• English
  • العربية

جیۆپۆلۆتیکی نوێی نەوتی ھەرێمی کوردستان.

كوردستان

6/27/2018 12:49:00 AM

جیۆپۆلۆتیك بریتیە لە شیکردنەوەی ئەو ھۆکارە جوگرافیانەی کاریگەری بەھێزیان ھەیە لەسەر سیاسەتی نێودەولەتی، لەژێر ڕۆشنایی ئەم پێناسەیدا جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان وەك فاکتەرێکی جوگرافی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ کاریگەری ھەیە لەسەر سیاسەتی نێونەتەوەی، جیۆپۆلۆتیك و نەوت زۆرترین تێکەلكێشی ھەیە لەگەڵ یەکتر، جیۆپۆلۆتیك ھەوڵ دەدات فاکتەرەکانی سەقامگیری کەرتی نەوت دیاری بکات. جیۆپۆلۆتیکس Geopolitics زاراوەیەکە لەدوو وشەی ئەغریقی پێكھاتوو ( جیۆ- Geo) بەمانای گۆی زەوی و   (پۆلەتیکس Politics) بە مانای سیاسەت، واتا مانا وشەییەکەی ( سیاسەتی گۆی زەوەی )، بەڵام دیارە ئەم وشەییە ناوەڕۆکی زانستی جیۆپۆلۆتیکس ناپێکێت، کە لە بنچینەدا بریتیە لەو تیۆرانەی کە بایەخ بە لێکۆلینەوەی جوگرافی سیاسی دەدەن بۆ خزمەتی ئاواتە نەتەوەیەکان بەکاردێن.

لەگەل دۆزینەوە و دەرھێنانی نەوت لە باشووری کوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، جیۆپۆلۆتیکی ئەم بەشەی کوردستان بە بەردەوامی بۆتە فاکتەرێکی کاریگەر لە ھاوکێشەی سەربازی، سیاسی، ئابووری ناوچەکە و کۆمەلگای نێودەولەتی.

ھەرێمی کوردستان وەکو ھەرێمێکی دەوڵەمەند بە نەوت و سەرچاوە سروشتیەکان، ئەمڕۆ لە نێو وڵاتانی ناوچەکە بۆتە گۆڕەپانێکی گەورە بۆ یەکلاکردنەوەی کۆمەڵێك ململانێی سیاسی و جیھانی، ھاوکات ترسێکی گەورەشی خستۆتە نێو دڵی وڵاتە دراوسێکانەوە، چونکە بەشێك لە وڵاتانی دراوسێ دۆزینەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان بە ھەڕەشە بۆ سەرخۆیان دەزانن و ترسیان لەبوونی یەدەگی نەوتی ھەرێمی کوردستان ھەیە، لە داھاتودا ببێتە فاکتەرێکی بەھێز بۆ بەھێزبوونی پێگەی جیۆپۆلۆتیکی و جیۆستراتیژی ھەرێمی کوردستان، کە لە ئێستادا ھەرێم ھێڵێکی گواستنەوی نەوتی ھەیە لەگەڵ تورکیا و یەکێکە لە پڕۆژە گەورەکانی ناوچەکە و جیھان، ھەر ئەمەشە ڕیسکی لای وڵاتانی ناوچەکە دروستکردووە کە ھەرێم وەک ھەڕەشە بۆسەر ئابووری نەوتی  خۆیان ببین.

 دۆزینەوەی نەوت لە ھەرێمی کوردستان مێژوویەکی دوری ھەیە و دەگەڕێتەوە بۆ سەد ساڵ زیاتر لەمەوبەر، بەڵام لەماوەی ئەم سەد ساڵە نەوتی ھەرێم وەك فاکتەرێکی جیۆپۆلۆتیکی بەھێز نەبوە بۆ جوگرافیای سیاسی ھەرێمی کوردستان تا ئەم چەند ساڵەی دواتر ھەرێم توانی لە ڕێگەی کەرتی نەوتەوە Oil sector پێگەیەکی بەھێز بۆ خۆی دروستبکات، ئەویش لەڕێگای ھێنانی کۆمەڵێک کۆمپانیای گەورەی نێودەوڵەتی بڕیاردانی سەربەخۆی فرۆشتنی نەوت، یەکەمین مۆرکردنی گرێبەستی نەوتی حکومەتی ھەرێم دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2004 لەگەڵ ھەر یەك لە کۆمپانیەکانی D.N.O و وایڵد کەتەری نەرویجی، لە ساڵی 2006 ئەم دوو کۆمپانیایە دوای واژۆکردنى گرێبەستیان لەگەڵ حکومەتی ھەرێمی کوردستان یەکەمین کۆمپانیای نێودەوڵەتی بوون دەستیانکرد بە دەرھێنانی نەوت لە جوگرافیای ھەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئێستادا لە سنووری ھەرێمی کوردستان 28 کۆمپانیای بواری نەوت کاردەکەن لە ھەرێمی کوردستاندا، کە لە چەندین کۆمپانیای بەناوبانگی نێودەوڵەتی بواری نەوت پێكدێن، ئەمەش بنەمایێکی جیۆئابووری و جیۆستراتیژی بۆ ھەرێمی کوردستان دروستکردوە لە ئاستی نێودەولەتیدا.

ھەرچەندە لەم ساڵانەی دوایدا بەھۆی گۆڕانی جیۆگرافیای سیاسی ناوچەکە لە سەروبەندی دروستبونی داعشدا و دەستکردنی بە فراوانخوازیەکانی لە بەشێکی زۆری جوگرافیای سوریا و باکوور و ڕۆژئاوای عێراق و لیبیا لە سەرەتای ساڵی 2014 وایکرد جیۆپۆلۆتیکی نەوت بەشێوەیەکی گشتی لە ڕۆژھەلاتی ناوەڕاست بە فۆرمێکی نوێتر و جیاوازتر دەربکەوێت، بەڵام ھەرچی تایبەتە بە جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان کاریگەری ھاتنی داعش بۆ عێراق و کۆنتڕۆلکردنی شاری موسڵ  لە لایەن داعش لە 10 حوزەیرانی ساڵی 2014 توانی لە ماوەیەکی کورتدا کاریگەریەکە ببێتە ھۆی ئەوەی نرخی نەوت گۆڕانی بەسەر دابێت لە بازاڕەکانی جیھاندا.

دوای ڕاگەیاندنی خەلافەتی ئیسلامی نرخی نەوت کرایە کارتێکی سیاسی نێوان وڵاتانی ھەرێمی بە تایبەتیش عەرەبستانی سعودی و کۆماری ئیسلامی ئێران جۆرێک لە گۆڕانکاری بەسەر جیۆگرافیا و کەرتی نەوتی ھەرێمدا ھاتوە، لەساڵی 2014 وە بەھۆی پاشەکشەی ھێزە عێڕاقیەکان لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەى ھەرێم و کۆنتڕۆڵکردنی لەلایەن ھێزی چەکدارەکانی ھەرێمەوە، کەرتی نەوتی ھەرێم زۆرتر بەرەو بوژانەوە چوو، لە ھەمان کاتدا ھەرێم لە 57 بلۆکی نەوتی ھەرێم بەرھەمھێنانی دەکرد و تێکڕای بەرھەمی نەوتی ھەرێم لە ھەر مانگێکدا زیاتر لە 650  ھەزار بەرمیل نەوت بوو لە ڕۆژێکدا واتا دەتوانین بڵێین ئەو ماوەیە سەردەمی زێڕینی کەرتی نەوتی ھەرێم بوو بەھۆی فروانتربوونی جیۆپۆڵتیکی ھەرێم کە تەواوی ئیدارەی ھەرێم و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی دەگرتەوە، بەڵام لە دوای ڕوداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر وە و لەدەستدانی ئەو ناوچانە لەلایەن کوردەوە، گۆڕانی جیۆپۆلیتیکی نەوتی ھەرێم و لەدەستدانی تەواوی کێڵگە نەوتیەکانی دەرەوەی ئیدارە ھەرێم، بە بڕوای زۆرێک لە پسپۆڕان و شارەزایان  لەمەودوا جیۆپۆلیتیکی وزەی ھەرێم زۆر ئومێد بەخش نیە، چونکە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ کەرتی نەوتی ھەرێم بەرەو پوکانەوە دەچێت، دەرکەوت کە عێڕاق دەتوانێت حکومەتی ھەرێم تا ئاستی تەسلیم بوون بخاتە ژێر ھەژموونی خۆیەوە، دەرکەوت کە دەتوانێت لەسەر ئاستی نێودوڵەتیش لەمپەڕ لەبەردەم فرۆشتنی نەوتی ھەرێم دروستبکات، توانی دژایەتی ئێران و تورکیاش بقۆزێتەوە بۆ ڕیفراندۆم و ھیچ ڕێگایەکی لەبەردەوم ھەرێمدا نەھێشتەوە جگە لە گەڕانەوە بۆ بەغدا.

ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر گورزێکی کەمەرشکێنیان لە جیۆپۆلیتیکی وزەی ھەرێمدا، چونکە پارێزگای کەرکوک بڕبڕەی پشتی جیۆپۆلیتیکی وزەی ھەرێمی کوردستانە، بە بێ کەرکوک وزەی ھەرێم ناتوانرێت ھیچ ئومێدێکی گەورەی لەسەر ھەڵبچنرێت،کەرکوک ھەم بۆ حکومەتی مەرکەزی و ھەم بۆ حکومەتی ھەرێم شارێکی بایەخدارە و کاریگەری گەورەشی ھەیە  لەسەر جیۆپۆلۆتیکی ھەریەکە لە عێڕاق و ھەرێم، کەرکوک ڕێژەی 12% کۆی گشتی نەوتی عێڕاق پێکدێنێت، وە پێش 16 ی ئۆکتۆبەر رێژەی 60% کۆی نەوتی ھەرێمی بەرھەمدەھێنا، کە ڕۆژانە زیاتر لە 300 ھەزار بەرمیل لە نەوتی کەرکوک ھەناردەی بەندەری جەیھان دەکرا، بەڵام دوای لەدەستدانی کەرکوک بەپێی ڕاگەیاندراوی وەزارەت سامانە سروشتیەکان ھەرێم کەمتر لە 300 ھەزا بەرمیل ھەناردە دەکات، بەڵام سەڕای لەدەستدانی کەرکوک ، دۆخی جیۆپۆلیتیکی وزەی ھەرێم کۆمەڵێک کێشەی تریشی ھەیە کە دەکرێت لە  دوو ڕوە وە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت.

یەکەم: کێشە ناوخۆییەکانن

 لە ناوخۆی ھەرێمدا لەگەڵ فراوانبوونی بواری گەندەڵی لە مەلەفی نەوت و لاوازبوونی پەیوەندی نێوان لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان لەگەڵ یەکێتی و پارتی تا ئاستی نەمان و نەبوونی پڕۆژەیەکی نیشتیمانی لەنێوان لایەنە سیاسیەکان و کارنەکردن بە بڕیارەکانی پەڕڵەمان لەمەڕ پرسی نەوت بەردەوام ڕۆڵی سلبیان بینیوە لەسەر جییۆپۆلیتیکی وزەی ھەرێم.

دووەم: لەسەر ئاستی ھەرێمی

 لە دوای ڕیفراندۆمەوە  نزیكبونەوەی بەغدا لەگەڵ ھەریەکە لە ئێران و تورکیا لەسەر کۆمەلێك مەله‌فی پەیوەندیدار بە چارەنوس لە نێوان خۆیاندا بە تایبەت لەسەر دابەشکردن و پارێزگاری کردن لە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابووریەکان کە ئەمەش ڕاستەوخۆ و ناڕستەوخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر جیۆپۆلۆتیکی نەوتی ھەرێمی کوردستان، ئێران لە ھەوڵەکانی بەردەوامە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نەوتی عێڕاق بەشێوەیەک لە ئێستادا ئێران ھەژموونێکی تەواوی بەسەر عێڕاقەوە ھەیە، بەپێی ھەندێک لە سەرچاوە فەرمیەکانی حکوموتی مەرکەزی، لە داھاتوودا عێڕاق کار بۆ ڕاکێشانی بۆڕیەکی غاز دەکات لە ئێرانەوە بۆ عێڕاق بۆ بەرھەمھێنانی کارەبا، ئەمە لە کاتێکدایە کە دروستکردنی بۆڕی نێوان کەرکوک و کرمانشان دەستیپێکردووە، تورکیاش لە سەرچاوە فەرمیەکانەوە ڕایگەیاندووە کە بەبێ ڕەزامەندی عێڕاق نەوتی ھەرێم ناکڕن.

خۆ ئەگەریش بێت و عێڕاق بتوانێت جێگرەوەی وزەی ھەرێم بێت بۆ تورکیا لەو حاڵەتەدا جیۆپلیتیکی وزەی ھەرێم تەواو بەرەو پوکانەوە دەچێت و ھەرێم ڕێگایەکی تری لەبەردەمدا نامێنێت جگە لە پابەندبوون بەمەرج و بریارەکانی بەغداوە لەداھاتوودا، ئەمەش بەستراوەتەوە بە پێکھێنانی حکومەتی داھاتووی عێڕاق و گفتوگۆکانی نێوان ھەرێم و بەغدا لە داھاتوودا.