ده‌ستپێك
له‌ڕوانگه‌ى سایكۆلۆژییه‌وه، ره‌فتار behavior سیما‌و روخساری تاكه‌كانه، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ده‌روون و هه‌ست سۆز‌و ته‌نانه‌ت نائاگایهكشیهتی (لاشعور). به‌ڵام ره‌فتاری سیاسی (political behavior) له دیدگاى (داڤید هۆتۆن) پسپۆرى بوارى سایكۆلۆژیاى سیاسى، بریتییه له هه‌ر چالاكییه‌ك كه ئامانجێكی سیاسی به‌دی ده‌هێنێت، وه‌ك ئه‌و چالاكییانه‌ی كه خه‌ڵكی ئاسایی له پرۆسه سیاسییه‌كان پراكتیزه‌ی ده‌كه‌ن، له‌وانه: چوونه‌نێو پارتى سیاسى، ده‌نگدان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن تا ده‌گاته ناڕه‌زایه‌تی و خۆپیشاندان و ته‌نانه‌ت ڕه‌فتارى توندڕه‌وانه‌ش.
خۆپیشاندان وه‌ك ڕه‌فتارێكى سیاسى، به ڕه‌گه‌زێكى گرنگى به‌شدارى سیاسى Political participation داده‌نرێت كه بریتییه له‌و چاڵاكییهى كه هاوڵاتیان به مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له نواندنى كاریگه‌رى له‌سه‌ر پرۆسه‌كانى دروستكردنى بڕیار ئه‌نجامى ده‌ده‌ن. یه‌كێك له هۆكاره‌كانى خۆپیشاندان وه‌ك چالاكییه‌كى سیاسى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌مانى ئاستى متمانه‌ى سیاسى (Political Trust) ى هاوڵاتیان به دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت (په‌رله‌مان، حكومه‌ت، دادگاكان، پۆلیس، نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و گه‌نده‌ڵى.... هتد).
ئه‌م نووسینه هه‌وڵدانێكه بۆ شیكردنه‌وه‌ی پاڵنه‌ره ده‌ره‌كی و ناوه‌كییه‌كانی هاندانی شه‌قام به‌ره‌و خۆپیشاندن و نواندنی توندوتیژی، چونكه زۆربه‌ی گردبوونه‌وه و خۆپیشاندانه‌كان خۆرسك نین و لایه‌نێكی شاره‌وا هه‌یه كه خۆراكی شه‌قام ده‌دات، لێره‌دا به‌دوای وه‌ڵامی چه‌ند پرسیارێك ده‌گه‌ڕێن له‌وانه: مه‌به‌ست له زانستی سایكۆپۆلیتیك چییه و كامه بواری سیاسی ده‌گرێته‌وه؟ له ڕوانگه‌ی سایكۆپۆلیتیك چۆن شیكردنه‌وه بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژییه‌كان ده‌كرێت؟ ئایا له گۆشه‌نیگاى سایكۆپۆلیتیكه‌وه خۆپیشاندان دیارده‌یه‌كی سروشتییه بۆ چاكساز و گۆرانكاری ریشه‌یی یاخود كه‌وتنه دوای عه‌وام و قهرهبالغییه له پێناو ئامانجێكی سیاسی دیاریكراو؟ له ڕوانگه‌ى سایكۆپۆلیتیكه‌وه چۆن خوێندنه‌وه بۆ خۆپیشاندان و توندوتیژییه‌كانى عێراق ده‌كرێت؟ ئه‌مانه كۆمه‌ڵێك پرسن كه وه‌ڵامى تایبه‌تیان گه‌ره‌كه.
ته‌وه‌رى یه‌كه‌م: ناساندنى زانستى سایكۆپۆلیتیك
سایكۆپۆلیتیك (سایكۆلۆژیاى سیاسی - Political Psychology) بوارێكی ئه‌كادیمی فره پسپۆرییه، كه له ڕوانگه‌ى سایكۆلۆژییه‌وه كار ده‌كات بۆ تێگه‌یشتن له (سیاسه‌ت و سیاسییه‌كان و ڕفتاری سیاسی)، چونكه په‌یوه‌ندی نێوان سیاسه‌ت و سایكۆلۆژیا په‌یوه‌ندییه‌كی دوانه‌یه، به‌وه‌ی توێژه‌رو پسپۆران (زانستى سایكۆلۆژی) وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له سیاسه‌ت، سیاسه‌تیش وه‌ك ئاوێنه‌یه‌ك بۆ تێگه‌یشتن له ره‌فتاری سایكۆلۆژی تاك و كۆمه‌ڵ به‌كاردێنن. ئه‌م زانسته بۆیه به فره پسپۆری ناسێنراوه، چونكه په‌یوه‌ندییه‌كی تێكچێنراو و به‌هێزی له‌گه‌ڵ زانسته‌كانی وه‌ك: سیاسه‌ت و زانستی كۆمه‌ڵایه‌تی و یاسا و ته‌نانه‌ت مێژووی و په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش هه‌یه(1).
پسپۆرى بوارى سایكۆلۆژیاى سیاسى (David Patrick Houghton ) له كتێبى سایكۆلۆجیاى سیاسى (Political Psychology) دا پێناسه‌ى زانستى سایكۆپۆلهتیك ده‌كات به‌وه‌ى: بوارێكى ئه‌كادیمییه له ڕوانگه‌ى ده‌روونییه‌وه توێژینه‌وه‌كانى سیاسه‌ت و سایكۆلۆژیا به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ بواره‌كانى دیكه‌ى زانستى ئه‌نترۆپۆلۆژیا(2). ئه‌م زانسته هه‌وڵی وه‌ڵام دانه‌وه‌ی پرسیارێك ده‌داته‌وه تا ئه‌مڕۆ وه‌ك پێویست وه‌ڵام نه‌دراوه‌ته‌وه، قسه‌كردن له سه‌ر هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتاری سیاسی و به‌ستنه‌وه‌ی به سایكۆلۆژیا و گرێدانه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ زانستی سیاسی له كرۆكدا ره‌هه‌ندێكی هزری و فه‌لسه‌فیشی هه‌یه، ئه‌م بواره له توێژینه‌وه، به واتاى گێرانه‌وه‌ی رۆڵی سایكۆلۆجیا له شیكاركردن و خستنه‌ڕووی راستییه‌كان له بواری كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی ، كه له ئه‌مڕۆدا لای زۆرێك له بیرمه‌ند و فه‌یله‌سوفه‌كانیش بوه‌ته بناغه بۆ وه‌ڵام دانه‌وه‌ی پرسیاره هزری و فه‌لسه‌فیه‌كان.
هه‌روه‌ها پرۆفیسۆر دكتۆر محمد عبدالفتاح المهدی له كتێبی (علم النفس السیاسی) كه خوێندنه‌وه‌یه‌كی دیارده سیاسییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی میصریه به ڕه‌هه‌ندێكی سایكۆلۆژی، سایكۆلۆژیای سیاسی وه‌ك زانستێك وێنا ده‌كات كه ئه‌م دیارده سیاسییانه شرۆڤه ده‌كات: (سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات، سایكۆلۆژیای ده‌سه‌ڵاتی تۆتالیتا‌ر، سایكۆلۆژیای جه‌ماوه‌ر، په‌یوه‌ندی نێوان جه‌ماوه‌ر و ده‌سه‌ڵات، سایكۆلۆژیای خۆپیشاندان و توندوتیژی و گه‌نده‌لی، سایكۆلۆژیای سه‌رۆك و ئه‌و فیگه‌ره سیاسییانه‌ی كه كاریگه‌ریان به‌رچاویان هه‌یه له‌ڕوانگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه)(3). به‌و ماناى ئه‌م زانسته به دواى ڕه‌هه‌نده ده‌روونییه‌كانى چه‌ند ره‌فتارێكى سیاسى ده‌گه‌رێت وهلامى ئه‌م پرسیارانه ده‌داته‌وه: ئایا په‌یوه‌ندى نێوان سایكۆلۆژیا و سیاسه‌ت چۆن شرۆڤه ده‌كرێت؟ چی وا له سیاسه‌تمه‌دار ده‌كات، كه به‌و شێوه‌یه هه‌ڵسوكه‌وت بكات، كه ده‌یكات؟ بۆچی و له سه‌ر چ بنه‌مایه‌ك كه‌سێكی ئاسایی به‌شداری هه‌ڵبژاردن ده‌كات، یان ره‌تی ده‌كاته‌وه؟ ئه‌و بنه‌مایه چیه، كه وا له كه‌سێك ده‌كات ده‌نگ به لایه‌نێكی دیاریكراو بدات؟ چی له پشت دروستبوونی بڕیار ی سیاسیه‌وه هه‌یه، یان بڕیار ی سیاسی لای سه‌ركرده چۆن دروست ده‌بێت؟ دیكتاتۆره‌كان بۆچی له پێناوی مانه‌وه‌ی خۆیاندا بڕیار له سه‌ر شه‌ڕ و كوشتوبڕێكی نامرۆیانه ده‌ده‌ن؟ پاڵنه‌ره‌كانى نواندنى توندوتیژى و خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان كامانه‌ن؟ وڵاتان بۆ شه‌ڕ ده‌كه‌ن؟ رای گشتی چۆن دروست ده‌بێت؟ كاریگه‌ریه‌كانی سه‌ر بڕیار ی سیاسی چین و بڕیار له كۆتاییدا چۆن دروست ده‌بێت؟ سایكۆپۆلهتیك به‌توێژینه‌وه‌و لێووردبوونه‌وه له كارلێكی نێوان سیاسه‌ت و ده‌روونناسیدا ، به تایبه‌تی كاریگه‌ری سایكۆلۆژیا له‌سه‌ر سیاسه‌ت و وه‌ڵامى گشتت ئه‌و پرسیارانه ده‌داته‌وه.
كتێبى سایكۆلۆجیاى سیاسی، كه لهنوسینى (داڤید پاتریك هۆتۆن) ه، وه‌رگێڕ (حه‌مه‌ڕه‌شید) بۆ سه‌ر زمانى كوردى وه‌ری گێڕاوه. یه‌كێك له‌شاكاره زانستى و دانسقهكانه بۆ خوێندنه‌وه‌و بیر‌و توێژینه‌وه‌ى سیاسی نوێ و له‌گه‌ڵ گیانى ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا زۆر گونجاوه.
یه‌كێك له تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی زانستی سایكۆپۆلهتیك، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی زانستێكی تازه‌یه، هاوكات زانستێكی ئه‌كادیمی ددانپێندراوه، به‌وه‌ی له ناوه‌نده ئه‌كادیمییه‌كانی وڵاتان وه‌ك زانستێكی سه‌ربه‌خۆ له كۆلیژه‌كانی زانستی سیاسی و په‌یوه‌نده نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ده‌روونناسیدا ده‌خوێندرێت. ده‌روونناس (هارۆڵد لاسوێل – Harold lasswell) له سه‌ده‌ی بیسته‌كانه‌وه توێژینه‌وه‌ی له باره‌ی كاریگه‌ری زانستی ده‌روونناسی له‌سه‌ر سیاسه‌ت كردووه. یه‌كه‌م كتێب به‌ناوی (A Handbook of political psychology) له ساڵی 1973 بڵاوكرایته‌وه كه له‌لایه‌ن هه‌رسێ نووسه‌ر: (Leonie Huddy-David O.Seara. Jack S.Levy). له ساڵی 1977 كۆمه‌ڵه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ سایكۆلۆجیای سیاسی دامه‌زرا (ISPP-International Society For Political Psychology) (4).
ته‌وه‌رى دووه‌م: خۆپیشاندان و نواندنى توندوتیژى وه‌ك ڕه‌فتارێكى سیاسى
خۆپیشاندان وه‌ك ڕه‌فتارێكى سیاسى، به ڕه‌گه‌زێكى گرنگى به‌شدارى سیاسى Political participation داده‌نرێت كه بریتییه له‌و چاڵاكییهى كه هاوڵاتیان به مه‌به‌ستى به‌شداریكردن له نواندنى كاریگه‌رى له‌سه‌ر پرۆسه‌كانى دروستكردنى بڕیار ئه‌نجامى ده‌ده‌ن. یه‌كێك له هۆكاره‌كانى خۆپیشاندان وه‌ك چالاكییه‌كى سیاسى ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ نه‌مانى ئاستى متمانه‌ى سیاسى (Political Trust) ى هاوڵاتیان به دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت (په‌رله‌مان، حكومه‌ت، دادگاكان، پۆلیس، نه‌بوونى خزمه‌تگوزارى و گه‌نده‌ڵى.... هتد)(5).
پسپۆرى زانستى سایكۆپۆلیتیك (د‌یڤید پاتریك هۆتۆن) له به‌شى شه‌شه‌مى (سایكۆلۆژیاى سیاسى) تیشك ده‌خاته‌سه‌ر خوپیشاندان وه‌ك ڕه‌فتارێكى سیاسى به كۆمه‌ڵ و پشت به توێژینه‌وه‌كانی (ئیرفنگ جانیس) له مهر گۆڕانی ره‌فتاری تاك له ناو كۆمه‌ڵدا ده‌به‌ستێت. جانیس له توێژینه‌وه‌كه‌یدا به پرسیارێكی زۆر گرنگ باسه‌كه ده‌وروژێنێت، چی وا له كه‌سانی به‌هه‌ره‌مه‌ند و لێهاتو و زیره‌ك ده‌كات له كۆبونه‌وه‌ی جه‌ماوه‌ریدا بكه‌ونه دوای هه‌ڵوێستی كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار و بڕیاری ناته‌ندروست بده‌ن؟ ئه‌م دیارده‌یه زۆر جار له كاتی به‌رپابوونی خۆپیشاندان و ناره‌زای جه‌ماوه‌ریدا هه‌ستی پێده‌كرێت، كاتێك، كه زۆرینه‌ی نه‌خوێنده‌واری خۆپیشانده‌ران بڕیارێكی ناته‌ندروست ده‌ده‌ن ئه‌و گروپ و كه‌سه روناكبیر‌و بهههرمهندانه به‌شدار له خۆپیشاندانه‌كه ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌ری هه‌ڵسوكه‌وت و ره‌فتاری زۆرینه‌وه‌و به هه‌مان شێوه‌ی ئه‌وان ره‌فتار ده‌كه‌ن. هه‌ندێك جار ده‌بینین به هه‌مان شێوه‌ی كه‌سانی نه‌خوێنده‌وار ، كه‌سانی رۆشنبیر ده‌كه‌ونه به‌رد هاویشتن و شكاندنی ماڵ و موڵكی گشتی. به گوێره‌ى قوتابخانه‌ی ڕه‌فتاری (behaviorist school) له ده‌روونزانیدا، كه له سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌لایه‌ن زانای ئه‌مریكی (واتسن) دامه‌زرێنرا، جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی: تاك هه‌موو ڕه‌فتارێكی له‌و ژینگه‌ی وه‌رده‌گرێت كه تیایدا ده‌ژیت، به‌و مانایه‌ى ژینگه‌ى سیاسى و كۆمه‌ڵایه‌تى و فه‌رهه‌نگى و ئابوورى و په‌روه‌رده‌یى و تانه‌ت ئاینیش ڕه‌نگدانه‌وه‌ى به‌رچاویان ده‌بێت له ره‌فتاره‌كانى مرۆڤ، بۆیه كاتێك خۆپیشاندانه‌كان وه‌ك ره‌فتارێكى سیاسى توندوتیژى تێده‌كه‌وێت، ئه‌وا له بنه‌ره‌تدا چه‌وساندنه‌وه‌و توندوتیژییه‌كان وه‌ك كه‌لتوور و فه‌رهه‌نگ ڕه‌گیان له كۆمه‌ڵگه‌كه‌دا داكوتاوه‌و خۆی به‌رهه‌مدێنێته‌وه(6).
شۆرش و گردبوونه‌وه‌و خۆپیشاندانه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌وه بۆ كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی تر، به گوێره‌ی پاڵنه‌ری ژینگه‌ی ده‌روونی ناوه‌كی و ژینگه‌ی ده‌ره‌كی له‌یه‌كتر جودان، ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌گه‌رێته‌وه كه ده‌روونی مرۆڤ سروشتێكی ئاڵۆزی هه‌یه و به ئاسانی ته‌فسیرو شرۆڤه ناكرێت، بۆیه ئاسان نییه نۆرم و رێسای جێگیر بۆ ده‌روونی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك دابنرێت، بۆ نموونه پاڵنه‌ره ده‌روونییه‌كانی شۆرشی فه‌ره‌نسی ساڵی 1789 له‌گه‌ڵ شۆرشه‌كانی وه‌ك شۆرشی كوبای ساڵی 1959 و شۆرشی ئیرانی ساڵی 1979 و خۆپیشاندانه‌كانی به‌هاری عه‌ره‌بی 2011 جیاواز، چونكه ژینگه‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی تاكه‌كان و ره‌وتی مێژوویی فكری سیاسی له هه‌ریه‌كه له‌م وڵاتانه له یه‌كتر جودان. له‌باره‌ی ڕه‌نگدانه‌وه ره‌هه‌نده سایكۆپۆلیتیهكانی شۆرشی فه‌ره‌نسی (گۆستاف لۆبۆن) له كتێبی (روحی شۆرشه‌كان)دا ئاماژه به‌و بوعده ده‌روونیانه ده‌دات كه بوونه پاڵنه‌ری ئه‌نجامدانی شۆرشی فه‌ره‌نسی ساڵی 1789 كه به یه‌كێك له گه‌وره‌ترین و كاریگه‌رترین ڕووداوی سیاسی و مێژژی داده‌نرێت(7). هه‌روه‌ها رۆماننووسی ئینگلیزی چارلس دیكنز (Charles Dickens) له رۆمانی (Tale of Two Cities) كار له‌سه‌ر شیكردنه‌وه‌ی ره‌هه‌نده ده‌روونییه‌كانی شۆرشی فه‌ره‌نسی ده‌كات و نموونه‌ی رووداوی قه‌لای باستیل (باستد la bastide) ده‌هێنیته‌وه‌و هه‌ڵچوون و رقی پرۆلیتاره‌كان وه‌ك گرێیه‌كى ده‌روونى دژ به ئهرستۆقراتهكان به یه‌كێك له فاكته‌ره‌كانى توندوتیژى كوشتارهكانى شۆرش له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات. دیسانه‌وه له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌س و فیگه‌ری سیاسی، ره‌هه‌نده ده‌روونییه‌كانی ره‌فتاری سیاسییه‌كان وهكونین، بۆ نموونه ره‌فتارى سه‌ركرده تۆندهڕوهكانى دونیا وه‌ك: هیتله‌ر، مۆسۆلۆنى، فرانكۆ، تا ده‌گاته صه‌دام و ئه‌بووبه‌كر به‌غدادى له یه‌كدى جودان. هیتله‌ر هه‌وڵیدا مۆنۆپۆلی دونیا بكات و به‌هۆى په‌روه‌رده‌ى توندوتیژییه‌وه دواتر توندوتیژى به‌رهه‌مهێناوه، ئه‌بوبه‌كری به‌غدادی گه‌وره‌ترین دامه‌زراوه‌ی تیرۆرستی دامه‌زراند (داعش) كه له‌ئه‌نجامدا به‌شێكى عێراق و سوریا كرده گۆمى خوێنى مرۆڤى بێ‌تاوان. بۆیه ره‌فتاری سیاسی هه‌ر یه‌كه له تاك و گروپه‌كان ڕه‌نگدانه‌وه‌ی بارودۆخی ژینگه‌یى و په‌روه‌رده‌یى ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه كه تیادا ژیاون و ڕه‌فتاره‌كانیان هه‌ڵقوڵاوى ژینگه‌ى خێزانى و په‌روه‌رده‌ین، به‌و مانایه‌ى له ره‌فتاردا بۆ ماوه‌یى رۆڵێكى كاریگه‌رییه‌كى نییه.
سایكۆپۆلیتیك هه‌ندێ بنه‌مای ئه‌ساسی خۆپیشاندانه‌كان دیاری ده‌كات به‌وه‌ی ره‌فتارێكی ده‌سته‌جه‌معیی ئاشكراییه و سروشتی هه‌ڵچوونی تیایدا زاڵه (طابع الانفعالي)، بۆیه به‌هۆی هه‌ڵچوونی له راده‌به‌ده‌ر توندوتیژى تاوانى گه‌وره‌ى وه‌ك كوشتن و كوشتارى لێده‌كه‌وێته‌وه. زۆربه‌ی نارهزاییهتییه جه‌ماوه‌رییه‌كان ده‌كه‌ونه ژێر جه‌بری ده‌ره‌كی و دامه‌زراوه هه‌وڵگرییه‌كان هه‌ڵچوونی ده‌روونی تاكه‌كان به ده‌قۆزنه‌وه و ئاراسته‌كان به‌ره‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌به‌ن، به‌كارهێنانی خۆپیشاندنه‌كان بۆ روخاندنی رژێمه‌كان و توندوتیژی ریشهییهكی مێژوویی هه‌یه بۆ نموونه ده‌ستوه‌ردانی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان له خۆپیشاندانه‌كانی (تیمشواراو بۆخارست له رۆمانیا، خۆپیشاندانه‌كانی جۆرجیا‌و ئۆكرانیا و ڤهنزیویلا و وڵاتانی عه‌ره‌بی). بۆیه پسپۆرانی بواری سایكۆلۆژیای سیاسی به‌لاریدانی ئاراسته‌ی خۆپیشاندانه‌كان بۆ هۆكاری ئاستی پێشكه‌وتووی فكری سیاسی كۆمه‌ڵگه ده‌گه‌رێنه‌وه، مه‌رج نییه هه‌موو چوونهر شه‌قامێك ناڕه‌زایى خۆرسك بێت، له‌دواى هه‌موو هه‌ڵچوونێكى ده‌سته‌جه‌معى ده‌ستێك هه‌یه، بۆیه كه‌وتنه دواى قه‌ره‌باڵغى عه‌وام كارێكى نا ئهقلانییه(8).
ته‌وه‌رى سێیه‌م: خۆپشاندانهكانى عێراق له گۆشه‌نیگاى سایكۆپۆلتیك
له رێككه‌وتى 3-10-2019 خۆپیشاندانێكی جه‌ماوه‌ری چه‌ند شارێكی عێراق، به به‌غدادی پایته‌ختیشه‌وه گرته‌وه، قوربانیانی خۆپیشانهكه تاكو نووسینى ئه‌م بابه‌ته زیاتر له سه‌د كه‌سێك ده‌بوون، كه زۆرینه‌ی قوربانییه‌كان خۆپیشانده‌ر و هه‌ندێكیشیان كارمه‌ندانی ئه‌من و پۆلیس بوون، به‌شێك له كه‌سایه‌تییه سیاسیه‌كان ئه‌م ناڕهزایتیانهیان به شۆرشێكی خۆرسكی ده‌نگی ناهڕازیی وه‌سفكرد، به‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك له دوای ئه‌م نارهزایتییانه نییه، به‌ڵكوو فاكته‌ری توڕه‌یی و هه‌ڵچوونی هاوڵاتیانی شاره‌كانی عێراقه به‌هۆی گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری سه‌ره‌تایى و بێكاری و نه‌بوونی دادگه‌ریه‌وه. گومانى تێدا نییه كه خۆپیشاندان و ناڕه‌زایی مافێكى سیاسى و دهستوورىى ددان پێنراوه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌لامه‌وه گرنگه، وه‌ڵامدانه‌وه‌ی ئه‌و پرسانه‌یه، ئاخۆ بۆچی هه‌موو جۆره ره‌فتارێكی سیاسی له عێراق له هه‌ڵبژاردنه‌وه بگره تا ده‌گاته خۆپیشاندان توندوتژیی و قوربانی لێده‌كه‌وێته‌وه؟ ئه‌و پاڵنه‌ره سیاسییه ده‌روونیانه چین كه به ئاسانی ده‌توانێ له‌شكرێك له تاكی عێراقی بخاته سه‌رشه‌قامه‌كان و دژى لایه‌ن و نه‌ته‌وه‌كانى تر به‌كاریان بهێنێ؟ بۆچی ژینگه‌ی عێراق ژینگه‌یه‌كی سیاسی له‌باره بۆ دروستبوونی توندوتیژی؟ بۆ نموونه له دایكبوون و گه‌شه‌كردنى داعش له عێراق بابه‌تێكه جێگاى پرسیار‌و لێووردبوونهوهى قووڵه، بۆچى له‌سه‌رانسه‌رى دونیاوه تاكى عێراقی ئاماده‌گى ئه‌وه‌ى تێدایه بكه‌وێته داوى تیرۆر؟ ئه‌گه‌رچی وه‌ڵامدانه‌وه‌ى ئه‌م پرسیارانه پێویستیان به تویژینه‌وه‌ی فكری و تیۆری قوڵ هه‌یه تاوه‌كو ئه‌و لایه‌نه سایكۆپۆلیتیكانهی رووداوه سیاسیه‌كان و ره‌فتاری سیاسی تاكی عێراقی پێ بخرێته‌ژێر نه‌شته‌ری لێكۆڵینه‌وه، لێ له‌م نووسینه‌دا به كورتی له‌سه‌ر هه‌ندێ له‌و پرسانه ده‌وستم و چه‌ند دێرێكیان له‌باره‌وه ده‌خه‌مه‌ڕوو.
به گه‌ڕانه‌وه بۆ ڕه‌وتی مێژوویی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی له ساڵی 1921ه‌وه، ئه‌وه‌مان به‌رچاو ده‌كه‌وێت كه عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه كیانێكى سیاسى دهروستكراوى به‌رژه‌وه‌ندی و رێككه‌وتننامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وڵاتانی زلهێزه، به‌و مانایه‌ی عێراق وڵاتێك نییه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئینتماو گرێبه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی هاتبێته‌بوون، به‌ڵكوو كیانێكی نێوده‌وڵه‌تی سنووركێشراوه كه له چه‌ند پێكهاته‌ی نه‌ته‌وه‌یی و ئاینی و ئایدۆلۆژی جوداوه پێكدێت كه هیچ تایبه‌تمه‌ندییه‌ك به‌یه‌كه‌وه كۆیانكاتهوه. ململانێ هه‌زاران ساڵه‌ی سوونه‌و شیعه، جه‌نگ و كوده‌تا و خوێنڕشتن، گۆرێنى رژێمه یه‌ك له دواى یه‌كه‌كان تا ده‌گاته داعش، سیمای هه‌ره دیاری مێژووی سیاسى عێراقه. به‌هۆی به‌رده‌وامی ململانێی چینایه‌تی و نائیستقراریهتی سیاسی، رژێم و سیسته‌می سیاسی و ده‌ستوور ی عێراقی له شه‌و و رۆژێكدا گۆڕدراون، هه‌ر بۆیه عێراق به‌درێژایی مێژوو به وڵاتێكی ناسه‌قامگیر و گۆمی خوێن وێنا كراوه.
به‌هۆى ئه‌و ژینگه ناله‌باره‌ى عێراق، جه‌نگ و كوده‌تا، شه‌ڕى ململانێ ئاینى و مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌یى، ده‌ره‌نجام كاریگه‌رى به‌رچاوى به‌سه‌ر سایكۆلۆژییهتى تاكى عێراقیدا جێهێشتووه. قوتابخانه‌ی ڕه‌فتاری (behaviorist school) له بوارى سایكۆلۆژیدا كه له سه‌ده‌ی بیسته‌م له‌لایه‌ن زانای ئه‌مریكی (واتسن) دامه‌زرێنرا، جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی: تاك هه‌موو ڕه‌فتارێكی له‌و ژینگه‌ی وه‌رده‌گرێت كه تیایدا ده‌ژیت. بۆیه ڕه‌فتارى تاكى عێراقى له‌ڕووى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى ڕه‌نگدانه‌وه‌ى ژینگه‌ى سیاسیی عێراقییه، كه به‌رده‌وام توندوتیژى و ڕه‌گه‌زپه‌رستى ئاینى و مه‌زهه‌بى و نه‌ته‌وه‌یى بهرههدێنێتهوه.
كۆمه‌ڵناس و مێژوونوسی ناوداری عێراقی دكتۆر عه‌لی وه‌ردی (1913-1995) سه‌باره‌ت به سایكۆلۆژییهتى تاكى عێراقی به قووڵى روچوه به ناخى تاكه‌كان، له‌باره‌ى كاریگه‌رى ژینگه‌ى ده‌ره‌كى به‌سه‌ر تاكه‌كانه‌وه، وه‌ردی پێی وایه "مرۆڤ ده‌ستكردی ده‌ورووبه‌ره، بیركردنه‌وه و هه‌ڵسوكه‌وتی كاریگه‌ری ته‌واوی ده‌وروبه‌ری پێوه دیاره، له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بازنه‌یه‌ك وه‌كو چێوه‌ی بیركردنه‌وه بۆ مێشكی مرۆڤه‌كان نیگار ده‌كات". پاشان لێكۆڵینه‌وه‌كانی ده‌رباره‌ی سروشتی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی و لایه‌نی ده‌روونیی تاكی عێراقی به‌ره‌و ئاقارێكی زانستیی وای ده‌به‌ن كه دواتر بایه‌خی سه‌ره‌كیی ده‌داته "میتۆدی سایكۆسۆسیۆلۆجی"، به‌و پێیه‌ی (ده‌روونناسی) و (كۆمه‌ڵناسی) پێكه‌وه، باشتر ده‌توانن كه‌سایه‌تییه ئاڵۆزه‌كانی تاكی عێراقی و نه‌ریته كۆنه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی بخوێننه‌وه. تێزی سه‌ره‌كیی عه‌لی وه‌ردی بریتییه له شیكردنه‌وه‌ی سۆسیۆلۆجیی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراقی كه له‌میانی ئه‌و شیكردنه‌وه‌یه‌دا ره‌خنه له دیارده كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له په‌یوه‌ندی و نه‌ریته كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و له سایكۆلۆجیای دووفاقیی تاكی عێراقی ده‌گرێت، عه‌لی وه‌ردی تێزه‌كه‌ی له‌سه‌ر سێ فاكته‌ری سه‌ره‌كی بنیات ده‌نێت:
یه‌كه‌م: ململانێی نه‌ریتی ده‌وارنشینی و كولتوری شارنشینی (صراع البداوة والحضاره)
دووه‌م: دووفاقیی كه‌سایه‌تی (إزدواج الشخصیة)
سێیه‌م: دژیه‌كیی كۆمه‌ڵایه‌تی (النشاز الاجتماعي)(9).
به خوێندنه‌وه‌ى تێز‌و دیدگاكانى عه‌لى وه‌ردى، ده‌توانین ڕه‌فتارى سیاسى تاكه‌كان بخوێنینه‌وه، چونكه بوونى ململانێى نه‌ریتى و مه‌زهه‌بى، دووفاقى كه‌سییه‌تى تاك، دژایه‌تى كۆمه‌ڵایه‌تى و تهعصوبى نه‌ته‌وه‌یى، به‌ربه‌ستى گه‌وره‌ى به‌رده‌م گه‌شه‌سه‌ندنى كۆمه‌ڵگه‌ى عێراقین، له‌لایه‌كى تره‌وه، هه‌موو جۆره ناڕه‌زایه‌تییه‌كى سیاسى تاكه‌كان دواجار ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رى بارودۆخى سیاسى و مه‌زهه‌بى به‌مه‌ش هیچ به‌رهه‌مێكى لێ سه‌وز نابێت.
ده‌ره‌نجام
ئه‌گه‌ر گریمانه‌ى ئه‌وه‌ى بكه‌ین كه خۆپیشاندانه‌كانى ئه‌م دوایه‌ى عێراق خۆپیشاندانى خۆرسكن و بارگاوى نین به جه‌برى ده‌ره‌كى و ناوه‌كى، به‌ڵام ده‌كرێت گریمانه‌ى كاڵبوونه‌وه‌و بێ بهرههمبوونى ناڕه‌زایه‌تییه‌كان بكه‌ین له‌به‌ر ئه‌م فاكته‌رانه‌ى خواره‌وه:
1- هه‌موو شۆرش و ڕاپهرێنێكى سیاسى به‌بێ خوێندنه‌وه‌و دیدگایه‌كى فكرى قووڵى پێشه‌وه‌خته و به‌بێ بوونى بزوتنه‌وه‌یه‌كى رۆشنگه‌رى، ماندووبوونیهكهى به‌خه‌سار ده‌چێت، ئه‌گه‌ر لێره‌دا شۆرشى فه‌ره‌نسى به نموونه بهێنینه‌وه‌و به‌رواردى بكه‌ین به خۆپیشاندانه‌كانى عێراق، له‌سه‌ده‌ى ههژهههمدا فه‌ره‌نسا بزوتنه‌وه‌یه‌كى فیكرى گه‌وره‌ى به‌خۆییه‌وه بینى، بزوتنه‌وه‌یه‌ك به‌وه ده‌ناسرایه‌وه كه دژ به جیاوازى چینایه‌تى و دژ به‌وه‌ى كۆمه‌ڵێك كه‌س هه‌موو خێر‌و بێرى وڵات ببه‌ن بۆخۆیان و زۆرینه‌ش له هه‌ژارى و بێ كارى و بێ خزمه‌تگوزارى دابن. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه كۆمه‌ڵێك بیروڕاى تازه‌ى بڵاوكرده‌وه كه ڕه‌خنه‌ى له سیسته‌مى پادشایه‌تى و ده‌مارگیرى پیاوانى ئاینى ده‌گرت، ناودارترین ئه‌و پێشهوایانهش بریتیبوون له (مۆنتسكیۆ) كه داواى جیاكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانى ده‌كرد. (ڤۆلتێر) كه ڕه‌خنه‌ى توندى ئاڕاسته‌ى جیاوازى چینایه‌تى و ده‌مارگیرى ئاینى ده‌كرد، (جان جاك رۆسۆ) كه زیاتر جه‌ختى له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌كانى ئازادى و یه‌كسانى ده‌كرد. بۆیه خۆپیشاندانه‌كانى عێراق كه دواجار بارگاوییه بهبیرى مه‌زهه‌بى و بیرمه‌نده‌كانى كۆمه‌ڵێك فه‌قى و مه‌لاى سیاسى نه‌خۆشن، بۆیه جگه له كه‌وتنه دواى قه‌ره‌باڵغى و هاتوو هاوار، گۆرانكارییه‌كى ئه‌وتۆى لێوه‌به‌رهه‌م نایه‌ت كه شیاوى ئه‌وه بێت ببێته ڕووداوێكى مێژوویى كاریگه‌ر.
2- عێراق كیانێكى سیاسیه له‌ڕووى ئینتماى نه‌ته‌وه‌یى گرفتى هه‌یه، چه‌مكی ئینتما (Affiliation) یه‌كێكه له چه‌مكه گرنگه‌كانی بواری فه‌لسه‌فه‌و لێكۆلێنه‌وه سایكۆلۆژی تاكه‌كه‌سی (personality Psychology) و سایكۆلۆژی كۆمه‌ڵایه‌تی (Social Psychology) كه به پێویستی گرنگی ده‌روونی و عامودی فهقرهی مانه‌وه‌ی كۆمه‌ڵگه داده‌نرێت. بۆیه پسپۆرانی بواری ده‌روونزانی لێكۆلێنه‌وه له بوعده ده‌روونییه‌كانی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌ن، بوونی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی به كۆڵه‌گه‌یه‌كی گرنگی خۆشه‌ویستی و روحی هاریكاری و به‌ستنه‌وه‌ی تاكه‌كان بهخاكهوه هه‌ژمار ده‌كه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌وه هه‌ستكردنی تاكه‌كان به نه‌مانی ئینتمای نه‌ته‌وه‌یی (عدم انتما ء - اللا انتما ء ) گرفتی گه‌وره‌ی ده‌روونی دووچاری تاكه‌كان ده‌كاته‌وه له‌وانه‌ش نامۆبوون (Alienation) كه به‌مانای دوركه‌وتنه‌وه‌ی ده‌روونی تاك دێت له خودی خۆی و كۆمه‌ڵگاكه‌ی. له‌م ڕوه‌وه عێراق كیانێكه له‌گه‌ڵبوونى ڕه‌گه‌زه‌كانى خاك و دانشتووان و سیسته‌مى سیاسى، به‌ڵام ڕه‌گه‌زێكى گرنگى ده‌روونى و مه‌عنه‌وى تیادا به‌رجه‌سته نییه، ئه‌ویش ئینتما بۆ خاك و نه‌ته‌وه، زۆربه‌ى پێكهاته‌كانى عێراق نه‌ك حه‌ز به‌چاره‌ى یه‌كتر ناكه‌ن، به‌ڵكوو كار ده‌كه‌ن بۆ لێكهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى جه‌سته‌ى به‌یه‌كه‌وه لكێنراوى عێراق و سرێنهوهو له‌ناوبردنى نه‌ته‌وه‌و پێكهاته مه‌زهه‌بییه‌كانى تر. بۆیه ئه‌م جۆره خۆپیشاندان و ناره‌زایه‌تییانه ناچنهى خانه‌ى به‌شدارى سیاسى ده‌سته‌جه‌معى و كاركردن بۆ ئامانجێكى هاوبه‌ش. نه‌بوونى ئینتماو ئامانجى هاوبه‌ش فاكته‌رێكى سه‌ره‌كیه بۆ كپبوونهوهى هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانێك بۆ گۆرانكارى جددى له پرۆسه‌ى سیاسى.
3- فكرى سیاسى له عێراق فكرێكى ئاڵۆز‌و فره ئایدیاییه، نه‌بوونى گوتارى سیاسى یه‌كگرتوو و روئیایهكى ڕوون و ئاشكرا له‌ڕووى سیاسه‌تى ناوه‌خۆیى و ده‌ره‌كى، كۆسپى گه‌وره‌ى به‌رده‌مى پێشووه‌چوونى عێراقه، دابه‌شبوونى فكرى سیاسى به‌سه‌ر شیعه‌و سوونه، بوونى كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كى جیاواز له‌لایه‌ك، بوونى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ئێران و ئه‌مریكا و به‌كارهێنانى خاكى عێراق بۆ تهسفیهكردنى حیسابات له‌لایه‌كى تر، به‌رده‌وام عێراقى دووچارى ناسه‌قامگیرى سیاسى تێكچوونى ئه‌من و ئاسایش كردۆته‌وه. له‌وباره‌یه‌وه (پۆل بریمه‌ر)ـه له چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانی واشنتۆن پۆست حاكمى پێشووى عێراق له‌باره‌ى سایكۆلۆژیه‌تى ده‌سه‌ڵاتى عێراقى گوتوویه‌تى: "ئێمه ده‌وڵه‌تی عێراقمان نه‌گرت، به‌ڵكوو ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌مان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و كارمان له سه‌ر سایكۆلۆژیه‌تی نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌به جیاوازه‌كان كرد، كه هه‌موو خاڵه هاوبه‌شه‌كانمان لابرد و خاڵه ناكۆكه‌كانمان بارگاوی كرد، بۆیه كاری ئێمه هه‌رگیز ته‌واو نابێت و، شتێك نییه به ناوی ئاسایشی نه‌ته‌وایه‌تی» (10).
بۆ بینینى لیستى سه‌رچاوه‌كان و دابه‌زاندنى ئه‌م ڕاپۆرته ئه‌كادیمیه به‌شێوه‌ى پى دى ئێف كلیك له‌م به‌سته‌ره‌ى خواره‌وه بكه:
کلیک لێرە بکه Pdf