- بەهرۆز جەعفەر*
پوختەی جێبەجێکار
دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکاو عێراق بۆ پیاچونەوە بە پەیوەندییەکانی هەردوولا بەکراوەیی ماوەتەوە. لە ئاستی نێوخۆدا سووننەکان ئەیانەوێ ببنەوە ژمارەیەکی گەورەو بەهێز لە عێراقداو خەریکی خۆسازدانەوەن. رەوتی سەدر و چەندین قەوارەی دیکە بەشداریکردنیان لەهەلبژاردنەکان ڕەت کردەوە. لەئاستی هەرێمی دا ئاسایی بونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ووڵاتانی ناوچەکە درێژەی هەیەو، لەئاستی جیهانیشدا ئێران و ئەمریکا لە گفتوگۆکانی ڤیەننا گەیشتونەتە بنبەست. ئایا گۆڕانکارییە نێوخۆیی و نێوچەییەکان عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ ئەبەن؟.
یەکەم/ فاکتەرە دەرەکییەکان
١/ دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمریکاو عێراق
پەیوەندییەکانی ئەمریکاو عێراق دوو قۆناغی بڕیوە. قۆناغی یەکەمیان لە ساڵی (٢٠٠٣) و ڕووخاندنی ڕژێمەکەی سەددام حوسەینەوە دەستپێ ئەکات بۆ ساڵی (٢٠١١) کە کشانەوەی ڕێژەیی هێزەکانی ئەمریکایە لە عێراق.
قۆناغی دووەمی ئەم پەیوەندییە لە ساڵی (٢٠١٤) ەوە دەست پێ ئەکا کە بەهاوکاری و سەرپەرشتی هێزەکانی هاوپەیمانان بۆ شەڕی دژ بەداعش بو تا گەیشتە ناوەڕاستی (٢٠١٧). لەو ماوەیەدا زۆر گۆڕانکاریی لە عێراق دا هاتونەتە ئاراوە. کە ئێران تیایدا لایەنێکی سەرەکیە.
لە قۆناخی سێهەم دا، ئەمریکا و هەردوو ئیدارەی ترامپ و بایدن ئەو تێگەیشتنەیان هەیە، کە کەشێکی گونجاو مانادار بۆ بونی ئەوان لە عێراق نییە. سەرباری ئەوەش تەشەنەسەندنی پەتای کۆرۆنا لەسەرانسەری جیهاندا. ئەمریکا لە (٢٠ی ئازاری ٢٠٢٠) بڕیاری کشانەوەوچۆڵکردنی له هەریەکە لە بنکەی قائیم و بنکەی ڕۆژئاوای گەیارەو بنکەی ئاسمانی کەی وەن -K-1 دا. هەروەها چوار بنکەی سەربازیی تر کە لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی بەغدا جێگیرکرابون چۆڵکرا(١).
بۆ ئەم مەبەستەش هەریەکە لە بنکەی «عین الآسد» ی ئاسمانی لەسەر سنوری سوریاو بنکەی هەریر لە هەولێر و سەربازگەی « تاجی» بونەتە بەشێکی چڕ لە پلانی ڕێکخستنەوەی کاروباریی سەربازیی و ئەمنی ئەمریکا لە عێراق. ئایا ئەمریکا ئەمانەش چۆڵ ئەکات؟.
دواجار، عێراق مەیدانێکی سیاسی و ئایدۆلۆژیی و ئابوریی و ئەمنی گرنگە بۆ ئێران. ئەمریکاش ئەیەوێت بونێکی پێناسەکراو و دیاریکراوی خۆی هەبێت لە عێراق. کەواتە کێبڕکێکانی ئێران و ئەمریکا لە عێراق زیاتر ئەبێت. بۆیە عێراق و ئەمریکا دیالۆگێکی ستراتیجی لەگەڵ یەک دەست پێکرد. کە لە هەنگاوی یەکەمدا، ویستییان پێگەی سەربازیی و ئەمنی ئەمریکا بەهێزتر بکرێت لەلایەک، لەلایەکی تریش مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقیەکان ئەکەن تا ڕۆڵی حیزب و میلیشیاکان لاوازتر بکرێت!.
ئەمریکا پێی وایە ئێران و تورکیا دەستوەردان لەکاروباری عێراق ئەکەن، لەعێراقدا چەک بەدەست دەوڵەتەوە نیە بەڵکو بەدەست میلیشیاکانەوەن، یان بە دەست سەرۆک خێڵەکانەوەن. هەروەها مەترسی گەشەکردنی شانەکانی داعش یەکێکی ترە لە هۆکارەکان. لەلایەکی ترەوە بونی گەندەڵی مەترسیەکی گەورەیە لە عێراق بە گشتی. ئەمریکا ساڵانە (٢٤٠ بۆ ٢٩٠) ملیۆن دۆلار هاریکاریی هێزەکانی پێشمەرگە ئەکات(٢). نایەوێت گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان هەبێت و هێزەکانی پێشمەرگە بە پەرش و بڵاوی بەسەر حیزبەکاندا بمێننەوەو، پارەی نەوت و غاز بەردەست حیزبەکان بکەوێت و دەنگە دەنگیش دروست بکەن. چونکە سەقامگیریی هەرێمەکەتێک ئەچێت و ئەبێتە هۆی دەستوەردانی ئێران و تورکیاو سەرهەڵدانی گروپی یاخی و توندڕەوی و بڵاوبونەوەی هەژاریی لەناوچەکەدا.
ناڕەزایەتییەکی تەواوی ئەمریکی بەرانبەر شیعەو فەرمانڕەوایی ڕەهای شیعە لە عێراق هەیە، لەگەڵیدا چەند ملیاردێرێکی سووننی دەستیان داوەتە لۆبیکردن لە واشنتۆن و لەندەن و تەلئەبیب. جموجوڵی جۆراوجۆر ئەکەن لەسەر بنەمای دژایەتیکردنی ئێران وباسوخواسی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ عێراقیش دنە ئەدەن...
٢/ شامی نوێ کێ بە کێ و کوێ بە کوێ ئەگەیەنێت؟.
عێراق و میسر و ئوردون پرۆژە/ لوتکەی "شامی نوێ" چێ ئەکەن!. هیچ کام لەم سێ ووڵاتە دیموکراتی نیین. دیموکراتیش هەنگاوێکە پێش " یەکێتی- وحدة" ئەکەوێت. وەکو نوسەرو ئەنەلایزەری میسری "ئەحمەد حەسەن بەکر" ناوی ناوە لوتکەی وڵاتە قەیراناوییەکان "قمة دول مأزومة". میسر تووشی تووڕەبونێکی جەماوەریی بوە بەهۆی قەیرانی "بەنداوی نەهزە"ەوە، ڕێژەی بێکاری تیایدا بڵاوە. کێشەی چینایەتی کۆمەڵایەتی و سیاسیی هەیە، ڕۆژانەش (١٣٦) هەزار بەرمیل کورتهێنانی لە نەوتی خاودا هەیە. ئەردەن بەدەست کورتهێنان و گرانییەوە ئەناڵێنێت(٣). عێراقیش(١١٣) ملیار دۆلار قەرزارە(٤)، سەرۆکایەتییەکانی شەرعیەتی جەماوەرییان لەدەستداوەو، قەیرانی مرۆیی و سیاسیی وئەمنی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیادی هەیە.
لە ڕووی مێژوویی و سیاسییەوە، ئەم پرۆژەیە تازە نییەو، ئەگەرێتەوە بۆ دوای دووەمین جەنگی جیهانی و، هەمیشەش بە دوای خۆیدا ئافاتی گەورەی هێناوە. هەمیشەش بەریتانیاو ئەمریکاو ئیسرائیل لە پشت ئەم کارانەوە بوون. لە ساڵی (١٩٥٨) میسرو سوریا ئەمەیان کرد ئەنجامەکەی دۆڕانی نیشتیمانی عەرەبی بو. دواتر بەناوی هاشمیەتەوە ئەمە کرا کودەتای بەدوای خۆیدا هێنا. ویستیان نەوتی عێراق بنێرن بۆ ئەردەن شەڕی ئێران- عێراقی بەدواداهات. هەرکاتێک ئەم پرۆژانە لە عێراق باسکران ئەوە نیشانەی دەرکەوتنی ئافات یان خاڵێکی وەرچەرخانە، یاخود نیشانەی ماکیاج و هەڵدانە دەرەوەی گرفتە نێوخۆییەکانە بە باسوخواسی پرۆژەی دەرەکی.
ناوەڕۆکی پرۆژەکە زۆر سادەیە، عێراق نەوت و غازی خۆی ئەبەخشێت، ئوردون وەک ئەڵقەی گەیەنەری عێراقە بە میسر، میسریش سەرچاوەی مرۆیی و پیشەسازیی و بازرگانی خۆی تیا بەگەڕ ئەخات. لەبەرانبەردا ئەردەن کارەبا بۆ عێراق هەناردە ئەکات.!. سەرەتاکەی بریتیە لە ڕاکێشانی (١٧٠٠) کیلۆمەتر بۆڕی نەوت و گاز لە بەسرەوە دەست پێ ئەکات بۆ حەدیسە لە رۆژئاوای عێراق و لەوێشەوە بۆ مینایعەقەبە لە ئەردەن. بڕیاربو ئەم پرۆژەیە ساڵی (٢٠١٧) تەواو بێت. هەرئەمەش نەبو!. بڕیار بو نەوتی کەرکوک بە بۆڕی ببەنە ئەردەن، بەڵام شەڕی داعش ئەمانەی دواخست. لەهەموو جارەکانی مێژووشدا نەوتی عێراق بە نرخێکی زۆر هەرزانتر فرۆشراوە بە ئەردەن.
بەستنەوەی عێراق بە میسرەوە سودی بۆ عێراقییەکان نییە
ڕیشەی پرۆژەی "شامی نوێ" ئەگەڕێتەوە بۆ (ئازاری ٢٠١٤) کاتێک "بانکی جیهانی!" ئەمەی لە تاوتوێنامەیەکدا گەڵاڵە کرد، بەڵام بە نەخشیەکی فراوانتر کە دەوڵەتانی بیلادی شام ئەگرێتەوە لە سوریاو لوبنان و ئەردەن خاکی فەلەستین، هەروەها لەگەڵیدا عێراق و تورکیاومیسر. دواتر سەرۆکوەزیرانی پێشوتر " حەیدەر عەبادی" کاری لەسەر کرد، پاشان بەهۆی هاتنی شەڕو قەیرانی داعشەوە پرۆژەکە لەڕەگەوە دەرهێنرا. ئینجا لە (سێپتەمبەری ٢٠٢٠ ) سەرۆکوەزیران " موستەفا کازمی" سەردانی واشنتۆنی کردو مۆرێکی ئەمریکی لە پرۆژەکەدا. پاشان مانگی دواتر لوتکەیەکیان ڕاگەیاند و، لەگەڵ هەریەکە لە مەلیک عەبدوڵای دووەم پاشای ئەردەن و عەبدولفەتاح سیسی سەرۆکی میسر دانیشتنی یەکەمیان گرێدا(5).
دووەم/ ماڵی سووننی: بەهێزبونەوە لەبەردەم ڕێگا داخراوەکاندا!
سێ هاوپەیمانی سیاسیی سووننی لە عێراق دا هەن، دیارترینیان هاوپەیمانی "عەزم" ە بە ڕابەرایەتی سەرۆکی پرۆژەی عەرەبی " خەمیس خەنجەر" و بەشداریی چەند کەسایەتیەکی هاوسەنگ وەکو: سەلیم جبوری، خالید عوبەیدی، جەمال کەربولی (بەمدواییە گیرابو بە تۆمەتیگەندەڵی)، محەمەد کەربولی. لەولاوترەوە. سەرۆکی پەرلەمان "محەمەد حەلبوسی" بەرەیەکی بەناوی "تقدم" دروست کردوە، حەلبوسی لایوایە، سەرۆکایەتی کۆمار لەمەولا بدرێت بە سووننە... ئەو عورفە بشکێنرێت کە دوای رووخانی سەددام هاتۆتە ئاراوە، سەرۆک کۆمار بۆ کورد بێ و سەرۆکی پەرلەمان بۆ سووننەو سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆشیعەکان. بە پێی حەلبوسی بۆئەوەی عێراق هەیبەتی خۆی بپارێزێ و ووڵاتانی عەرەبی باشتر بەهانایەوە بێن ئەبێت لەمەولا سەرۆک کۆماری عێراق سووننە بێت...
هەرچی هاوپەیمانێتی سێهەمە لەناو سووننەکاندا بەناوی "پرۆژەی نیشتیمانی بۆ ڕزگاربون" بەسەرکردایەتی ئوسامە نوجەیفی بۆناوچەی نەینەوا دروستکراوە.
٢-١. خەمیس خەنجەر: خەنجەری ناو ڕووداوەکان
ماوەیەکی کەم نییە سووننەکان بەتایبەت "خەمیس خەنجەر" بە پاڵپشتی تاتیپێک لە کورد! کە لە ئاستی باڵای عێراقدا بەرپرسیارێتیان هەیە، چپە-چپ ئەکەن و بێر و بڕۆیانە بە ڕێگەی ئەردەن- میسر- ئەمریکا دا. بەتایبەت دوای ئەوەی محەمەد حەلبوسی داوای پۆستی سەرۆکایەتی کۆماری بۆ سووننەکان کرد. سەرۆک کۆماری عێراق "د. بەرهەم ساڵەح" هەماهەنگی تەواوی لەگەڵ "خەمیس خەنجەر" دەست پێکرد!. تەنانەت سەرۆک کۆمار هەماهەنگ و هاندەرە لە سەردانەکانی خەمیس بۆ هەرێمی کوردستان و بۆ لای لایەنە کوردستانییەکان.
لەم نێوانەدا چەند بابەتێک ئەگوزەرێت:
یەکەم/ ئیدارەی بایدن لە شیعەی عێراق توڕەیە. تێگەیشتنێکی باش دروستبوە تا ئەوەی کە سووننەکان ببوژێنەوەو باڵادەست بن و ژمارەیەکی کاریگەر بن، لە عێراقی داهاتودا پاڵپشت بکرێن. یان هەر نەبێت ئەگەر دابەشکارییەک هاتە ڕێگە سووننەکان هەرێمێکی دیاریکراو بەخۆیان هەبێت.
دووەم/ لە ناو ماڵی (سووننی) شدا، وەکو ماڵی شیعیی پەرتەوازەیی و کوتلەکاریی هەیە. بەتایبەت دەرکەوتنی حەلبوسی وەک ئاڕاستەکی جیاواز لەناوچەی نفووسی سووننە نشینی خەمیس خەنجەردا کاریگەریی لەسەر گەمەکە هەیە. لەوەش زیاتر کاریگەری لەسەر بزنسی ئەو سەرۆک و سەرکردانە هەیە کە لە ئەنجامی هێنانەکایەوەی پرۆژەی شامی نوێوە دەستیان داوەتێ!.
سێهەم/ خەمیس خەنجەر، هاوڕێ زیندووەکەی عیزەت دووری، بازرگانە هاوتاکەی عودەی سەددام حوسێن، ملیاردێرە سووننیە زرنگەکە. تەنانەت بە ماددەی (٤) ی تیرۆر فەرمانی گرتنی هەبو، بگرە لە نێوان تورکیاو قەتەردا زۆر هاتوچۆی بو تاوەکو داعش سەریهەڵدا، تەنانەت تائەوە ئەچێت لە گرتەیەکدا لە ساڵی (٢٠١٤) بەیعەتی بە داعش داوە.!. بە بەرپرسیار ئەزانرێت لە کەوتنی موسڵ دا بۆ ئەوەی داعش داگیری بکات. ماوەی (٣) مانگ خۆپیشاندانی سووننەکانی ئەنباری بە سەرکردایەتی وەزیری دارایی پێشوو "ڕافیع عیساوی" بەکارهێنا، ئەنجامەکەی هەڵاتن و ئازادکردنی زیاتر لە هەزار ئەندامی چالاکی قاعیدە بو لە زیندانی ئەبو-غرێب.!.
- لە ئۆکتۆبەری (٢٠١٥) دا، دادگای عێراقی فەرمانی گرتنی بۆ خەنجەر دەرکردووەو دەستیش بەسەر ماڵ و پارە گوازراوەو نە گوازروەکانیدابگیرێت.
- لە ساڵی (٢٠١٦) ەدا، ئاژانسی ڕۆیتەرز خەمیس بە " دانوستانکارێک لە ژوورە داخراوەکان" دا ناوئەهێنێت. ئاماژەیەکە بە قورسایی ئەولە مەیدانی سیاسی عێراقی دا، کە توانای کارتێکردنی لەسەر ئەوانی تر هەیە.
- لە ساڵی (٢٠١٩) ەدا، خەمیس خەنجەر لەگەڵ سێ سەرکردەی دیکەدا کەوتنە بەر سزاکانی ئیدارەی ئەمریکا، بە تۆمەتی کوشتنیخۆپیشاندەران و پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ و ... تادوایی. بەڵام خۆی لە ڕاستیدا، پەیوەندیی بەو یارییەوە هەبو کە خەمیس خەنجەر خۆیلە ئێرانییەکان نزیک کردەوە، تا جارێکی تر لە عێراقدا جێ پێی خۆی دیاری بکات (٦) .
خەمیس فەرحان خەنجەر عیساوی، ملیاردێرێکی سووننی و کاراکتەرێکی هاتوچۆکەری نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانە، بەوە ناسراوەکە پارەی خەیاڵی ئەدات بۆ کڕینی پۆستە عێراقییەکان . سەردانەکانی لە عێراق دا چڕترکردۆتەوە و ڕێبەرایەتی تەیارێکی گەورەی سووننیئەکات هەماهەنگی سەرۆک کۆماری عێراق کە کوردە!. بەهەماهەنگی تورکیا-ئەردەن-قەتەر لەهەوڵدان بۆ پەیداکردنی هێزی زیاتر بۆپرۆژەکەیان، لەوەش زیاتر تواناو پەیوەندیی و قورساییەکانی ڕابەری تەریقەتی قادری شێخ نەهرۆ کەسنەزانی بۆ خۆیان بەدەست بخەن. بەوپێیەی پەیوەندییەکی کۆن و بەهێز لە نێوان ماڵی شێخ محەمەدی کەسنەزانی و خەمیس خەنجەردا هەیە چ لە ئەردەن چ لە عێراق.
لەهەمان کاتدا، خەنجەر دۆستێکی بێ چەندو چوونی بارزانی و ماڵی بارزانی بوە. پێکەوە ئاگەداری زۆر لە ڕووداوەکان بون بە تایبەت دوایڕووخانی سەددام . تا هەنوکە هاتووچۆو گفتوگۆکانی خەنجەر بۆ هەولێر و پیرمام بەردەوامی هەیە!.
سێهەم/ کشانەوەی سەدر لە بەشداری هەڵبژاردنەکان: سوتاندنی کارت لەدەستی ئەوانیتردا
بەیانی پێنج شەممەی (١٥ ی تەمموزی ٢٠٢١ ) ڕێبەری گەورەترین ئاڕاستەی سیاسیی و جەماوەری " موقتەدا سەدر" هاتە بەردەم کامێراکان، ڕایگەیاند، بەشداری هەڵبژاردنی پێشوەختە ناکەن و لە پرۆسەی سیاسیی ئەکشێنەوە(٧).
کشانەوەی کاریگەرترین و گەورەترین ڕەوتی سیاسیی لە بەشداریکردن بۆ هەڵبژاردنەکانی (ئۆکتۆبەری ٢٠٢١ ) لە عێراق، بە ناڕاستەو خۆگەورەترین ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە عێراق دوای کەڵەگە بون و زیاتر بونی قەیرانەکانی، گەیشتۆتە بەردەم ڕێگەیەکی داخراو (طريق مسدود) وبواری هەناسەدانیش نەماوەتەوە. لە وتارە کورتەکەیدا موقتەدا سەدر وتی " پلان و هێڵکارییە نێودەوڵەتییەکان گەلیان بێ ئەرزش کردووە". بەشێکی دیکەی چاودێران پێیانوایە سەدر لەژێر کاریگەری ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی حوسێن لە ناسریە ئەم هەڵوێستەینواندوە کە زیاتر لە (٧٠) نەخۆش تیایدا گیانی لەدەستدا. پێش دوو مانگیش لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب لە بەغدا ئاگرکەوتەوەو (٨٢) نەخۆش گیانیان لەدەستداو دەیانی دیکەش برینداربون. ڕایەکی دیکەش هەیە، کە سەدر گەیشتوە بەو بڕوایەی کە لەناو ڕەوتەکەی دا کەسانی گەندەڵ دروستبون، ئەمەش بۆ پێگەی ئەو و خێزانەکەی گونجاو نییەو، ئەیەوێت بە ڕەوتەکەیدا بچێتەوەو کارتە سیاسییەکانی ڕێک بخاتەوە.
سەدر بەرپرسیارێتی دۆخی ڕابردوو و ئێستای عێراق ئەخاتە ئەستۆی ئەم چینە سیاسییەی ئێستا لە عێراقدا رۆڵ ئەبینن.
چوارەم/ پرسی نەبونی سەروەری و بەرپرسیارێتی لە عێراق
ئەکرێت، عێراق لەناوخۆی خۆیدا هەردوو پرسی "سەروەری" و "بەرپرسیارێتی" تاوتوێ بکات بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی. ئەو کارەیبەرپرسانی عێراق بەناوی پرۆژەی شامی نوێوە هەوڵی بۆ ئەدەن، وەکو ئەوە وایە عێراق خۆی خاوەنی مریشک و کولانەکە بێت، هێڵکەی مریشکەکانی زۆر بەهەرزان بفرۆشێت بە وڵاتانی دەرەوە بۆ ئەوەی بۆی بکوڵێنن و هێڵکەکەی بە کوڵاوی بۆ بنێرنەوە. لەکاتێکدا عێراق خۆیئەتوانێ کار بۆ خۆ-بژێوی و کوڵاندنی هێڵکەکەی بکات.!.
بە پێی ڕووپێوی و ئەنەلایزەکانی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی- MIRS، عێراق خاوەنی (١١٢) تریلیۆن پێ سێجا غازی سروشتیەو، ڕۆژانە پێویستی بە بەکارھێنانی (٧٠٠) ملیۆن پێ سێجایە. ئەگەرچی لە ساڵی (٢٠١١) ەدا عێراق و ئێران ڕێککەوتون کە ئێران(٥٠) ملیۆن مەتر سێجا/ڕۆژانە بفرۆشێت بە عێراق. بەڵام بە بڕوای وتەبێژی فەرمی وەزارەتی کارەبای عێراق « ئەحمەد عەبادی » لەبەرئەوەی ئێران پێداویستییە نێوخۆییەکانی زیادیکردووە، ئەم بڕە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتوە. بۆیە لە (٢٠٢٠) دا ڕۆژانە (٣) ملیۆن مەتر سێجاغاز لە ئێرانەوە هاوردە ئەکرێت!.
ئەگەر هاوردەی غازی ئێران بوەستێنرێت، عێراق بێ بەش ئەبێت لە (٤٠٠٠) هەزار مێگاوات کارەبا. جێگرەوەی ئەم پێداویستیەش ئەکرێت کێڵگەی عوکاز بێت لە پارێزگای ئەنبار کە ئەکەوێتە باشوری شارۆچکەی قائیم ەوە و، بە گەورەترین کێڵگەی غازیی عێراق دائەنرێت لەئێستادا سەرچاوەی سروشتی تیایدا (٥.٣) تریلیون پێ سێجا دانراوە(٨). بە شێوەیەکی گشتی عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە بە غازی سروشتی بەتایبەت کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان. لە کاتێکدا ئێران بە پێنج هێندەی زیاتر لە نرخی ئاسایی بازاڕ غاز بە عێراق دەفرۆشێت، ئەکرێت عێراق غاز لە هەرێمی کوردستان لەناوخۆی خۆیدا بکڕێت و، ئەمەش ئەبێتە فاکتەرێکی سەقامگیریی سیاسی نێوخۆیی و بەرژەوەندی هاوبەشی کوردو بەغدا. ئەمەش جۆرێکە لە بەرپرسیارێتی (Accountablity) و پاراستنی سەروەری (Sovereignty) لە عێراق.
پێنجەم/ هەرێمی کوردستان: بەرەو ڕووبەڕووبونەوەی مەترسییەکان
وەکو واقیعی سیاسیی و ڕوانگەی هێز، تاکە هێزی کاریگەر لە هەرێمی کوردستان و مەیدانی سیاسی و ئەمنی و ئابوری عێراقدا پارتی دیموکراتی کوردستانە بە ڕێبەرایەتی "مەسعود بارزانی". کە تێگەیشنێکی هاوبەشیان لەگەل ڕەوتی سەدر بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنەکان ودەرئەنجامەکانی هەبو. ڕۆژی ( ٨ی جوڵای ٢٠٢١ ) ڕووداوێکی گرنگ بو لە مێژووی پارتە سیاسییەکانی کوردستاندا رووی دا، تیایدا یەکێک لەهاوسەرۆکەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ویستی لە زۆنەکەدا هاوسەرۆکەکەی تر دەرپەڕێنێت، بەرپرسە ئەمنی و هەواڵگرییەکانیگۆڕی و بەچەند ڕیگەیەکی تر پەلاماری یەکتریان دا. ئەم ڕووداوە ئەکرێت ببێتە وانەیەکی گەورە بۆ هەموو لایەک کە ئیتر دوای (٣٠) ساڵ فەرمانڕەوایی کوردیی، پێویستە هەرێمەکە بە دامەزراوەیی (Institutionailize) بکرێت. حیزبی سیاسیی ئەرکی نیشتیمانی وپێشکەشکردنی پرۆژەی گرنگ بە حکومەت و ڕێنمایی کردنی لەسەرە، هەروەها ئەرکی سەرپێخستنی دامەزراوەی جۆراوجۆرە بۆ ئەوەی لەناو ڕووداوەکاندا وون نەبێت.
پێدەچێت، ئەم ڕووداوە ببێتە ماکی یەکڕیزی و گفتوگۆی هاوبەشی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و، وەلاخستنی ئەو گرفتانەی کە ساڵانێکی دوورودرێژە بەردەوامی هەیە.
بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە لە ناو ڕووداوەکانی سەرەوەدا خۆی و کیانەکەی وون نەکات. ملیاردێرێکی کوردیی و سووننی لە دەرەوەی کۆ-ڕایی کوردیی نەچن لە بەغدا بە هاوکاریی ئەم و ئەوی نێودەوڵەتی و هەرێمیی دەست تێکەل بکەن و پۆستەکانی بەغدا بۆ بابەتی کەسیی وتایبەتی خۆیان بپچڕن.!.
شەشەم/ سیناریۆکانی بەردەم ئایندەی عێراق
هاوڵاتیانی عێراق لە گەرمترین دۆخی ساڵدا گیانیان دەردێت بەهۆی بێ کارەباییەوە!. بە پێی ڕاپۆرتی کەناڵی حوڕرە لە دوای (٢٠٠٣) ەوەزیاتر لە (٨٠)ملیار دۆلار بۆ کارەبا خەرجکراوە. بە پێی راپۆرتی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لە (٢٠ی ئازاری ٢٠٢١) بڵاوی کردۆتەوە ڕێژەیهەژاری لە عێراقدا (٣١٪) تێپەڕاندوەو بێکاریش (٤٠٪) ە!. هەریەکە لە هۆکارەکانی ووشکەساڵی و بەهەڵم بون و گرتنەوەی ئاو لەلایەنتورکیاو ئێرانەوە عێراقیان تووشی بێ ئاویی و بە بیابانبون کردۆتەوە.
ڕێژەی بەشداری ڕاستەقینەی خەڵک لە هەڵبژاردنی پێشوی ئێراقدا (٢٣٪) بوە لە ساڵی (٢٠١٨) ەدا. لەکاتێکدا هێزە عێراقییەکان وکۆمسیۆن بە (٣٢٪) دایانناوە!؟. جگە لەوەش هیچ کام لە سەرۆک و سەرۆکایەتییە عێراقییەکان بەرئەنجامی ئەو پرۆسەی دەنگدانەش نەهاتونەتە پێشەوە. بەگشتی وڵاتەکە تەواو لێ بۆتەوە لەهەموو هەموو ڕوویەکەوە. میلیشیاکان لە دەرەوەی حکومەت نمایشی چەکی جۆراوجۆرئەکەن، بڕیارو کارەکانی سەرۆکی حکومەت ڕەت ئەکەنەوە. سەروەری عێراقیان خستۆتە ژێر پرسیارو گومانی گەورەوە.
بۆ دۆخێکی ئاوها سێ سیناریۆ چاوەڕێی عێراق ئەکەن:
یەکەم/ شەوی پێنج شەممە ١٥/١٦/ ٢٠٢١ واتە دە-پانزە کاتژمێرێک پێش ئەوەی موقتەدا سەدر هەواڵی بەشداری نە کردنی لە هەڵبژاردنەکانڕابگەیەنێت. زانیاری هەیە کە نێردەی بەریتانیاو ئەمریکا و ئەنجومەنی سیاسیی و ستراتیجی عێراق لە ناوچەی کۆشکە سەرۆکایەتییەکان لەپارێزگای بەسرە و جێگەیەکی پارێزراو، تا بەرەبەیان لە کۆبونەوەدا بوون.. ئەوەی گرنگە ئەودەرئەنجامە پلان ڕێژییەیە کە پێی گەیشتونسەبارەت بە ئایندەی عێراق. ئەگەر ئەم زانیارییانە بەتەواویش پشتراست نەکرابنەوە. دۆخەکە ئەم سیناریۆیە هەڵ ئەگرێت کە بریاری لێدراوە، سیستەم و دەستەڵاتی ئێستای عێراق بەتەواوی ڕادەستی لیژنەیەکی نێو-نەتەوەیی لە ئەنجومەنی ئاسایش بکرێت کەتیایدا پێشنیازی هەردوودەوڵەتی ئەمریکاو بەریتانیاو یابان کراوە کە سەرپەرشتی بکەن. ئینجا دوسی ئەمە دەستەڵاتێکی عێراقی ڕا-گوزەر لە خەڵکانی بێلایەن ونیشتیمانیی و تەکنۆکراتی عێراقی و نوێنەری گەنجان و شۆڕشگێرە عێراقی و سەربازییەکان دروست بکەن. تیایدا حکومەتێکی راگوزەری نیشتیمانی و ئەنجومەنێکی سەربازیی نیشتیمانیی دروست بکرێت بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی، حکومەتەکە لە (١٥) وەزیر پێکبێت بە پێی یاسای حاڵەتی لەناکاوی نێودەوڵەتی.
تەنانەت لەو کۆبونەوە دوورو درێژەدا هاتووە، کە ئەو حکومەتە ڕاگوزەرە تەنها بۆ یەک ساڵەو، لەگەڵیدا کارکردن بەم دەستورەی کە لە ساڵی(٢٠٠٥) ەوە دانراوە ڕابگیرێت. کار بۆ نوسینەوەی دەستورێکی تر بکرێت. ئەم سیستەمە پەرلەمانیەی ئێستا بگۆرن بۆ سیستەمێکی کۆماریی- سەرۆکایەتی- مەدەنی- عیلمانی کە پشت بەستوو بێت بە دەوڵەتی یاسا.
دووەم/ دۆخی عێراق بڕ ناکاتە هەڵبژاردن لە ساڵی (٢٠٢٢) داو، بەشێوەیەکی مەترسیدار ئەتەقێتەوە. کشانەوەی پتری ئەمریکا لە عێراق،زیاتر بونی قەیرانەکان، هەڵ نەگرتنی بەرپرسیارێتی، بڵاوبونەوەی پتری پەتای کۆرۆنا، زیادبونی جموجوڵەکانی داعش، ململانێی سیاسیی کاراکتەرە دەستەڵاتدارەکان و دەستوەردانی پتری ئێران دۆخی عێراق ئەگەیەنێتە حاڵەتی توندوتیژیی لە نێوان حکومەت و نا-حکومەت(میلیشیاکان) دا.
سێهەم/ ئیدارەی ئەمریکا وەکو چۆن ئەفگانستانی دوای (٢٠) ساڵ جەنگ دایەوە بە تاڵیبان، عێراقیش بداتەوە بە سووننەکان.
بۆ خوێندنەوەو ڕاکێشانی ئەم پەیپەرە بە شێوەی پی دی ئێفpdf کلیک لێرە بکە
------------------------------------------------------------------------
*بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبەری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی
ئەو سەرچاوانەی وەک پێویست سودیان لێوەرگیراوە
١- پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی (٢٠٢٠) دیالۆگی ئەمریکاو عێراق: دەرفەت و ئاڵنگارییەکان
https://www.mirs.co/KU/details.aspx?jimare=188
2- Mylroie, L (2018) US House approves $290M for Peshmerga in Pentagon budget. Kurdistan 24
https://www.kurdistan24.net/en/story/16004-US-House-approves-%24290M-for-Peshmerga-in-Pentagon-budget-
٣- العربي ٢١ (٢٠٢١) ما مكاسب مصر والأردن والعراق من مشروع "الشام الجديد"؟
https://arabi21.com/story/1368614/%D9%85%D8%A7-
٤- صحيفة الرأي (٢٠٢١) : 113 مليار دولار ديون العراق - صحيفة الرأي
http://alrai.com/article/10586648/عربي-ودولي/113-مليار-دولار-ديون-العراق
٥- عربي بوست (٢٠٢١) قصة مشروع الشام الجديد الذي دشنته القمة بين مصر والعراق والأردن.. هذه جوانبه الخفية وموقف إيران منه
٦- الحرة ( ٢٠١٩)من هو العراقي خميس الخنجر.. ولماذا فرضت واشنطن عقوبات عليه؟
...https://www.alhurra.com › 2019/12/06
7- Daily Sabah (2021) Iraqi Shiite cleric al-Sadr will not take part in October vote
https://www.dailysabah.com/world/mid-east/iraqi-shiite-cleric-al-sadr-will-not-take-part-in-october-vote
8- www.mirs.co