لە کۆتایی سەدەی هەژدەهەمدا، ناپلیۆن ئیمپڕاتۆری فەڕەنسا، له‌سه‌رده‌می حوکمڕانی خۆیدا وتوویه‌تی : لێگه‌ڕین با چین هه‌ر بنوێ، گه‌ر خه‌به‌ری بێته‌وه... جیهان داگیر دەکات و پاشان ده‌یشێوێنێ، چین به‌خه‌به‌ر هات و جیهانی خسته جوڵه و ترس و دڵه‌ڕاوکێی خسته دڵ وڵاتەکانی ڕۆژئاواوە و جیهانی له ڕه‌هه‌ندی یه‌ك جه‌مسه‌ری ئه‌مریکاوه کرده فره‌جه‌مسه‌ری.
ئەمڕۆ چین لە پێگەیەکدایە، بە جۆرێك کە لە ١٥ ی یەنوەری ساڵی ٢٠١٧ دا و لە کۆبەندی ئابووری جیهاندا لە داڤوس، وتەی کردنەوەی کۆبەندەکە، لەلایەن شی جیپینگی سەرۆکی وڵاتی چێنەوە خوێنرایەوە و وەکو خاوەن دەسەڵاتی سەرەکی و ئابووری بەهێز لە جیهاندا چووە نێو مێژوەوە ، چین لە هەوڵێکدایە باڵی خۆی بەسەر جیهاندا بکێشێ، هەر هەلێك هەبێت لەهەر شوێنێك، وەکو بوونی کەرەستەی خاو و وزە و کان و کانزا، چین بۆ وەبەرهەمهێنانی خۆی قۆرخی دەکات، بەتایبەت لە کیشوەری ئەفریقا، لەو کیشوەرەی شی جینپینگ وەکو فریاڕەس و بەهێزترین کەسایەتی سیاسی و ئابووری جیهانی دەبینرێت، لە چینیش توانی بڕوا بە سەرجەم پێکهاتەی حیزبەکەی بهێنێ و پەرەگرافی نێو دەستور لەمەڕ سەرۆکایەتیەوە هەموار بکرێ و لە ڕۆژی ١٨ ی مارسی ٢٠١٨ دا بڕیار درا کە مەودای سەرۆکایەتی چین کراوە بێت و سنووردار نەبێت.
چین بە بەرهەمهێنان و پەیوەندیە دیپلۆماتی و سیاسیەکانیەوە، بە قۆرخکردنی تەواوی سامانی سروشتی بەتایبەت لە کیشوەری ئەفریقا و بە کردنەوەی ڕێگای ئاوریشم و گەیاندنی توانای بەرهەمهێنانی نێوخۆی خۆی بە هەموو جیهاندا، پەیامێکی نوێ و چاوەڕوان نەکراوی گەیاندە دونیا، هیشتا هەموو نهێنیەکانی ئەو پەیامەش دەرنەکەوتوون، ئەوەی هەیە تا ئێستا هەر پەیامە ئابووری و بازرگانیەکەیەتی کە جیهانی نائارامکردووە و لە ڕیزبەندی ئابووریدا جێگەی بەزۆربەی وڵاتە پێشکەوتووەکان لەق کردووە، بۆ نێوخۆی چینیش سێ تەوەری گرنگی بە یاساغی و بە بێ ڕیفۆڕم هێشتووەتەوە، دیموکراتی و مافی مرۆڤ و ئازادی ڕاگەیاندن.
دەستپێکی گەشەسەندنی چین
شی جێپینگ سەرۆکی ئێستای چین دەڵێ : ئەو گەشەسەندنەی ئەمڕۆی چین کە لە ماوەی نزیکەی چل ساڵدا بەدەستی هێناوە، وڵاتانی ڕۆژئاوا لە ماوەی سەد ساڵدا پێی گەیشتن. دەرئەنجامی ئەو گەشەسەندنە ئابووریەی چین، ڕزگارکردنی نزیکەی نیو ملیارد هاوڵاتی چینی بوو لە ژێر هێڵی هەژاریەوە، ئەم هەنگاوەی چین کە سەرەتا کاریگەریەکەی لە نێوخۆ ڕەنگیدایەوە، لەو هەنگاوە سەرەتاییە قورسانە بوو، کە بەهای توانا و ویستی پشوو درێژی چین دەسەلمێنێ و به هه‌نگاوی بچوك به‌ڵام به‌رده‌وام ده‌ستی پێ‌کرد، تا گه‌یشته ئاستێك که توانی زۆربه‌ی جومگه سه‌ره‌کیه‌کانی وه‌به‌رهه‌مهێنان و هەناردە و هاوردە بکه‌وێته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆیه‌وه وەکو بەندەر و ڕێگای هاتوچۆ و هێڵی ئاسنین و زۆریتر، وە ئاشکرایە کە وزه یه‌کێکه له‌و سێکته‌رانه‌ی بڕبڕه‌ی پشتی ههنگاوهکانێتی و ده‌بێ پلانی پەیوەندی دیپلۆماتی و ئابووری و سیاسی تۆکمەی هەبێ بۆ سەرخستنی ستراتیژیە سەرەکیەکەی و بەردەوامیدان بۆ به‌ده‌ستهێنانی ئەو وزەیە و دۆزینەوەی بازاڕی گونجاو بۆ کاڵاکانی.
دوو ساڵ دوای کۆچی دوایی ما‌و تسی تۆنگ، دینگ شیاوپینگ له ساڵی 1978 دا ڕیفۆڕمێکی نوێی له پلانی سیاسی_ ئابووری چیندا هێنایه کایه‌وه و لەو بڕوایەدا بوو کە وابه‌سته بوون به سیاسه‌تی ئابووری کۆمۆنیستی، به‌ستنه‌وه‌ی چینه به چه‌قبه‌ستوویی و مانهوەیەتی له قۆزاخه‌ی نێوخۆ و نه‌توانینی په‌لهاویشتن به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی خۆی و ئاشنا نه‌بوون به داهێنان و تازه‌گه‌ری جیهان کە چین بەرەو پەراوێز و دوورەپەرێزی دەبات لە جیهاندا، بەڕای دینگ، کردنه‌وه‌ی ده‌رگای ئابووری به‌ره‌و جیهان واته دۆزینه‌وه‌ی بازاڕی ئابووری و جوڵه‌ی بازرگانی و هه‌مه‌جۆری له ڕێگای هاورده‌ی وزه و په‌یوه‌ندیه ستراتیژی و ئابووری و سیاسیه‌کان و سوود وه‌رگرتن له جیۆپۆلیتیکی جیهان بۆ ڕاییکردنی پێداویستیه پیشه‌سازیه‌کانی نێوخۆ و په‌ره‌سه‌ندنی ئاستی داهات و ڕێژه‌ی کاڵا و نمایش‌کردنی به‌رهه‌می نێوخۆ له ده‌ره‌وه‌ی چین، بۆیە سانسۆزی لەسەر زۆربەی خاوەن کارگە و بەرهەمهێنەرە سەرەکێیەکانی کەرتی تایبەتی نێو وڵات نەهێشت.
یەکەم ڕیفۆرمی دینگ ئەوە بوو کە ده‌رگای خستنەگەڕی سه‌رمایه‌ی که‌رتی تایبه‌تی بەڕووی جیهاندا کرده‌وه و جاڕی ئاڵوگۆڕی بازرگانی له‌گه‌ڵ جیهاندا دا و جوڵه‌یه‌کی سه‌رمایه‌داری له‌ژێر ئاڵای کۆمۆنیستی خسته نێو سیسته‌می ئابووری چینه‌وه و له‌وساوه گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی چین نه‌وه‌ستاوه، بەڵام بێ ئەوەی بهێڵێت هیچ ئەگەری دەرگایەك بەرەو دیموکراتی و مافی مرۆڤ و مافی بوونی ئۆپۆزسیۆن و ڕاگەیاندن و ڕای ئازاد لە چیندا بکرێتەوە.
گەشەی ئابووری چین لە سەرەتای ساڵی هەشتاکانەوە دەستی پێ‌کرد، پاش ئەوەی دینگ شیاوپینگ ( ١٩٧٨ – ١٩٩٢ ) ڕیفۆرمەکەی خۆی بەسەر سیاسەتی ئابووری چیندا سەپاند، ژماره‌یه‌کی زۆری کۆمپانیای نێو خۆیی سانسۆری ده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر نه‌ماو مه‌ودای پێدرا ئاڵوگۆڕی بازرگانی و به‌رهه‌مهێنان و هه‌نارده له‌گه‌ڵ جیهاندا بکات، لەو گەشەسەندنەدا نزیکەی نیو ملیارد کەس لە دانیشتوانی چین هێڵی هەژاری بڕی، کە دەکاتە نزیکەی ٧% ی دانیشتوانی جیهان، واتە لەبەر زۆری دانیشتوانی ئەم وڵاتە، هەر گۆڕانێك، لە زیاتر یا کەمتر بەکاربردنی هەر شتێك ڕووبدات، ڕاستەوانە کاریگەری لەسەر پێوەری جیهانیدا دەبێت لەو بوارەدا.
ئەو ڕیفۆرمانەی لە چیندا دەکرێن، بواری مافی مرۆڤ و دیموکراتی و ئازادی ڕاده‌ربڕیندا ناگرێتەوە، ڕێفۆرمێك نیه له ئاستی پاراستنی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیدا بێ، گرفتە بنەڕەتیەکانی تاکی مرۆڤ چارەسەر ناکرێن و بەهەند وەرناگیرن و لە پلاندا نین، وەکو ئازادی بیروڕا و ئازادی دادوەری و مه‌ودادان به ده‌رکه‌وتنی ئۆپۆزسیۆن و په‌یڕه‌وکردنی دیموکراتی، جگە لەوەی گەندەڵی، زۆربەی جومگەکانی دەسەڵاتی گرتووەتەوە، لە ڕیزبەندی جیهاندا بۆ گەندەڵی لە ساڵی ٢٠١٧ دا، چین لە ڕیزبەندی ٧٧ مین بوو لە کۆی ١٨٠ دەوڵەتدا.
هێڵكارى گه‌شه‌كردن و كۆنێكت بونى چین به ناوچه‌كانى دیكه‌ى جیهانه‌وه
چین لەسەردەمی ما‌و تسی تۆنگدا بە قۆناخێکی سەختی ئابووریدا تێپەڕی، زیاتر پرس و ڕا و پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤیەتی ئەو کاتەدا هەبوو، پاش مردنی ما‌و لە ساڵی ١٩٧٦، وڵاتێکی برسی و پەراوێز و دواکەوتوو و بێ توانا بەجێما، لە کۆی ٩٣٠ ملیۆن کەس بۆ ئەو کاتە، ٧٧٠ ملیۆن کەس لەژێر هێڵی هەژاریەوە بوون، میراتی ما‌و تسی تۆنگ، میراتێکی نالەباری و سەختی ژیان بوو که سەرانسەری هەژاری و برسێتی و بێ‌کاری بوو، دوای ما‌و، کاتێ دینگ شاوپینگ دەسەڵات دەگرێتە دەست، پلانی ئەو تەواو پێچەوانەی پلانی ما‌و دەبێت، دینگ لە جیاتی ئەوەی بەرەو یەکێتی سۆڤیەت سەفەر بکات بەرەو ئەمریکا دەچێت، دینگ بڕوای وا بوو کە وابەستەبوون بە سیاسەتی کۆمۆنیزمی، وڵاتی چینی قەتیس و وابه‌سته کردووە، به‌ڕای دینگ دەتوانرێ سیاسەتی حوکمڕانی چین کۆمۆنیستی بێت و ئابووریەکەی سەرمایەداری، ئه‌م بیرۆکه‌یه، ئه‌وه بوو که ئێستا چین تیایدا بووه‌ته ئه‌و وڵاته‌ی دڵه‌ڕاوکێ و سامی خستووه‌ته سیاسه‌تی ئابووری وڵاتانی ڕۆژئاواوه.
دینگ دەرگای ئابووری چینی بەرەو ئابووری جیهان کردەوە، بە درێژایی کەناری دەریا لە ڕۆژئاواوە دەرگای لە وەبەرهەمهێنەرەکانی جیهان و نێوخۆی چین واڵا کرد، لە ڕێی بوژانەوەی کەرتی تایبەتی وەبەرهەمهێنان و ئاڵوگۆڕ و بازرگانی ، بازاڕەکانی جیهانی بە بەرهەمی چین ناساند، ئەو تابووەی شکاند کە تەنها بە وڵاتە کۆمۆنیست و چەپە ڕادیکاڵەکانەوە بەسترابووەوە، هەر ئەو واڵاکردنەوەی پەیوەندیەی بەڕووی جیهاندا، کاریگەری لەسەر ڕێژەی گەشەسەندنی ئابووری چین دروست کرد و گەشەی داهاتی بەرهەمی نێوخۆی لە ساڵێکدا گەیشتە ٨ - ١٠% و بۆ ماوەی زیاتر لە بیست ساڵ، قوربانی یەکەمی ئەم گەشەسەندن و پەرەسەندنەش زیادبوونی ڕێژه‌ی گازی دووه‌م ئۆکسیدی کاربۆن له هه‌وا و تێکچوونی ژینگەی هەموو جیهان بوو.
لە سەرەتای ساڵی نەوەدەکانەوە و تا ئێستا، پێداویستی چین بۆ وزە هەر لە هەڵکشاندایە، وە لەبەر ئەوەی ڕێژەی بەکاربردنی وزە لە چیندا زۆر زیاترە لە بەرهەمهێنانی وزەی نێوخۆیی خۆی، بۆیە هاوردەکردنی وزە بۆ دابینکردنی پێداویستی و بەرهەمهێنانی کاڵا و شتومەك، پێویستی بە سیاسەتێکی جیۆپۆلیتیکی و ئابووری زۆر هەستیار هەیە، بەتایبەت لەبەر ئەوەی بوونی هێزی دەریایی بۆ پەڕینەوە و پاراستنی گوازتنەوەی وزە لە نێو دەریا و ئوقیانوسەکانەوە، زیاتر لە لایەن ئەمریکاوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، بۆیە لێرەدا ئەگەری بەریەکەوتنی شەڕی بازرگانی نێوانیان زیاتر دەبێ.
له مانگی ئازاری ساڵی 2013 دا، شی جینپینگ لەلایەن حزبی کۆمۆنیستەوە بە سه‌رۆکی چین هەڵبژێررا، ئه‌ویش کۆمه‌ڵێ به‌رنامه‌ی بۆ چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی نێوخۆ و داهێنانی په‌یوه‌ندی ستراتیژی له‌گه‌ڵ ده‌ره‌وه‌ی وڵات خسته‌ڕوو و لەهەمووی گرنگتر داڕێژانی پلانی زیندووکردنه‌وه‌ی ڕێگای ئاوریشم بوو لەلایەکەوە و لە لایەکیترەوە له ژێر فشاری نێوخۆیی و ده‌ره‌وه‌شدا به‌رنامه‌ی پاراستنی بواری ژینگه‌ی هێنایه کایه‌وه.
شی جینپینگ له‌دایکبووی ساڵی 1953 یه، کوڕی وه‌زیر و سیاسه‌تمه‌دارێکی کۆمۆنیستی سه‌رده‌می حوکمرانی ما‌و تسی تۆنگە، ئەم سەرۆکە ڕیشه‌ی ڕیفۆرمی له سیاسه‌تی ئابووری چیندا بەرجەستە کرد، بەڵام بێ ئەوەی سیاسەتە کۆمۆنیستیەکەی لە نێوخۆدا بگۆڕێت ، ئه‌و ڕیفۆرمه‌ی بە شه‌پۆلی داهاتی به‌رهه‌می ئابووری نێوخۆییەکەی خۆی، وڵاتی چینی کرده ڕکابه‌ری یه‌که‌م لە جیهانی ئابووریدا بەرامبەر ئەمریکا و شەڕی بازرگانی و ئابووری لەگەڵدا دەست پێ‌کرد ، گەشەی ئابووری بەجۆرێك پەرەی سەند کە پێداویستی بۆ وزەی هاوردە له نه‌وت و گاز و بۆ هێنانه به‌رهه‌می کاڵا و پیشه‌سازی، زۆربه‌ی وڵاته ئه‌فریقیه‌کانی کردووه‌ته نێچیری پێداویستی خۆی و لە تاڵان‌کردنی وزە و کەرەستەی خاو و کان و کانزای وڵاتانی ئەو کیشوەرەدایە.
شی جینپینگ کوڕی سیاهسهتمهدارێکی ناودارە و له‌دایکبوونی و گه‌وره‌بوونی تا ته‌مەنی نۆ ساڵی له نێو کۆشك و ژیانی بهگزادهییدا ده‌بێت، پاشان باوکی به گومانی خیانه‌ت له پارتی کۆمۆنیست و ئاشکراکردنی نهێنی نێو حیزب ده‌ستگیر ده‌کرێ و سهرکۆنهدهکرێ، تا ده‌گاته ئه‌وه‌ی له ڕاگه‌یاندندا و به‌ئاشکرا په‌شیمانی و دڵگرانی خۆی له‌و خیانه‌تکردنه ده‌رببڕێ و به‌ندکردنی له نێو به‌ندیخانه‌کانی چین به شایانی خۆی بزانێ، ئه‌م کرده‌وه‌یه سزادانی ( شی) ی کوڕیشی گرته‌وه، ده‌بوو ئه‌ویش سزای ههڵهکەی باوکی به‌رکه‌وێ، بۆیه له تەمەنی پازدە ساڵیدا دوورده‌خرێته‌وه و کاری بێگاری پێده‌کرێت، دەنێررێتە گوندێكی دووری بێ خزمه‌تگوزاری لە ناوچەی یەنێگ و لەگەڵ جوتیارەکاندا فێری کاری کشتوکاڵی و ژیانی سەختی گوند دەبێ، خوێندنەوەش دەبێتە یەکێك لە کارە بەردەوامەکانی، لە تەمەنی بیست و یەك ساڵیدا واتە لەساڵی ١٩٧٣ دا دەبێتە سکرتێری پارتەکەی لەو گوندە، پاشان بۆ خوێندنی زانکۆ دەچێتە پەکین.
لەو وڵاتەدا، تەنها کاتێ دەروازەی کار و خوێندنت بۆ دەکرێتەوە کە ئەندامی پارتی کۆمۆنیست بیت، چ بۆ کاری بازرگانی بێت و چ بۆ خوێندن لە دەرەوەی وڵات بێت، شی جیپینگ خۆی نەوەی باوکێکی دەسەڵاتدار بوو، ویستی خۆیشی هەر ئەوە بوو، کە خزمەتی حزب بکات و بتوانی بە پەیژەی دەسەڵاتدا سەرکەوێ، تا لەساڵی ٢٠١٣ دا سەرۆکایەتی چینی گرتە دەست، لەگەڵ هاتنە سەر تەختی فەرمانڕەواییدا بیرۆکەی ڕێگای ئاوریشمی هێنایەکایەوە و جیهانی وروژاند و بووه ڕکابه‌ری ئه‌مریکا و تا ڕادەیەك درزی خستە نێو یەکێتی ئەوروپاشەوە.
شی تەنها لە ڕووی تەکنەلۆژی و ئیکۆنۆمی و ئابووری و بازرگانیەوە وڵاتی چینی تاو نەدا، بەڵکو تەنانەت لە بواری وەرزشدا پلانی بەربڵاوی داناوە، بە سەرۆکی فیفای تۆپی پێی ڕاگەیاندبوو، کە سێ ئاواتی هەیە لە ڕووی وەرزشی تۆپی پێەوە، یەکەمیان بۆ جارێك جامی جیهانی لە وڵاتی چین بەڕێوەبچێت،دووەمیان بۆجارێك چێن لە جامی جیهانیدا بەشدار بێت، سێیەمیش بۆجارێك پاڵەوانی جامی جیهانی بێت بۆ تۆپی پێ.
پاش ڕیفۆرمه ئابووریه‌که‌ی دینگ شیاوپینگ و له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه، گه‌شه‌ی ئابووری چین ده‌ستی پێ‌کرد و له ماوه‌ی بیست ساڵی ڕابووردودا تێکڕای گه‌شه‌ی ئابوورییه‌که‌ی نزیکەی 8% بوو، ئه‌وه‌ش به‌هۆی بازاڕی کاڵا و داواکاری بهرههمهکانیهوهیه له ئاسیا و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌مریکا و ئوستورالیا و ئه‌وروپا، ئه‌م داواکاریه‌ی جیهانیش بۆ به‌رهه‌می چین، پشت به ئاستی باری ئابووری گشتی و دارایی هەر یەکێک لەو ناوچانەوە ده‌به‌ستێت، هه‌روه‌ها پشت به بڕی وزه و گۆڕانی نرخی وزه‌ش ده‌به‌ستێت له جیهاندا، نرخی وزە هه‌میشه وابه‌سته‌ی گۆڕانی سیاسی و په‌یوه‌ندیه جیۆسیاسی و کێبڕکێیه جیهانیه‌کانه.
" ئاماده‌بونى چین له جيهلندا به‌رجه‌سته‌بووه"
ئه‌وه‌ی که گرفته، له وڵاتی چین بوونی ڕیفۆرمی ئابووری بووه هۆی گه‌شه‌کردنی ئاستی ئابووری، به‌ڵام هیچ ڕیفۆرمێکی سیاسی ڕووی نه‌دا، ئه‌بێ ئه‌وه‌ش بڵێین، که له‌مه‌ودوا چین وڵاتێکی بووژاوه یا تازه گه‌شه‌کردوو نیه، به‌ڵکو وڵاتێکه له ئاستی جه‌مسه‌ری سه‌ره‌کی جیهانه و توانای ڕکابه‌ری جیهانی هه‌یه و ئابووریه‌که‌ی له ئاستێکدایه که نائارامی خستووه‌ته نێو پلانی ئابووری جیهانه‌وه، یه‌کێك له ڕێکاره‌کانی گه‌شه‌ی چین، که شی جینپینگ داهێنه‌رێتی، بریتیه له ڕێگای ئاوریشم، که له ساڵی 2014 وه شی به ڕاشکاوی، وه‌کو پلانێکی تۆکمه‌ی سیاسی و جیۆپۆلیتیكی و ئابووری، خستیه‌ڕوو.
دەبێ ئەوەش بوترێت کە هەر ئەم بەکاربردنە زۆرەی وزە واتە خەڵوزی بەرد و نەوت و گاز، بووە هۆی زیاتر تێکچوونی کەشوهەوا و گەرمبوونەوەی ئەتمۆسفێری بەرگەی گۆی زەوی، کە بۆیەکەم جار لە ساڵی ٢٠٠٦ دا بڕی دەردانی گازی زیانبەخش بۆ نێو هەوا، بەهۆی زۆر بەکارهێنانی وزەی تەقلیدی ( نەوت و گاز و خەڵوزی بەرد) لە چین، لەو بڕەی ئەمریکا دەیخاتە نێو هەواوە زیاتر بوو، بەتایبەت گازی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن، پیسبوونی ژینگە یا پیسبوونی هەوا لە چین، هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی خەڵوزی بەرد، پیسبوونی هەواش گرنگترین هۆکاری نائارامی کۆمەڵایەتیە لەو وڵاتەدا، بۆیە بۆ کەمکردنەوەی ڕادەی پیسبوونی هەوا و بۆ ڕەچاوکردنی ئەو تەنگەژە کۆمەڵایەتیە و بۆ کەمکردنەوەی تێچووی وزە، دەسپێکی چین بۆ وەبەرهەمهێنانی وزەی سەوز یا وزەی دوبارە لە سروشتەوە، بەتایبەت لە خۆر و لە پەروانەی هەوا ، دەسپێکێکی زۆر باڵا و بەرچاو و پێویست بوو.
چین بەهۆی گەشەسەندن و پەلهاویشتنه ئابووریەکەیەوە، پێویستیەکی زۆری بە وزە هەیە، لە ئێستادا چین پاش ئەمریکا دووەم وڵاتە لە بەرکاربردنی بڕی وزە له جیهاندا، بۆیە مامەڵەی کڕین و گوازتنەوەی وزە، یەکێکە لەو تاکتیکانەی کە دەبێ لە خزمەتی ستراتیژی ئابووریەکەیدا بێت و بەپێی پلانی داڕێژراوی درێژخایەن کار بکات، یه‌کێك له پلانه‌کانی هاوردنی وزه ئەوەیە کە لەچەند سەرچاوەیەکەوە بێ، بۆ نمونە ئێران و ڕوسیا و کەنداوی عەرەبی و ئاسیای ناوەڕاست، بۆ چین هاوردەی وزە لە ڕوسیاوە ئاسانترە، لەبەر نزیکی جوگرافیاکەی لەلایەکەوە و لەلایەکیترەوەش بەو مامەڵە ئابووریەی، لە ئێستادا دەتوانێ تەگەرە بخاتە نێو ستراتیژی وزەی ئەمریکاوە.
لەگەڵ سەرەتای ساڵی دووهەزارەوە، چین توانی لە ڕیزبەندی ئابووری جیهانیدا کێبڕکێی خۆی لە ئاستی جیهاندا بباتەوە و له بواری ئابووری تێکڕای داهاتی نێوخۆدا، جێی بە زۆربەی وڵاتە پیشەسازیەکان لەق کرد، لەوانە ئیتاڵی و فەڕەنسی و بەڕیتانی و ئەڵمانی و یابانی و چووە ڕیزبەندی دووەمه‌وه پاش ئەمریکا.
پرۆژەی ڕێگای ئاوریشم One Belt one road
گرنگترین بڕیاری یونسکۆی ساڵی 2014 بۆ وڵاتی چین، بریتی بوو لە ئه‌ژمارکردنی ( ڕیگای ئاوریشم ) وه‌کوو که‌له‌پور و سیمایه‌کی ناوازه‌ی ئه‌و وڵاته و تۆمارکردنی له ڕیزبه‌ندی شوێن و که‌له‌پوره ناوازه‌کانی جیهاندا لە یونیسکۆ ، ڕێگای ئاوریشم ئه‌و ڕێگای قافڵەیەیە که کاروانه‌کانی گوازتنه‌وه‌ی کاڵا و شتومه‌کی چینی به‌تایبه‌ت ئاوریشمی له دووسه‌ده پێش زایینیه‌وه به‌ره‌و سه‌نته‌ری ئاسیا و ناوچه‌کانی ڕۆهەڵاتی ناوەڕاست و تا دەگەیشتە ئەوروپا، پێدا تێده‌په‌ڕی.
ناوبانگی وڵاتی چین ده‌مێکه بە کاری دەستی و چنین و ڕستن و به‌رهه‌می ئاڵا‌و واڵای پۆشاك و ورده‌کاری جوانکاری و زۆر به‌رهه‌می دیکه‌ی وەکو بواری عەتاری و دارچینی ناسراوه، هه‌ر له پێش زایینیه‌وه، ئه‌و به‌رهه‌مانه سنووری چینی بڕیوه و به‌ره‌و ده‌ڤه‌ره‌کانی ده‌وروپشت بە قافڵە گوازراونه‌ته‌وه و له هه‌موو کیشوه‌ره‌کانیشه‌وه پێشوازی لێ کراوه، ده‌مێکه چین ده‌روازه‌ی، ئاڵوگۆڕی بازرگانی و ناساندن و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی زرنگی و دهستڕهنگینی و کولتوری چینی به‌ره‌و سنووری ده‌ره‌وی خۆی کردووه‌ته‌وه.
ئێستا چین له قۆناغێکی گۆڕان و په‌لهاویشتنێکی وایه، که زه‌حمه‌ت هێزێکی ئابووری له‌و به‌هێزتر بتوانێ ببێته ڕکابه‌ری و به‌رده‌وامیه‌که‌ی بوه‌ستێنێ، جیهان له ئاستی ئه‌م فره‌به‌رهه‌م و فره‌جۆر و فره‌ڕه‌نگه‌ی وه‌به‌رهه‌مهێنانی چین ده‌سته‌وه‌ستانه، له ئێستادا فرهجهمسهریهکی کاتی له دنیادا زاڵه، که ئه‌وه‌نده نابات جه‌مسه‌ری چین وه‌کو جه‌مسه‌ری سه‌ره‌کی له بواری ئابووری و ده‌سه‌لاتدا دانی پێداده‌نرێت، چین وڵاتێکه که( زانست ) ی وه‌کو پێگه‌ی سه‌ره‌کی بۆ خه‌رجکردنی سه‌رمایه خستووه‌ته ئاراوه، جگه له‌وه‌ی بەهۆی بڕیاری تاك حزبیەوە کات و چاوه‌ڕوانی له بڕیارداندا خه‌رج ناکات، ئەوەی بۆ بەردەوامی ئەم سەرهەڵدانە زۆر پێویستە تەنها بڕێکی زۆری وزەیە و دابینکردنی سه‌رچاوه‌کانی وزه‌یه، به‌تایبه‌ت له ئه‌فریقاوه، چین زۆر بێدەنگ بووە چەقی قورسایی ئابووری جیهان، لەوێشەوە دەبێتە چەقی قورسایی سیاسەت و هاوپەیمانەکانی کۆدەکاتەوە و دەشێ کێبڕکێی سیاسیش ببێتە پاڵپشتی بەردەوامیدان بەم سەرهەڵدان و گەشەسەندنەی ئێستای.
گه‌ر بناغه‌ی هه‌موو دهستپێکردنێك، له ئاوڕدانه‌وه‌یه‌کی چڕ و سه‌ره‌تایه‌کی به متمانه‌وه ده‌ست پێ‌بکات، سه‌رکه‌وتوو ده‌بێت، چینیش ئاوڕی له ڕابوردووی پڕ له شکۆی پێش زاینی دایه‌وه و بڕوای به توانای خۆی و متمانه‌ی به بڕیاردانه‌که‌ی خۆی هه‌بوو. ئاوڕدانه‌وه‌ی چین له ڕابوردووی دووری پێش زاینی، ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ك بوو له گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندن و په‌لهاویشتنی ئه‌و کاته‌ی چین له لایه‌که‌وه و له ڕابوردووی نزیکیش، که هه‌ژاری و برسێتی و شێواوی و ڕۆچوون به‌ره‌و ئابووریه‌کی ناهه‌موار و وێران و داته‌پیو و لاواز لەلایەکیترەوە، که ده‌رئه‌نجامی سیاسه‌تێکی بێ پلان، ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی دهئاژوی، له نێوان هه‌ردوو ئاوڕدانهوهکهدا شۆڕشێکی ئابووری لەسەرخۆ و بەردەوام سەریهەڵدا، که ڕوانگه و بۆچوونی شاره‌زایانی له‌و خاڵه‌دا چه‌سپاند که گه‌شه‌ی ئابووری، به په‌یڕه‌وکردنی سیاسه‌تێکی تۆکمه و گشتگیری ڕه‌چاوکردنی سه‌رجه‌م بواره‌کانی دیکه ده‌کرێ.
مێژووی ڕێڕەوی ڕێگای ئاوریشم دەگەڕێتەوە بۆ دووسەد ساڵ پێش زایینی، لە ساڵی ١٣٨ پ.ز قەیسەری چین له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتی( بنه‌ماڵه‌ی- هان ) پێویستی بە پاڵپشتێك هەبوو بۆ پاراستنی ناوچەکانی سنووری ژێر دەسەڵاتی خۆی لە باکوری ڕۆژئاوای چین، که لە هێرشی چەتە و دەوارنشێنەکانی سه‌ر ڕێگای کاروانه‌کانی گوازتنه‌وه‌ی که‌لوپه‌لی بازرگانی، بیپارێزێ، بۆیه له هاوپه‌یمانیه‌ك ده‌گه‌ڕا له نێوان سنووری باکوری ڕۆژئاوای چین و بازاڕی ساغکردنه‌وه‌ی کاڵاکه‌ی بەرەو ئاسیای ناوه‌ڕاست، بەو هاوپه‌یمانیه‌ی قه‌یسه‌ری ئەوسای چین له‌گه‌ڵ پاشاکانی ئەو دەڤەرە، توانی به درێژایی ڕێگای قافڵه‌کان و بۆ پاراستنیان له ڕێگری و چەتەگری، چه‌کداری تایبەت جێ‌نشین بکات و سه‌لامه‌تی و دڵنیایی بۆ تێپه‌ڕبوونی کاروانه‌کان دابینکردن بکات.
کاروانه‌کانی ئه‌م قافڵانه له شاری تشانغانهوه له ناوه‌ندی چینه‌وه ده‌ستی پێده‌کرد و بیابانی جوبی و به‌رزاییه‌کانی تیبتی ده‌بڕی و پاشان به‌ره‌و ناوچه‌ی تاکلاماکانی و بە شارەکانی سەمەرقەند و بوخارادا تێدەپەڕی و به‌ره‌و سه‌نته‌ری ئاسیا و که‌ناره‌کانی خواروی ده‌ریاچه‌ی قه‌زوینه‌وه ده‌ڕۆیشت تا ده‌گه‌یشته که‌نار ده‌ریای سپی ناوه‌ڕاست و له‌وێ له‌نگه‌ری ده‌گرت، کاڵای ئه‌م کاروانانه بۆ ئه‌و کاته چه‌نده‌ها جۆری له به‌رهه‌م و کاری ده‌ستکرد و کاری ده‌ستی چینی ده‌گرته خۆی وه‌کو ده‌فری گڵ و دارچینی و بۆن و گژوگیای سروشتی بۆ ده‌رمانسازی و جل و به‌رگ و که‌ره‌سته‌ی جوانکاری و زۆریتر، به‌ڵام له هه‌مووی زیاتر ئاوریشم بوو. وڵاتی چین تا سەدەی پێنجەم مۆنۆپۆڵی بازرگانی ئاوریشمی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا کردبوو، لەو سەردەمەدا ئاوریشم وەکو دیارده‌یه‌کی ( باو ) سەرنجی زۆربەی ژنان و کچانی ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی ئەو کاتەی ڕاکێشابوو، کڕیاره‌کانیشی زیاتر بریتی بوون لە بنەماڵە و خێزان و به‌گزاده و شاژنی پاشا و حوکمڕانەکانی ئەو سەردەمە، فرۆشیاره‌کانیش ئاڵوگۆڕی ئاوریشمیان به زێڕ و به‌ردی سه‌نگین و میتاڵ و شتومه‌کی جۆراوجۆر ده‌کرد.
پەرەسەندنی بازرگانی و هاتوچۆی قافڵەکان هەر بە گوازتنەوەی کەلوپەل نەوەستا بەڵکو بووە هۆی ئاڵوگۆڕ و تەشەنەکردنی کولتور و هونەر و دەرمان و ڕێنمایی پزیشکی و چارەسەر و ته‌نانه‌ت ته‌شه‌نه و بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینه‌کانیش ، بۆ نمونە ئاینی بووزی لە نیمچە دورگەی هیندستانەوە بەرەو چین و سەنتەری ئاسیا و ئاینی زەردەشتی لە ئێرانەوە بەرەو ناوچەکانی دیکە و لە سەدەی حەوتەمیشەوە، بڵاوبوونەوەی ئاینی ئیسلامیش لە نیمچە دورگەی عەرەبیەوە بەرەو ناوچەکانی ڕۆژهەڵات و باکور .
گه‌شه‌ی ئابووری چین له سه‌ره‌تای هه‌شتاکانه‌وه ده‌ستیپێکرد، لە گەل هاتنە سەردەسەڵاتی دینگ شیاوپینگ لە ساڵی ١٩٧٨، بڕیاری بووژانەوە و هەڵسانەوەی بە شۆڕشی ئابووری دا، بڕیارێك بۆ ئەو کاتە جێگای مشت‌ومڕ و بۆ ئێستاش جێگەی سەرسوڕمانە، بووە خاڵی وەرچەرخانی ئابووری و ئینجا سیاسی، شیاوپینگ کادرەکانی لەسەربنەمای شارەزایی تەکنیکی و زانستی و توانا خستە سەر کار، بەرنامەکانی زۆرتر بۆ گەشەی ئابووری و شۆڕشی زانست و ڕۆشنبیری تەرخان کرد، ئاشکراشە کە ئابووری بەهێز وەکو دینەمۆی ئاراستەکردنی سیاسەت و چەتری دەسەڵات وایە، نزیکەی چل ساڵ دوای ئەو بڕیارە، ئێستا ئابووری جیهان کەوتووەتە نێو لەپی چین و هیچ خێراییەك نیە ڕەوڕەوەی کاروانەکانی لەسەر ڕێگای ئاوریشمی ئەوسا و سەرلەنوێ قیرتاوکراوەکەی ئێستا ڕابگرێ، ئەوەی گۆڕاوە، تەنها گۆڕانی کاروانەکانی پێش زایینە بە تەکنەلۆژیا و ڕێگای مۆدێرن و بڕینی سنووری زۆربەی وڵاتانی دونیا و سەردانی بەرهەمەکانی بەرەو ماڵی جۆرەها نەتەوە و زمان و ئاین و بۆچوون و ڕوانگە و جێ لەقکردنی زۆربەی ئەو وڵاتانەی لە ڕیزبەندی یەکەمی پێشکەوتندا بوون له ڕوبوردوودا.
ئێستا چین وڵاتێکە خاوەنی بەهێزترین چەك و سوپا، خاوەنی ڕێگاوبانی ئابووری جیهان، گەورەترین فابریکی بەرهەمهێنانی کەلوپەلی ئاماده‌کراوی جۆراوجۆره، خاوه‌ن وزه‌ی ئه‌تۆمی و چه‌کی ئه‌تۆمی، خاوه‌ن جێگای هه‌میشه‌یی له ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی، خاوه‌ن توانایه‌کی پشتبه‌ستوو به ئابووری بۆ ڕه‌خساندنی په‌یوه‌نیه‌کانی ده‌ره‌وه و ڕێکه‌وتن له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیه‌کانی، به‌تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی ده‌که‌ونه سه‌ر ڕێگای ئاوریشم، خاوه‌ن پێگه‌یه‌کی به‌هێزی بڕیار و توانای به‌رده‌وامی، سڵ نه‌کردنه‌وه له خستنهئارا و خستنه‌کاری سه‌رمایه بۆ پرۆژه‌کانی وه‌به‌رهه‌مهێنان، لێهاتوو له قۆرخکردنێکی نادادپەروەرانەی که‌ره‌سته‌ی خاو و سامانی سروشتی وڵاته نهبوژاوهکان به‌تایبه‌ت وڵاتانی ئه‌فریقا و هه‌ندێ له وڵاته‌کانی ئه‌مریکای باشور، ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی ڕێگاوبانی وشکایی و ئاوی و دروستکردنی به‌نده‌ر و له‌نگه‌ر له که‌ناری ئوقیانوس و ده‌ریاکان له سه‌رانسه‌ری جیهان، چین راپه‌ڕینێکه به پشتبه‌ستن به زانست و ژماره‌ی زۆری دانیشتوان و بڕیاری سیاسی بێ ڕکابه‌ر و سنووربه‌زاندنی مافی مرۆڤ و سه‌رکوتکردن، ساڵانە ملیۆنەها هاوڵاتی سەفەری دەرەوە دەکەن و بە داهێنان و بیرۆکەوە دەگەڕێنەوە، هەزارەها گەنجی بە بڕوانامەی زانکۆوە لە دەرەوەی چینەوە دەگەڕێنەوە نێو وڵات و توانا زانستی و شارەزاییەکەیان لە بواری شیاوی خۆی دەخەنەکار و بەهرەکان دەکەنە ئامانجی بەرهەمهێنان
لە ساڵی ٢٠١٤ دا شی جینپینگ سەرۆکی ئێستای چین، ڕەشنووسی پرۆژەی ڕێگای ئاوریشمی سەرلەنوێ ئاشکرا و بڵاوکردەوە، کە بریتی بوو لە کردنەوەی ڕێگای ئاوریشم بە ڕێگای وشکایی و ڕێگای ئاوی، پرۆژه‌یه‌كی زیندوو بۆ به‌رژه‌وه‌ندی چین که ده‌توانێ هەرسێ کیشوەری ئەوروپا و ئاسیا و ئەفریقا له‌گه‌ڵ یەکتردا ببەستێتەوە.