ووزە و جیۆپۆڵەتیك، پەیوەندییەكی دانەبڕاویان لەگەڵ
یەكتر هەیە، سەدەی بیستەم گەواهیدەری ئەوەیە، ئەو هێزانەی لەدەرئەنجامی ناكۆكی و شەڕەكاندا،
دەستیان گەیشتووە بە سەرچاوە و هێڵەكانی نەوت و غازی سروشتی، ئەوانە تام و بۆنی سەركەوتنیان
چەشتووە، ئەگەر كاریگەری غازی سروشتی و نەوت بە سەر ناوچەیەك یان جوگرافیای سیاسیەوە
ناوبنەین "جیۆپۆڵەتیكی ووزە"، ئەوا " پیترۆپۆڵەتیك- Petro Politic" یش
وەك چەمكێكی تازەی ناو پەیوەندییە ئابورییەكان، بریتی یە لەكاریگەریی پیترۆڵ بەسەر
خودی سیاسەتەوە، پیترۆڵ لەدەیان شوێن هۆكاری هاوپەیمانێتی ناوچەییە، لەدەیان شوێنیش
مایەی جەنگ و هەڕەشەی گەورەیە. بۆیە ئەم نوسینە ئەیەوێ وەڵامی دوو پرسیاری سەرەكی
بداتەوە، ئایا هەرێمی كوردستان چۆن ئەتوانێت لەیەك كاتدا ئیش لەسەر جیۆپۆڵەتیكی ووزە
(قوڵایی ستراتیژی و هەڵكەوتەی جوگرافی خۆی) وە بازاڕی ئابوریی بكات؟. ئایا غازی سروشتی
و نەوتەكەی هەرێمی كوردستان لە دوای پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی (ئیست مێد -
East Med ) بەرەو كوێ هەنگاو ئەنێت؟.
بەرەبەیانی گۆڕانێكی گەورە لە دەریای ناوەڕاست
ململانێكە لەدەریای ناوەڕاست تا بڵێی سەرنجڕاكێشە،
لانی كەم ئەمجارەیان كێبڕكێی دۆزینەوەو دەرهێنانی غازی سروشتی و پێكهاتە كیمیاوییەكانی
تر لە ژێر دەریاوە دەستی پێكردوە، ناوچەكەش (دەریای سپی ناوەڕاست بە گشتی و رۆژهەڵاتی
دەریای سپی بەتایبەت) لە رٍووی جیۆ-ستراتیجیەوە دڵی جیهانە، مەبەست لە ڕۆژهەڵاتی دەریای
سپی قوبرس و لوبنان و ئیسرائیل و سوریایە هەروەها بەشێك لە سنورە ئاوییەكانی توركیا.
ئەم ناوچانە رٍۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەبەستن بە باشوری ئەوروپاوە، لە ڕووی ئەمنیەوە تا
بڵێی بۆ ئەوروپا مەترسیدارە، هیچ نەبیًت لەبەر ئەو ملیۆنەها كۆچبەرەی ساڵانە لەم ئاوانەوە
ئەپەڕنەوە بەرەو ئەوروپا. بۆیە پرسە گەرمەكان لەدوای جەنگی ساردەوە لەم ناوچەیەن. ساڵی
(1995) گەڵاڵەنامەی بەرشەلۆنە-
Barcelona Declaration لە نێوان
وڵاتانی ئەوروپاو دەوڵەتانی ئەكەونە سەردەریای ناوەڕاست ڕاگەیەندرا بۆ پرسی هاریكاریی
هاوبەش و ئاسایشی هاوبەش، ساڵی (2008) پێكەوەبونەكە توندوتۆڵكرا لە چوارچێوەی دروستكردنی
(یەكێتی بۆ دەریای سپی ناوەڕاست - Union For the Mediterranean) وەكو ڕێكخراوێكی حكومی نێودەوڵەتی
كە لە (43) دەوڵەت پێكدێ (28 دەوڵەتی ئەوروپی و 15 وڵاتی دیكە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست
و باكوری ئەفریكا كە ئەكەونە سەردەریای ناوەڕاست). كاتێكیش بەهاری عەرەبی لە تونس و
میسر و دواتریش ئاشوب لە جەزائیر و سوریا سەریهەڵدا، دەركەوت ئەم یەكێتیە بۆ ئەوروپا
بوە نەك بۆ گەلانی ناوچەكە، بەوەی خۆرئاوا بەگشتی پاشەكشەی كرد لەو بەرپرسیارێتی و
هاریكارییە مرۆییانەی دەبو بەجێیان بگەیەنێت.
ڕۆژی 2ی جانیوەری 2020 ئەستێڵی مێژوو ڕێككەوتنێكی
گەورەی بەخۆیەوە بینی، هەریەكە لە قوبرس و یۆنان و ئیسرائیل پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی دەریای
سپی (ئیست مێد – EastMed یان
ڕاگەیاند. تیایدا بە دریّژایی 1900 كیلۆمەتر بۆڕی بەژێر ئاودا غازی كەنارە ئاوییەكانی
ئیسرائیل و قوبرس ئەگوازرێتەوە بۆ دوورگەی "كریت –
Crete" ی یۆنان لەوێشەوە بۆ ئیتاڵیاو
ناوچەكانی تری باشوری ئەوروپا. هێڵەكە لەتوانایدایە ساڵانە 10 بۆ 12 ملیار مەتر/3 غازی
سروشتی بگوازێتەوە. ئهمهش لهكاتێكدایه غازی سروشتی بوەتە سەرچاوەیەكی سەرەكی بۆ كارگەو كارخانە پیشەسازییەكانی
جیهان و، سەرچاوەی سەرەكی جووڵە و مەكینەو، هەروەها خۆ-گەرمكردنەوەشە، بە پێی ڕاپۆرتی
ئاژانسی ووزەی جیهانی لە ساڵی (2019) ەدا تێكڕای پێویستی جیهان بۆ غاز هەتا ساڵی
(2024) بە بڕی (1.6%) زیاد ئەكات.
زۆربەی چاودێرانی
بواری ئاسایشی ووزەو پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكان لایانوایە، ئیسرائیل لەم گەمە جیۆپۆڵەتیكی
و ئابورییەدا براوەی یەكەم و توركیاش هیچ شتێكی ئەوتۆی دەست ناكەوێت؟. لەساڵی (1958) ەوە هەتا (2009) لە كەنارە ئاوییەكانی
دەریای ناوەڕاست، لە قووڵایی دەریا، لە دەوروبەری حەیفا، بەدوای نەوت و غازی سروشتیدا
ئەگەڕێن، لە (1958) لە بیابانی زیفە (2) ملیار مەتر غازی سروشتیان دۆزییەوە لە كێڵگەی
"زوهر"، ئەمە هیچی وا نەبوو، ساڵی (1999-2000) دوای وچانێكی زۆر لە هەردوو
كێڵگەی (نوعاو میری) لە دەریای ناوەڕاست لە بەرانبەر عەسقەلان بڕی (45) ملیار مەتر
سێجا غازی سروشتیان دۆزییەوە. ساڵی (2009) بە بەكارهێنانی پێشكەوتوترین تەكنۆلۆژیاو
تەكنیك ئیسرائیل توانی لە كێڵگەی (تیمار و تیمار دروم) لە باكوری خۆرئاوای حەیفا
(307) ملیار مەترسێجا غازی دیكەی بدۆزێتەوە بە قووڵی (1750) مەتر لەژێر ئاودا. كۆتایی
ساڵی (2010) كەناوچەكە سەرقاڵی لێكەوتەكانی هەڵگیرسانی بەهاری عەرەبی بون، ئیسرائیل
گەورەترین كێڵگەی لەمێژووی خۆیدا دۆزییەوە بەناوی (لیڤاسان-Leviathan)
كە یەدەگی غاز تیایدا (622) ملیار مەتر/3. بەمجۆرە
كۆی یەدەگی غازی ئیسرائیلی بەدیاریكراوی لەنێوان (1,071 بۆ 2.2) تریلیۆن مەتر/3 دایە.
ناوەندەكانی ئیسرائیل تەنها لەوەدا ناكۆكن ئاخۆ
ڕۆژی یەكەمی هەناردەكردنی غازی وڵاتەكەیان لە پرۆژەی ئیست –
مێد ناوبنێن "ڕۆژی جەژن" یان " دێڵە مێژووییەكە". جارێ پێش هەموو
شتێ بە مێژووی خۆیان ئەم وڵاتە پێویستیان بە ئاو و نەوت و غاز بوە، لەنەوەتەكاندا
ئاویان لە توركیا ئەكرٍی، ئەوە پێداویستیەیان كۆتایی پێهێنا. لە دوای ڕێككەوتنامەی
ئاشتی نێوان میسر و ئیسرائیل (1979) ەوە لە ڕێگەی هێڵی عەریش- عەسقەلان ەوە ئیسرائیل
غاز لە میسرەوە هاوردەئەكات، كەچی لە 16ی دیسەمبەری 2019 ەوە ئەمە پێچەوانە بۆتەوە!.
ئیسرائیل غاز بەهەمان هێڵ دا بە میسر ئەفرۆشێت!. بە پێی پەیمانگەی ئۆكسفۆرد بۆ ئینێرجی
و هەروەها پەیمانگەی دیراساتی وود ماكینزی
غازی میسر تەنها بەشی 3 بۆ 5 ساڵی دیكەی ماوەتەوە بۆ پرٍكردنەوەی پێداویستیە
نێوخۆییەكانیان. هەروەها بە پێی سەنتەری بیگن-سادات
ی ئیسرائیلی بونی ئەو یەدەگە لە غازو نزیكەی (4.8- 7) ملیار بەرمیل نەوت لە چڕیی غازەكە
بەتایبەت لە كێڵگەی لێڤاسان، وا لە ئیسرائیل ئەكات ساڵانە لە نێوان (16 بۆ 22) ملیار
دۆلار سەرمایەگوزاریی لەسەر بكات لە پرۆژەی ئیست- مێد دا. ئەمە جگەلەوەی ئیسرائیل بۆ
(50) ساڵ پرۆژەی تۆڕباین و كارەبای خۆی لەسەر ئەم یەدەگە مسۆگەر كردوە و، ژمارەی دانیشتوانەكەشی
بەو ڕادەیە زۆر نیە كە پێداویستی نێوخۆیی بۆ ووزە زۆر بێت.
لەو بەرەوە، قوبرص دوورگەیەكی سەرنجڕاكێشە، ڕووبەرەكەی
9250 كم چوارگۆشەیە، تەنها 60 كم لە كەنارە ئاوییەكانی توركیاوە دوورە، 100 كم یش لە
كەنارەكانی سوریاوە، دووری نێوان كێڵگەی لێڤاسانی ئیسرائیلی و ئەفرودێتی قوبرسی تەنها
33 كم ی ئاوییە. لەساڵی 2011 ەدا كۆمپانیای نۆبڵ ئینێرجی توانی كێڵگەی ئەفرۆدێت- Aphrodite بدۆزێتەوە
كە یەدەگی سروشتی تیایدا 3.6 بۆ 6 تریلیۆن
پێ سێجا (129 ملیار م3) یە، كۆماری قوبرس تا ماوەی (18) ساڵ تەنها لەم كیڵگەیە ساڵانە سەروو (9) ملیار دۆلاری
دەست ئەكەوێت. جگە لەوەی كۆمپانیای ئینی ENI
ئیتاڵی بە قوڵایی (4200) مەتر لەناو ئاودا لە بلۆكی
ژمارە (6) دا كێڵگەی "كالیپسۆ – Calypso) ی
لەساڵی (2018) ەدا دۆزییەوە، ئەمیش 5 بۆ 8 تریلیۆن پێ/3 و، هەروەها كێڵگەیەكی گەورەی
تر بەناوی (گلاوكۆس-1-Glaucus)
لە لایەن قەتەر پیترۆلیۆم و ئیكسۆن مۆبیلەوە لە
شوباتی 2019 ەدا دۆزرایەوە. ئەمەش چانسێكی مێژوویی ئەداتە قوبرس (قوبرسی یۆنانی كە
دەوڵەتەو ئەندامە لە یەكێتی ئەوروپا) كە ببێتە یاریكەرێكی نێوچەیی. ئەم پێشكەوتنانەی
قوبرسی یۆنانی بەتەواوەتی توركیای خستۆتە جموجوڵ و كاردانەوە:
توركیا: تینوی ووزەیەو
گەڕ بە پرۆژە ستراتیجیەكانی ناوچەكەدا ئەكات
ئەو ووزەیەی توركیا پێویستی پێیەتی لەناوخۆدا تەنها
(4/1) واتە (25%) ی لەناوەوە بەرهەم ئەهێنێت، ئهمهش له ڕێگهى (سۆلار، ووزهى با، بڕێكى كهم له نهوت و غازى سروشتیهوه) بهدهست ئهخات. بۆیه توركیا ناچاره (75%) ی ووزهى پێویست لە دەرەوە هاوردە بكات، ساڵانە
بە نزیكەیی توركیا پێویستی بە (50) ملیار/ مەتر سێجا غازی سروشتی هەیە، بەمەش دوای چین و ئەڵمانیا توركیا بە سێهەم ووڵاتی
هاوردەكاری غازی سروشتی دائەنرێت، ڕووسیا سەرچاوەی یەكەمی غازی سروشتییە بۆ توركیا
كە (58%) ی پێداویستیەكانی غازی سروشتی بۆ
پڕ ئەكاتەوە، دوای ئەویش توركیا (19%) ی غازی سروشتی خۆی لە ئێران، پاشان (9%) لە جەزائیر و (3%) ی لە نەیجیریاوە هاوردەئەكات.
جگە لەوەی بەهۆی سزاكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران توركیا پابەند بوە بەوەی نەوت و غاز
لە ئێرانەوە هاوردە نەكات. لە ماوەی (2009 بۆ 2019) توركیا ساڵانە بایی (46 بۆ 60)
ملیار دۆلار تەنها غازی سروشتی كڕیوە. كەواتە توركیا پێویستی بە ووزەیە بۆیە هەڵپە
ئەكات لەناوچەكەدا.
لەلایەكی ترەوە كێشەی
قوبرسی توركی بۆ توركیا بوەتە مۆتەكە، قوبرسە توركیەكە تا دێت بە نەناسراوی لە كۆمەڵگەی
نێودەوڵەتی دا ئەمێنێتەوەو، توركیاش وەك داگیركاری ئەو پارچەیە ئەناسێنرێت لەلایەن
قوبرسی یۆنانی و یۆنانەوە. ئەو غازە سروشتیەی لە قوبرصی یۆنانی بەرهەم ئەهێنرێت داهاتەكەی
پشكی قوبرسە توركیەكەی تێدانیە، ئەوەش بەهۆی بونی دەستەڵاتی (100%) ی سەربازیی و سیاسی
و ئیداری توركیا لە قوبرسە توركیەكەدا. ئەگەرچی لەسەرەتادا ئیسرائیل لە 2016 بیریان
لەوەكردەوە كە بە خاكی توركیادا غازی سروشتی هەناردەی ئەوروپا بكەن، بەڵام دواتر بینیان
ئەردۆگان بەردەوام پێشێلكاریی یاسا ئاوییەكان ئەكات و كەشتی بۆ هەڵكەندن ئەنێرێتە قوبرسە
توركیەكە (هیچیشیان نەدۆزییەوە)، بۆیە پرۆژەی رۆژهەڵاتی دەریای سپی لە نێوان قوبرس-
یۆنان –
ئیسرائیل هەروەها میسریش چوە بواری جێبەجێكردنەوە، كە ئەم وڵاتانە هەمویان ناحەزی پلە
یەكی توركیان. لە ئەنجامی ئەمانەدا توركیاش هەستا بە ڕێككەوتن لەگەڵ لیبیا (كە ئەكەوێتە
ئەوبەری یۆنانەوەو سنوریی ئاویی پێكەوەییان هەیە) تەگەرە بۆ پرۆژەی غازی سروشتی ئیسرائیل
و قوبرس و یۆنان دروست بكات. بە پێی ئەو ڕێككەوتنەی توركیا لەگەڵ حكومەتی دانپیانراوی
لیبیا كردویەتی مافیان هەیە گەڕان و پشكنین لە سنورە ئاوییەكانی یۆنان دا بكەن بەتایبەتی
لە دەوری دوورگەی "كریت"..!. ئەمەش ڕاستەوخۆ تورٍەبونی یەكێتی ئەوروپاو ئەمریكاو
ئیسرائیل و قوبرس و یۆنانی لێكەوتەوە. ئەم بێنەوبەرانەی توركیا وای كردووە كە لەساڵی
(2019) ەدا گەشەی ئابوریی بگاتە (0 سفر). وادیارە توركیا وازلەدەستوەردان لە وڵاتانی
دەوروبەری خۆی ناهێنێت لە (2020) دا، چونكە نزیكەی (6000) هەزار سەربازیی لە گروپە
چەكدارەكانی سوریا گواستۆتەوە بۆ لیبیا بۆ هەر چەكدارێكیش (2000$) ی مانگانە خەرجی
دابین كراوە.
زۆرجار ئەو پرسیارەم بە مێشكدا هاتوە، جارێكیش هاوشێوەی
تەنزێك ڕووبەڕووی هاورێیانی ناوەندی لێكۆڵینەوەكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و بەڕێز پرۆفیسۆر
ویساڵ "سەرۆكی ناوەندەكەو ڕاوێژكاری ئەرۆدۆگان"م كردۆتەوە، ئاخۆ بۆچی غازو
نەوت لە میسر، ئیسرائیل،ی قوبرص، سوریا، عێراق، ئازەربایجان، ڕووسیا و تەواوی دەوروبەری
توركیا هەیە، بەڵام لەناو خاكی توركیادا نییە؟!. ئەمە ئیشی خودایە؟ یان چی!؟. ئەوان
بە كاردانەوە وەڵامیان نواند، گوتیان ئێمە غازو نەوتمان هەیە، ئەوەتا موسڵ، ئەوەتا
كەركوك، غازو نەوتی ئەو ناوچانە هی توركیایە.
غازی سروشتی كوردستان لەدوای ڕاگەیاندنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست
دەریای ناوەڕاست (مێدیتریانە): كلیلی سەربەخۆیی
سیاسیی كوردستانی عێراق و سوریایە
هەرێمی كوردستانی
عێراق، لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (2003) ەوە، لەلایەكەوە بازاڕێكی تازەی ووزەیە و،
كۆمپانیا فرەڕەگەزە نێودەوڵەتیەكان بە
لێشاو ڕووی تێدەكەن، لەلایەكی تریشەوە، بە پێی دەستور (عێراق) دەوڵەتێكی فیدراڵی یەو،
بەرپرسیارێتی پەرەپێدانی سامانە سروشتییەكانی
هەرێم بە پێی ماددەكانی (111 و 112 و 115 و
121) ی دەستوری عێراق كەوتۆتە دەستی ئەنجومەنی نەوت و غازی هەرێم، لەژێر ڕۆشنایی یاسای
ژمارە (22ی ساڵی 2007) ی پەرلەمانی كوردستان
كە لەهەمان ساڵدا كەوتۆتە بواری جێبەجێكردنەوە.
لە تێڕوانینی حكومەتی هەرێمی كوردستان دا (ئاژانسی
ووزەی جیهانیش پشتڕاستی كردۆتەوە) یەدەگی غازی سروشتی هەرێم بە (200) تریلیۆن پێ سێجا
(3.5 بۆ 6 تریلیۆن مەتر/3) دایە كە دابەشكراوە بۆ (57) بلۆكی جۆراوجۆر، ئەمە لەكاتێكدا
كۆی یەدەگی غازی سروشتی هەمو جیهان (186 تریلیۆن م3) یە، واتە هەرێم (3%) ی قەبارەی
غازی سروشتی هەمو جیهان پێكدێنێت. لەكاتێكدا هەموو ئەو غازەی لە ئیسرائیل و قوبرص و
میسر هەیە ئەكاتە (122 تریلیۆن پێ سێجا) واتە
(1.2%) ی غازی سروشتی هەمو جیهان. كەواتە یەدەگی غازی سروشتی هەرێمی كوردستان پترە
لەو غازە سروشتیەی لە ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست هەیە.
هەرێم ئەم دەرفەتە مێژووییە گەورەیەی بۆی هاتۆتە
ئاراوە بە ئاسانی ئەتوانێت خۆی بخاتە سەر نەخشەی ووزەی جیهانی، بە ئاسانیش ئەتوانێت
سەربەخۆیی سیاسی لەسەر بینا بكات. بەجۆرێك لەسەر سێ وەتەر كاربكات، وەتەری یەكەمیان
بازاڕ، بازاڕە رۆحی ئابوریی ئازادو جیهانگیریی، ترامپ بەرهەمی بازاڕە، قەتەرو ئیمارات
و قوبرس بەرهەمی بازاڕن، چونكە بەشێكن لە بە دۆلاریزەكردنی پرۆژەكانی خۆرئاوا. بۆ ئەمەش
هەرێمی كوردستان پێویستە بونێكی مۆدێرنی هەبێت لە بازاڕەكانی جیهاندا، لە ڕێگەی جۆراوجۆرەوە
لۆبی بۆ خۆی بكات، ناكرێت بە ڕاپۆرتێكی میدیایی ئۆیەڵ-پرایس كە لۆبیستەكان دژی كیانی
كوردستان بەڕێوەی ئەبەن لەسەدان ناوەندی جیهانیدا ناوبانگی كوردستان بزڕێت. چما حكومەتی
هەرێم بۆ ناتوانێ پاڵپشتی دەیان ناوەندی قووڵی ستراتیجی بكاو سەرپێیان بخات؟. دووەمین
خاڵ پرسی ناسینەوەی قووڵایی ستراتیژیی كوردستانە، كوردستان دراوسێی ئێران و توركیایە
(وەك جیۆپۆڵەتیك) بەڵام دۆستی ئەوروپاو ئەمریكایە (وەك بازاڕ). هەرێمی كوردستان لەخوارەوە
بە حەوزەی كەنداو دەوردراوە (وەك دیارە ئێران هەژمونی هەیە بەسەریداو ئاسایش تیایدا
بەرقەرار نیە)، لە باكوری خۆرهەڵاتێكی دوورەوە كوردستان بە حەوزەی قەزوین دەوردراوە
(وەك دیارە ڕووسیا كۆنترۆڵی كردووە). لە باكوری خۆرئاواشەوە بە دەریای ناوەڕاست (مێدیتریانە)
دەوردراوە كە ئەم حەوزەیە پالًپشتی بێ چەندوچونی ستراتیژی ئەمریكاو بەریتانیاو ئیتاڵیاو
ئیسرائیل و یۆنان و قوبرس و میسر و فەڕەنساو ئەڵمانیای هەیە. ئەمڕۆ یان سبەی ئەبێت
كوردستان سەری خۆی بگەیەنێتە نێو-خوانی دەریای ناوەرٍاست، لە پێشدا بە هۆی كۆنێكت كردنی
بۆرٍی غازەوە، دواتریش هۆیەكانی تر. خاڵی سێهەم، كەرتی ووزەی هەرێم سەراپا پێویستی
بەچاكسازییە ئەو چاكسازییەش دامودەستگەی ئابوریی مۆدێرنی دەوێت، نمونەیەكی سادە، كێڵگەی
كۆرمۆر كە دووەم گەورەترین كێڵگەی غازی هەرێمە بە ڕێژەی (70%) ی بەرهەمەكەی بۆ پێداویستی
بەرهەمهێنانی كارەبایە لە ناوخۆدا؟!. لە هەرێمی كوردستان ڕێژەی بەكاربردنی كارەبا بەڕێژەی
نا-ئاسایی زیادیكردووە. ئەوەش دەبێت دامودەستگەی زانستی چارەسەری بكات، نەك گروپی حیزبی
و موزایەداتی ئایدۆلۆژیی و سیاسی لەسەر هەلًبچنرێت.
*بەهرۆز
جەعفەر: سەرۆكی پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی-MIRS، خوێندكاری دكتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتیەكان.