڕێژەی حەشیمەت لە سێ ملیاردەوە گەیشت بە شەش و نیو ملیارد و پێشبینی دەکرێ تا ساڵی 2050 دە ملیارد تێپەڕێنێت و هەروەها دوو لە سێی ئەو حەشیمەتەش لە شارەکاندا بژین "[ 6]. بەشێوەیەکی گشتی، دوو دیاردە بەردەوام لە گەشە و هەڵکشاندان: یەکەم، زۆربوونی شارەکان و پیشەسازییە  و دووهەمیان مەسرەفی ئاوە. لێکدان و بەریەککەوتنی ئەو دو دیاردەییە بەو شێوازە ناتەندرووستە کە دەچێتە پێشەوە، بێگومان لە داهاتوودا پێکدادانی لێدەکەوێتەوە.

ئاسایشی ئاو: واتای ئاسایشی نەتەوەیی" لە دوای سەرهەڵدانی چەمکی نەتەوە - وڵات لە سەدەی حەڤدەدا هاتە ئاراوە "[7] و پاشان بەرەبەرە بە هۆی گەشەسەندنی چەمکە سیاسی،ئابووری،فەرهەنگی و هتدەکانەوە،،،، واتای ئاسایش و هێمنی بە پێی ئەو پێشکەوتنانە بەربڵاوتر بوویەوە ." گەشەی ئابووری و بازرگانی نێودەوڵەتی، گەشەی تیکنۆلۆژی پێوەندی و زانیارییەکان، پەیدابوونی چەکە نوێ و کۆکوژەکان بەگشتی بوونە هۆی بەربڵاوبوونەوەی چەمکی ئاسایش و دەرچوونی لە بازنەی بەرتەسکی سەربازی. ئەمەشیان لە ئاکامدا بوارەکانی دیکەی وەک ئابووری، فەرهەنگی، سیاسی تەنییەوە. ئاسایشی سەربازی ، ئاسایشی نەرمئامێری (سیاسی،کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی )، ئاسایشی ئابووری و ئاسایشی ژینگەیی کەوتنە بەرلێکەوتەو مەترسی " [8] .
هەر وەک لە سەرەوە باسکرا، پرسی ئاو دەچێتە خانەی ئاسایشی ژینگەییەوە و هەروەها ڕاستەوخۆ پێوەندی بە هەموو ڕەهەندەکانی ژیانەوە هەیە. ئاو سەرەکیترین مادە و توخمی حەیاتە و گەشەی هەموو ڕەهەندەکان پێوەندی بە سەقامگیری"ئاو"وە هەیە.
ئاسایشی ئاو بە کورتی لە چەند ئاستێکدا شرۆڤە دەکرێت:
*  دەست پێڕاگەیشتنی مرۆڤ بە ئاوی خاوێن، سەقامگیر و جێی متمانە
* دابینکردنی ئاو بۆ بەرهەمهێنان(کشتوکاڵ) و پیشەسازی
* جەختکردن لە سەر پاراستنی ژینگە
* ‌بەرگری لە پێشهاتە و کارەساتەکانی پێوەندیدار بە ئاو وە"[9]. دیاریکردنی چۆنییەتی کەڵک وەرگرتن لە ئاو ڕۆڵی گرنگی لە ئاسایشی ئاودا هەیە.ناوەندگەلی توێژینەوەی ئاو لە ئاستی نێوەنەتەوەییدا هندێک پێوەر و ڕێکارییان بۆ بڕانەوە و مەسرەفی ئاو لە ئاستی پیشەسازی،کشتوکاڵییەوە بگرە هەتا ئاستی ماڵان وەکوو سەرچەشنی مەسرەف دیاریکردوە. بانکی جیهانی تەنیا ناوەندێکە کە ئاسایشی ئاوی بە شێوازی دیاریکراو لە ساڵێکدا وەک سەرانەی ئاو بۆ هەر مرۆڤێک شرۆڤە کردوە. " 1 مەتر سێجا بۆ خواردنەوە ، 100میتر سێجا بۆ خاوێنکردنەوە و پاکژی، 1000مەتر سێجا بۆ کشتوکاڵ "[10]. کارگروپێک لە ڕێکخراوی نەتەوەکان شرۆڤەی ئاسایشی ئاوی کردوە و چۆنایەتی و چەندایەتی بڕانەوەی ئاوی بە شێوازێکی لەبار بۆ هاوڵاتیان دەستنیشان کردوە و لە بەرامبەریشدا باسی پاراستنی ژینگەی کردوە. زۆربەی پسپۆڕانی بواری ئاو پێیانوایە هەر کات ڕێژەی حەشیمەت زیاتر لە ڕادەی بڕانەوەی سەرچاوەی ئاوی شیرین بێت کەم ئاوی و کێشەکان سەرهەڵئەدەن. واتە بڕانەوە و خواست(عرضە= تقاضا ) وەکوو یەک بێت.
پێوەر و شرۆڤەی  "مالین فالکن مارک" پسپۆڕی سویدی لە بواری ئاودا بەوجۆرەیە، کە "وڵاتانێک کە سەرانەی ئاویان کەمتر لە 500 مەتر چوار گۆشەیە ، ڕووبەڕووی کەم ئاوی ڕەها و قەیرانی گەورەن. وڵاتانێک کە سەرانەی ئاو 1700مەتر چوارگۆشە یا زیاتر بێت دۆخیان باشە. پێوەری ناوەندی توێژینەوە و بەڕێوەبەری ئاو پێیوایە ئەگەر ئاستی هەڵگرتنەوە و کەڵک وەرگرتن لە ئاو، لە ئاست ڕێژەی ئاوی جێگرەوە زیاتر لە 50% بێت قەیرانی بەربڵاوی ئاو لە ئارادایە "[11]. درووستکردنی بەنداوەکان وەک ڕەهەندێکی بەڕێوەبەری ئاو، بەر لە هەموو باسێک ئاسایشی ئاوی تێکداوە. بەنداوەکان لە جیهاندا کە هەتا ئیستا ڕێژەیان نزیک بە پەنجا هەزارە، هۆکارێکی سەرەکی بوون بۆ ڕاگرتنی سووڕی ئاو لە هەناوی چەم و ڕووبارەکان و لەشی زەویدا. هەر چەن درووستکردنی بەنداو بە هۆی زۆربوونی حەشیمەت، گەشەی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی وزەی سەوز، هایدرۆ-ئیلکتریکەوە ،ناچارییە "بەڵام خەسارە ژینگەییەکانی قەرەبوونەکراوە و بێجگە لە فیڕۆچوونی ئاو بە هۆی بە هەڵم بوون و ڕۆچوون لە زەویدا، کەوتنە ژێر ئاوی زەوییەکان، لە ناوچوونی جۆرەکانی گژوگیا و زیندەوەران لە مەسیری ڕووبارەکاندا و،،،"[12 ] لە لایەن هندێک لە دەوڵەتانەوە وەکوو کارتی گوشار لە دژی دراوسییەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە. بەگشتی ئاسایشی ئاو لە جیهاندا و بە تایبەتی لە هندێک ناوچەدا گەیشتووە بە هێڵی سوور. لە هەندێک وڵاتدا سەرچاوە ئاوییەکان بوونەتە قوڵایی ستراتیژیک. هایدرۆ-پاوەر یان دەسەڵاتی ئاو بەرهەمی سیاسەتی ئاویی وڵاتانە. زۆرێک لە وڵاتان پابەندی یاساکانی تایبەت بە بەڕێوەبەری ئاو لە ئاستی نێودەوڵەتییدا نین و ڕەچاوی یاسا و کنوانسیۆنەکانی بەڕێوبەری ئاو ناکەن. وڵاتی میسر رووباری نیل بە هێڵی سووری ئاسایشی وڵاتەکەی دەزانێت. بەشێکی زۆر لە کێشەکانی ئیسرائیل لەگەڵ دراوسێکانی بە هۆی پرسی ئاوە.
عێراق و سوریاش، بە هۆی وشکردنی دیجلە و فورات ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بوونەتەوە، ئێران سەرچاوە ئاوییەکانی لە ناوخۆدا بەرەو ناوچە وشکانییەکانی ناوەند ڕاکێشاوە و بە هۆییەوە زاگرۆس وئەلبورز و ناوچە خۆش ئاووهەواکان ڕووبەرووی کێشەی کەمئاوی بوونەتەوە. لە ئاستی دەرەوەشدا ئێران ڕووبارەکانی بە سەر هەرێمی کوردستان و عێراقدا داخستووە. ئەفغانستانیش ڕووباری هیرمەندی بە ڕووی ئێراندا گرتۆتەوە.
تێکنۆلۆژی شیرین کردنی ئاو بە هۆی تێچووی زۆر و خەساری ژینگەییەوە ناتوانێت وەڵامدەری خواستەکانی خەڵک و پیشەسازی سەردەم بێت. لە باری بەڕێوەبەریی و سیاسەتی ئاو لە "ناوخۆ و دەرەوەدا هاوکاری و هاوپێوەندی لە نێوان ناوەندەکانی توێژینەوەی ئاو و ناوەندەکانی دیکەی"[13] وەک ڕێکخراوەکانی کشتوکاڵ،وزە و ئینرژی،ژینگە و هتد،،، نیە.
"لە ئێراندا، بەڕێوەبەرییەکی یەکدەستی سەرچاوە ئاوییەکان لە ئاراستەی حەوزەی ئاوەرۆکاندا بوونی نیە، بەو بۆنەوە چوارچێوەیەکی یاسایی گونجاو سەبارەت بەو بابەتە نەنووسراوە"[14 ]. لێرەدایە کە لە هەموو بوارەکاندا کێشە و ئاستەنگ درووست بووە و تەنانەت خەسارە ژینگەییەکان لە کونتڕۆڵ دەرچووە.
دیپلۆماسی ئاوی ئێران لە گەل وڵاتانی هاوبەرژەوەندی ئاودا لە دۆخێکی باشدا نیە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەو بوارەدا هەڵنەگیراوە . وشکبوونی دیجلە و فورات لە قۆناخی یەکەمدا سوریای و عێراقی تینوو کردوە و لە دوای ئەوان خۆڵبارین و تەپوتۆزکەشی دەچێت بە چاو و هەناوی نیوەی خەڵکی ئێران و دار بەڕووەکانی زاگرۆسدا.

سەرئەنجام
بە گشتی بەڕێوەبەرێتیی ئاو بە شێوازی مۆدێرن لە پەنجا ساڵی ڕابردودا خەسارەکانی زیاتر لە هەموو مێژوو بووە و ئەو تەوەرە  حاشای لێناکرێت. پیسبوونی هەوا و خاکیش بۆ خۆی کێشە سازە و هەر لە ئاسمانەوە بارشتەکانی بەفر و باران بە خەوشی(آلودە ) دەبارێ و بە هۆی ئالووەبوونی خاک لە حەوزە ئاوییەکاندا، دیسانەوە لە پشت بەنداوەکاندا بە لێڵاوی کۆ دەبنەوە. بۆ ئەوەی لە باسە گشتییەکان دابەزین و ئاکامی باسەکە ناوچەیی و خۆماڵی بکەینەوە ، سەرئەنجامی وتارەکە بە کورتی لە سەر هەرێمی زاگرۆسدا چڕ دەکەمەوە. ئاوی کوردستان بۆ خۆی خوێندنەوەی تایبەتی لەسەرە و هەر چەن پرسی ژینگە پرسێکی جیهانییە و دەبێ یەکدەست شرۆڤەی بۆ بکرێت بەڵام لێرەدا پێویستە  شرۆڤەێەکی جیاواز و تایبەت لە سەر ئاوی کوردستان بکرێ. هەڵکەوتی جوغڕافیایی کوردستان لە مەسیر و هێڵی ئاو و هەوای مەدیتەرانەیی دایە . بە هۆی کێوستانی بوونی کوردستانەوە وەشتووار لە ئاستێکی ( زیاتر1000mm ) لە باردایە و ئەو ناوچەیە بووە بە یەکێ لە سەرچاوە ئاوییەکانی کوردستان کە 45% ئاوی خواردنەوەی ئێران دابین ئەکات.
زاگرۆس بڕبڕەی پشتی کوردستانە و سیاسەتی ئاوی ئێران و ناوچەکە سەبارەت بە هەرێمی زاگرۆس ستاندارد و سەردەمیانە نیە هەر بۆیە ئەو ناوچەیە کە پێشتر سەرچاوەی ئاوی ناوچەکە ودابینکەری زەلکاوی خوزستان(هورالعظیم) بوو، بۆ خۆیشی ڕووبەڕووی گەورە ئاستەنگی کەم ئاوی بۆتەوە.بەڕێوەبەریی و گواستنەوەی ئاو لە هەرێمی زاگرۆسدا پرس و ڕاوێژی خەڵکی لە سەر نیە و لە بوارەکانی پاراستنی ئاودا هیچ ڕۆشنبیری و زانستێکی تایبەت ئاراستەی خەڵک ،دام و دەزگا و ئەسنافی پیشەسازی و وەرزێری نەکراوە.هەرێمی زاگرۆس بۆ خۆی لە بەشی پیشەسازیدا ئەوەندە گەشەی نەکردوە تاکوو بگوترێ زۆرێنەی ئاوەکانی لەو بەشەدا بەکار دەبرێ.لە لایەکی دیکەشەوە زانیاری و ئارشیوی ڕێکخراو و ngoکانی کوردستان بە هۆی نەبوونی ئامار،داتا و بەڵگەکانی بواری ئاو، بەرتەسک و لاوازە، تەنانەت ئۆرگانەکانی پێوەندیدار بە ئاو و ئاوەرۆی هەرێمی زاگرۆس،هیچ ئاگاداری ، کونتڕۆڵ و چاوەدێرییەکیان بە سەر بەنداوەکاندا نیە.
لە کوردستاندا پێویستە پێش لە درووستبوونی قەیرانی گەورە و قەرەبوونەکراو ناوەندگەلی توێژینەوەی تایبەت بە پرسی ئاو لە سەر دەستی پسپۆڕان و شارەزایانی ئاو و ژینگە پێک بێت و لەو کاناڵەوە وەک یەکەم هەنگاو زانیاری و میکانیزمی تایبەت بە هەموو لایەنەکان و جەماوەر بگات.ئاو وەک کارتێکی گرنگ لە داهاتوودا کۆڵەکەی سەرەکی سیاسەت دەبێ .پرسی ئاو لە داهاتوودا ئەوەندە ستراتیژیک دەبێتەوە کە پێدەچێ هەموو هاوکێشییە سیاسی و ئابوورییەکان لە سەر بنەمای ئاو چەق ببەستێ و ئاو دیاریکەری هەموو ڕەهەندەکانی ژیان بێت چ بە تووندوتیژی بێ یا ئاشتی.

 

 فەرەیدوون پەروازە / هاوەڵی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، دەرچوووی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی پەیام نووری سنە. چاودێری پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان، پەیوەست بە پرسی جیۆپۆلەتیک و مامەڵە دەرەکییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران. 

سەرچاوەکان
1_ کاویانی راد، دمراد.ساسان پور،دفرزانە.نصرتی،دحمیدرضا. واکاوی مفهوم امنیت آب از منظر جغرافیای سیاسی و ژئوپلتیک . فصلنامە ژئوپلتیک،سال پانزدهم،شمارە اول بهار 98
2_ رجب زادە، محمدعلی. مدیریت منابع آب کشور.طرح مدیران سبزاندیش،شمارە1 سال1387
3_ فروزان،اعظم . بحران آب در جهان . سایت تخصصی اقتصاد سبز ایران ، کد 76633. 1397
4_ ذکی،دکتر یاشار.بررسی و تحلیل مسائل متقابل سیاست و آب(هیدروپلتیک ) در قرن بیست و یکم. ترجمە،محمدرضا احتشامی .اولین همایش ملی آب،انسان،زمین.اصفهان شهریور1393
5_سەرچاوەی ژمارە سێ
6_ سەرچاوەی ژمارە یەک
7_ صالحی نیا،علی . بررسی نظری مفهوم امنیت ملی و ابعاد مختلف آن
8_سەرچاوەی ژمارە شەش
9_ سەرچاوەی ژمارە یەک
10_ سەرچاوەی ژمارە یەک
11_ سەرچاوەی ژمارە یەک
12_ منصوری ،برهان . ابراهیم پور ، محمد . برامکی یزدی،رحیمە. مزایا و معایب سدها از دیدگاە زیست محیطی
13_ کلانتری،کیومرس.مکنون رضا . کیانی داریوش. استقرار چارچوب حقوقی مدیریت یکپارچە منابع آب در حوضەهای آبریزان . فصلنامە مطالعات راهبردی سیاست گذاری عمومی.دورە 7.شمارە25.زمستان 97
14_سەرچاوەی ژمارە سیانزە