بـههـرۆز جـهعـفـهر
قـهیرانــى كه‌مبونه‌وه‌ى ئاو له عێراق : مهترسییهكانــى، ڕهههندهكانـى، میكانیزمهكانــى ڕووبه‌ڕووبونه‌وه
پوخته‌ى جێبه‌جێكار
ئه‌و جوگرافیایه‌ى نیشتیمانى عه‌ره‌بى تێدا هه‌ڵكه‌وتووه له ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكورى ئه‌فریكادا، به‌وه ناسراوه كه ووشكه، ڕووبارى كه‌مه، ڕێژه‌ى باران و به‌فر تیایدا كه‌متره له جه‌مسه‌ره‌كانى دیكه‌ى گۆى زه‌وى. هه‌روه‌ها پله‌ى گه‌رما تیایاندا به‌رز و ئاستى هوشیارى و حوكمڕانیشیان وه‌كو پێویست نییه. عێراق، به‌هۆى بونى هه‌ردوو ڕووبارى دیجله‌و فوراته‌وه به یه‌كێك له ووڵاته ده‌وڵه‌مه‌نده‌كان له ڕووى سه‌رچاوه‌ى ئاوییه‌وه دائه‌نرێت، به‌ڵام فاكته‌رى ده‌ره‌كى و ناوخۆیی عێراقییه‌كانى تووشى تینوێتى كردووه‌و، به ملیۆنه‌ها كه‌س به‌هۆى نه‌بونى ئاوى پاكه‌وه ئه‌ناڵێنن و، ووڵاته‌كه تووشى گه‌رمبون و بیابانبون (Warming and Desertification) بووه‌و، جوتیارهكانیشى ڕووبه‌ڕووى كۆچ و نه‌دارایی بونه‌ته‌وه. ئه‌م په‌یپه‌ره ئه‌كادیمیه پرسیار ئه‌خاته سه‌ر نه‌بونى دیدگایه‌ك بۆ ستراتیژی به‌ڕێوه‌بردنى ئاو، له‌و نێوانه‌شدا پرسى هاریكاریی و هه‌ماهه‌نگى هه‌رێمایه‌تى و پرۆگرامى هۆشیارى گشتى به‌هه‌ند وه‌رگرتوه به‌رانبه‌ر به مه‌ترسیی ووشك بون و كه‌م ئاویی له عێراق.
یه‌كه‌م: كاریگه‌رى گۆڕانــى كه‌شوهه‌واى جیهانــى له‌سه‌ر كه‌مبونه‌وه‌ى ئاو
گۆڕانـى كه‌شوهه‌وا (Climate Change) یه‌كێكه له تۆپیكه گه‌رم و بهرباسهكانى سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌یه. به‌پێى په‌یمانگه‌ى ستۆكهوڵمى نێوده‌وڵه‌تى بۆ ئاو (Stockholm International Water Institute- SIWI) گه‌رمبونى ڕووى زه‌وى و گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌وا یه‌كسانه به كه‌مبونه‌وه‌ى سوڕى ئاو. زۆربه‌ى خه‌ڵكى هه‌ر ئه‌وه‌نده ئه‌بینن كه یه‌ك پله گۆى زه‌وى گه‌رم بوه، ئه‌وه نابینن كه زاناكان ئه‌یبینن چ كاره‌ساتێك له ڕه‌وشى ئاو دا دروست ئه‌بێت!. چ نا-هاوسه‌نگییه‌ك له وهرزهكانداو له نێوان باران بارین و لافاو و ووشكه‌ساڵى دا دروست ئه‌كات. كه‌شوهه‌وایه‌كى نامۆ و ترسناك هۆكاره بۆ قه‌یرانى خۆراك، بۆ كهمبونى ئاو، بۆ زیادبونى ڕێژه‌ى هه‌ژاریی{1}. له ڕاپۆرتى (18 ى مارسى 2021) ى یۆنسێف دا هاتوه كه زیاتر له (1.42) یه‌ك ملیار‌و چل‌ودوو ملیۆن كه‌س كه تیایدا (450) ملیۆنیان منداڵن له ڕه‌وشێكى دژواردان و ده‌ستیان ناگاته ئاوى پێویست بۆ پێداویستییه‌كانى ڕۆژانه‌یان!. ئه‌مه‌ش ماناى وایه له هه‌ر (5) منداڵ (1) منداڵ به‌ده‌ست نه‌بونى ئاوه‌وه ئه‌ناڵێنن، له ڕاپۆرته‌كه‌دا وێنه‌و فاكتى باشورى ئه‌فریكاو باشورى ئاسیاى وه‌ك دوو جه‌مسه‌رى مه‌ترسیدار وێناكردووه، له مهداغشقهر ئافره‌تێك (14) كم ئه‌بڕێت بۆ ئه‌وه‌ى ئاوى ده‌ستبكه‌وێت بۆ پێداویستییه‌كانى{2}.
ئاو، پێكهاته‌یه‌كى كیمیاوییه، له دوو گه‌ریله هایدرۆجین (H) و گه‌ردیله‌یه‌ك ئۆكسجین (O) پێكدێت. زانایان ئاماژه به‌وه ئه‌كه‌ن كه بنچینه‌ى ژیان له‌سه‌ر هه‌موو هه‌ساره‌كان ئاوه. (71%) ى ڕووى زه‌وى به ئاو داپۆشراوه، هه‌موو شتێكى زیندوو پێویستی به ئاوه، به جۆرێك په‌یكه‌ر و ڕێكخه‌رى ژیانه: جه‌سته‌ى مرۆڤێكى پێگه‌یشتو (60%) ى ئاوه، له ناو ئاژه‌ڵاندا فیل به‌ڕێژه‌ى (70%) و، له ڕووه‌كیشدا په‌تاته (80%) و ته‌ماته (95%) ى له ئاو پێكهاتووه....تادوایی. مرۆڤێكى ئاسایی ئه‌توانێت ته‌نها (7) ڕۆژ بێ ئاو بژى. ئه‌گه‌ر كه‌سێك (20%) ى ئاوى له‌شى له‌ده‌ستبدات، یه‌كسه‌ر ئه‌مرێت. هه‌ر مرۆڤێك بۆ خواردنه‌وه ڕۆژانه پێویستى به (2,4) لیتر ئاوه {3}.
له‌به‌ر گرنگى له ڕاده‌به‌ده‌رى ئاو هه‌موو ووڵاتێك سیاسه‌ت و یاساى (به‌ڕێوه‌بردنى ئاو) ی هه‌یه. هه‌روه‌ها ڕێككه‌وتننامه‌ى ئاویی و ده‌ریاوانى نێو-ده‌وڵه‌تى هه‌یه. له عێراق و ووڵاته دواكه‌وتوه‌كاندا چونكه ڕه‌چاوى ڕێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى سه‌باره‌ت به ئاو و رووباره‌كان ناكرێت و سیاسه‌تێكى گشتگیر نییه، ئاو به‌ره‌به‌ره بۆته قه‌یرانێكى مه‌ترسیدار!. هێشتا جیهان شه‌ڕى بۆڕییه نه‌وتى و غازییه‌كانى ته‌واو نه‌كردووه..قه‌یرانى ئاو یش له‌ناوچه‌كه‌دا نیشانه‌كانى به زه‌قى ده‌رخستووه:
دووه‌م: مهترسییهكانـــى سه‌ر ئاسایشــى ئاو له عێراق
ڕۆژههڵاتــى ناوه‌ڕاست (6.3%) ى ژماره‌ى دانیشتوانى گۆى زه‌وى پێك ئه‌هێنێت، به‌ڵام (1.4%) ى ئاوى پاكى بۆ به‌كارهێنان له خۆ-ئهگرتووه!. ئه‌مه‌ش ئه‌وه نیشان ئه‌دات كه ئه‌م ناوچه‌یه به‌ره‌و مه‌ترسییه‌كى گه‌وره‌ى ژیان كردن له ڕووى ئاسایشى ئاوه‌وه هه‌نگاوى هه‌ڵگرتوه. له‌ساڵى (1955) دا ته‌نها (3) سێ ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بى به‌ده‌ست كه‌مئاوییه‌وه چه‌شتویانه، به‌ڵام ئه‌مرۆ (11) یانزه ده‌وڵه‌تى عه‌ره‌بى قه‌یرانـى ئاویان هه‌یه‌و، سكۆڵهرهكان پێشبینــى ئه‌وه ئه‌كه‌ن كه (7) نه‌ته‌وه‌و ده‌وڵه‌تى دیكه له‌م ناوچه‌یه تا (2025) بێ ئاو ببن{4}.
دامه‌زراوه‌ى (چاتام هاوس-Chatham House) یه‌كێكه له به‌هێزترین ناوه‌نده‌كانى ڕاوێژكارى و توێژینه‌وه له‌م جیهانه، له ڕاپۆرتێكیدا به‌ناونیشانى " به سیاسه‌تى كۆن كێشه‌ى ئاوى عێراق چاره‌سه‌ر نابێت" لایوایه، سه‌ره‌كیترین كارى هه‌ر سه‌رۆكوه‌زیرانێك له داهاتوودا دێت ئه‌بێت چاره‌سه‌ركردنى گرفتى ئاو بێت له عێراق، چونكه حكومه‌ته یه‌كله‌دواى یه‌كه‌كانى پێشوو ڕێگه‌یانداوه ئه‌م گرفته گه‌وره ببێت، به پێى چاتام هاوس عێراق له‌و وڵاتانه‌ى ڕۆژهه‌ڵات بوه كه بانگه‌شه‌ى زۆروزه‌وه‌ندى ئاوى كردووه به‌هۆى بونى هه‌ردوو ڕووبارى دیجله‌و فوراته‌وه تا ساڵى (1970)، به‌ڵام دواى ئه‌وه نزیكه‌ى (40%) ى ئاوى وڵاته‌كه‌ى له ده‌ستچووه. ئه‌وه‌ش به‌شێكى ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سیاسه‌تى وڵاتانى دراوسێ (به‌تایبه‌ت توركیا) به‌رانبه‌ر عێراق له پرسى ئاودا. جگه له‌وه‌ش به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رماو كه‌مبونه‌وه‌ى ڕێژه‌ى بارانبارین به خراپى كاریگه‌رییان خستۆته سه‌ر ئاستى یه‌ده‌گی ئاویی له عێراقدا، به‌جۆرێك ساڵانه (8) ملیار م3 له ئاوى به‌نداوه‌كان وخهزانهكانى عێراق ئه‌بن به هه‌ڵم (به‌هه‌ڵم بون-Evaporation){5}.
1.2. توركیا‌و ئێران ئاو له عێراق ئه‌گرنه‌وه
به پێى (ناوه‌ندى جه‌زیره بۆ لێكۆڵینه‌وه، 2018) كه‌مكردنه‌وه‌و لێ بڕینى ئاوى دیجله‌و فورات (تصاریف نهری دجله والفرات) له‌لایه‌ن توركیاوه فاكته‌رێكى سه‌ره‌كى كه‌مكردنى ئاستى ئاویی ئه‌و دوو ڕووباره سه‌ره‌كییه‌یه كه به عێراقدا تێ ئه‌په‌ڕن. ڕووبارى دیجله له باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى توركیاوه هه‌ڵئه‌قوڵێت، درێژییه‌كه‌ى (1718) كیلۆمه‌تره، به دووه‌م درێژترین ڕووبار دائه‌نرێت له باشورى ڕۆژئاواى ئاسیادا. ڕووبه‌رى حه‌وزه ئاوییهكهى (472.606) كیلۆمه‌ترى چوارگۆشه‌یه، (17%) ى به خاكى توركیادا تێ ئه‌په‌ڕێت، (2%) ى به سوریا‌و، (52%) ى ئاوه‌كه‌ى به عێراقدا ئه‌ڕوات. هه‌رچى ڕووبارى فوراته به‌هه‌مان شێوه له باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى توركیاوه هه‌ڵئه‌قوڵێت، درێژییه‌كه‌ى (2781) كیلۆمه‌تره‌و ڕووبه‌رى حه‌وزه ئاوییهكهى (444000) كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه، (28%) ى ئه‌كه‌وێته توركیاوه‌و، (17.1%) ى سوریا‌و، هه‌رچى ئه‌مێنێته‌وه (39.9%) ى ئه‌م ڕووباره به خاكى عێراقدا تێ ئه‌په‌ڕێت{6}.
كه‌م ئاویی ته‌نگى به عێراق هه‌ڵچنیوه. وه‌زیرى سه‌رچاوه ئاوییه‌كانى عێراق (مه‌هدى ڕه‌شید حه‌مدانى-2021) دان به‌وه‌دا ئه‌نێت كه: ئه‌و سه‌رچاوه‌و داهاته ئاوه‌ى له توركیاوه به‌ڕێگه‌ى ڕووبارى فورات و دیجله‌وه بۆ عێراق دێت به ڕێژه‌ى (50%) كه‌مى كردووه. ئه‌وه‌ى له لق و زێیهكانى وه‌ك به‌نداوى ده‌ربه‌ندیخان (له باكورى عێراق) ه‌وه بۆ باشور ئه‌چو ئێستا گه‌یشتۆته ئاستى سفر، هه‌روه‌كو ئه‌وه‌ى له "زاب" له ناوچه‌ى كه‌ركوكیشه‌وه هه‌بو به ڕێژه‌ى (70%) كه‌می كردووه. حه‌مدانى له باره‌ى ئێرانیشه‌وه نایشارێته‌وه كه ئه‌و وڵاته ڕێره‌وى زۆر له زێ و ڕووباره گرنگه‌كانى كه دێنه ناو خاكى عێراقه‌وه گۆڕیوه به قازانجى خۆى، وه‌كو ڕووبارى سیروان كه ئێران به‌رده‌وام هه‌وڵى ووشك بونى داوه، هه‌روه‌ها ئێران له ناوچه سنورییه‌كانى دیاله‌و خانه‌قین ئه‌و ئاوانه‌ى گرتۆته‌وه‌و، به‌ره‌و ناوخۆى وڵاته‌كه‌ى ئاڕاسته‌ى ئاوه‌كه‌ى گۆڕیوه{7}.
كه‌مبونه‌وه‌ى هه‌ستپێكراوى ئاوى دیجله: خه‌ڵكى چاوه‌ڕێن بۆ یه‌كه‌مجار به پێ پیاسه له دیجله‌دا بكه‌ن (تویته‌ر)
به پێـى بهدواداچونهكانــى په‌یمانگه‌ى مێدیتریانه بۆ توێژینه‌وه‌ى ههرێمایهتـى (www.mirs.co )، عێراق به‌شێكى گه‌وره له‌سه‌رچاوه ئاوییه‌كانى به زووترین كات له ده‌ست ئه‌دات. له‌ساڵى (1933) دا له‌سه‌ر ڕووبارى فورات (30) ملیار م3 له توركیا‌و سوریاوه ئاو هاتۆته عێراق، به‌ڵام له ساڵى (2021) دا ئه‌م بڕه گه‌یشتۆته (9.5) نۆ ملیار‌و نیو م3. هه‌روه‌ها له‌په‌یوه‌ند به ڕووبارى دیجله‌وه پێشوتر (20.5) ملیار م3 بوه له (2021) دا گه‌یشتوه به (9.7) ملیار م3، ئه‌مه‌ش به هۆى لێدانى (به‌نداوى ئه‌لیسۆ-Ilisu Dam) ه‌وه له لایه‌ن توركیاوه.. هه‌رچى ئێرانیشه (5) ڕووبارى سه‌ره‌كى عێراقى ووشك كردووه، ڕووباره‌كانى (كنجان جم، كلال بدره، جنكیلات، كهرخهو خوبهین) له عێراق ووشك بون و ئێران به‌رپرسیاره له ووشكبونیان، ئه‌مه‌ش بوه‌ته هۆى ئه‌وه‌ى ده‌یان لادێى سه‌ر سنورى عێراق- ئێران چۆڵى بكه‌ن و، سیسته‌مى ژینگه‌یی و زینده‌یی ئه‌و ناوچانه به‌ته‌واوى گۆڕانكارى به‌سه‌ردا بێت{8}.
1-1-2. پرۆژه‌ى باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌نادۆڵ (گاپ-GAP)
پرۆژه‌ى باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌نادۆڵ (GAP -Güneydoğu Anadolu Projesi) یه‌كێكه له گرنگترین پرۆژه‌كانى گه‌شه‌پێدانى باشورى ئه‌نادۆڵ، سه‌ره‌تاكه‌ى ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دواى دامه‌زراندنى كۆمارى توركیا، ئامانجه‌كه‌شى ئه‌وكات ساڵى (1930) خۆى له: خستنه‌گه‌ڕى وێستگه‌كانى وه‌به‌رهێنانى ووزه‌ى كاره‌باو، هه‌ڵبه‌ستنى چه‌ندین به‌نداو له‌سه‌ر ڕووبارى فورات ئه‌بینیه‌وه. به‌پێی حكومه‌ته یه‌كله‌دواى یه‌كه‌كانى توركیا، له‌هه‌موو سه‌رده‌مه‌كاندا لێكۆڵینه‌وه‌و پلانى وورد دائه‌نرا. بیرله‌وه كرایه‌وه كه چۆن بتوانن سوود له ئاوه‌كانى باشورى ئه‌نادۆڵ (فورات) وه‌ربگرن، وه‌ك پرۆژه‌یه‌كى نیشتمانى و ئابوریی زه‌به‌لاح بیخه‌نه گه‌ڕ، تا ساڵى (1986) دامه‌زراوه‌یه‌ك بۆ كاروبارى ئاویی توركیا ده‌ستبه‌كاربو، له‌سه‌ر ئه‌م بنه‌مایه‌ش حكومه‌تى توركیا گوێی بۆ پرۆژه‌كه‌ى ئه‌م دامه‌زراوه‌یه گرت و، ئیداره‌یه‌كى تایبه‌تیشى بۆ پرۆژه‌كه به‌ناوى "به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گه‌شه‌پێدانى باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌نادۆڵ" كرده‌وه، وهزیرێكیشى له‌سه‌رۆكایه‌تیه‌وه بۆ دیاریكرد، به‌ناوى وه‌زیرى كاروبارى باشورى ڕۆژهه‌ڵاتى ئه‌نادۆڵ.
پرۆژه‌ى گاپ، گه‌وره‌ترین و پڕ بایه‌خترین پرۆژه‌یه‌كه، كه حكومه‌تى كۆماریی له توركیا له‌مێژووى خۆیدا ته‌ماحى تێ كردبێت، به‌ڕێژه‌ى (80%) پشت ئه‌به‌ستێت به ئاوى فورات،(20%) یشى له‌سه‌ر ئاوى دیجله ئه‌بێت. ئه‌م پرۆژه‌یه چه‌ندین پارێزگا‌و ناوچه له توركیا ئه‌گرێته‌وه (كه زۆربه‌یان شاره كوردییه‌كانن) وه‌كو : باتمان، دیاربه‌كر، سرت، لكس، ماردین، غازى عه‌نتاب، شانلى ئه‌ده‌رنه" .. (9,7%) ى ڕووبه‌رى توركیا ئه‌گرێته‌وه، (20%) زه‌ویی كشتو‌كاڵى توركیا له‌خۆئه‌گرێت كه ئه‌كاته (8,5) ملیۆن هێكتار{9} (هیكتار: یه‌كه‌ى پیوانه‌كردنى زه‌وییه له‌سیسته‌مى نێوده‌وڵه‌تى دا،هه‌ر (1) هێكتار یه‌كسانه به (10000) كم چوارگۆشه،كه به‌رانبه‌ره به (4) دۆنم زه‌وى ) .
گاپ، ده‌شتێكى به‌رفراوان له حه‌وزه‌ى فورات و دیجله ئه‌گرێته‌وه، له زووه‌وه به‌م ناوچه‌یه وتراوه مانگى به پیت " هلال خصیب" ، به‌وه ناسراوه كه لانكه‌ى شارستانیه‌ته،لێره‌وه به‌شه‌ریه‌ت و شارستانیه‌ت گوازراوه‌ته‌وه بۆ شوێنه‌كانى تر‌ى جیهان .لهههفتاكانى سه‌ده‌ى ڕابردوه‌وه ئه‌م پرۆژه‌یه بۆته پرۆژه‌یه‌كى گه‌وره‌ى ئیقلیمى ئابوریی فره ڕه‌هه‌ند، وه‌كو: كه‌رتى ئاودێریی و وه‌به‌رهێنانى كاره‌با،كشتوكاڵ و پرۆژه‌ى هایدرۆكاره‌بایی و ژێرخانى ئابوریی په‌روه‌رده‌یی و ته‌ندروستى و گه‌شتوگوزاریی ...تاد. هه‌نوكه‌ش دانانى (22) به‌نداوى گه‌وره له‌چوارچێوه‌ى وه‌به‌رهێنانى سه‌رچاوه‌كانى ئاو، له‌گه‌ڵ (19) ناوه‌ندی هایدرۆكاره‌بایی هه‌یه، ئه‌مه‌ش له‌سه‌ر حیسابى ولاتانى تره. پرۆژه‌كه تائێستا بڕى (32) ملیار دۆلارى تێچووه، هێزى گشتى له وه‌به‌رهێنانى ووزه له‌م پرۆژه‌یه‌دا (7476) مێگاواته،ئه‌مه‌ش یانى به‌رهه‌مى ساڵانه‌ى ووزه‌ى تیا ئه‌گاته (27) ملیار مێگاوات له كاتژمێرێكدا. له‌هه‌ناوى خۆیدا ئه‌م پرۆژه‌یه دابه‌شكراوه بۆ (13) پرۆژه‌ى سه‌ره‌كى،كه (7) یان له‌سه‌ر ڕووبارى فوراته،(6) یان له‌سه‌ر دیجله‌یه،ڕووبه‌ره‌كه‌یان به‌گشتى (6,76) ملیۆن دۆنم زه‌وییه{10}.
پرۆژه‌ى گاپ، هه‌تا بڵیی به‌شدارى ئه‌كات له خزمه‌تكردنى ئامانجه‌كانى زامنكردنى ئارامى كۆمه‌ڵایه‌تى و گه‌شه‌ى ئابوریی و ،كه‌رته‌كانى: گه‌یاندن، كشتوكاڵ و ئاودێریی، گه‌شتوگوزار، نیشته‌جێ بون، هه‌لى كار، ته‌ندروستى، په‌روه‌رده‌و فێركردن و هه‌ستانه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى توركى . دیزاینكردنى پرۆژه‌كه له سه‌رده‌ستى پسپۆڕی ئاودێریی ئیسرائیلی (شارۆن ئالوزوروف) دانراوه . ئهندازیارهكهشى (یوشع كالى) ئیسرائیلیه. پرۆژه‌كه كاریگه‌رییه‌كى زۆر له‌سه‌ر كه‌مكردنى پشكى ئاوى عێراق و سوریا دائه‌نات، ئاوى فورات (40%) لهسوریاو (75%) له عێراق كه‌م ئه‌كات {11}. مهترسیهكى گه‌وره‌شه بۆسه‌ر ئاسایشى نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بى، ئه‌كرێت ئه‌مه یه‌كێكى تر بێت لهكارتهكانى ئیسرائیل بۆ له قاڵبدانى جیهانى عه‌ره‌بى، تا وڵاتانى عه‌ره‌بى ناچاربكات پێویستیان پێی بیت و هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ ببه‌ستن.
2-2. ڕۆڵى فاكته‌رى ناوخۆیی له كه‌مبونه‌وه‌ى ئاوى عێراق
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى له‌ناوخۆى خۆیدا عێراق خاوه‌نى (8) ده‌ریاچه‌یه، ئه‌وانیش تووشى كه‌مبونه‌وه‌و ووشك بونێكى ترسناك بونه‌ته‌وه. هه‌ره به‌ناوبانگترینیان "ده‌ریاچه‌ى ڕه‌زازه" یه، دووه‌م گه‌وره‌ترین ده‌ریاچه‌یه له عێراقدا، ئه‌كه‌وێته نێوان هه‌ردوو پارێزگاى ئهنبارو كه‌ربه‌لاوه، درێژییه‌كه‌ى (1800) كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌یه، كه‌چى به ڕێژه‌ى (90%) تووشى ووشكبون بوه‌و، هه‌رچى گیانه‌وه‌رو ماسى ناو ده‌ریاچه‌كه‌ش هه‌یه تووشى له‌ناوچون بونه‌ته‌وه{12}.
وو‌ڵاتى ئاو و ناسراو به وو‌ڵاتى دوو ڕووبار و شارستانییه‌تى دۆڵى ڕافیده‌ین تینویه‌تى. ووشك هه‌ڵاتنێك كه زۆربه‌ى ناوچه‌كانى عێراق ناناسرێته‌وه!. سیاسییه‌كان و هێزه عێراقییه‌كان هه‌ریه‌كه‌و له شوێنى خۆیه‌وه خه‌ریكى مانه‌وه‌و پته‌وكردنى پێگه‌ى سیاسیی و ماددى و میدیایی خۆیه‌تى، ئه‌وه‌ش له‌سه‌رشانى خاك و تاكى عێراقییه‌كان.!. ئه‌وه‌تا "ده‌ریاچه‌ى ساوه" درێژییه‌كه‌ى (4.47) چوارهه‌زارو چلوحه‌وت مه‌ترو پانییه‌كه‌ى (1.77) هه‌زارو حه‌فتاوحه‌وت مه‌تره. یه‌كێكه له‌و ناوچه گه‌شتیارییانه‌ى عێراق كه كه‌شتیوانى تیاكراوه‌و، جێگه‌ى ئادگار‌و یادگارێكى كۆنى عێراقییهكانهو له ڕووى كهلهپورو فۆلكلۆره‌وه چه‌ندین هۆنراوه‌و چیرۆكى له‌سه‌ر هه‌بوه. ئه‌مڕۆكه ووشك بوه‌و زه‌وییه كشتوكاڵییه‌كانى دهوروبهررى بێ كه‌ڵك بون و، بون به بیابانێك و هیچى تر!. ده‌ریاچه‌یه‌ك هه‌زاران ساڵ ته‌مه‌نى هه‌یه‌و، له سه‌ده‌كانى پێش مێژوو (پێش په‌یدابونى نووسین) ه‌وه هه‌یه، له (2021) دا په‌یتا-په‌یتا چالاكوانانى بوارى ژینگه هه‌واڵى كۆچى دوایی ڕائه‌گه‌یه‌نن، ئه‌مه‌ش هۆكاره‌كانى ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستێوه‌ردانى خراپانه‌ى مرۆڤ له سروشت و پیشه‌سازیی و جیۆلۆجى و به‌هه‌ڵم بون و كه‌مى باران و به‌هاناوه نه هاتنى حكومه‌ت{13}.
ئینجا له عێراقدا، ووشكه‌ساڵى و فاكته‌ره ده‌ره‌كییه‌كان به‌ته‌نها ڕووبارهكانیان نه‌گرتۆته‌وه، به‌ڵكو پرۆژه‌كانى ئاوى شیرین و ئاودێریش به‌هۆى هه‌ژمونى گروپه توندڕه‌وه‌كانى وه‌كو "داعش" ه‌وه به ئامانج گیراون، هه‌روه‌كو چۆن داعش چه‌ندین هێڵى بۆڕى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتیان كرده ئامانج، به‌نداوه ئاوییهكانیشى به ئامانج گرت، به‌نداوى فه‌لوجه‌یان له رٍۆژئاواى عێراق له ساڵى (2014) تێك دا. ئه‌وه‌ش بوه هۆى ووشك بونى چه‌ندین پرۆژه‌ى كشتو‌كاڵى و ئاودێرى له ناوچه‌ى سه‌قلاویه، ئه‌بو غرێب، ره‌زوانییه، له‌تیفییه و ئه‌سكه‌نده‌رى.
به‌پێى (ئاماره‌كانى حكومه‌تى عێراقى، 2021)، ژماره‌ى دانیشتوانى عێراق (40) ملیۆن كه‌سه، ساڵانه پێویستییان به (71) ملیار م3 ئاوه. له كاتێكدا ساڵى (2035) ژماره‌ى دانیشتوانى عێراق ئه‌بێته (50) ملیۆن، له‌و كاته‌دا ئاستى ئاوى عێراق له‌سه‌ر زه‌وى ئه‌بێته (51) ملیار م3 ى ساڵانه له دواى ته‌واوبونى هه‌موو پرۆژه بهنداوییهكانى كه دراوسێكانى عێراق له‌ده‌ره‌وه‌ى سنورى عێراق بیناى ئه‌كه‌ن{14}!. ئه‌مه كاره‌ساتێكه ووڵاته‌كه ئه‌خاته به‌ر مه‌ترسى سڕینه‌وه.
وه‌زیرى پێشوترى سه‌رچاوه ئاوییه‌كانى عێراق” محسن الشمری": ملیارێك دینار بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ى به بیابانبون دیاریكرا له (2019) به‌ڵام دزرا. : سه‌رچاوه: شفق نیوز
سێهه‌م: ئاو له یاساى گشتى نێوده‌وڵه‌تى دا
سه‌ره‌تاى شارستانییه‌ت له ئاوه‌وه بوه. ته‌نانه‌ت خودا له قورئاندا ئه‌فه‌رموێت " وجعلنا من الما‌ء كل شي‌ء حي أفلا یۆمنون- سوره الانبیا‌ء- 30- هه‌موو شتێكى زیندوومان له ئاو دروستكردووه، ئایا باوه‌ڕتان هێناوه ؟.. گرنگى ئاو واى كردووه هه‌میشه مرۆڤه‌كان به‌دوایدا گه‌ڕاون و له كوێ ئاویان دی بێت ئه‌و شوێنه‌یان ئاوهدانكردۆتهوه. بۆیه مرۆڤه‌كان و دواتر ده‌وڵه‌ته‌كان به‌رده‌وام هه‌وڵى كۆنترۆڵكردنیان داوه. بۆ ئه‌مه‌ش له‌م دواییانه‌دا ده‌وڵه‌تان وه‌ك كارتى سیاسیی و سزادانى ئه‌وانى تر "ئاو"یان به‌كارهێناوه. بۆیه كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى یاساى تایبه‌ت به ئاوى داناوه‌و، پێناسه‌ى كردووه.
بهكورتـى، ئه‌و ئاوانه‌ى له‌ناو یه‌ك ده‌وڵه‌تدان "ڕووبارى نیشتیمانین" (له ناو ده‌وڵه‌ته‌كه‌دا هه‌ڵ ئهقوڵێت و كۆتایشى دێت- وه‌كو رووبار‌ى تایمز له به‌ریتانیاو..) ئه‌وا مافى ده‌وڵه‌ته به ئاره‌زووى خۆى سوودى كه‌شتیوانى و پیشه‌سازیی و كشتوكاڵ و ئاودێریی لێ ببینێت بۆ خۆى. به‌ڵام ئه‌و ئاوانه‌ى سنورى دوو ده‌وڵه‌ت یان زیاتر ئه‌گرنه‌وه ئه‌وانه ئاوى نێوده‌وڵه‌تیین و ئه‌بێت هه‌ر وڵاتێك ڕه‌چاوى ده‌وڵه‌تى خوارووى خۆى بكات. كۆنگره‌ى ڤیه‌ننا- 1815 بۆ یه‌كه‌مجار مافى كه‌شتیوانى به سه‌رجه‌م ووڵاتان دا. دواتریش یاساكان قۆناخى دیكه‌یان بڕى، تاگه‌یشته ئه‌وه‌ى كه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان ساڵى (1997) یاساى ئاوى نێوده‌وڵه‌تى بۆ دیجله‌و فورات ده‌ركرد كه پێویسته توركیا پێوه‌ى پابه‌ند بێت. له‌م یاسایه‌دا وڵاتان ئه‌بێت ڕه‌چاوى بنه‌ماى دادگه‌رى بكه‌ن و زیان به دراوسێكانیان نه‌گه‌یه‌نن. عێراق و توركیا ئه‌گه‌رچى له ساڵى (1947) ڕێككهوتنامهیهكیان سه‌باره‌ت به ئاوه‌كانى دیجله‌و فورات واژۆكرد كه كه‌سیان بۆى نه‌بێت زیان به ئه‌ویدى بگه‌یه‌نێت. دواتریش ده‌یان دانیشتن و ڕێككه‌وتنى دیكه‌ى دوو لایه‌نه‌و نێوده‌وڵه‌تى كراوه به‌ڵام بێ ئه‌نجام بون.
ئه‌م گرفتانه له پێش دا به پێى گفتوگۆى نێوان دوو وڵاتى په‌یوه‌ندیدار میكانیزمى بۆ ئه‌دۆزرێته‌وه، ئه‌گه‌ر نه‌گه‌شتنه ڕێككه‌وتن په‌نا بۆ نێوبژیوان – تحكیم الدولى (Arbitration Organizations) ئه‌برێت، پاشان له رێكخراوه هه‌رێمییه – ناده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌كو كۆمكارى عه‌ره‌بى سكاڵا ئه‌كرێت، له‌پاشاندا گرفته‌كه له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان ئه‌خرێته ڕوو بۆ سزادانى لایه‌نى ده‌ستدرێژی كار.
چواره‌م: ڕۆڵـــى خراپهكارانهى مرۆڤ له وێرانكردنــى زه‌وی دا
گوێ نه‌دانى مرۆڤ و وڵاتان به ژینگه‌و پرسه گه‌ردوونییه‌كان له پێناو ته‌ماح و چاوچنۆكى خۆیاندا، گه‌شه‌كردنى پیشه‌سازیی و سه‌رمایه‌داریی و ده‌ستوه‌ردانى سه‌رمایه‌و بانكه گه‌وره‌كان له هه‌موو پنتێكى ئه‌م جیهانه، هه‌روه‌ها هه‌ڵپه-ههڵپى كۆمپانیاكان بۆ به‌رهه‌مهێنانى زیاتر و كهڵهگهكردنى سه‌رمایه‌ى زیاتر "بۆ چینێكى دیاریكراو"، ئه‌مانه هه‌موو پێكه‌وه، گرفتــى كونبونى ئۆزۆن و پیسبونى به‌رگه هه‌واو تێكچونى كه‌ش و كه‌م ئاویی به‌دواى خۆیدا هێناوه. بێ ئه‌وه‌ى ئه‌م كۆمپانیایانه له وڵاتانى دواكه‌وتودا هیچ باجێكى وه‌ها بده‌ن و ڕه‌چاوى ژینگه بكه‌ن شاخ و دۆڵ و زه‌وى و ئاسمانیان به‌خۆڕایی پێ به‌خشراوه. ئیمڕۆكه "به بیابانبون- Desertification" كێشه‌یه‌كى جیهانییه، زۆربه‌ى ووڵاتانى جیهان به‌ده‌ستییه‌وه ئه‌ناڵێنن، كه‌مبونه‌وه‌ى ئاو و شێدارى وا ئه‌كات چینى سه‌ره‌وه‌ى زه‌وى له خاك و خۆڵ داماڵرێت، ئه‌وه‌ش ڕاسته‌وخۆ هۆكارى نه‌مانى ڕووه‌ك و دره‌خت و باڵنده‌و كێوى وجۆره‌ها زینده‌وه‌رى تره، دواتریش ئه‌م ڕووبه‌ره زه‌وییانه بۆ كشتوكاڵ و ژیان به‌كه‌ڵك نایه‌ن، ئیتر لێره‌وه نرخى خۆراكى جیهانى به‌رزئه‌بێته‌وه‌و، ڕێژه‌ى هه‌ژارى زیاد ئه‌كات.
هه‌موو سه‌رچاوه زانستییه‌كان و، لوتكه جیهانییه‌كانى ساڵانه له لایه‌ن وڵاتانى پێشكه‌وتوه‌وه ئه‌به‌سترێن، گه‌یشتون به‌و ڕاستییه‌ى كه زۆربونى چالاكى و ده‌ستێوه‌ردان و جووڵه‌ى مرۆڤ بوه‌ته هۆى به‌رزبونه‌وه‌ى ئاستى دوانۆكسیدى كاربۆن (Co2)، ئه‌وه‌ش بوه‌ته هۆى به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رماو توانه‌وه‌ى به‌سته‌ڵه‌كى جه‌مسه‌ره‌كانى زه‌وى و تێكچونى وه‌رزه‌كان و كه‌شوهه‌وا. ئه‌م گۆڕ‌انى كهشوههوایهش ئه‌بێته هۆى گۆڕان له سیسته‌مى ژینگه‌یی-Ecosystem و هه‌مه‌جۆریی ژیان-Biodiversity له‌سه‌ر زه‌وى:
به‌ڵام!. جیهان هه‌میشه سه‌رقاڵى جه‌نگ و ململانێ و خۆپڕچه‌ككردنن، نه‌ك ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى سروشت و ڕووانین بۆ به‌خته‌وه‌رى و سه‌لامه‌تى مرۆڤ!. ئه‌وكاته‌ى ئه‌مریكا (78) ملیار دۆلارى بۆ جه‌نگى عێراق -2003- سه‌رفكرد. به كه‌متر له‌و پاره‌یه، ئه‌توانرا زامنى ئاوى شیرین بۆ هه‌موو تاكێكى گۆى زه‌وى بكه‌ین، ته‌ندروستى و خوێندن و خزمه‌تگوزارى باشیان پێشكه‌ش بكه‌ین ". ته‌نها ئه‌مریكا له نێوان ساڵانى (2016 بۆ 2020) دا چه‌كى به (97) وڵات و نه‌ته‌وه‌ى جیاوازى دونیا فرۆشتوه. به پێى " په‌یمانگه‌ى ستۆكهۆڵمى نێوده‌وڵه‌تى بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ى ئاشتى" له ساڵى (2015 ه‌وه هه‌تا 2020) هه‌موو ساڵێك سعودیه بایی (10.7) ده ملیار‌و حه‌وتسه‌ت ملیۆن دۆلار چه‌كى له ئه‌مریكا كڕیوه، له‌ماوه‌ى ئه‌و پێنج ساڵه‌دا ئه‌مریكا بایی (64.7) ملیار دۆلار چه‌كى به سعودییه فرۆشتوه. تا واى لێهات لێكۆڵه‌رێكى وه‌ك بروج رایدل " Bruce Riedel " له (4ى شوباتى 2021) له په‌یمانگه‌ى برۆكینز بابه‌تێك بڵاوبكاته‌وه به‌ناونیشانى " ئیتر كاتیه‌تى ئه‌مریكا فرۆشتنى چه‌ك به سعودییه بوه‌ستێنێت!"{15}. چونكه هه‌موو ئه‌و چه‌كانه له شه‌ڕى حوسییه‌كان و كوشتنى ملیۆنه‌ها یه‌مه‌نى دا به‌كارئه‌هێنێت، كه سه‌دان جار كاره‌ساتى مرۆیی جۆراوجۆرى لێكه‌وتۆته‌وه.
پێنجه‌م: نادیارى ئاینده‌ى ئاو له كوردوستان!
كوردیش به‌شێك بوه له جه‌سته‌ى مێژوو و شارستانییه‌ت، ڕوواندنى گه‌نم و جۆ وه‌ك كشتوكاڵ له گوندى "چه‌رموو" سه‌ریهه‌ڵداوه له كوردستان. (ئاو) یش به‌شێكه له ڕه‌گه‌زو ناسنامه‌ى كوردوستان، له شیعر‌و ئه‌ده‌بیاتى كلاسیكى كوردیدا "فه‌قێ ته‌یران" و "ئه‌حمه‌دى خانى" باسى ئاویان تێكه‌ڵ به ئه‌ده‌بیات كردووه ." گۆران" ى شاعیر دیمه‌نى جوانى كوردوستان و ئاوى قه‌ڵبه‌زه‌ى تێكه‌ڵ به هه‌ڵبه‌سته‌كانى كردووه..كوردوستان خاوه‌نى سامانێكى ئاویی بێشوماره، كه به‌ره‌و سست بون ئه‌چێت.
بۆیه كێشه‌ى ئاو، ته‌نها له‌ناوه‌ڕاست و خواروى عێراقدا كورت ناكرێته‌وه.. ساڵى (2008) حكومه‌تى هه‌رێمى كوردوستان "ووشكه ساڵى " ڕاگه‌یاند، بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌و قه‌یرانه‌ش (120) ملیۆن دۆلارى سه‌رفكرد، نه‌ك هه‌ر قه‌یرانه‌كه‌ى چاره‌سه‌ر نه‌كرد، به‌ڵكو به‌پێی ڕاپۆرتى دیوانى چاودێرى سوله‌یمانى (هه‌موو مودیرناحیهو قایمقامه‌كان) لهگهندهڵــى پاره‌ى ووشكه ساڵییه‌وه گلاون، ته‌نها پارێزگارى ئه‌وساى سوله‌یمانى (5) ملیار دینارى ووشكه‌ساڵى لووشدا " به‌پێى ڕاپۆرتى دیوانى چاودێریی دارایی-2009".!. كه‌مبونه‌وه‌ى ئاوى خواردنه‌وه، كه‌مى باران، نه‌بونى عه‌له‌ف بۆ ئاژه‌ڵان، ووشكبونى چه‌م و كانیاوه‌كان، نه‌مانى باڵنده‌و ئاژه‌ڵه كێوییه‌كان، دابه‌زینى ئاستى ئاویی ڕووبار‌و ده‌ریاچه‌كان. هه‌روه‌ها كه‌مبونه‌وه‌ى ئاوى ژێر زه‌وى، له‌هه‌ره گرفته قووڵه‌كانى ئێستا‌و ئاینده‌ى كوردوستانن ..ئێستا لهشارهكانى كوردوستان، له ڤیه‌للاو باخه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شار له (100) مه‌تره‌وه بۆ (250) مه‌تر بیرى ئیرتوازى لێ ئه‌ده‌ن، ناگاته ئاو و هه‌ره‌سیش دێنێت ؟!.
له هاوینـى (2021) دا به به‌راورد به (2020) ئاستى ئاوى ده‌ریاچه‌ى دوكان (8) هه‌شت مه‌تر دابه‌زیوه. به پێى بهڕێوهبهرایهتــى گشتى ئاو‌و ئاوه‌ڕۆى هه‌رێمى كوردستان له ته‌واوى كوردستاندا ئاستى ئاو كه‌مى كردووه، بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م گرفتى كهمئاوییهش حكومه‌تى هه‌رێم بڕى (2.5) دوو ملیارونیو دینارى دابینكردووه. ئه‌كرا حكومه‌ت سیاسه‌تێكى ئاویی باشترى هه‌بێت ئه‌و گوژمه پارانه‌ى بۆ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌و كێشه‌كان خه‌رجى ئه‌كات بۆ بیناكردنى سیاسه‌تێكى ئاویی و كشتو‌كاڵى به‌هێز ته‌رخانى بكات. ئه‌و بڕه ئاوه‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌به‌راورد به ژماره‌ى دانیشتوانه‌كه‌ى و نه‌بونى سێكته‌رى كشتو‌كاڵى و پیشه‌سازیی گه‌وره سه‌رفى ئه‌كات ئێجگار زۆره. ڕۆژانه له هه‌رێمى كوردستان له ڕێگه‌ى (91) پرۆژه و (5710) بیره‌وه نزیكه‌ى (2) دوو ملیۆن م3 ئاو دابه‌ش ئه‌كرێت {16}.
دواجار گه‌لى كورد، به بێ گازى سروشتى، به بێ نه‌وت، ئه‌توانێت بژى. به‌ڵام به بێ ئاو ناتوانێت به‌رده‌وام بێت و بهرانبهرهكانى و دراوسێكانى هاریكاریى ناكه‌ن.
ڕاسپارده‌كان
ئه‌م په‌یپه‌ره ئه‌كادیمییه له‌گه‌ڵ خۆیدا، چه‌ند خاڵێكى وه‌ك میكانیزمى چاره‌سه‌ریی یاداشت كردووه، كه ئه‌مانه‌ن:
یه‌ك: له‌یه‌كه‌م هه‌نگاودا له‌سه‌ر ئاستى عێراق، هه‌رێمى كوردستان، حیزبه سیاسییه‌كان، پلاتفۆڕمێك ساز بكرێت بۆ پرسى ئاو و ره‌هه‌نده‌كانى و مه‌ترسییه‌كانى و چاره‌سه‌رییه‌كانى دیارى بكرێت.
دوو: گرتنه به‌رى سیاسه‌تێكى مۆدێرن بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ئاو. ئیتر كاتیه‌تى كه‌رتى ئاو له عێراقدا به پێى ستراتیژێك مۆبیلیزه بكرێت.
سێ: نه‌وه‌ى نوێ له عێراق دا فشار دروست بكات تاوه‌كو ده‌سته‌ڵاتداران ئاوى عێراق و نه‌وه‌كانى ئاینده نه‌كه‌ن به قوربانى په‌یوه‌ندیی كه‌سیی و تایبه‌تییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا و ئێران. عێراق زیاد له كارتێكى به‌ده‌سته‌وه‌یه له به‌رانبه‌ر توركیا به‌كاریبهێنێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕووباره‌كان ووشك نه‌بن.
چوار: له عێراقدا، پێشوتر رٍێكخراوه جیهانییه‌كان پاره‌یه‌كى زۆریان داوه به كه‌سانێك گوایه ئیش له بوارى ئاو و ژینگه‌دا ئه‌كه‌ن، كه‌چى ئه‌وانه به‌شێك بون له گه‌نده‌ڵى و سپى كردنه‌وه‌ى پاره‌و، حكومه‌تى عێراقیش ئه‌یانناسێت، سزاى توند بدرێن. هه‌روه‌ها پاره‌ى دیكه بۆ ئه‌م پرسانه ته‌رخانكراون و دیارنه‌ماون. لێره‌وه پرسى ئاو پرسى هه‌موو كه‌سێكه، هه‌موو كه‌سێك هۆشیار بكرێته‌وه له هه‌موو ڕێگه‌یه‌كه‌وه كه ئاو به فیڕۆ نه‌دات. ئه‌مه ببێته ستراتیجى سه‌دان ناوه‌ندى فێركردنى په‌روه‌رده‌یی و كاركردنى میدیا‌و ناوه‌نده ئاینییه‌كان و...تادوایی بۆ ڕوونكردنه‌وه.
پێنج: به‌كارهێنانى ئاو و كاره‌با له عێراقدا بكرێته سیسته‌م وه‌كو وڵاتانى ئه‌وروپا، تا زێده‌ڕۆیی پێوه نه‌كرێت و، حكومه‌ت لێپێچینه‌وه له سه‌رپێچیكاران بكات.
شه‌ش: وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ به‌رگرتن له‌و كاره‌ساته ژینگه‌ییانه‌ى به‌ڕێوه‌ن، به ده‌یان ملیۆن تۆوى ڕووه‌كى و نه‌مام و سه‌وزایی له‌و ناوچانه بچێندرێن بۆ به‌گژاچونه‌وه‌ى به بیابانبونى ووڵاته‌كه. به‌دواى ئه‌و شێوازه له ناشتن و له ڕووه‌كدا بگه‌ڕێن كه تواناى به‌رگه‌گرتنى كاره‌ساتى هه‌یه.
سه‌رئه‌نجام
به پێى ئه‌م باسه‌مان بێت، چوار فاكته‌رى سه‌ره‌كى هۆكارى كه‌مبونه‌وه‌ى ئاون له عێراق، یه‌كه‌میان، وڵاتانى دراوسێ (توركیا‌و ئێران) ئاوى عێراق وكوردستان ئه‌گرنه‌وه‌و به‌شێكن له ووشك بونى. دووه‌م، كه‌مى ئاستى بارانبارین به‌هۆى گۆڕ‌انى كه‌شوهه‌واو به‌رزبونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رماو پاشان به هه‌ڵم بونى ئاوه خهزنكراوهكان. سێهه‌م، به‌هۆى شه‌ڕو توندتیژییهكانهوه به تایبه‌ت داعش به‌نداو و خه‌زێنه‌كانى ئاوى ته‌قاندۆته‌وه. چواره‌م، فاكته‌رى حكومه‌تى عێراق خۆیه‌تى كه سیاسه‌تێكى مۆدێرنى به‌رانبه‌ر ئاسایشى ئاو نییه. له‌م میانه‌شدا خه‌ڵكى عێراق ده‌ست به ئاوه‌وه ناگرن و زێده‌ڕۆیی به‌رانبه‌ر ئه‌كه‌ن.
له كۆتاییدا، ئه‌گه‌ر نه‌وت و غاز وه‌ك سه‌رچاوه‌ى ووزه‌ى پێویست گرنگ بن بۆ كارگه‌و كارخانه پیشه‌سازییه‌كانى دونیا‌و جوڵه‌ى ئۆتۆمبیل و فڕۆكه‌و كه‌شتییه‌كان له له دونیادا. ئه‌وا "ئاو" به‌شێكه له‌و ووزه‌یه‌ى له‌ئه‌گه‌رى نه‌بونى دا خودى ژیان و گێتى له جووڵه ئه‌وه‌ستێت. مرۆڤ بۆخۆى له ئاو دروست بوه، زه‌وى و شارستانییه‌ت و سه‌رچاوه‌ى گرنگى "بوون" بریتییه له ئاو...به كه‌مبونه‌وه‌ى ئاوى عێراق و مه‌ترسیدار ده‌ركه‌وتنى هۆڕه‌كانى باشورى عێراق و تێكچونى ژینگه‌كه و، به بیابانبون، ته‌نها مرۆڤه‌كان ناكه‌ونه به‌ر مه‌ترسیی هه‌ژاریی، ته‌نها نه‌بونى كشتوكاڵ و ئاودێریی لێكهوتهكهى نییه، بگره ته‌واوى زینده‌وه‌ران و سیسته‌مى ئیكۆلۆجى ناوچه‌كه تێك ئه‌چێت كه به‌هه‌زاران ساڵ و له پرۆسه‌ى جیۆلۆجى دا دروستبون. هه‌روه‌ها مێژوو و شارستانییه‌تى عێراق و یادگاریی و ئه‌ده‌بیاتی وڵاته‌كه‌ش ئه‌كه‌وێته به‌رده‌م سڕینهوهیهكى یهكجارهكــــــــــــــــــــــــى.
بۆ خوێندنەوەی ئەم بابەتەو داگرتنی بە شێوەی پی دی ئێفpdfکلیک لێرە بکە
+به‌هرۆز جه‌عفه‌ر/ دكتۆرا له په‌یوه‌ندییه ئابورییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان- دامه‌زرێنه‌رو سه‌رۆكى په‌یمانگه‌ى مێدیتریانه بۆ توێژینه‌وه‌ى هه‌رێمایه‌تى-MIRS
بیبلۆگرافیا:
(1). Sköld, M (2020). 5 reasons why the climate crisis is a water crisis. SIWI.
(2). UNICEF (2021): One in five children globally does not have enough water to meet their everyday needs. See here:
https://www.unicef.org/press-releases/one-five-children-globally-does-not-have-enough-water-meet-their-everyday-needs#:~:text=NEW%20YORK%2C%2018%20March%202021,to%20meet%20their%20everyday%20needs.
(3). C. Zeman, M. Rich & J. Rose (2006). World water resources: Trends, challenges, and solutions. Springer. 239 WRC. University of Northern Lowa. P333-334.
(4). Wessels. j (2009)Water Crisis in the Middle East: An Opportunity for New Forms of Water Governance and Peace. The Whitehead Journal of Diplomacy and International Relations. P: 131.
(5). Chathamhouse (2020) Same Old Politics Will Not Solve Iraq Water Crisis. See here:
https://www.chathamhouse.org/2020/04/same-old-politics-will-not-solve-iraq-water-crisis
(6). مركز الجزيرة للدراسات (٢٠١٨) مخاطر الأزمة المائية في العراق: الأسباب وسبل المعالجة
(7). العربي الجديد (٢٠٢١) العراق: تركيا خفضت منسوب نهري دجلة والفرات إلى النصف وإيران قطعت روافد مهمة.
(8). العربي الجديد (٢٠١٥) الأمن المائي العربي[1/ 6]..إيران وداعش يدمران مياه العراق... بغداد- الامير العبيدي.
(9) سري الدين، عايدة العلي ( 1997 ) "العرب والفرات بين الاسرائيل و تركيا "، دار الآفاق الجديدة، بيروت، ص 197 -198.
(10). UNVER, O. H., 1997. Southeastern Anatolian Project (GAP): Water Resources Development, Vol. 13 (NO.4)
(11). يسري عبدالرؤف يوسف الغول (2011) ، أثر صعود حزب العدالة والتنمية التركي على العلاقات التركية- الاسرائيلية، جامعة الازهر- الغزة . ص 45-49.
(12) الجزيرة (٢٠١٩) بحيرة شهيرة في العراق تموت عطشا. انظر هنا:
https://www.aljazeera.net › news › ال...
(13). العربي الجديد (٢٠٢١) بحيرة ساوة... عراقيون ينعون جزءاً من تاريخهم، بغداد- كرم سعدي.
(14). العربي الجديد (٢٠٢١) سدود تركيا وإيران تجفف دجلة والفرات في العراق، بغداد- براء الشمري
(15). Bruce Riedel (2021) It’s time to stop US arms sales to Saudi Arabia. Brookings Institute. See here:
https://www.brookings.edu/blog/order-from-chaos/2021/02/04/its-time-to-stop-us-arms-sales-to-saudi-arabia/
(16). رووداو (2021). ئاستى ئاوى دووكان هه‌شت مه‌تر دابه‌زیوه. https://www.rudaw.net/sorani/kurdistan/2905202114