لە ساڵی ٢٠٠٤ بۆش لە سەر نامەیەکی کورتی کۆندی کە دەربارەی گەڕانەوەی سەروەرییە بۆ عێراق دەنوسێت، لێگەڕی با ئازادی حوکم بکات!!
بۆ ئەوەی پەیوەندی نێوان قەیرانی نیولیبرالیزم و ناڕەزاییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕاڤە بکەین دەبێت سەفەرێکی دوور بکەین. لێرەدا بە خاڵ هەنگاوەکانی ئەم سەفەرە هەڵدەنێم.
یەکەم، ئەمڕۆ قەیرانی نیولیبرالیزم لە دونیادا لە هەموو ئاستێکدا مایەی مشتومڕە. زیادەڕۆیی نیە گەر بڵێین سەدان کتێب لەم بارەوە لە ئاستی جیاوازدا نوسراوە. نەک تەنها لە لایەن ڕەخنەگران و نەیارانەوە بەڵکو لە لایەن بیرمەندە پارێزەکانیشەوە، هەر لە ناوەندەکانی وەک زانکۆی هارڤەرد هەتا دواین زانکۆی جیددی لە دونیادا.
دووەم، لیبرالیزم یەکێکە لە هەرە سەرکەوتوترین ئایدیالۆژییەکانی مرۆڤایەتی، نزیکەی ٤ سەدەیە لە برەودایە. بەردەوام ڕەخنە و دۆستی زۆری هەبوە. بە کورتی لیبرالیزم یانی ئازادی. ئازادی بۆ تاک. تاک چۆن ئازاد دەبێت کاتێک حکومەت کەمترین دەسەڵاتی هەبێت بە سەریدا و بوار بڕەخسێنێت کە مافە تایبەت و تاکەکەسییەکانی جێبەجێ بکات. ئەمە ئەمڕۆ بە لیبرالیزمی کلاسیک ناسراوە.
سێیەم، نیولیبرالیزم یانی کردنی ئیثۆسی بازاڕ بە ئیثۆسی ژیان. بە مانایەکی تر هەموو بوارەکانی ژیان بە بەهای بازاڕ بەڕێوە بچێت. بەهای بازاڕ یانی نمایش، ڕێکلام، کێبڕکێ، سەرمایە، کەڵەکەکردن. هەبونی براوە و دۆڕاو، کردنی ئەندامانی کۆمەڵگا بە کڕیار و هەروەها بەرخۆر. لە سەردەمی نیولیبرالیزمدا پێوەری سەرکەوتن بڕی قازانجە.
چوارهەم، ئەم پرۆسەیە لە زۆر شوێن بە گەشە کردن هاتوە و لە زۆر شوێنی تر سەپێنراوە. جێگایەک لە دونیادا کە بە بەرازی گینی ئەم پرۆسەیە دەناسرێت، وڵاتی چیللیە، لە ساڵی ١٩٧٣ کیسنجەر کودەتایەکی ڕێکخست بە سەر ئەلێندیدا و پێنوشێی دیکتاتۆری هێنایە سەر حوکم. پاشان ئەو وڵاتە بو بە تاقیگەی تێزەکانی قوتابخانەی شیکاگۆ کە ناسراوترین کەسیان ئابوریناس فریدمانە. ئەم ڕۆژانە لە چیللی خۆپێشاندان بوو. هەرچەندە چیللی پێشکەوتوترین وڵاتی ئەمریکای لاتینە.
پێنجەم، بەڵام ئەمە تەنها لە سەر وڵاتانی دونیای سێ کاریگەری نەبوو، بەڵکو کرۆکی ڕۆژئاواشی گرتەوە. لە ئەنجامدا کۆمەڵێک چین و توێژی جیاوازی بەرهەم هێنا. جۆرێک لەم خەڵكانە هەنتنگتۆن ناویان دەنێت پیاوی داڤۆس. خەڵکانێک کە چیدی خەڵكی هیچ کوێ نین و لە هەمو جێگایەک هەست بە ماڵی زۆیان دەکەن و پەیوەندییان نیە بە خەڵکی ئاسایی وڵاتی خۆیانەوە. لە لایەکی ترەوە خەڵکانێکی تری بەرهەم هێنا کە بە تەواوی لە دەرەوەی سیستەمی ئابوری سیاسین. بێکار، بێ داهات، بێسود. ئەگەر جاران مارکسیزم باسی کرێکار و سەرمایەداری دەکرد، ئەمرۆ ئێمە لە بەردەم حەشامەتێکین کە بونیان پێویست نیە. دەستیان کەڵکی نیە.
شەشەم، ئەم دۆخە لە ئەنجامدا ناڕەزایی بەرهەم هێنا، لە ئەمریکا لە هەردوو چەپ و ڕاست. ساندەرس و ترەمپ هەردوو بەرهەمی ئەم دیاردەن، بەڵام بە چەپ و ڕاستدا.
حەوتەم، لە میانەی گەشەی نیولیبرالیزم و هەستکردنی بە سەرکەوتن بە سەر کۆمیونیزمدا، لە ئاستی جیهانیدا دونیا بو بو پانتایی بازاڕ. یەکێک لە دەرئەنجامەکانی ئەمە گەشەی چینە. چین ئەمڕۆ بەپێچەوانەی ئەمریکا و ڕۆژئاواوە، لە گەشەی بەردەوام و فراوانبوندایە.
هەشتەم، دۆخی ئەمڕۆ بە جۆرێکە کە ئەوروپا و ئەمریکا ماندوبون لە دونیا. چین تینوە بۆ دونیا. لە ئەنجامدا دیموکراسی، مافی مرۆڤ، کۆمەڵگای مەدەنی، ئازادی، پانتایی گشتی، سازش بۆ خەڵك، زۆر بەهای تر لە ژێر فشاردان.
نۆیەم، لاوازبونی ڕۆژئاواو هەڵكشانی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و نیمچە ڕۆژهەڵات وەک روسیا، دەرئەنجامەکەی هاتنە ئارای مۆدێلێکە لە حوکمرانی کە تیایدا خەڵک دەبێت کۆنترۆڵ بکرێت، ئەگەر پیویست بکات بە زەبر و زەنگ. مۆدێلی چینی یانی بەدەست هێنانی شەرعیەت نەک لە ڕێگای دیموکراسیەوە بەڵکو لە ڕێگای بازارەوە.
نۆیەم، ئەم مۆدێلەی چین ئەمڕۆ وەک مۆدێڵیکی باڵا تەماشا دەکرێت بە مامەڵە لە گەڵ خەڵكی ناڕازیدا. فەلسەفەی ئەم دیدە ئەوەیە کە دیموکراسی ئایدەلۆژیای ڕۆژئاوایە ئامانجی ڕوخانی ئەو سیستەمانەیە، بۆیە دەبێت یان کۆنترۆڵ بکرێت یان لە ئاستێکی سنورداردا پیادە بکرێت.
دەیەم، هاتنی ڕوس بۆ ڕۆهەڵاتی ناوەراست بە ئەم تێزە دژە لیبرالانەوە، ئامانجی پشتیوانی دەسەڵات و حکومەتەکانی ئەم ناوچەیەیە لە بەردەم فشاری خەڵکدا. ئەمە لە بنەمادا لە گەڵ تێزی وڵاتانی ناوچەکەدا دەگونجێت بۆ بەردەوامی دەسەڵات.
یانزە، سوریا دوا مۆدێلی ئەم سیستەمەیە، بەو مانایە دەکرێت ڕژێمێک لە دونیای ئەمڕۆدا بهێڵرێتەوە لە بەرامبەر دژایەتی زۆرینەی خەڵکەکەی، بە ئامانجی گەیشتن بە ئامانجی هەرێمی و نێودەوڵەتی. کەواتە خەڵک دەکرێت قوربانیان پێبدرێت.
دوانزە. ئەمڕۆ خۆپێشاندانەکانی تری ناوچەکە لە هەمان ڕوانگەیەوە دەبینرێت.
ئەم هەموو ڕاوە ڕێوییەی پیویست بوو.