- بەهرۆز جەعفەر
دەوڵەت، ئاماژەیە بۆ چەند دامەزراوەیەکی دەستوریی و شەرعی، کە تیایدا کەمینەیەک لەلایەن زۆرینەی خەڵکەوە ئەو مافەیان ئەدرێتێ کۆنترۆڵی هێزی شەرعی دەوڵەت بکەن و لە بەرژەوەندی گشتی بەکاری بهێنن. بەڵام لە عێراق ئامرازەکانی هێزی دەوڵەتیی بەدەست خودی دەوڵەتەوە نین!. کەواتە دەوڵەتەکە مەترسی لە ناوچون و هەڵوەشانەوەی لەسەرە. کەی هەڵ ئەوەشێتەوە؟ . ئەو کاتەی شەڕی ناوخۆ دەست پێ ئەکات.
سەدر ئەیەوێت حکومەتێک لە زۆرینەی شیعەو سووننە و کورد دروست بکات، مەرجەعییەت داوائەکا حکومەتێکی تەوافوقی نیشتیمانی پێک بهێنرێت. کازمی لایوایە کەتائیب و میلیشیاکانی حەشدی سەر بەئێران کاراکتەری نادەوڵەتین و کۆنترۆڵی دەوڵەتیان کردوەو، هێزەکانی دەوڵەت لە ژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا نین. میلیشیاکان و ئێران لایانوایە کازمی و سەدر پاڵپشتی سعودییەو ئیمارات و …تادواییان هەیە.
سەدر، سوێندی گەورە ئەخوات ناهێڵێت حیزبی دەعوە ( مالیکی ) و خەزعەلی بێنە ناو حکومەتەوەو، لەگەڵیشیان دانانیشێت!.
حیزبی دەعوە نزیکەی (١٣) ساڵ فەرمانڕەوایی عێراقی کردوە، خاوەنی (٢٧٦٠) بەڕێوەبەری گشتییە لە حکومەتی عێراقدا، خاوەنی (٢٨) دەستە و (٤٧) بریکاری وەزیرن.
بۆیە، دۆخی عێراق زۆر لەوە دژوارترە، نە حکومەتی زۆرینە، نە تەوافوقی نیشتیمانی ناتوانێت حکومەتێکی خزمەتگوزارو بارتەقای چارەسەری گرفتەکان بەرجەستە بکات، کە گۆڕانکاریی ئەوتۆ بکات هیچ نەبێت دۆخی خوێنبەربونەکە لەم قۆناخەی ئێستادا بوەستێنێت، بەڵکو عێراق دەوڵەتێکە ئایندەی لە ئێستاو ڕابردووی باشتر نابێت، ببینە؛
ناوچەی سەوز کە (٥٦) کیلۆمەترەو نزیکەی (٦٠٢٨) چەکداری لێیە، (١٦) هەزار چەکداری هەواڵگریی لێیە، باڵوێزخانەی (٣٨) وڵاتی لێیە، گەورەترین باڵوێزخانەی ئەمریکا لە جیهاندا لەناوچەی سەوزی بەغدایە، بینای پەرلەمان و ئەمیندارێتی گشتی و ماڵی زۆرترین سەرکردە سیاسییەکانی عێراقی لێیە. حکومەتەکەی عێراق لە ناوچەی سەوزە. لەناو ناوچەی سەوزیشدا کە ماڵی سەرۆک وەزیران دەکرێتە ئامانج ئیتر مانایەک بۆ ئاسایش و بۆ حوکمڕانی لە عێراق نامێنێتەوە.
لە ڕووی ناوچەییەوە، عێراق بۆتە گۆرەپانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە ناوچەییەکان، سعودییەو ئیمارات بە ئاشکرا پاڵپشتی سەدر ئەکەن. گروپەکانی حەشدی شەعبی و دەوڵەتی یاساش بەتەواوی دژی هەیمەنەی سەدرن لە عێراقدا، ئەوەندەی ئێمە لە فیگەرە شیعی و کەسانی ناوەراست و خوارووی عێراق ئەپرسین، شیعەی عێراق تا ئەندازەیەکی زۆر پشتیان کردۆتە ئێراق لە سەر ئاستی شەقام و ناوەندی کۆمەڵایەتی دا. ئایا ئێران دەست بۆ چ کەرەستەیەک ئەبات بۆ هێنانەوەی نفوسی خۆی!؟.
یەکێک لەو ڕەهەندە گەورەو ناوچەییانەی کە هەیە، ئەوەیە نزیکەی ساڵێکە گفتوگۆ و دانیشتن لە نێوان سعودیەو ئێران هەیە، کە عێراق تاڕادەیەکی باش بەسەرپەرشتی کازمی ڕۆڵی تیا هەیە، لەدوای ئەوەی گروپەکانی نزیک لە ئێران بە نزیکەی (٨٠٪) دۆڕاوی ئەم هەڵبژاردنە بون و دەنگەکانیان کەمی کرد، دوای ئەوەی دەرکەوت کە سعودییەو ئیمارات دەستێکی باڵایان لە پاڵپشتی چەند لایەنێکی عێراقی هەیەو دەستوەردانیان هەیە، جگە لەوەش موقتەدا سەدر بە ئاشکرا لە لایەن سعودییەوە پاڵپشتی ئەکرێت، بۆیە ئێران لە گفتوگۆکانی لەگەڵ سعودییە پاشەکشە ئەکات، دوور نییە ئەم ئەنجامانەی هەڵبژاردن لە عێراق بە زووترین کات کاریگەری لەسەر گفتوگۆکانی ئێران و گروپی٥+١یش دابنات.
ئەمە کۆتا هەڵبژاردنە لە عێراق، چونکە نە دیکتاتۆریەت نە دیموکراسیەت لە عێراقدا ناچەسپێت لە دوای (٢٠٠٣) ەوە، بۆیە تەوافوق تاکە بژاردەیەک بوە بۆ بەردەوامیدان بەو جۆرە فەرمانڕەواییە، ئەمەی ئەیبینن لەدوای هەڵبژاردنەکانی (١٠ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢١) ەوە کۆتایی تەوافوقە لە عێراق، هێشتا سەرەتایەو حکومەت پێک نەهاتوە (٣٤٧) کەس بریندارەو (٩) کەس کوژراوەو بە درۆن هێرش کراوەتە سەر ماڵی سەرۆکوەزیران، کەواتە کۆتاییەکەی باشتر نابێت..بۆیە بە ئەگەری زۆر کۆتایی عێراقە وەکو دامەزراوەو دەوڵەت، کەی بینیتان شەڕی ناوخۆ لە نێوان شیعەکاندا دەستی پێکرد، ئەوە سەرەتای هەڵوەشانەوەی دەوڵەتە.