-بەهرۆز جەعفەر
تورکیاو عێراق پەیوەندی ئابوری و ئەمنی بەیەکەوە ئەیانبەستێتەوە، ماوەیەکی زۆرە تورکیا سێ شتی لە عێراق ئەوێت:
یەک: ئاسایشی سنور ( پرسی پەکەکە). دوو، ئاسایشی ئاو ( ئاو ڕەگەزێکی گرنگی وزەیەو تەنانەت شارستانیەتی مرۆڤایەتی ئاو دروستی کردووەو ڕەنگە کێشەی ئاویش بیخاتە مەترسیەوە، هەڕەشەی ئاو تەنانەت بونیەتی ووڵاتی دوو ڕووبار کە بە عێراق ناسراوە ئەخاتە مەترسیەوە، بونیادنانی بەنداوی ئەلیسۆ لەلایەن تورکیاوە نیوە زیاتری ئاوی دیجلە کەم ئەکاتەوە). پرسی سێهەمیش: مەسەلەی نەوت و غازی سروشتیە. هەرێمی کوردستانیش بەتایبەتی کابینەی نۆ لەبەردەم ئەگەرەکان و، دەرفەتەکان و، مەترسیەکانی ئەو فاکتانەدایە، ئیمڕۆکە حکومەتی عێراق و تورکیاو هەرێمی کوردستانیش پێویستیان بە خوێندنەوەو زانینی ئەم پێدراوانەیە؛
یەکەم: کاتێک لە نێوان ساڵانی ١٩٨٠ ەوە تا ٢٠٠٣ ئابڵوقەی نێودەوڵەتی لەسەر حکومەتی عێراق بو، ئەمە وایکرد بەرژەوەندی و ئاڵوگۆڕە ئابوورییەکانی تورکیاش بکەوێتە مەترسیەوە، زۆر سەرچاوە زیانەکانی تورکیا بە ( ٥٤) پەنجاو چوار ملیار دۆلاری ئەوکاتە دەخەمڵێنن.
دووەم: تورکیا لە ژێر کاریگەری ئێجگار گەورەی جیوپۆڵەتیک دایە، زێدەڕۆیی نییە بڵێین جیوپۆڵەتیک تورکیای کردووە بە حاڵەتێکی تایبەت لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا، بۆیە زۆر جار هەر ڕووداوێک لەناوچەکە لە سفرەوە تورکیای گەیاندووەتە لوتکەو، بە پێچەوانەشەوە لە لوتکەوە بەخێرایی خلۆری کردۆتەوە بۆ خواری خوارەوە. بۆیە زۆرجار وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ناتوانێ پێشبینی بۆ ڕووداوەکانی ناوچەکە بکات، چونکە یەکێک لە بنچینەکانی بیرکردنەوە لە سیاسەتی دەرەوە کاریگەری پێگەی جوگرافیایە بەسەر سیاسەتەوە، وە جوگرافیایە بەسەر ئابورییەوە. یانی نوخبەی سیاسی و بیرکەرەوەکان لە تورکیا لە هەر «ڕووداو- Event»ێک ئەترسن. مەسەلەن: تورکیا زۆر پارتی دیموکراتی کوردستان بە گرنگ ئەزانێت بۆ خۆی، لە ئێستاو ڕابردووشدا زۆر پێگەو کەسێتی نێچیرڤان بارزانی یان پێ بەسەندە، لە بەرئەوەی وەک خۆیان هەندێ جار نەیانشاردۆتەوە، ڕەنگە سبەی ڕووداوێک ڕووبدات پەکەکە یان هەر هێزێکی تر بێتە پێشەوە کە دڵخوازی ئەوان نەبێت، ڕەنگیشە باشتریش بێت لەوان، بەڵام لە ڕووداوەکە ئەترسن. هەتا ئەو ڕۆژەی بەهاری عەرەبی ڕوویدا تورکیا پێشبینی بۆی نەکردبو، ڕوویداو هەموو هاوکێشە ناوچەییەکانی بۆ تورکیا بە نێگەتیڤ گۆڕی. تەنانەت چونکە تورکیا ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ سەرۆکی کابینەی نۆ « مەسرور بارزانی» نییە لەمیش ئەترسێ، بۆیە لەسەر مێزی بلاکجاکەکە قوتویوکی تری کردۆتەوە ئەویش پەیوەندی گەرموگوڕە لەگەڵ بەغدا.!.
ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی سەددام حوسەین لە عێراق ڕووخا، سەددام حوسەین ئەگەرچی وەک تورکەکان سووننە بو، بەڵام گوێڕایەڵی نە تورکیاو نە هیچ وڵاتێکی ناوچەیی نەبو. بەڵام بۆ تورکیا ڕووخانی سەددام کارەساتێکی ناوچەیی بو؟. چونکە نوری مالیکی هات (٨) هەشت ساڵ سەرۆکوەزیران بو، بەهۆی نزیکیەکەی لە ئێران هەموو خەونەکانی تورکیای لە عێراق لە گۆڕنا. دوای ئەوەش حەیدەر عەبادی بو بە سەرۆکوەزیران دیسان نەیهێشت خواستەکانی تورکیا لە عێراق بەدی بێت.
سێهەم: ئێستاش کە ساڵی (٢٠١٩) یەو سێ سەرۆکایەتی نوێ لە عێراق هەیە، لەماوەی (٤) مانگدا سەرۆک کۆماری عێراق دوو جار سەردانی تورکیای کردووە. سەرکوەزیرانی عێراق « هادی عەبدلمەهدی» یش جارێک سەردانی تورکیای کردووە، وەزیری دەرەوەی تورکیا جارێک هاتۆتە عێراق، بڕیاریشە کۆتایی ساڵی ( ٢٠١٩ ) سەرۆک کۆماری تورکیا « ئەردۆگان» سەردانی عێراق بکات، ئەمە بۆ ؟. لێکەوتەیەکی ئەمە لەسەر حیسابی بنکۆڵکردنی کیانی هەرێمی کوردستانە لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، کە زیاتر سەرۆکی سەفرەو سیاحەتە لە باتی گەڕانەوەی شکۆ بە کوردو بۆ عێراقیەکان، ئەوەتا بەشدارو ئەندازیارە لە بریاری کردنەوەی مەرزێک « سنورێکی ووشکانی هاتوچۆیە» لە سنوری حکومەتی عێراقەوە بۆ تورکیا. بێگومان ئەمەش سەرەتا لێدانە لە مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل، دواجاریش لێدان و بەرگرتنە بە هێڵی بۆڕی کوردستان و، ئەگەری بەهێزیش ئەوەیە وابکەن لە قەتەرەوە بەناو خاکی عێراق دا هێڵی نەوت ببەنە تورکیا. دیارە هەرێمی کوردستان سنورێکی جوگرافی دیاریکراو و بەفەرمی نوسراوی نییە، ئەمەش وا ئەکات بۆردومانەکانی تورکیا و بە ناحەق شەهیدکردنی خەڵکی سڤیل لە خاکی عێراق دا حکومەتی عێراق بەرپرس بکا لە هەڵوێست نواندن، گوایە خەڵکی سنوری ڕانیەو باڵەکایەتی و ئامێدی عێراقی نین؟!. ئەوانەی لە حورمەتی خۆیان ناترسن بۆ وەرگرتنی پلەو پۆست هەرگیز متمانەیان نییە شکۆی نەتەوەکەیان بپارێزن.
چوارەم: بە پێی دوا ئامارو زانیاری (١١) یانزە بنکەی سەربازی تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستاندان، واتە لە خاکی عێراقدان بە بیانوی لێدان لە پەکەکە، تورکیا هەقی خۆیەتی سنورەکانی خۆی بپارێزی و کون و کەلەبەرەکان بگرێت. بەڵام ئەم سەردانانەی سەرۆک کۆماری عێراق و گەرمو گوڕییە بەپلەی ئیمتیاز ئەوەیە کە تورکیا هەوڵ ئەدات بونی ئەو ( ١١) یانزە بنکە سەربازییەو جێگیربونیان بە یاسایی بکات لە عێراقەوەو، یاسایەکی نوێی بۆ دەربکەن (ئەوەشیان لەسەر حیسابی خاکی کوردستان)، ئەمەش لە کاتێکدایە خەڵکی بەسرە دوو ساڵە ناڕەزایەتی دەرئەبڕن ئاوو کارەبایان نییە، کەچی ڕێبەرانی عێراق لە هەوڵی ئەوەن یاسا بۆ هێزی بێگانە دەربکەن لەناو خاکەکەی خۆیاندا.!. لەکاتێکدایە (٦٠٠) شەش سەت هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەهۆی گرتنەوەی ئاوی دیجلەوە بێ کەڵک بون و عێراق کەوتۆتە بەر مەترسی ( بەبیابانبون- Desertification).
پێنجەم: مەسەلەی تورکیاو نەوتی قورس و مامناوەندی کوردستانە کە پرسێکی ئێجگار ستراتیجیە، بەڵام تورکیا بە ڕووکەش ئەیەوێ وای نیشان بدات کە پرسی پەکەکە بۆ ئەو یەکەمەو پرسی ووزە دووەمە. توركیا له ساڵى 2016 بایی 60 ملیار دۆلار نهوت و غازى سروشتى كڕیوه، به پێى پهیمانگهى ئامارى توركى (TÜİK) توركیا بۆ هاوردهكردنى ووزه (نهوت و غاز) له ساڵى (2018) هدا (42,99) ملیار دۆلارى خهرجكردووه، ئهمهش ئهكاته (19,2%) ى بودجهى ئهو وڵاته. بهگشتى توركیا ساڵانه له نێوان (50 - 60) ملیار دۆلارى پێویسته بۆ هاوردهكردنى غازى سروشتى به پلهى یهك و ئینجا نهوت له ههر یهكه له ڕووسیا كه (52.94%) ى پێدوایستى غازى توركیا پێك ئههێنێت و پڕى ئهكاتهوه، دواى ئهو ئێران (16.62%) ى پێداویستى غازى توركیا (ئهمه بێجگه له نهوتى خاو) پێك ئههێنێت، وه ههروهها ئازهربایجان و نهیجیریاش بهشێكن له پڕكردنهوهى پێداویستیهكانى ووزهى توركیا. له ساڵى (2019) هدا پێشبینى ئهكرێت بڕێكى زۆر زیاتر له بودجهى توركیا بۆ كڕینى نهوت و غاز بێت لهدهرهوه، ئهمهش لهبهرئهوهى ئهو وڵاته خواسته نێوخۆییهكانى بۆ سوتهمهنى و بهنزین و كارپێكردنى كارگهكانى و تادوایی زیادى كردووه، ههروهها نرخى نهوتیش بهرزبۆتهوه. ئێ لەهەمان کاتدا تورکیا چۆتە ژێر باری سزا ئابوورییەکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە، ئایا چۆن جێگەی ئەو نەوتە خاوە پڕ بکاتەوە کە لە ئێرانەوە پێشوتر هاوردەی ئەکرد؟. ناتوانێ لە سعودییەوە هاوردەی بکات چونکە کێشەی سیاسی قووڵیان لە نێواندا هەیە. ناتوانێ وا بە خێرایی لە قەتەرەوە هاوردەی بکات. تێچوویەکی زۆری ئەوێ لە ڕووسیاوە هێڵێکی نوێ بۆ نەوت ڕابکێشێت، هەروەها كۆمپانیاى تـۆپراشى توركى (Tüpraş) كه تهواوى پاڵیۆگه نهوتیهكانى توركیاى دیزاین كردووهو بهڕێوهى ئهبا، ئهو پاڵیوگانهى وا دروستكردووه كه تهنها نهوتى قورس بپاڵێون، ئهگهر توركیا ناچار بكرێت ههر جۆرێكى تر له نهوت هاورده بكات ئهبێت كۆمپانیاى ئۆپراش ههڵوهشێنێتهوه یان سهرلهنوێ جێگیرى بكاتهوه، کەواتە نزیکترین و گونجاوترین ڕێگە نەوتی مامناوەندی و قورسی هەرێمی کوردستانە.
دواجار، تورکیا ووزە لە شەرعیەتی مێژوویی خۆی وەرئەگرێ لە عێراق، کاتێک دوای یەکەمین جەنگی جیهانی میراتی پیاوە نەخۆشەکە « ئیمپراتۆریەتی عوسمانی» لەنێوان ئیمپریالیزمی بەریتانی و فەڕەنسی دا دابەش کرا، ویلایەتی بەسرەو بەغداد و موسڵ پێکەوە لکێنران و لەژێر ئینتیدابی بەریتانی دا دەوڵەتی عێراق دروست بو. بەڵام ئەمە بۆ تورکیاش بێ ڕێگیریی نابێت، کارتی گەورەش بەدەست ڕێبەرانی کابینەی نۆی حکومەتی هەرێمەوەیە، سیستمی ئاکپارتی بەڕێبەرایەتی ئەردۆگان لە ئیتنۆ- نەیشناڵیزمەوە بەرەو ئیسلامگەراییەکی دەستەڵاتخواز، بەرئەنجامی ئەم سیاسەتەش تورکیای والێکردووە کە نەهێڵن لە هیچ شوێنێکی دەریای ناوەڕاست دا هیچ ڕۆڵێکی هەبێت، لە یۆنانەوە بۆ میسر بۆ ئیسرائیل بۆ قوبرص ڕێککەوتنی گەورە گەورەیان هەیە لەسەر پرسی هێڵەکانی وزەی دەریای ناوەڕاست، هەندێ لە تینک تانکەکانیان بانگەشەی ئەوە دەکەن هەرێمی کوردستان و نەوت و غازەکەی بگەیەننە دەریای ناوەڕاست و بیکەنە بەشێک لەو کوتلە گەورەیەی ووزە کە ئێستا ئەو وڵاتانە سەرقاڵین بە بێ ئەوەی هێڵی نەوت و غازەکەی بە خاکی تورکیادا تێپەڕبێت، ئەمەشیان ناوناوە ستراتیجی دەوردانی ئەردۆگان.
* بەهرۆز جەعفەر، سەرۆکی ئینستیوتی مێدیتریانەیە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی، خوێندکاری دکتۆرایە لە پەیوەندییە ئابوورییە نێودەوڵەتییەکان.