- بەهرۆز جەعفەر
دوو مانگ تێ پەڕی بەسەر هەڵگیرساندنی جەنگی ئۆکراین و ڕووسیادا. زیاتر لە (٩٣٠) بەرژەوەندی و دەماری ئابوریی و دارایی و سیاسیی و دیبلۆماسیی رووسیا بە ئامانج گیران لە لایەن خۆرئاواوە. پتر لە (٨٠٠) ناوەندو دامەزراوەو کۆمپانیای ڕووسیا سزایان خرایە سەر. ڕووسیا خاوەنی سیستەمێکی دیموکراسی و ئابوریی پتەو نییە، بەڵام بەهەمان ئەندازە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش بە هەڵاوسانێکی ئابوریی وەهادا گوزەر ئەکات کە لە مێژووی خۆیدا وێنەی نەبووە. هەریەکە لە ئۆکراینا و بولگاریاو هەنگاریاو لیتوانیاو بیلاڕووسیاو سلۆڤینیاو چیک و پۆڵەندا بەشێوەیەکی مەترسیدار و ڕاستەوخۆ لە بەردەم لوولەی جەنگە سەربازیی و ئابورییەکەدان. دوای ئەوانیش ئەڵمانیاو ئیتاڵیاو یۆنان پێویستی هەرە گەورەیان بە گازی سروشتی ڕوسیایەو، بەو دەمو دەستە ناتوانن جوڵەیەکی وەڵامدەرەوە (کەمتر زیانیان پێ بگەیەنێت) بنوێنن.
پێشوتر، کرملین ڕایگەیاند بۆ ئەو ووڵاتانەی هاوڕێی ڕووسیا نین (زاراوەی Unfriendly یان بەکارهێنا) ئەبێت گازو نەوت بە ڕۆبڵ لە ڕووسیا بکڕن، لەبەرئەوەش بۆ یەکەمجار هەناردەکردنی گازیان بۆ پۆڵەنداو بولگاریا ڕاگرت. ئایا گازی سروشتی جەنگی دراوەکان بەرپا ئەکات؟ ئایا جەنگی دراوەکان گەیشتنە بە لێواری جەنگێکی ترسناکی جیهانی؟
یەکەم/ ڕۆبڵ و گازی سروشتی
وەک پێشووتر، گازپرۆمی ڕووسی زەنگی لێدابو، کە چوارشەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠٢٢ ناردنی گازی سروشتی بۆ پۆڵەنداو بولگاریا ڕائەگرێت، ڕای گرت. چونکە پابەند نەبون بە بریارەکەی «کرملین» ەوە کە پێویستە گازی سروشتی بە پارەی ڕوسی "ڕۆبڵ" بکڕن نەک بە دۆلار!
سەدام حوسێن ئەوەندی گوت " لەمەولا نەوت بە یۆرۆ ئەفرۆشین نەک دۆلار" لەگەڵ جاک شیراکی سەرۆکی فەڕەنساش لەسەر ئەوە ڕێککەوتبو، بۆیە
ڕاستەوخۆ ئەمریکا ڕژێمەکەی سەددامی ڕووخاند. کێی دیکەش وەها ڕووخا؟. قەزافی گوتی نەوت بەدراوی داگیرکەر، بە دۆلار نافرۆشین! ئەویشیان ڕووخاند.. ئێستا نە پۆتین سەددامەو نە ڕووسیاش لیبیا:
گازی سروشتی، تاکە کارتی بەهێزە بە دەست ڕووسیاوە. پوتین لە "ئاداری ٢٠٢٢" وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر سزاکانی خۆرئاواو جیهان بۆ سەر مۆسکۆ بڕیاریدا گازی سروشتی بە ڕۆبڵ بفرۆشێت بە ئەوروپا. ئەوە گازی ڕووسیایە ئەوروپا و ئۆکراینا گەرم ئەکاتەوە، زیاتر لە (٦٠٪) ی پێداویستی سوتەمەنی و گازی ئەڵمانیا لە ڕووسیاوە دێت. ئەم بڕیارەی پۆتین چەند ئامانجێک ئەپێکێت؛
- لەمەولا کە گاز بە ڕۆبڵ بفرۆشرێت، ئیتر خواست لەسەر ڕۆبڵ زۆر ئەبێت، ئەوەش ئەبێتە هۆی بەرزبونەوەی بەهای دراوی ڕووسی.
- بانکی ناوەندی ڕووسیا خواستی زۆر ئەکەوێتە سەر، ئەوەش بوژانەوەی بانکی ناوەندی و دوورخستنەوەی مەترسییە بانکییەکانە.
پێش ئەوەی جەنگی ئۆکراین دەست پێ بکات، مەترسیی ووڵاتانی جیهان ئەوە بو، کە ئیتر ئەم ڕەفتارەی ڕووسیا وا ئەکات سنورو سەروەری ووڵاتان نەمێنێت، دەیان ووڵاتی دیکەش چاو لە ڕووسیا بکەن و پەلاماری دراوسێکانیان بدەن « هێشتا ئەو مەترسییە بەکراوەیی ماوەتەوە»، بەڵام ئێستا مەترسییەکی گەورەتر ئەوەیە ووڵاتانی دیکەش بڵێن؛ بە دۆلار و یۆرۆ مامەڵە ناکەین!. ئیتر ئێران و چین و هیندو یابان و هەندێ لە وڵاتانی کەنداوی عەرەبیش چاو لە بڕیارەکەی پۆتین بکەن و، هەریەکە داوا بکەن کە نەوت و گاز و کاڵاو شمەکەکانی تر بە دراوی وڵاتەکەی خۆیان مامەڵە پێوە بکەن!
دووەم/ جەنگی دراو : کێبڕکێی کۆنترۆڵکردنی ئابوریی جیهانی
کەم جەنگ لە مێژوودا هەیە کە ئابوری هۆکارە سەرەکییەکەی نەبوبێت. ئێستا هەر بۆ نمونە؛ پۆڵەندا، ڕووبەرێکی گەورەی جوگرافی هەیە لە ئەوروپادا، گرێبەستی هەیە کە ساڵانە ( ١٠.٢) دە ملیارو دووسەت ملیۆن م٣ گاز لەڕووسیاوە هاوردە ئەکات، ئەوەش نزیکەی (٥٠٪) ی پێداویستی ناوخۆیی ووڵاتەکەی پێک ئەهێنێت. بولگاریاش کە بڕیاربو کۆتایی (٢٠٢٢) گرێبەستەکەی لەگەڵ گازپرۆمی ڕووسی کۆتایی بێت ساڵانە (٣)ملیار م٣ گازی سروشتی لە ڕووسیاوە هاوردە ئەکات، کە نزیکەی (٩٠٪) پێداویستی ووڵاتەکەیەتی، ڕووسیا ئەم هەناردەکردنەی بۆ ئەو دوو وڵاتەو ئەوانی دیش ڕائەگرێت، گازی سروشتی (١٢٪) بەهاکەی بەرزبۆتەوە لە (٢٤) کاتژمێردا! هەروەها بەهای ڕۆبڵی ڕووسی گەڕاوەتەوە بۆ ئەو بەهایەی کە پێش جەنگی ئۆکراین هەیبو..
نەوت و گاز لە دونیای لیبراڵ و خۆرئاودا؛ واتە دۆلار ($)، دۆلاریش واتە ئەمریکا، ئەمریکاش واتە ئەو کاراکتەرەی کە دەستەڵاتێکی گەورەی نەک لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی ئەم گۆی زەوییە بەڵکو لە گەردوون و فەزاشدا هەیە. ئەیەوێت سەت ساڵی دیکەش هەر خۆی تاک جەمسەرو تاک ڕابەریی سیستەمی جیهانی بکات.
دۆلار و یۆرۆ و پاوەن، سێ دراوی سەقامگیرن (هەڵبەزو دابەزی زۆر ناکەن)، ئایا مەترسی بکەوێتە سەر دراوەکان جەنگیکی کاولکەر ڕوونادات؟ تۆزێک ڕۆشنتر لەمە، پێشوتر جەنگەکە جەنگی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیاو ئۆکراین بو، ئیتر لەمەولا (٢٨) ووڵاتی ئەوروپاو ئەمریکاو زیاتر لە (١٠) دەوڵەتی دیکەش یان ئەبێت سزاکان لەسەر ڕووسیا لابدەن، یاخود ئیتر لەمەولا ئەمە جەنگی ڕاستەوخۆی ئەوانە لەگەڵ ڕووسیادا.
ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا، لەگەڵ ئەوەی گەورەترین دەوڵەتی بەرهەمهێنەرە لە جیهاندا، هاوکات قەرزارەو قەبەترین قەرزی لە مێژووی خۆی و جیهانیشدا تۆمارکردوە، تەنها سێ هەفتە بەر لە دەست پێکردنی جەنگی ئۆکراین لە لایەن ڕووسیاوە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕایگەیاند، کە قەرزە نیشتیمانییەکانی سەر ئەمریکا گەیشتوەتە (٣٠)سی تریلیۆن دۆلار، ئەو بڕە زۆر زیاترە لە تێکڕای ئابوریی و ئاوت پوتی ساڵێکی تەواوی ئەمریکا. چاودێران لایانوایە ئێستا لە گۆی زەویدا ئەوەندە پارەی کاش نییە. لەم نێوەندەدا ئەمریکا قەرزاری زلهێزێکی وەکو «چین»ە، ئەگەر بێتو ئەمشەو چین داوا بکات ئەمریکا بە دراوێکی جیاوازتر لە دۆلار یان بە دراوی چینی قەرزەکانی بداتەوە، ئەوا هیچ گومانی تێدا نییە سبەی جەنگێکی گەرم جیهان دائەپۆشێت. ئیتر دوو فیل لە باخچەیەکدا زۆرانبازیی ئەکەن ، تیایدا ووڵاتانی بچوک و مامناوەند لە گۆڕەپانەکەدا وەک ئەو گیاو فریزە وان لەبەر پێی فیلەکاندا.
سێهەم/ هەرێمی کوردستان و جەنگی دراوەکان
گەڕان بە دوای "دەرفەت-Opportunity" دا سێ بنەمای سەرەکی هەیە: یەکەمیان، مەعریفەی پێشوەخت، دووەمیان، ئاگایی-Alertness، سێهەمیان تۆڕێک پەیوەندیی بەهێز. ئەمەش ئەرکی دروستکەرانی بڕیارو ناوەندەکانی توێژینەوەیە لە دونیای پێشکەوتودا کە بەردەوام کار لەسەر زیادکردنی دەرفەتەکان و دوورخستنەوەی مەترسییەکان بکەن لە ئاستی جۆراوجۆردا..
ناچینە ناو ئەو گێژاوەی هەرێم چەند یەدەگی نەوت و گازی هەیەو، چۆن هەناردەی ئەکات. لەهەموو حاڵەتێکدا کوردستان خاوەنی نەوت و گازی پروڤ کراوە. ئەوەی پێش چاوی هەرێمی کوردستان و ناوەندی بڕیار ڕۆشن ئەکات، ئەوەیە بە کەمترین زیانی ئابوریی و مرۆیی لەم جەنگە دەربچن، هەروەک ئەم دوومانگەی سەرەتای جەنگی ئۆکراین و ڕووسیا ئابوریی سعودیەو عێراق و قەتەری زۆر پێشخستوەو، هەریەکەیان مانگانە بە ملیارەها قازانج ئەکەن و، تەنها لە ژێر سمێڵەوە پێ ئەکەنن :
١/ بابەتەکە بە پلەی ئیمتیاز بەستراوە بەوەی ئیدارەی ئەمریکا چی بۆ هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپاو ناوچەکە ئەکات؟ لە (٣١ی ئاداری ٢٠٢٢) جۆ-بایدن ڕایگەیاند کە (١٨٠) ملیۆن بەرمیل نەوتیان ئامادەکردووە بۆ (٦) مانگی ئایندە، ئەگەر ڕووداوی لەناکاو هاتە ئاراوە بیخەنە بازاڕەوە! ئەمە ئەگەر لە کۆتاییەوە بیخوێنیتەوە ماناکەی ئەوەیە هەر لەم (٢٠٢٢)ەدا نرخی نەوتیش زۆر بەرز ئەبێتەوە. تەواوی وڵاتانی جیهان ڕۆژانە پێویستی بە سەروو (١٠٠) ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە، بۆیە (١٨٠)ملیۆن بەرمیل نەوت کۆمەکێکی گەورە نییە.
٢/ سێ کۆمپانیای گەورەی ڕووسیا لە عێراق و هەرێمی کوردستانن، ڕووس نەفت خاوەندارێتی (٦٠٪) ی هێڵی بۆڕی کوردستان ئەکات، لۆک ئۆیەڵ-Lukoil گرێبەستی لەگەڵ کۆمپانیای نەوتی بەسرە هەیە، لە کێڵگەی ڕۆژئاوای قوڕنە ڕۆژانە (٤٨٠)هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم ئەهێنێت و، بەپێی پلانەکەیان لە (٢٠٢٥) دا ئەو بڕە ئەگەیەنن بە (٨٠٠)هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. هەروەها گازپرۆم لە کێڵگەی سەرقەڵا لە گەرمیان ڕۆژانە (٣٠)هەزار بەرمیل نەوت و نزیکەی (٤٠)ملیۆن پێ سێجا گازیش بەرهەم ئەهێنن.
سەرمایەی کۆمپانیا ڕووسییەکان لە عێراق زیاترە لە (١٤) ملیار دۆلار، کە نزیکەی (٣) ملیار دۆلاریان لە هەرێمی کوردستان بەگەڕخستوە:
ڕووسیا، لەهەمووو ڕوویەکەوە لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، کەم نین ئەو پسپۆڕو چاودێرانەی بە بەردەوامی پێیانوایە هیلالی شیعی لە بنچینەدا هیلالی ڕووسی یە. کەم کەسی بەئاگا هەیە نەزانێت کە هاویشتنی (١٢) مووشەکی ئێرانی بۆ سەر هەولێر و شوێنی مانەوەی سەرۆکی جێبەجێکاری کارگروپ بە ئاگاداری ڕووسیا بوە. هەروەها لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردوەوە، پەکەکە قووڵاییەکی مێژوویی-فیکریی-مادیی لە ڕووسیا هەبوە، لە ئێستاشدا ئەوەندە دوور نیین و خاڵی هاوبەشیان ڕەنگە (بوو بێت) ببێتە هۆی کاری هاوبەش !
ههموو ئهمانهش، دهرگاى بژاردهى جۆراوجۆر لهبهردهم ههرێمى كوردستاندا ئهكاتهوه:
یهكهم: ههرێم خۆى نهكاته ئهولهویهت و ئهجێنداى هیچ كام لهو دووبهرهیهى جهنگ، چونكه لهسادهترین لێكدانهوهدا ئهمه له ڕۆژههڵاتى ناوهڕاست جهنگى به وهكالهت (Proxy War) ئهبێت.
دووهم: ههرێم لهناوهوه خۆى پتهو بكات له ڕووى ئابورییهوهو، دامهزراوهى بیریی قووڵ بخاته گهڕ، بۆ ئهوهى لهناوهوه بونیادنان و له دهرهوه دانپیانان مسۆگهر بكات. پێ-به پێ لهگهڵ ڕووداوهكان ئهڕوات ئهوسهرى تونێلهكه دهرئهكهوێت.
سێههم: ههرێمى كوردستان لهگهڵ بهغدادو حكومهتى مهركهزیی خۆى بكاته یهك پاكێج، بونێكى بههێزى له عێراق و هاوكێشه عێراقییهكاندا ههبێت. لهگهڵ ئهنجومهنى سیاسیی عێراقدا پێكهوه مامهڵه لهگهڵ ئهم مهترسییه جیهانییه بكهن.
چوارهم: ههرێمى كوردستان خۆى بكاته بهشێك له ئهجێندهى خۆرئاوا (واته حهوزهى دهریاى سپى ناوهڕاست- میدیتریانه-Mediterranean) كه تیایدا كوتلهیهكى گازیی سروشتى ههیه، ههریهكه له فهڕهنساو بهریتانیاو ئهمریكاو توركیاو ئیسرائیل و ئیمارات بهتوندى بهرگرى لهم حهوزهیه له ووزهو پرسى گۆڕانى جیۆپۆلهتیكیی ئهكهن.
-------------------------------------------------------------------
«بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە ئابوریی سیاسی هایدرۆکاربۆن، دامهزرێنهرو سهرۆكى پهیمانگهى میدیتریانه بۆ توێژینهوهى ههرێمایهتى-MIRS"