د. سهردار عهزیز
ئاسایش بوارێکی زێدە ئاڵۆزە لە دونیای ئێمەدا، بەڵام بە هەمانشێوە بیر لێنەکراوەیە. چەند ڕۆژی ڕابوردوو لە کۆبونەوەیەکی تایبەت لە بەیروت لە گەڵ بەرپرسانی ئاسایشی و خەڵکانی شارەزا لەو بوارە بە میوانداری خانەیەکی بیری ئەڵمانی کۆبوینەوە.
بە لای منەوە هەستێکی تایبەت بوو یەکەم جار گوێ لە خەڵکانی تایبەت بگرم لە بواری ئاسایش (ئەمنی) دا لە وڵاتانی دەوروبەر وەک لوبنان، ئوردون، یەمەن، تونس لە گەڵ وڵاتانی تردا. هەرچەند من زیاتر کارم لە سەر لایەنی سەربازییە لە ڕۆژگاری تیزی دوکتۆراکەمەوە، بەڵام وەک تیورە نوێکان پێمان دەڵێن هەموو ئەمانە یەک پاکێجن.
لە دونیای ئاسایشدا گۆڕانکاری زۆر ڕویداوە لە ئاستی فیکری و پراکتیکیدا. بە گشتی دەکرێت بوترێت دوو قوتابخانەی زاڵی ئاسایش هەن، قوتابخانەیەکی کە پێی دەڵێن ئاسایشی ڕەق، ئەویتریش ئاسایشی نەرم.
ئاسایشی رەق مەبەست لێی لە ئاستی کار و میتۆددایە. ئاسایشی ڕەق بە گشتی کاری پاراستنی نوخبەی باڵایە و بە ئامرازی ڕەق وەک چەک و بەندیخانە وچاودێری و زۆر بواری تر. بەڵام ئاسایشی نەرم بە تەواوی وەرچەرخانە لە بواری ئامانج و ئامرازیشدا. بە گشتی ئاسایشی نەرم ئامانجی دابینکردنی ئاسایشە بۆ هەموان یان بۆ خەڵک. بە ئامرازی نەرم. لە ڕاستیدا ئەرکی ئاسایشی نەرم ئەوەندە دابینکردنی کەشی دڵنیایی و ئاسایشیانەیە هەتا خەڵك بتوانن تیایدا ژیان خۆیان بەبێ مەترسی یان بەمەترسی کەمەوە بگوزەرێنن، هێندە دابینکردنی ئاسایش نیە بە ڕاستەوخۆیی. ئەمە پێویستی بە وەرچەرخان هەیە لە تێگەیشتن و ئاگایی لە ئاسایش.
سەرەتا دەبێت لە ئاستی فیکریدا قسە بکەین، ئینجا لە ئاستی واقیع پاشان پێداویستی بوونی گۆڕان.
لە ڕوی فیکریەوە لێرەدا تەنها ناونیشانەکان ئاماژە پێئەدەم، چونکە هەر هێندە بوار هەیە، لە ئێستادا. بە گشتی ئاسایش پەیوەستە بە لیبرالیزمەوە. ئازادی و ئاسایش دوو بواری تێکهەڵکێشن. دیارە ئەم پەیوەندیە ئێجگار ئاڵۆزە، هەروەها خاوەن مێژویەکی تایبەتە. سەرەتا پەیوەندیەکە ئابوریانەیە، لە ئابوری ئازاددا، مرۆڤەکان دەبێت سەرکێشی بکەن، بونی ژینگەی سەرکێشی، پێویستی بە ئازادی هەیە، بەڵام شکست لە سەرکێشی لە هەمانکاتدا پیویستی بە پاراستن هەیە. لێرەدا ریسک و ئینشورانس دێنە ئاراوە، وەک دوو بواری هەرە سەرەکی سەرمایەداری.
لە ئاستێکی تردا بە گشتی دەتوانین بگەڕێینەوە بۆ سەرەتاکانی دەوڵەتی مۆدرێن کاتێک هۆبز ئاسایش بە پێچەوانەی ترس دادەنێت. دەوڵەت کاری دابینکردنی ئاسایشە، بۆ زاڵبونی بە سەر ترسی دۆخی نادەوڵەتی. دیارە لە دیدی ڕەخنەییەوە ئەم بوارە وەها دەبینرێت کە هەرگیز ئامانجی دەوڵەتی لیبرال یان مۆدرێن ئەوە نەبوە کە رێگری بکات، بەڵکو هەمیشە ڕێگەی داوە کارەساتەکان ڕوبدەن، پاشان لە ڕێگای ئاسایشیەوە مامەڵەی لە گەڵ دەرئەنجامەکانیدا کردوە، بۆ نمونە دەوڵەت ڕێگرنەبوە لە سەرهەڵدانی برسێتی، بەڵام هەوڵیداوە کە چارەسەری دەرئەنجامەکانی بکات.
لە ساڵانی ڕاوبوردودا ئاسایش چەندین ڕەهەندی جیاوازی وەرگرت. یەکێک لەو بوارانە گەشەیە. بەبێ ئاسایش گەشە نابێت. ئەم ڕەهەندی ئاسایش لە ڕوی فیکریەوە ڕەنگە کارەکانی بیرمەندی گەورەی هیندی ئامارتیا سین کۆمەڵە کارێکی کۆڵەکەیی بێت لەم بوارەدا، هەروەها ڕاپۆرتەکانی گەشەی مرۆیی نەتەوە یەکگرتوەکان لەمبارەوە سەرچاوەی گرنگن.
دونیا ئێمە پێویستی بە وەرچەرخانە لە بواری تێگەیشتن لە ئاسایش، کاری ئاسایش و پەیوەندی نێوان ئاسایش و کۆمەڵگا و ئاسایش و گەشە و ئاسایش و ئازادی. چۆن لە
ئاسایش بە مانای کۆنترۆڵ بگوێزینەوە بۆ ئاسایش بەمانای توانابەخشین، ئیمپاوەرمێنت.
ئەم بوارە ئێجگار گرنگە چونکە کۆمەڵگای ئێمە لە بەردەم وەرچەرخانێکی ترسناکدایە. ئاوبوری کرێخۆری یان ڕەیعی توانای نەماوە چیدی داخوازی چینی لاوان دابین بکات، ئەم قەیرانە بە تێپەڕینی کات تەنها زیاتر و زیاتر قەیراناوی دەبێت. بە دابرانی کۆمەڵگا و دەسەڵات، بوار نابێت بۆ گەشە. بێ گەشەش سەقامگیری نابێت. بۆیە پرسی ئاسایش لە هەناو هەمو بوارەکانی دونیای ئێمەدایە و چیدی ناتوانین بە شێوەی تەقلیدی بیر بکەینەوە لەو بوارەوە.