• English
  • العربية

بۆچى هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ى عێراق سه‌ركه‌وتنێكى بێوێنه‌ بوو بۆ دیموكراسى؟

عێراقیەکان لە موسڵ لە 12 ى ئایار چاوەڕێى دەنگدانیان دەکرد لە تەنیشت باڵەخانەیەکى وێرانبوو بەهۆى جەنگى دژى تیرۆرستانەوە. (Maya Alleruzzo/AP)
عێراق

5/22/2018 9:46:00 AM

نوسینى: حه‌یده‌ر عه‌بادى

وه‌رگێڕانى: د.پشتیوان فه‌ره‌ج

له‌12 ى ئایارى 2018  عێراق چواره‌مین هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى خۆى ئه‌نجام دا دواى 2003. زیاتر له‌ 10 ملیۆن ده‌نگده‌ر چوون بۆ بنكه‌كانى ده‌نگدان. ژن و پیاو پێكه‌وه‌ به‌ئازادانه‌ ده‌نگیان دا-كه‌ وێنه‌ى ئه‌مه‌ كه‌مه‌ له‌ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست. ئه‌مه‌ جێى شانازی عێراقیه‌كانه‌. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ ڕێژه‌ى ده‌نگدان زۆر كه‌م بوو به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان ده‌نگده‌ران ده‌نگیان به‌ قه‌واره‌ سیاسیه‌كاندا نه‌وه‌ك به‌ تایفى و قه‌ومى وه‌ك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى پێشودا باو بوو.

خۆم له‌ 18 پارێزگاى  عێراقدا هه‌ڵمه‌تى هه‌لبژاردنم ئه‌نجام دا, وه‌ هاوپه‌یمانیه‌ته‌كه‌مان له‌ 14 پارێزگا كورسى برده‌وه‌, ئه‌مه‌ ده‌ستكه‌وتێكه‌ لیسته‌كانى تر نه‌یانتوانى به‌ده‌ستى بێنن. له‌كاتێكدا كه‌موكوڕى له‌هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هه‌یه‌ و پێویسته‌ چاره‌سه‌ر بكرێت له‌لایه‌ن كۆمیسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان, من داوام له‌هه‌موو لایه‌نه‌كان كردوه‌ كه‌ ڕێز له‌ ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن بگرن و وه‌هه‌ر گله‌یی وگازنده‌ و تانه‌یه‌كیان هه‌یه‌ با به‌شێوه‌یه‌كى یاسایی چاره‌سه‌رى بكه‌ن.

حكومه‌ته‌كه‌ى من ئه‌وه‌ى له‌ده‌ستیدا بێت درێغى ناكات بۆ ئه‌وه‌ى دڵنیابینه‌وه‌ كه‌ قۆناغى ڕاگوزه‌رى بۆ حكومه‌تى داهاتوو به‌شێوه‌یه‌كى سه‌قامگیریانه‌ و شه‌فافانه‌ بێ, وه‌ بنه‌مایه‌كى باش هه‌بێت بۆ سیسته‌مێكى دیموكراسى به‌هێز و دامه‌زراو له‌سه‌ر بنه‌ماى حوكمى سه‌روه‌رى یاسا. من داواى دیالۆگم كردوه‌ له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیه‌ته‌كانى تر بۆ ئه‌وه‌ى حكومه‌تێك دروست بكه‌ین ئه‌م مه‌رجانه‌ى تیابێت: داڕشتنى ئاجێندایه‌ك بۆ ئه‌نجامدانى ڕیفۆرم و چاكسازى له‌سه‌ر بنه‌ماى سیاسه‌تى سه‌ركه‌وتوانى حكومه‌تى ئێستا, به‌ده‌ستهێنانى بوژانه‌وه‌ى ئابورى و ئاوه‌دانى, پاراستنى په‌یوه‌ندیه‌ دیپلۆماتیه‌كانى  عێراق له‌گه‌ڵ وڵاتانى تر له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش, پاراستنى ده‌سته‌وته‌ ئه‌منیه‌كانمان وه‌ دڵنیابونه‌وه‌ كه‌ جارێكى تر گروپى تیرۆریستى سه‌رهه‌ڵناده‌نه‌وه‌ و ناگه‌ڕێنه‌وه‌  عێراق. من به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كار له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه‌ ناكه‌م كه‌ له‌گه‌نده‌ڵیه‌وه‌ تێوه‌گلاون یان به‌ لایه‌نگیرى تایفیه‌ت ناسراون. پێویسته‌ وه‌زیره‌كانى داهاتوو ته‌كنۆكرات بن, وه‌ پێویسته‌ حكومه‌تى نوێ حكومه‌تێكى چینى نوخبه‌وى نه‌بێت و كار بۆ به‌رژه‌وه‌ندى لایه‌نێكى تایبه‌ت نه‌كات, به‌ڵكو نوێنه‌رایه‌تى هه‌موو خه‌ڵك و گه‌ل بكات.

هه‌موو هاوڵاتیه‌كى  عێراقى له‌هه‌ر شوێنێكى  عێراقدا بن سێ خه‌مى هاوبه‌شیان هه‌یه‌: ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵكاران و گه‌نده‌ڵى, دابینكردنى ده‌رفه‌تى كار و باشتركردنى خزمه‌تگوزاریه‌كان و خۆشگوزه‌رانى. ئه‌م سێ خاڵه‌ له‌ ئه‌وله‌ویه‌تى كاره‌كانى منه‌ و من پابه‌ندم پێوه‌ى. ئه‌مه‌ پێویستى به‌ ده‌ستێكى شاره‌زا و تێڕوانینێكى به‌ئاگایانه‌ و پشوودرێژى هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بیت و كارى بۆ بكه‌ى. له‌ماوه‌ى چوار ساڵى ڕابردوودا, جگه‌ له‌ ڕزگاركردن و ئازادكردنى وڵاته‌كه‌مان له‌ ده‌ستى تیرۆریزم و یارمه‌تیدانى ئاواره‌ ناوخۆكان بۆ ئه‌وه‌ى بگه‌ڕێنه‌وه‌ زێدى خۆیان و به‌هێزكردنى ئه‌من و ئاسایشى وڵاته‌كه‌ بۆ به‌هێزترین ئاست له‌ دواى ساڵى 2003 وه‌ من سه‌ركردایه‌تى حكومه‌ته‌كه‌م كردوه‌ به‌و ئاڕاسته‌ و كارى جیدیم كردوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌م ئامانجانه‌ به‌ده‌ست بێنم. ئێمه‌ پابه‌ند بووین به‌م به‌ڵێنانه‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى كه‌ نرخى نه‌وت دابه‌زى بۆ نزمترین ئاست له‌ مێژودا و ئه‌مه‌ش ناچارى كردین كه‌ چاكسازى بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى خۆمان له‌ قه‌یرانى دارایی ڕزگار بكه‌ین. له‌ ئێستادا ئێمه‌ وه‌ك گه‌لێك له‌ پێگه‌یه‌كى باشترداین. هێزه‌ ئه‌منیه‌كانمان ئه‌و دوژمنانه‌یان تێكشكاند كه‌ هه‌ڕه‌شه‌یان لێده‌كردین وه‌ له‌ئێستادا ئێمه‌ ئاماده‌ین بۆ بونیاتنانه‌وه‌ى وڵاته‌كه‌مان و ئابوریه‌كى به‌هێز.

له‌مانگى ئۆكتۆبه‌ر گوتم كه‌ گه‌له‌كه‌ى ئێمه‌ به‌ یه‌كگرتووی ده‌مێنێته‌وه‌ ,وه‌ها ده‌رچوو. به‌ڵێنمدا كه‌ له‌هه‌موو به‌شه‌كانى وڵات هه‌ڵبژاردن له‌كاتى خۆیدا ئه‌نجام ده‌درێت, وه‌ها ده‌رچوو.به‌ڵێنم به‌ گه‌له‌كه‌مدا كه‌ خاكى خۆمان له‌ده‌ست تیرۆریستان ڕزگار ده‌كه‌ین, وه‌ها ده‌رچوو.

له‌ئێستادا ئه‌وه‌ ڕاده‌گه‌یه‌نم كه‌ چوار ساڵى ئاینده‌  عێراق به‌شێوه‌یه‌كى زۆر گه‌وره‌ به‌ره‌وپێش ده‌چێت, ئه‌گه‌ر حكومه‌تێكى گونجاو له‌جێى خۆیدا بێت. ڕوئیاى من ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ڕیفۆرم له‌ ئابوریدا بكه‌ین وه‌ گه‌نده‌ڵى تێكبشكێنین, هه‌لى كار دابین بكه‌ین بۆ ملیۆنه‌ها گه‌نجى عێراقى كه‌ زۆرینه‌ى دانیشتوانى عێراق پێكده‌هێنن, به‌ به‌رده‌وامى خزمه‌تگوزاریه‌ گشتیه‌كان باشتر بكه‌ین, وه‌ دڵنیابینه‌وه‌ كه‌ ڕێز له‌ مافى مرۆڤ ده‌گیرێت و ژنان به‌هێز ده‌كه‌ین و به‌جۆرێك عه‌داله‌ت بۆ هه‌موان دابین بكه‌ین. ئه‌گه‌ر جارێكى تر وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیران هه‌ڵمببژێرنه‌وه‌ ئه‌وا به‌ڵێنتان پێده‌ده‌م كه‌ له‌پێناو ئه‌م ئامانجانه‌دا هه‌موو ڕۆژێك شه‌ڕتان بۆ ده‌كه‌م و كۆڵناده‌م و سه‌ركردایه‌تى ئه‌م وڵاته‌ ده‌كه‌م.

كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى له‌ماوه‌ى 4 ساڵى ڕابردوودا كۆمه‌كى  عێراقى كردوه‌. له‌ ئێستادا ئێمه‌ ده‌مانه‌وێت ئه‌م شه‌راكه‌ته‌ فراوانتربكه‌ین و ڕێكه‌وتنى باشتر بكه‌ین له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نێك وه‌ ته‌ركیزمان له‌سه‌ر بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندى به‌رده‌وام و به‌رژه‌وه‌ندى ئابورى هاوبه‌ش بێت. ئابورى  عێراق تینوى بوژانه‌وه‌ و گه‌شه‌سه‌ندنه‌. كۆنفرانسى وه‌به‌رهێنانه‌كه‌ى كوه‌یت نیشانیدا كه‌ ده‌یان ملیار دۆلار له‌ سه‌رمایه‌ و وه‌به‌رهێنانى بیانى ئاماده‌یه‌ ته‌رخانبكرێت بۆ گرێبه‌ستى كه‌رتى تایبه‌ت و كه‌رتى گشتى حكومى له‌  عێراقدا.

 عێراقێكى سه‌قامگیر و پێشكه‌وتوو زۆر باشه‌ بۆ ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و كاریگه‌رى باش و پۆزه‌تیفى ئابوریانه‌ى ده‌بێت بۆ وڵاتانى تریش به‌تایبه‌تى بۆ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتوه‌كانى ئه‌مریكا ئه‌ویش له‌ ڕێگه‌ى پاراستنى سه‌قامیگرى ئیقلیمه‌كه‌ و دروستكردنى ده‌رفه‌تى كار و پێشخستنى كه‌رتى پیشه‌سازى و زیاتر كردنى هه‌نارده‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات. ئیتر له‌ ئێستادا  عێراق چیتر پێویستى به‌ كۆمه‌ك نیه‌ وه‌ ئاماده‌یه‌ كار له‌گه‌ڵ گه‌لانى تردا بكات بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو لایه‌ك سودى ئابورى به‌یه‌كتر بگه‌یه‌نن.

وه‌ك سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى  عێراق, من پابه‌ند ده‌بم كه‌  عێراق له‌سه‌ر ئه‌م ڕه‌وته‌ى خۆى به‌رده‌وام بێت و ئاینده‌یه‌كى باشتر بۆ نه‌وه‌كانى فه‌راهه‌م بكات. به‌ڵێن ده‌ده‌م كه‌ خه‌ڵكى  عێراق بپارێزم ئه‌ویش به‌ خۆدوورگرتن له‌ ململانێ هه‌رێمایه‌تیه‌كان و ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ده‌ستێوه‌ردان له‌ كاروبارى ناوخۆى وڵاته‌كه‌مان, چونكه‌ ئێمه‌ش ڕێز له ‌سه‌روه‌رى و شكۆمه‌ندى گه‌لانى تر ده‌گرین. ئه‌مڕۆ  عێراق ئازاده‌ وه‌ گه‌له‌كه‌ى ده‌توانێت سه‌ركرده‌ى خۆى هه‌ڵبژێرێت وه‌ ڕه‌خنه‌ش له‌سه‌ركرده‌كانى خۆیان ده‌گرن به‌بێ ئه‌وه‌ى ترسیان هه‌بێت له‌ سزادان. له‌ ئێستادا نه‌وه‌یه‌كى نوێ له‌ یاسادانه‌ران و سیاسه‌توانان جێگه‌ى ده‌موچاوه‌ كۆنه‌كانیان گرتوه‌ته‌وه‌ وه‌ هاوپه‌یمانیه‌ته‌كه‌مان شانازى به‌خۆیه‌وه‌ ده‌كات كه‌ سه‌رمه‌شقى ئه‌م گۆڕانكاریه‌ بووین. ئێمه‌ ئێستا ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارته‌كانى تردا كار بكه‌ین كه‌ گه‌ل ده‌نگیان پێداون و شه‌رعیه‌تیان له‌ خه‌ڵك وه‌رگرتوه‌ بۆ دروستكردنى حكومه‌تێكى نوێ.  عێراقێكى سه‌قامگیر و ئاوه‌دان ڕۆڵێكى سه‌ره‌كى ده‌بێت به‌جۆرێك هه‌رێمه‌كه‌ و جیهان ده‌كات به‌ شوێنێكى باشتر. پێویسته‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ له‌لایه‌ن بكه‌ره‌ هه‌رێمایه‌تى و نێوده‌وڵه‌تیه‌كانه‌وه‌ پشتگیرى لێ بكرێت, وه‌ ئێمه‌ش هیواده‌خوازین كه‌ پشتگیری ئاجێنداى ڕیفۆرمى ئێمه‌ بكه‌ن بۆ  عێراقێكى نوێ.

سه‌رچاوه‌: واشینتۆن پۆست