بێوار ڕەحمان - هەماهەنگیکار لە پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی
پوختەیەک
بە شەقامەکانی نەجەف و بەغداو بەسرەدا، ئەگەڕاین. چین و توێژە جیاوازەکان کەسێکی تێدا نەماوە هەست بە ئارامی دەروونی و سەقامگیریی سیاسی بکات لەم عێراقەدا. هەمویان "هەر هەمویان" لایانوایە پشتگوێ خستنی سەدر لە پرۆسەی سیاسیی عێراقدا کارێکی ئاسان نییە.
ئەم ڕاپۆرتە لە "پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS" لە پاڵ ڕیزکردنی زانیارییەکان و پۆلێن کردنیانەوە، هەوڵ ئەدات لە ئایندەی پرۆسەی سیاسیی عێراق تێ بگات لەبەر ڕۆشنایی مانۆڕە نوێیەکانی سەدرەوە.
یەکەم/ لە حەنانەوە بۆ مەدینە سەدر
ئێستا ئیتر بۆ هەموو لایەک ڕوون بۆتەوە، کە موقتەدا سەدر و ڕەوتەکەی وەک نوێنەری (٨٧٠) هەزار دەنگدەری عێراقی و (٧٣) کورسی پەرلەمانی بۆ ئەوە لە پەرلەمان و پروسەی سیاسی نەکشاونەتەوە تا لە سەر سینیەکی زێڕ دەستەڵات ڕادەستی نەیارەکانی بکات. بۆ ئەوەش نەبو گوایە کە سەدر "ئیعتیکاف" ئەکات و لەمەولا زیاتر خۆی بە خوێندنی حەوزەو وانەی ئاینیەوە سەرقاڵ ئەکات:
سەدر، پاش مانەوەی (٦) ڕۆژ لە عەرەبستانی سعودییە کە (٢٦) کەسی لەگەڵدا بووە، گەڕایەوە بۆ عێراق و فەریزەی حەجی بەجێ نە هێنا ! بۆچی سەدر بڕیاری دا کە لە مەراسیمی حەج بەشداری بکات بەڵام لە ناکاودا گەڕایەوە بۆ عێراق؟ بۆچی لە عێراقیش مەیدانی ململانێکانی خۆی لە حەنانەوە گواستۆتەوە بۆ مەدینە سەدری بەغدا ؟
لەگەڵ هاتنی یەکەمین ڕۆژەکانی ئەم تەمموزی ٢٠٢٢ ەدا. لە ڕێگەی هۆیەکانی گواستنەوەوە لە تەواوی شارەکانی عێراقەوە لایەنگرانی سەدر ئەگوێزنەوە بۆ بەغداو ناوچە سەدرییەکان.
بە گوێرەی زانیارییەکان، موقتەدا سەدر بۆ ئەم قۆناخە، کاروباری لیژنەکانی بەسەر (٦) کەسدا دابەشکردووە:
١/ حەیدەر جابری کە بەرپرسی تەواوی تەوەرە میدیاییەکانی ڕەوتی سەدر.
٢/ حاکم زاملی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی موقتەدا سەدر لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان و لایەنەکان.
٣/ حازم ئەعرەجی، سەرپەرشتی هەموو کاروباری مەزارگەکان بۆ سەدر ئەکات.
٤/ سەید موهەنەد موسەوی، بەڕێوەبەری وتاربێژیی کوفەیە، کە بە وتاربێژی کوفە ناسراوە.
٥/ سەید ئیبراهیم جابری، بەڕێوەبەری قوتابخانەی شەهید سەدرەینە کە زیاتر سەرپەرشتی مەزاری باوک و براو خێزانەکەی سەدر ئەکات.
٦/ شێخ محەمەد عبودی بەڕێوەبەری بەدواداچون و هەماهەنگی ڕەوتی سەدرە.
دووەم/ ئایا سەدر ئەتوانێت هەمان سیناریۆی ٢٠١٧ دووبارە بکاتەوە؟
لە لای زۆربەی ناوەندە عێراقییەکان، پیاوانی دەستگا ئەمنییەکان، ئامرازەکانی میدیا، هۆبەکانی پەرلەمان، تەنانەت لەناو کتێب فرۆشان و چایخانەکاندا، شۆفێرەکانی تەکسی و نەفەرهەڵگرەکان، باس هەر باسی ئەوەیە "سەدر چی ئەکات؟" سەدر بووەتە مەتەڵێک، کە زۆربەیان لایانوایە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سەدر لە سێ دەرئەنجام بەدەر نابێت:
یەک/ سەدر دەست بەرداری پێگەی جەماوەری خۆی ئەبێت.
دوو/ سەدرییەکان سوور ئەیانزانی نە ئەتوانن حکومەت لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان پێک بهێنن نە لە پەرلەمانیشدا ئۆپۆزسیۆنێکی گوێ لێگیراو ئەبن. بۆیە ئۆپۆزسیۆنی میللی و خۆپیشاندانی ملیۆنی لە شەقامدا ئەگەرێکی بەهێزە بۆ زاڵبون بەسەر نەیارەکانیدا. ئەمەش دەرئەنجامەکەی بێ خوێن ڕژان و بێسەروشوێن کردنی چالاکوانە دیارەکان و کوشتنی کەسانی نزیک لە سەدر نابێت.
سێ/ دوای خۆپیشاندان و ململانێ و بەریەککەوتنێکی توند لە شەقامدا، یان سەدر تێک ئەشکێت، یاخود زاڵ ئەبێت بەسەر نەیارەکانیدا.
بۆ بەرهەمهێنانی ئەم نوسینە، کەسە نزیکەکانی سەید موقتەدا ئەوەیان نەشاردەوە کە (١) یەک ملیۆن پۆستەریان بە دروشمەکانی (كلا...كلا للتطبیع)...(كلا...كلا للفاسدین) بە چاپ گەیاندووە. سەدرییەکان لە بەغدا قووڵایی هەژمونەکەیان لە "مەدینە سەدر" دایە، کە ژمارەی دانیشتوانەکەی (٥) ملیۆن کەسەو بەردەوام (١٩ بۆ ٢٠) کورسی پەرلەمانیی ڕەوتی سەدر لەوێوە دێت.
لە کۆتاییدا، هۆکاری سەرەکی گەڕانەوەی سەید موقتەدا سەدر لە سعودییەوە بۆ عێراق بە جێنەهێنانی ئەرکی حەج ئەوەیە کە "نوری مالیکی" و هاوبەشەکانی ئەیانویست بە پەلە حکومەت لە عێراق پێک بهێنن. سەدرییەکان لەوە دڵنیان ئەگەر ئەمجارە مالیکی حکومەت پێک بهێنێت ئەوا دۆخیان خراپ ئەبێت و یەکسەر بیر لە قاڵبدان و کۆنترۆڵکردنی سەدر ئەکەنەوە.
سێهەم/ سەدر و هێزە سەربازییەکانی
بەشێک لەچاودێران لایانوایە، کۆتایی هەموو جووڵەیەکی سەدر لە عێراقدا خزمەتکردنە بە ئێران. زۆری دیکەش وای ئەبینن موقتەدا سەدر شیعەیەکی موجتەهیدی عێراقییەو بۆ گەڕانەوەی سەروەری بۆ عێراق کار ئەکات. هەروەها نمایندەی خەڵکی هەژار و شەقام و چینە داخراوە- کۆمەڵایەتیەکەی عێراق ئەکات.
هەرچۆنێک بێت، سەرچاوەکان وا نیشان ئەدەن لەگەڵ جۆشدانە ئاینی و میدیایی و سیاسییەکەدا، سەید موقتەدا هێزی کەتائیبەکانی خۆی خستۆتە ئامادەباشییەوە؛
- لیوا ئەلمەوعود، کە لە (٨٠٠٠)هەشت هەزار چەکدار پێک دێت.
- سەرایا سەلام لە (١٨٠٠٠) هەژدە هەزار چەکدار پێک دێت.
- کەتائیبەکانی ئیمام عەلیش لە (١٢٠٠٠) دوانزە هەزار چەکدار.
کە تەواوی باڵە سەربازییەکەی ڕەوتی سەدر لە لایەن "ئەبو دوعا ئەلعیساوی" یەوە سەرپەرشتی ئەکرێت.
بۆیە، ئاگرێکی گەورە لە شەقام و کۆڵانەکانی عێراق هەڵ ئەگیرسێت،سەدر ئەمجارە کفنی سپی لەبەر ئەکات. وەکو تێبینیش ئەکرێت هەریەکە لە "عەممار حەکیم" و " حەیدەر عەبادی" لە بەرەی مالیکی و چوارچێوەی هەماهەنگی کشاونەتەوە.
چوارەم / پێکهاتەی شیعە لە عێراق: شیعە ماڵی نییە!
پێکهاتەی شیعە لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق (٢٠٠٣) ەوە بە (٥) باڵ و تەوەری جیادا تێپەڕیوە؛
- ماڵی حەکیم لە دوای پرۆسەی ئازادییەوە جێگەیەک بووە کە ئۆباڵی پێکهێنانی حکومەتیان لە ئەستۆگرتوە.
- سەدرییەکان هەمیشە شەقامیان لەگەڵ بووەو جوڵاندویانە.
- باڵی فەرمانڕەوایی کە زۆرترین حوکمیان کردبێت، سەرکردەکانی حیزبی دەعوە بوونە.
- باڵی جەنگاوەرەکانی حەشدی شەعبی وەکو؛ عامری و ئەبو فەدەک و قەیس خەزعەلی و فالح فەیاز بونە.
بۆیە زۆر قوورسە بیبینن کە "موقتەدا سەدر" دەستەڵات ڕادەستی "نوری مالکی" بکات. سەرەتای یەکەمین جووڵەی ئاگرینی سەدر لەو تویتەوە بو کە دژی سەرۆک کۆماری عێراق "بەرهەم ساڵەح" کردی، تیایدا لەعنەت لە بەرهەم ساڵەح ئەکات و خۆی بێ بەری ئەکات لە ئێستاو داهاتوی ئەو. دیاریشە کە، پۆستی سەرۆک کۆمار و سووربونی بەرهەم ساڵەح بۆ مانەوەی لەسەر کورسییەکەی هۆکارێکی سەرەکی ئەم چەقبەستویە سیاسی و نا-ئارامییەیە کە لە عێراقدا هاتۆتە ئاراوە.
گفتۆگۆ و دەرئەنجام
لەکاتی کابینەکەی "عادل عەبدولمەهدی" ساڵی (٢٠١٩) کاتێک شەقام خرۆشا، زیاتر لە (٨٠٠) خۆپیشاندەر کوژران و بە هەزاران کەسیش بریندار بون. لە کاتێکدا ئەو سەردەمە حکومەت لەو پەڕی هێز و تەکانی چاکسازیکردندا بو. سەردەمێک بو کە " حاجی قاسم سولەیمانی" لە گۆڕەپانەکەدا بو، بارودۆخی ناوچەیی وەکو ئێستا لە گۆڕانکاریی گەورەو دراماتیکی دا نەبون. مەهدی موهەندیس و قاسم سولەیمانی تەواوی سێکتەرەکانی حکومەتەکەی عێراقیان لە ڕێگەی " ئەبو جیهاد هاشمی" بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە بەڕێوە ئەبرد. هەر ئەوکاتە "موقتەدا سەدر" لە "قوم" بو لە خوێندنی پلەی "موجتەهید" دا بو بەرەو "مەرجەعیەت" قوتابی "واحێد خوراسانی" بو. تەنها لە ڕێگەی تویتەرەوە سەدر بە تویتێک کە نوسی "شلع قلع" کۆتایی بە حکومەت و کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی هێنا. لە کاتێکدا چ ڕەوتی سەدر و چ تویتەکەی سەدر ئەمجارە بەهێزترن.
لە دۆخێکی وەهادا، بێ ئەندازە گرنگە کورد بە یەک گوتار و یەک ڕیزەوە بۆ ڕووبەرووبونەوەی تەحەدداکانی ئایندە خۆیان ئامادە بکەن.
-------------------------------------------------------------------
بێوار ڕەحمان - هەماهەنگیکار لە پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی