• English
  • العربية

دووشەمەی ڕەش ڕۆژێكی مێژوویی لە جیهانی نەوتدا

بلۆگ

4/27/2020 1:46:00 AM

ڕۆژی دووشەمە ڕێكەوتی 20ی نیسان ڕووداوێكی دەگمەن لە مێژووی جیهانی نەوتدا ڕوویداوە هەتا ئەمڕۆ شتی وەهای بە خۆوە نەبینیوە ئەویش دابەزینی نرخی نەوتی تكساسی ئەمریكی بوو بۆ 37$ خوار سفر واتە كڕیار نەوتەكەی بە خۆڕایی دەفرۆشێت و 37دۆلاریش دەدات بۆ هەر بەرمیلێك نەوت، ئەم دیاردەیە لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە و هەڵوێستی حكومەتی ئەمریكا چیبووە؟

یەكێك لەو فاكتەرانەی كاریگەری  لەسەر نرخی نەوت هەیە ڕەفتاری جامبازەكانە (المضاربین).  جامبازەكان كەسانێكی پارەدارن هەڵدەسن بە كڕینی نەوت لە دەولەتە بەرهمهێنەكان بە نرخێك كە هەردوولا لەسەری رێك دەكەون بۆ ماوەیەكی دیاریكراو مانگێك یان دوو مانگ یان سێ‌ مانگ، لەو ماوەیەدا نرخی بازاڕی نەوت هەر گۆڕانیكی بەسەردابێت كاریگەری بۆ سەر ئەو ڕیكەوتنە نابێت، ئەم جۆرە ڕێكەوتنەی نێوان كڕیار و فرۆشیار پێی دەڵێن گرێبەستی ئایندە (العقود الاجلە). ئەم جۆرە گرێبەستە لە 20ی هەموو مانگێك كۆتایی دێت, لە ڕۆژی دوایی پێویستە لەسەر كڕیار نەوتەكەی بگوازێتەوە، بەڵام ئەم جارە كە كات گەیشتە 20ی مانگ نرخی نەوت خۆی بەهۆی پەتای كۆرۆناوە دابەزی بوو داخوازی لەسەری كەم ببۆوە عەمبارەكانی ئەمریكاش هەمووی پڕببوون لە ئەنجامدا ئەگەر كڕیار نەوتەكەی نەگوازێتەوە كرێی هەڵگرتنی (خزن) دەكەوێتە سەركە گەیشتبووە نزیك 700% بۆیە كڕیارەكان بەهەر حاڵ دەیانویست گرێبەستەكەیان لە كۆڵ بێتەوەو پارەشیان لەسەریەوە ئەدا بەرامبەر هەر بەرمیلێك 37$ نەوتەكەش بە خۆڕایی. لە ئەنجامی ئەم كارەساتەدا بەشێك لە كۆمپانیا ئەمریكییەكان مایە پووچ بوون و ملیۆنان كەس بێكار بوون. بێگومان ئەو شارانەی كۆمپانبا نەوتیەكانی تێدابە بۆ سەرۆك ترامپ گرنگن و چارەنووسی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی دیاری دەكات كە لە مانگی نۆڤەمبەری ئەم ساڵدا بەڕێوە دەچێت. ترامپ بۆ چارەسەری كورتخایەنی قەیرانەكە چەند ڕێوشیوێنێكی گرتەبەر:-

١. كڕینی 75 ملیۆن بەرمیل نەوتی كۆمپانیاكان.

٢. فەرمانی بە وەزارەتی خەزێنەی ئەمریكی كرد بۆ قەرەبووكردنەوەی كۆمپانیاكان.

٣. نەكڕینی ئەو نەوتەی ڕۆژانە لە سعودیە وە بۆیان دەهات.

گومانی تێدا نییە ئەوەی بەسەر نەوتی تكساسی ئەمریكی داهات دەگمەنە لە مێژوودا و وەك و ڕۆژێكی ڕەش سەیر دەكرێت.