پاش ته‌قینه‌وه‌ی جبه‌خانه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له عیراق، ترسی ئه‌وه هه‌یه بازنه‌ی گرژییه‌كانی ناوچه‌كه فراوانتر بێ. زۆربه‌ی زانیارییه‌كان ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن كه رووداوه‌كه ده‌ستی ئیسرائیلی تێدایه. ئاماژه‌كانی ناو ئیسرائیلیش ئه‌م شرۆڤه‌یه پشتڕاست ده‌كه‌نه‌وه. به‌ڵام به‌كرده‌وه، ئه‌نجامدانی ئه‌م جۆره ئۆپه‌راسیۆنانه له‌ناو عیراق، به‌قازانجی ئیسرائیل ناشكێته‌وه. یه‌كه‌م، له رووی تاكتیكییه‌وه، ئه‌م گورزانه زیانێكی گه‌وره به‌تواناكانی حه‌شد ناگه‌یه‌نن و دووه‌م، ئه‌م گورزانه ده‌شێ ببنه زیاتر به‌ستنه‌وه‌ی عیراق به‌ئێرانه‌وه. پێناچێ ئه‌مه‌ش دوور بێ له بیركردنه‌وه‌ی سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل. كه‌واته ئه‌وه‌ی زۆرتر رێی تێده‌چێ ئه‌وه‌یه كه هه‌نگاوه‌كه كورتبینی تێدایه و زۆرتر په‌یوه‌ندی به‌گه‌ڕی دووه‌می ئیسرائیله‌وه هه‌یه كه تێیدا بنیامین نتنیاهۆ هیوا له‌سه‌ر بردنه‌وه‌ی هه‌ڵده‌چنێ و بۆ راكێشانی سه‌رنجی ده‌نگده‌ران پێویستی به‌كرده‌وه‌یه‌كی نائاسایی هه‌یه.
ئه‌گه‌ر ئه‌م گورزانه ببنه هۆی زیاتر لێك نزیكبوونه‌وه‌ی عیراق و ئێران، ئه‌مه به‌م مانایه دێت كه ئێران سه‌ركه‌وتنێكی تری به‌ده‌ستهێناوه، به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئێران له ماوه‌ی دوو مانگی رابردوودا چه‌ند سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوی به‌ده‌ستهێناوه. چه‌سپاندنی رۆڵی خۆی له كه‌نداو و ئازادكردنی كه‌شتییه نه‌وتهه‌ڵگره‌كه‌ی له جه‌به‌ل تارق، به سه‌ركه‌وتنی باش بۆ ئێران ده‌ژمێردرێن. به‌ڵام سه‌ركه‌وتووترین ده‌ستكه‌وت كه له‌م دواییه‌دا ئێران به‌ده‌ستی هێناوه، بێلایه‌ن كردنی ئیماراته به ئه‌ندازه‌یه‌ك كه ئێستا په‌یوه‌ندیی ئێران و ئیمارات له‌وه تێپه‌ڕیوه كه به‌گرژ و دوژمنانه بژمێردرێ. ئه‌مه‌ش وای له ئیمارات كردووه نه‌ختێك خۆی له سه‌ركێشییه‌كانی سعودیه دووربخاته‌وه.
ئیمارات ئه‌زموونێكی سه‌ركه‌وتووی له په‌ره‌پێداندا هه‌یه، به‌ڵام له سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌دا زۆر سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه. له‌به‌ر هۆیه‌كی نه‌زانراو، ئیمارات له‌م دواییه‌دا به‌لای ئه‌وه‌دا دایشكاند كه رۆڵێكی گه‌وره‌تر له توانای خۆی له بواری په‌یوه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تیدا بگێڕێ. ئه‌مه‌ش له دوو مه‌سه‌له‌دا تووشی تێوه‌گلانی كرد. یه‌كێكیان، له دژایه‌تیكردنی ئێران و ئه‌وی تر له پشتگیریكردنی سعودیه له یه‌مه‌ن. ئێستا دروستكه‌رانی سیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات له هه‌وڵی ئه‌وه‌دان كه وڵاته‌كه‌یان له هه‌ردوو تێوه‌گلان رزگار بكه‌ن.
ئیماراتییه‌كان ده‌زانن له كاتی سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ر روبه‌ڕوبونه‌وه‌یه‌كی چه‌كدار له كه‌نداو، كه‌س به‌قه‌د ئه‌وان زیانمه‌ند نابێ. ته‌نانه‌ت هه‌ڕه‌شه‌ی حوسییه‌كان سه‌باره‌ت به گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕ بۆ ناو ئیمارات، هاوشێوه‌ی سعودیه، ئیماراتی تۆقاند.
له هه‌لومه‌رجی ئێستادا سیاسه‌تی ئیمارات له یه‌مه‌ن، ته‌واو جیاوازه له سیاسه‌تی سعودیه، ئیمارات پشتیوانی له سه‌رۆك عه‌بد ره‌ببو مه‌نسور هادی ناكا كه ئاواره‌یه و له ئوتێلێكی ریازه‌وه سه‌رۆكایه‌تی یه‌مه‌ن ده‌كات، له‌كاتێكدا سعودییه‌كان به هه‌موو قورساییه‌وه پشتگیریی هادی ده‌كه‌ن. ستراتیجی ئیمارات له‌م رووه‌وه ته‌واو پێچه‌وانه‌ی سیاسه‌تی سعودییه‌كانه. ئیمارات پشتیوانی له ئه‌نجومه‌نی راگوزه‌ری باشوور ده‌كات. ئه‌مه‌ش به‌م واتایه دێت كه ئیمارات پشتیوانی دروستكردنه‌وه‌ی كۆماری باشووری یه‌مه‌ن ده‌كات كه پایته‌خته‌كه‌ی عه‌ده‌ن بوو.
ئیمارات له‌م مه‌سه‌له‌یه‌دا له‌گه‌ڵ ئێران و حوسییه‌كان یه‌كده‌گرێته‌وه. ئێران بوونی یه‌مه‌نێكی یه‌كگرتووی به‌لاوه گرنگ نییه، چونكه شیعه زه‌یدییه‌كان تێیدا نابنه گروپێكی زاڵ. ئیماراتیش پێیوایه گه‌ڕانه‌وه بۆ سیستمی دوو یه‌مه‌ن (یان سێ) ده‌رفه‌تی جێگیركردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی له باشوور بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ. بوونی دوو یه‌مه‌ن، له قازانجی حوسییه‌كانیشدایه، چونكه ده‌رفه‌تی فه‌رمانڕه‌وایی كردنی باكووریان بۆ ده‌ڕه‌خسێنێ.
دروستبوونی درز له په‌یوه‌ندی نێوان ئیمارات و سعودیه و پشتگیریكردنی ئیمارات له هێزه‌كانی ئه‌نجومه‌نی راگوزه‌ری باشوور، گۆڵێكی تره كه ئێران له سعودیه‌ی ده‌كات.
چاوه‌ڕوان ده‌كرێ له‌كۆتاییدا سعودییه‌كانیش پشتیوانی له سیستمی دوو یه‌مه‌ن بكه‌ن، كه ئه‌مه‌ش به‌كرده‌وه به‌م مانایه دێت كه ده‌بێ ره‌زامه‌ند بن به راده‌ستكردنی باكووری یه‌مه‌ن به حوسییه‌كان.
له‌ڕاستیدا ستراتیجی ئیمارات له ستراتیجی سعودیه روونتره، ئیمارات ده‌ربازبوون له جه‌نگی یه‌مه‌ن و تێوه‌گلانی هاوپه‌یمانیی سعودیه – ئیمارات، به‌دابه‌شكردنه‌وه‌ی یه‌مه‌نه‌وه ده‌به‌ستێته‌وه. ئه‌مه‌ش ده‌رچوونێكی شه‌رافه‌تمه‌ندانه له یه‌مه‌ن هه‌م بۆ ئیمارات ده‌سته‌به‌ر ده‌كات هه‌م بۆ سعودیه. به‌ڵام ئه‌م ستراتیجه‌ی ئیمارات به‌نده به راگه‌یاندنی كۆماری باشووری یه‌مه‌ن. به‌بێ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی باشووری یه‌مه‌ن، ئیمارات هیچی چنگ ناكه‌وێ.
به‌كرده‌وه، ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی سعودییه‌كانیشدایه و رێ‌یان پێ ده‌دا وا خۆیان نیشان بده‌ن كه لانی كه‌م توانیویانه به‌شه گه‌وره‌كه‌ی یه‌مه‌ن له حوسییه‌كان رزگار بكه‌ن. ئه‌وه‌ی ئه‌وسا به‌لای سعودییه‌كانه‌وه گرنگ ده‌بێ، دوو مه‌سه‌له‌یه: یه‌كێكیان دوورخستنه‌وه‌ی باكووری یه‌مه‌نه له ئێران و ئه‌وی تر هێشتنه‌وه‌ی بچووكترین رووبه‌ری زه‌وییه بۆ حكومه‌تی سه‌نعا. ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر باكووری یه‌مه‌نیش په‌یوه‌ندییه به‌هێزه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران بهێڵێته‌وه، سعودیه ده‌توانێ خۆی له‌گه‌ڵ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه بگونجێنێ.
ئه‌م سیناریۆیه‌ی ئیمارات چاكترین خزمه‌ت به سعودیه ده‌گه‌یه‌نێ و جه‌نگێكی له‌كۆڵ ده‌كاته‌وه كه چوار ساڵه تێوه‌ی گلاوه و هێشتا سه‌ركه‌وتنی تێدا به‌ده‌ست نه‌هێناوه.