• English
  • العربية

كێ حكومه‌تى نوێ ى عێراق پێكدێنێت؟

عێراق

5/15/2018 4:14:00 PM

پێیوسته‌ حزبه‌كوردیه‌كان له‌ ئێستادا هێنده‌ سه‌رقاڵى دژایه‌تى یه‌كتر نه‌بن چونكه‌ هه‌ر له‌ ئێستادا هه‌وڵێكى چڕو پڕ هه‌یه‌ بۆ دروستكردنى حكومه‌تى نوێ ى عێڕاقى و شیعه‌كان له‌ ململانێیه‌كى سه‌ختدان بۆ هاتنه‌ سه‌رده‌سه‌ڵات واباشتره‌ كه‌ لایه‌نه‌ كوردیه‌كان بیر له‌ هاوپه‌یمانیه‌تى بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى به‌شدارى حكومه‌ت بكه‌ن و په‌ڕأوێز نه‌خرێن. له‌ تویتێكدا سه‌در بانگێشت بۆ دوازده‌ حزب و لایه‌ن ده‌نێرێت و ئاماده‌یه‌ له‌گه‌ڵیان حكومه‌ن پێك بێنێت و له‌ناویاندا ناوى پارتى دیموكراتى كوردستان و گۆڕان و ئه‌لحیكمه‌ و ئه‌لوه‌ته‌نیه‌ و ئیراده‌ و نه‌وه‌ى نوێ و گۆڕان و ئه‌لقه‌رار و ئه‌لنه‌سر و هاوپه‌یمانى به‌غداد و هه‌ویانتونا و كه‌وادیر ناردوه‌. به‌ڵام سه‌در ناوى هاوپه‌یمانى ده‌وڵه‌تى یاساى نورى مالیكى و ئه‌لفه‌تحى هادى عامرى و یه‌كێتى نیشتمانى كوردستانى نه‌هێناوه‌ چونكه‌ ئه‌و پێ ى وایه‌ ئه‌م حیزبانه‌ په‌یوه‌ندى نزیكیان له‌گه‌ڵ ئێراندا هه‌یه‌. له‌ ئێستادا به‌پێ ى سه‌رچاوه‌یه‌ك قاسم سوله‌یمانى سه‌رۆكى هێزى قودسى ئێرانى له‌ به‌غداده‌ بۆ ئه‌وه‌ى قه‌ناعه‌ت به‌ هێزه‌كانى ترى شیعه‌ بێنێت بۆ ئه‌وه‌ى ڕێگرى بكه‌ن تا سه‌در حكومه‌ت پێك نه‌هێنێت.

موقته‌دا سه‌در براوه‌ى یه‌كه‌مى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێڕاق بوو. توانى 1.3 یه‌ك ملیۆن و سێ سه‌د هه‌زار ده‌نگ به‌ده‌ست بێنێت و به‌مه‌ش 54 چوار كورسى په‌رله‌مانى مسۆگه‌ر كرد. دواى ئه‌و هادى عامرى سه‌رۆكى حه‌شدى شه‌عبى بوو كه‌ 1.2 ملیۆن ده‌نگ و 47 كورسى په‌رله‌مانى به‌ده‌ست هێناوه‌. عه‌بادى كه‌ پشتگیرى ئه‌مریكا و ئێرانى هه‌بوو توانى له‌سه‌روى ملیۆنێك ده‌نگ بێنێت و ته‌نها 42 كورسى برده‌وه‌. مالیكیش ته‌نها 25 كورسى برده‌وه‌ و له‌ پله‌ى چواره‌م دێت.

 

پرسیاره‌ گه‌وره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ ئایا بۆچى سه‌در و لیستى سائیرون براوه‌ى یه‌كه‌م بوون؟

سه‌در له‌ دواى ڕوخانى سه‌دامه‌وه‌ دوو شۆڕشى له‌دژى ئه‌مریكیه‌كان ئه‌نجام دا و ته‌نها سیاسى عێڕاقه‌ كه‌ دژایه‌تى ده‌ستێوه‌ردانى ئه‌مریكا و ئێران له‌ عێڕاق ده‌كات. سه‌ركه‌وتنه‌كانى سه‌در به‌هۆى به‌هێزى خێزانه‌كه‌ى بوو ساڵى 1999 باوكى سه‌در ئایه‌توڵا محمد سادق ئه‌لسه‌در له‌ لایه‌ن ڕژێمى سه‌دامه‌وه‌ تیرۆر كرا چونكه‌ دژایه‌تى سه‌دامى كرد, هه‌روه‌ها له‌ ساڵى 1980 ئامۆزاكه‌ى به‌ناوى محمد باقر سه‌در هه‌ر له‌لایه‌ن سه‌دامه‌وه‌ تیرۆر كرا. سه‌در ته‌نها سه‌ركرده‌ى هه‌موو عێڕاقه‌ كه‌له‌ ماوه‌ى 15 ساڵى ڕابردوودا زۆرترین دژایه‌تى گه‌نده‌ڵى عێڕاق و داموده‌زگا گه‌نده‌ڵه‌كانى كردوه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو كه‌ لیسته‌كه‌ى سه‌در زۆرترین ده‌نگى گه‌نجان و هه‌ژاران و خه‌ڵكه‌ په‌راوێزخراوه‌كانى عێڕاقى بۆ خۆى مسۆكه‌ر كرد. سه‌ره‌راى ئه‌وه‌ى كه‌ ڕێژه‌ى ده‌نگدان له‌ نزیمترین ئاستدا بوه‌ له‌ مێژوى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێڕاق و ته‌نها %44 ده‌نگى دا, به‌ڵام زۆرترینى ئه‌وانه‌ى مه‌ ده‌نگیان دا ده‌نگیان به‌ سه‌در و لیسته‌كه‌ى دا له‌به‌ر ئه‌م هۆیانه‌ى خواره‌وه‌:

1. سه‌در ته‌نها سه‌ركرده‌یه‌ كه‌ دژى ده‌ستێوه‌ردانى ده‌ره‌كیه‌ له‌ سه‌روه‌رى و شكۆمه‌ندى عێڕاق و دژایه‌تى ئه‌مریكا و ئێران و سیستانى كرد و هه‌رگیز له‌ ڕوبه‌ڕووبونه‌وه‌ى ئه‌وان نه‌ترساوه‌.

2. ته‌نها سه‌ركرده‌ى عێڕاقه‌ كه‌ ئێران دژایه‌تى ده‌كات و عه‌لى ئه‌كبه‌ر ویلایه‌تى ڕاوێژكارى یه‌كه‌مى خامنه‌یی به‌ئاشكرا له‌ مانگى شوبات ڕاى گه‌یاند كه‌ نایه‌ڵن لیستى هاوپه‌یمانیه‌ته‌كه‌ى سه‌در و كۆمۆنیسته‌كان و لیبراڵ‌كان حوكمڕانى عێڕاق بكه‌ن( بیرتان بێت له‌ ساڵى 2010 ئه‌یاد عه‌لاوى زۆربه‌ى ده‌نگه‌كانى عێڕاقى برد كه‌چى ئێڕان ڕێگه‌ى نه‌دا حوكمڕانى عێڕاق بگرێـته‌ ده‌ست).

3. دواى سه‌ركه‌وتنى سه‌در زۆربه‌ى ده‌نگده‌رانى لیسته‌كه‌ى له‌ به‌غدا و شاره‌كانى تر دروشمى "ئێران بۆ ده‌ره‌وه‌"یان به‌رزكرده‌وه‌ و خۆشحاڵى خۆیان ده‌ربڕى).

4. ئه‌گه‌رى هه‌یه‌ سه‌در پشتگیرى بڕیاره‌كه‌ى تره‌مپ بكات بۆ كشانه‌وه‌ له‌ ڕێكه‌وتنه‌ ئه‌تۆمیه‌كه‌ى ئێران و به‌مه‌ش ئێران لاواز بكات.

5. له‌ڕابردوودا سه‌در به‌به‌رده‌وامى خه‌باتى كردوه‌ له‌ دژى گه‌نده‌ڵى و لاوازى داموده‌زگاكانى عێراق و هه‌ژارى و نه‌دارى و داڕمانى ژێرخانى عێڕاق و خۆپیشاندانى كردوه‌ و خۆى چۆته‌ ناو خه‌ڵكى و دروشمى ئه‌وه‌ى هه‌ڵگرتوه‌ كه‌ ده‌بێت سه‌روه‌ت و سامانى له‌بننه‌هاتوى عێڕاق بۆ عێڕاقیه‌كان بێت نه‌ك بۆ سیاسیه‌ گه‌نده‌ڵ و دزه‌كان كه‌ به‌هۆیانه‌وه‌ عێڕاقیان كردوه‌ به‌ گه‌نده‌ڵترین وڵاتى گۆى زه‌مین.

6. بردنه‌وه‌ى سه‌در له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ئه‌و په‌یامه‌ ده‌گه‌یه‌ینێـت كه‌ زۆرینه‌ى ده‌نگده‌ران كه‌ به‌شداریان كردوه‌ ده‌نگیان بۆ سه‌در بوه‌ چونكه‌ سه‌در به‌ڵێنى ئه‌وه‌ى داوه‌ كه‌ سیسته‌مى حوكمڕانى عێڕاق بگۆڕێت چونكه‌ سیسته‌مه‌گه‌ ته‌نها گه‌نده‌ڵى و لاوازكردنى داموده‌زگاكان و شه‌ڕى تایفى و تیرۆرى به‌رهه‌م هێنا.

7. سه‌در دژایه‌تى شێواز و فۆرمى حوكمڕانى ئێستاى عێڕاق ده‌كات و نه‌یشاردۆته‌وه‌ كه‌ سیسته‌مه‌كه‌ى ئێستا ته‌نها قۆرغكارى و گه‌نده‌ڵى و خزمخزمێنه‌و داڕمانى سیسته‌ماتیكى به‌رهه‌م دێنێت وه‌ هه‌ر له‌به‌ر ئه‌مه‌ش بوو كه‌ عێڕاقیه‌كان ده‌نگیان پێدا.

8. سه‌در پێشوازى له‌ هه‌ر وڵاتێك ده‌كات كه‌ كۆمه‌ك و هاوكارى پێشكه‌ش به‌ عێڕاق بكات به‌ڵام مه‌رجى ئه‌و ئه‌وه‌یه‌ كه‌ نابێت ئه‌م كۆمه‌ك و هاریكاریه‌ له‌سه‌ر حسابى سه‌روه‌رى و شكۆمه‌ندى عێڕاق بێت. سه‌در له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ كه‌ عێراق په‌یوه‌ندیه‌كى باڵانسى هارمۆنى له‌گه‌ڵ وڵاتانى ئیقلیم و جیهاندا هه‌بێت له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێز گرتن له‌ شكۆمه‌ندى عێڕاق.

9. ڕاسته‌ كه‌ زۆرترین كورسیه‌كانى عێراقى برده‌وه‌ به‌ڵام سه‌در خۆى نایه‌وێت ببێت به‌سه‌رۆك وه‌زیران و به‌ڵكو ده‌بێت هاوپه‌یمانیه‌تێك دروست بكات و به‌ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى تر سه‌رۆك وه‌زیرانى نوێ دیاریبكه‌ن.

10. سه‌در ته‌نها ناسیۆنالیستێكى عێڕاقیه‌ كه‌ له‌ناو هه‌موو لیسته‌كانى تر له‌ عه‌بادیه‌وه‌ نزیكن و خاڵى هاوبه‌شیان هه‌یه‌. عه‌بادى ڕایگه‌یاند كه‌ ده‌بێت لایه‌نه‌كان ڕێز له‌ ئه‌نجامه‌كان بگرن و نه‌شى شارده‌وه‌ كه‌ خوازیاره‌ له‌گه‌ڵ سه‌در پێكه‌وه‌ حكومه‌ت پێك بێنن. عه‌بادى هاوپه‌یمانى ئیران و ئه‌مریكایه‌ به‌ڵام سه‌در دژى هه‌ژمونه‌ى هه‌ردوو وڵاته‌ له‌ عێڕاق.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین ئایا حزبه‌ كوردیه‌كان به‌ ئۆپۆزیسۆن و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ( هه‌ڵبه‌ت دواى دانوستان و سازشكردن بۆ یه‌كتر و په‌سه‌ند كردنى ئه‌نجامه‌كانى هه‌ڵبژاردن)ئاماده‌ن به‌شدارى ده‌سه‌ڵات له‌ به‌غداد بكه‌ن و پێكه‌وه‌ كورد و سه‌در و عه‌بادى ده‌توانن حكومه‌ت پێك بێنن. ئه‌گه‌ر كورد به‌شدارى نه‌كات ئه‌وا دوور نیه‌ چاره‌نوسى كورد وه‌ك سوننه‌ بێت و ئاینده‌یه‌كى نادیار ڕوو له‌ كوردستان بكات. به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ به‌شداریكردن ده‌كرێت ببێته‌ خاڵى وه‌رچه‌رخان و وه‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ى ئه‌و مافانه‌ى كه‌ له‌ده‌ستمان داون. ڕایه‌ك هه‌یه‌ كه‌ ده‌ڵێت واباشه‌ پارتى و یه‌كێتى له‌ به‌غداد چالاكانه‌ به‌شدارى ده‌سه‌ڵات بكه‌ن و و پێگه‌ى كورد به‌به‌هێزى ده‌مێنێـته‌وه‌, له‌به‌رامبه‌ردا پێویسته‌ پارتى و یه‌كێتى سازش بكه‌ن له‌ گه‌ڵ حزبه‌كانى ترى ئۆپۆزیسۆن و له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان قه‌ربوی به‌غدادیان بۆ بكه‌نه‌وه‌...