• English
  • العربية

نەوت، شمشێرێكی دووسەر بۆ ئابووریی جیهان

بەگوێرەی ئاژانسی زانیاریی وزەی ئەمریكا، نرخی نەوت كاریگەری لەسەر 96%ی كەرتی گواستنەوە و 43%ی بەرهەمی پیشەسازی و 21%ی نیشتەجێبوون و 3%ی كارەبا دادەنێ.
شیكردنه‌وه‌ و بیروبۆچونه‌كان

4/27/2019 5:58:00 PM

 

بەگوێرەی سندوقی نێودەوڵەتیی دراو، نزمیی نرخی نەوت كاریگەرییەكی ئیجابی لەسەر ئابووریی جیهان هەیە. هەواڵێكی خۆشە بۆ ئابووریی وڵاتانی هاوردەكاری نەوتی خاو، بەتایبەت چین و هیندوستان و رۆژئاوای ئەوروپا و ژاپۆن و توركیا. بەڵام هەواڵێكی ناخۆشە بۆ فرۆشیارانی نەوت بە تایبەتی عێراق، ڤەنزوێلا، كوێت، سعودیە و رووسیا و وڵاتانی دیكەی بەرهەمهێنی نەوت كە دووچاری كورتهێنان لە بودجەدا دەبنەوە. شرۆڤەكارانی ئابووری مەزەندە دەكەن هەر 10 دۆلارێك لە نرخی نەوت پاشەكشە بكات، ئەوە دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی داهاتی وڵاتانی سەرەكیی هاوردەكاری نەوتی خاو بە نزیكەی 0.5% بۆ 0.7%. بەپێچەوانەوە دەبێتە هۆی دابەزینی 3-5%ی تێكڕای داهات و بەرهەمی ناوخۆی وڵاتانی بەرهەمێنەری نەوت، بە تایبەتی وڵاتانی كەنداوی عەرەبی كە سەرچاوەی سەرەكی داهاتەكەیان نەوتە. هەروەها داهاتی هەریەك لە ئیمارات و نەیجیریا بە رێژەی 1.5% تاوەكو 2% پاشەكەشە دەكات.

بەشێوەیەكی گشتی دابەزینی نرخی نەوت بۆ ئابووریی جیهان ئەرێنییە، بەبۆچوونی ئابووریناسان نرخی نەوت لە نێوان 50 بۆ 70 دۆلار بێت ئیجابیە بۆ گەشەی ئابووریی جیهان. لە بارودۆخێكی ئابووریی ئاساییدا دابەزینی نرخی نەوت یارمەتی گەشەی ئابووریی جیهان دەدات. ئەویش بەهۆی ئەوەی:

یەكەم: خەرجییەكانی سووتەمەنی كەم دەكاتەوە، گوشارەكانی سەر بەرزبوونەوەی هەڵئاوسان دادەبەزێنێت، كاریگەری دەخاتە سەر سیاسەتی نەختینەیی وڵاتان و هانی بانكە ناوەندییەكان دەدات تاوەكو رێژەی سووی بانكی لە ئاستێكی نزمدا بهێڵنەوە.

دووەم: هەندێك كات دەگوترێت دابەزینی نرخی نەوت بۆ بەكاربەر وەك كەمكردنەوەی باج وایە، هەمان كاریگەری سیاسەتی باجی فراوانی هەیە لەسەر ئابووری، دابەزینی نرخی وزە هانی بەكاربەر دەدات خەرجیەكانی خۆی لەسەر سووتەمەنی كەم بكاتەوە و لەبەرامبەردا توانای كڕینی كاڵا و خزمەتگوزاریی دیكەی بەرز دەكاتەوە. هەروەك چۆن بەئامانجی دابەزینی نرخی نەوت هەمیشە ترەمپ بە تویتەكانی هەڕەشەی لە سعودیە و لایەنەكانی دیكە كردووە، چونكە دابەزینی هاوتایە لەگەڵ كەمكردنەوەی باج لەلایەن ئیدارەی ترەمپ.

سێیەم: بەگوێرەی ئاژانسی زانیاریی وزەی ئەمریكا، نرخی نەوت كاریگەری لەسەر 96%ی كەرتی گواستنەوە و 43%ی بەرهەمی پیشەسازی و 21%ی نیشتەجێبوون و 3%ی كارەبا دادەنێ. هەربۆیە دابەزینی نرخی نەوت ئەم خەرجیانە كەمدەكاتەوە.

چوارەم: دابەزینی نرخی نەوت دەبێتە هۆی دابەزینی خەرجییەكان و بەرزبوونەوەی قازانجی كۆمپانیاكان و بەرهەمهێنانی زیاتر. لەگەڵ ئەوەشدا باشترین كاتە بۆ حكومەتەكان تاوەكو داهاتەكانیان و رێژەی باج لەسەر بەنزین بەرز بكەنەوە.

بەڵام لەگەڵ چەندین لایەنی ئەرێنی، نزمیی نرخی نەوت سەرباری ئەوەی بۆ وڵاتانی هەناردەكاری نەوت نەرێنییە، وڵاتانی بەرهەمهێن كە نەوت بەشێكی گرینگی تێكڕای بەرهەمی ناوخۆی وڵاتەكانیان پێكدەهێنێت، دووچاری داشكانی بەهای دراوەكانیان دەبن كە دەبێتە هۆی هەڵئاوسان و دابەزینی ئاستی پێوانەیی ژیان. ناتوانن خزمەتگوزاری كۆمەڵایەتی دابین بكەن، رەنگە ئەمە ببێتە مایەی مەترسی لەسەر ئابووریی جیهان، بەهۆی مایەپووچبوونی كۆمپانیاكان. هەروەها ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك بەتایبەتی سعودیە سیاسەتی دەستپێوەگرتن پەیڕەو بكەن، ئەوە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی جوڵەی سەرمایەی جیهان لەسەر هەردوو ئاستی سەرمایەی كورتخایەن و وەبەرهێنانی درێژخایەن و، وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دووچاری پاشەكشە دەبن، ئەمەش دەبێتە هۆی دابەزینی گەشەی ئابووریی جیهان.

بەهۆی مایەپووچبوونی كۆمپانیاكانی نەوت و كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانیان، ئەو كۆمپانیایانە ناتوانن قەرزەكانیان بۆ بانكەكان بگەڕێننەوە، ئەمەش كاریگەری نەرێنی لەسەر سیستەمی دارایی جیهان دەبێ‌ و دواتر دابەزینی گەشەی ئابووریی وڵاتانی بەكاربەری نەوتیشی لێدەكەوێتەوە. لەلایەكی دیكەوە دابەزینی نرخی نەوت، كاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە دروست دەكات، سەرەڕای بەرزبوونەوەی بەكاربردنی سووتەمەنی، دەبێتە هۆی زیانگەیاندن بە گەشەسەندنی بازاڕی وزە پاكەكان، بۆیە مانەوەی نرخی نەوت لە ئاستێكی زۆر نزمدا، لە قازانجی وڵاتانی بەكاربەری نەوتی خاویش نییە.

هەرچەندە دابەزینی نرخی نەوت لە مەودایەكی كورتخایەندا كاریگەری خراپی لەسەر ئابووریی وڵاتانی بەرهەمهێنی نەوت دەبێت و داهاتیان كەم دەبێتەوە و تووشی هەڵاوسان دەبن، بەڵام دەكرێ‌ لە درێژخایەندا بەخێر بۆیان بشكێتەوە، چونكە ناچار دەبن بیر لە هەمەجۆركردنی سەرچاوەی داهات بكەنەوە و تەنیا پشت بە بەرهەمهێنانی نەوت نەبەستن.