لە پەراوێزی گۆڕانکارییە دراماتیکییەکانی جیهان و دیاردە ناوچەییەکاندا، عێراق لەناو گێژاوێکی گەورەدا کۆنفڕانسێکی بەست. پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS، بەپێویستی زانی سەردانەکەی سەرۆک ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان و پێگەی هەرێمی کوردستان و ڕۆڵی کاراکتەرە سیاسییەکانی بخاتە بەردەم گفتوگۆی پسپۆڕانی ناوخۆیی و بیانی لە ئاستی جیاجیادا. لێرەدا پسپۆڕی بواری جیۆپۆڵەتیکی ووزە و ناکۆکییە جیهانییەکان“ سیرڵ ویدەرشۆڤن-Cyril Widdershoven” دکتۆرا لە زانکۆی شاهانەی لە ندەن لە دیراساتی جەنگی و هاوەڵی پەیمانگەی مێدیتریانە ، تێڕوانینەکانی ئەخاتەڕوو، ویدەرشۆڤن لە زۆربەت ووڵاتانی عەرەبی کاری ڕاوێژکاریی ئەنجام داوەو دیدگاکانی بەهەند وەرئەگیرێت. لینکی بابەتە پێشکەشکراوەکەی بە زمانی ئینگلیزیی بۆ (MIRS) لە خوارەوە دانراوە:
فەڕەنسا بەرەو خاڵیکردنەوەی ئەمریکا لە عێراق: پاڵپشتی ڕۆڵی سەرەکیانەی کورد لە ئاسایشی هەرێمایەتی دا
لەکاتێکدا جیهان تەماشای کارەساتی ئەفگانستان ئەکات، بەهۆی کشانەوەی ئەمریکاوە، کە هاوپەیمانەکەی خۆیان لە تاریکیدا بەجێهێشت. فەڕەنسا لەملاوە سەرقاڵی کارکردنە بۆ ئایندەی خۆی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. سەرۆکی فەڕەنسا “ ئیمانوێل ماکرۆن” لە سەردانەکەیدا بۆ بەشداریکردن لە کۆنفڕانسەکەی بەغداد کە چەند لایەنێکی دیکەی سەرەکی ناوچەیی وەکو سعودیەی عەرەبی و ئێران و ئەوانی تر تیایدا بون. ماکرۆن هەر لە میانەی کۆنفڕانسەکەوە هەستی بەوەکرد کە بۆشاییەک هەیە بەهۆی کشانەوەی ئەمریکاوە لە ناوچەکە.
دیرۆکی ئەفگانستان، ئامادەگی لە هەست و نەستی زۆرێک لە ئەمریکاییەکاندا هەیە، بەتایبەت ئەوانەی کە ئەزمونی جەنگی دووەمی “ڤێتنام”یان هەیە. ئەبینن ئەمەش پاڵ بە ناکۆکییە هەرێمایەتییەکانی ترەوە ئەنێت بەرەو پێش...
وەک چاوەڕوانکراوە، مانگەکانی دادێت ئەمریکا هێزی سەربازیی خۆی لە عێراق کەم ئەکاتەوە. یان هەر نەیهێڵێت و کۆتایی بەبونی سەربازیی خۆی بهێنێت. هەروەک بۆ ووڵاتانی دیکەش چاوەڕوانکراوە.
ڕاڕایی و دڵەڕاوکێکان لە بارەی ئاسایشی هەرێمایەتی و سەقامگیرییەوە پەرەی سەندووە. بەتایبەتیش لە سێبەری دەوڵەتێکی شکستخواردوی وەک عێراقدا یان پەیوەست نییە بەخۆیەوە یان پەیوەستە بە ئێرانەوە.
ئەگەرچی فەڕەنسا، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بێدەنگە، بەڵام هێشتا کە ڕووی سەربازییەوە بەهێزە. ئامادەگی خۆی نیشانداوە بۆ پڕکردنەوەی ئەوجێگا خاڵیانەی کە واشنتۆن لەناوچەکەدا بەردەوامە لە کشانەوەی سەربازیی تیایاندا. ووتەکانی ماکرۆن لە کۆنفڕانسەکەی بەغدا (٢٨ ی ئۆگەستی ٢٠٢١) بە ڕاشکاویی ئەوەبو کە ئامادەن بۆ هاتنە پێشەوەو پێشەکیەکەشی ئەدەن. بە ئاشکرا لە کۆنفڕانسە ڕۆژنامەنووسییەکەیدا ووتی “ هاوپەیمانەکانمان پشتگوێ ناخەین - Not Forget its Allies”. هەروەک پابەندی پاریسی بۆ تێکۆشانەکانی عێراق لە شەڕی دژە تیرۆردا دووپاتکردەوە، بەتایبەت داعش، ئەمەش لەپێناو عێراقێکی ئارام و بەهێزو سەربەخۆ.
لەهەمان کاتدا، ماکرۆن لە سەردانەکەیدا هەرێمی کوردستانی لە عێراقدا لە یاد نەکرد. تێگەیشتنی فەڕەنسای بۆ نەژادێکی بەهێزو هێزە سەربازییە کاراکانیان لە ووڵاتەکەدا نیشاندا. سەردانە مێژووییەکەی سەرۆکی فەڕەنسا بۆ هەولێرو موسڵ ئەوەی یەکلاکردەوە کە پاریس بەردەوام ئەبێت لە پاڵپشتی بەهێزی کورد لە عێراقدا.
خۆی بە فەرمی بنەمای سەردانەکە لەسەر ئەوە ڕێکخرابو، کە پاریس لەسەر پێیە بۆ ئەوەی پشتیوانی کەمینەکان بکات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەروەک بینیمان لە سوریا لە لوبنان و دواتریش لە عێراق. بەڵام ئیتر لەولاوە پەیوەندی دۆستانەی سەربازی دوورودرێژو بەهێزی نێوان هێزە کوردییەکان و هێزەکانی فەڕەنسا ناسراوەو، کۆبونەوەی ئاست بەرزی نێوان سەرۆک ماکرۆن و سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گرنگی خۆی هەیە. نێچیرڤان بارزانی وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نیشانی دا سەقامگیریی و سەلامەتی لە هەرێمەکەیاندا هەیە و لەناو عێراقیشدان. چونکە دواجار شەڕ تەنها لە نێوان گروپە ئیسلامییە توندڕەوەکاندا نییە، بەڵکو شەڕ و ململانێی توند لە نێوان گروپە ئاینی و تایەفییەکاندا هێشتا لە ئاستێکی باڵادایە. ئەم دیمەنە گرنگییەکی زۆری هەیە، کە ئەبینیت عێراق هێشتا بەردەوامە لە ڕووبەڕووبونەوەی شەڕو ئاژاوە، بەتایبەتی پیاوێکی هەڵگەڕاوەی سیاسیی -شیعی “ موقتەدا سەدر” هەیە، چەندین گروپی چەکداریی نزیک لە ئێرانیش هەن، ئەمریکاش چاوی لەوەیە بە تەواوەتی لە ڕووی سەربازییەوە بکشێتەوە. کەچی هەرێمێک یان پارچەیەک هەیە لە عێراقدا سەلامەتی و سەقامگیریی تیادایە.
لە دۆخی ئێستادا، زۆربەی عێراقییەکان پێیانوایە کە پێگەی سەربازیی ئەمریکا ڕووی لە لاوازییەو لەهەمان کاتیشدا ئێران بەردەوامە لە دەستوەردان و پشێوی. فەڕەنسا لێرەدا هەڵوێستێکی جێگیرو بەهێزی بۆ هەموان خستەڕوو. ڕۆڵی ویلایەیەیەکگرتوەکان و بەریتانیا بەهێزبووە لە عێراق، بەڵام پاریسیش هەمیشە ڕۆڵی سەرەکی خۆی هەبوە. لە سەردەمی سەددامی ساڵی (١٩٨٠) ەوە پاریس بە قورسی بەشداریکردوە تا ئێستا. لە حاڵەتی کشانەوەی ئەمریکاو خاڵی بونی جێگەکان سەرنجڕاکێشترین بژاردە پاریسە.
فاکتۆری کورد لە تەواوی دۆخی سیاسیی و سەربازیی لە عێراقدا مایەی پشتگوێ خستن نییە. بەنزیکەیی کورد خاوەن هەرێمێکی دیفاکتۆی سەربەخۆن، توانایان هەیە نەک هەر ڕێککارە ئەمنییەکان بگرنەبەر بەڵکو سەرپێخستنی ئابوریی بەهێزیش لە پێگەکەیان ئەوەشێتەوە. پەیوەندییە ئازارهێنەرەکانی جارانی نێوان بەغداو هەرێمی کوردستان تا ئاستێکی باش کۆتایی هاتوە، چونکە تێگەیشتوون هاوکاری یەکدی باشترە لە ڕووبەڕووبونەوەی یەکتر. هێشتا پەیوەندییەکانی نێوان هەولێرو بەغدا ئەو بەهێزە نییە، هەروەک ململانێی دارایی و ئەمنی هەر لەنێوانیاندا هەیە. ئایندەی ئەو بەشەی هەرێمی کوردستان لە عێراقدا هێشتا نادیارە. هەریەکەیان بەجۆرێک بانگەشەی موڵکیەتی گشتی و تەواوی خاوەندارێتی ئەکەن لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا. ئەم چەند مانگەی دادێت یەکلاکەرەوە ئەبێت بۆ ئەوەی هەموو پانتاییەکان ببینین بۆ ئایندە. بۆیە هەولێرو بەغدا تەماشای یەکدی ئەکەن و ئەڵێن پێویستە هاریکاریی نێوانمان بەهێزتر بکەین.
بە بێ هیچ گومانێک، ستراتیجی فەڕەنسا لەبارەی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە بەستراوە بەو پێشهات و پەرەسەندنە نوێیانەی لە عێراق و لەدەرەوەی عێراق ڕووئەدەن. پاریس، وە هەندێ دەوڵەتی دیکەی ئەوروپی تەماشا ئەکەن، ئەبینن کە حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای لەسەرپێ وەستانی سیاسیی و سەقامگیریی هەیە لە عێراقدا، هەروەک مەسەلە ناوخۆییەکانی ناو هەرێمی کوردستانیش ئەبینن. لێرەدا هەرێمی کوردستان ئەتوانێت و پێویستە خۆی وەک نمونەی بەهێزی ناو عێراق نیشان بدات بۆ مانەوە. هەر لە هەمان کاتدا، هەرێم ئەتوانێت وەها گوزارشت بکات کە ئەو فاکتەری هێزی سەقامگیریی و تەنانەت کەمکردنەوەی کاریگەرییە دەرەکییەکانیشە لە عێراق دا.
لەو نێوەندەدا، پرسی کورد دۆزێکی جوان و سەیرە!. تەماشای ڕێچکەی کوردیی لەو نێوان سعودیەو تورکیاو ئێرانە ئەکرێت وەک یەکەیەکی بەهێزو کاریگەر. بۆ هێزە دەرەکییەکانیش، بۆ نمونە فەڕەنسا، وا دەرئەکەوێت کە کورد کارتێکی بەهێزی نێوچەیییە کە دژی پەلهاویشتن و زێدەڕەوییەکانی تورکیا یان ئێران لەناوچەکەدا بەکاری بهێنن. هەندێک ئەم لێک نزیکبونەوەی ئێستای فەڕەنسا لەگەڵ هێزێکی یاریکەریی نێوچەیی تر بەگرنگ ئەزانن، ئیسرائیل، ئەمەش بۆ داخ کردنی پرسە گرنگەکانی ناوچەکە، وەکو ئەم دووانە هاوکاریی ستراتیجی هاوشێوەو پێشووتریان هەبوە، بۆ نمونە ئەوکاتەی هەرێمی کوردستان جێگیر کراو خرایە سەر ئەم سکە ئارامەی ئەمڕۆ (مەبەستی ساڵی ١٩٩١). چونکە کاتێک کە تۆ ئەمە ئەکەیت هێزی هەرێمی دیکە هەیە ئەیەوێت پشێوی دروست بکات. پاریس بەئاشکرا دانی بەمەدا نەناوە، بەڵام ماکرۆن پێی دڵگران نابێت لەبەر ئەوەی تۆزێک هەژموونی تورکیا (ئەردۆگان) لە باکوری عێراق خامۆش بکات. هەروەک پاریس لە توانایدایە فشار بخاتە سەرسێگۆشەی شیعی و هێڵە خێراکانی نێوان تاران و سوریاو حیزبوڵڵا. ستراتیجیەت و پێگەی گرنگی ئەم هەرێمی کوردستانە بۆ هەموو ڕێککارەکان ئەبێت و هەر چەندین سەدەیە بیر لەمە کراوەتەوە، تەنها ئەوەندەیە هێزێکی دەرەکی لەگەڵ یاریکەرێکی نوێی ناوچەیی کارەکان بکەن.
سەرنجی سەرەکی لەم ساڵەی دادێت، ئەوەیە پێویستە چوارچێوەیەکی هەرێمیی و ناوخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان ڕێک بخرێت کە نەک هەر قەدەخەی ململانێکان بکات کە لە ئایندەدا بۆ هەرێم و بەغدا دروست ئەبێت، بەڵکو ئەبێت هەرێمی کوردستان بکاتە بەشێکی کاریگەر لە بوژانەوەی ئابوریی و سیاسی لە عێراق دا. ئەمەی ئێستا ڕشتەیەکی سەرکەوتوە لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمەش بەڕوونی تێگەیشتن هەیە لەلایەن فەڕەنساوە. ئیتر ئەمە بژاردەیەکە ناکرێت و ناشێت بشاردرێتەوە، گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیریی کە هێزی گەمەکردن بدات بە ناوچەکە سوودەکەی بۆ هەمووانە، تەنها لەسەر نەخشە تەماشای ناوچەکەو وێنە جوگرافییەکان و پێگەکانیان بکەین دیارە، بە بێ کورد ئارامی نایات لە ئێستای عێراق دا. بۆ کورد ئەمە دەرفەتێکە، بۆ عێراقیش و بۆ ناوچەکە ئەمە پێویستییەکە. خۆ- ڕەنگە ئەمانە خۆیان هەنگاوێکی بەهێز لە نێوان خۆیاندا بنەن بۆ کۆکردنەوەی هەموویان بە پاڵپشتی فەڕەنسا. لەبەر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە (کارەساتاوییە) کانی ئەفگانستاندا، پاریس ئەبێتە شارێک بۆ ڕۆشنایی هەمووان. بەڵام ئەمجارە بۆ پاڵپشتی هێزە ناوچەییەکان و سەلامەتی سیستەمەکان. سیاسییە کوردەکانیش هەروەها ئەتوانن هەنگاو و هەوڵەکانیان یەکبخەن و بۆ سەر مێزی گفتوگۆ ئەمە چارەسەرییەکەیە، ئینجا کوردەکان بۆ خۆیان لەونێوانەدا سەیری خراپی پەیوەندییەکانی سعودیەو ئێران و ڕووبەڕووبونەوەکانیان بکەن، یان ئەوەی لە نێوان تورک و عەرەب دا هەیە.
----------------------------------------------------------------------
وەرگێڕآنی لە ئینگلیزییەوە: بەهرۆز جەعفەر
https://www.mirs.co/details.aspx?jimare=161