قوبرص، لە سەردەمی بێزەنطیەکاندا، هێما بووە بۆ شارستانییەتی کریستیانەکان، پێش ئەوەش بەشێک بووە لە ماهیەتی ناوچەی مانگی بە پیت کە مرۆڤایەتی لێوەی بەرەو دونیا دەرپەڕیوە، لەسەردەمی عوسمانییەکاندا، وێڵاشی دەستەڵاتی دەریایی بووە، کە باربارۆس و کەشتییەکانی تیایدا ملیان ناوە بەوانی ترەوە، لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی، جێ پێی خۆرئاواو هاوپەیمانان بووە (فەڕەنسا و بەریتانیا) پاشان ئیسرائیل بۆ هێرشکردنە سەر میسر و دەستەڵاتی ناسر لەسەردەمی هەڵگیرسانی شەڕی عەرەب- ئیسرائیل دا، لە حەفتاو هەشتاکاندا، هێمای دوورگەیەکی پڕ لە شەڕی ئیتنی بووە بۆ پاوانخوازی تورکیا.
٭ بەرەو وەرچەرخانێک لە ووزە و جیۆپۆڵەتیکی جیهان دا
قوبرس، سێهەمین دوورگەیە لە دەریای ناوەڕاست، نمونەیەکە هەرکاتێک باسی ڕاگەیاندنی دەوڵەت بکرێت، ناوەکەی لە شیکارە بەراوردکارییەکاندا ئامادەیە، پرسیاری ئەوەی بۆ قوبرسی باشور (بەشە یۆنانی) یەکەی پێشکەوتووترە لە قوبرسی باکور (بەشە تورکیەکەی). هەمیشە بیری لێدەکرێتەوە، بۆچی پێی ئەڵێن قوبرسی تورکی و یۆنانی لە کاتێکدا هیچ لینکێکی جوگرافی بەو دوو ووڵاتەوە نییە؟.
لە ڕاستیدا، کاتێک ئەم نووسینەو ئەم پرسیارە پێشکەش ئەکەم. ئێستا تەنها (٥۰ م) پەنجا مەتر لە قوبرسی یۆنانیەوە دوورم، ناو بازاڕەکە لە دوورگەیەکدا کراوەتە دووبەش بۆ دوو فەزاو سیستەمی جیاواز، یەکێکیان دەوڵەتە و ئەندامە لە یەکێتی ئەوروپاو زمان یۆنانیەو پارە یۆرۆیە، ئەمی تریشیان زمان تورکیەو هەرێمێکی فەرامۆشکراوە لەلایەن تورکیاوە. پۆلیسێ تەنەگەیەکی خستۆتە ژێر خۆی و، هەرجارێک کە ئەڕۆین و دێین ئەڵێ " کوا ڤیزەکەت؟". بۆ نانخواردن بەشی یۆنانی دێن بۆ بەشی تورکی. ئیتر هەردوولا لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە ئەم دۆخەیان بەرجەستەکردووە و، جاڕی دەوڵەتیان داوەو ، یەکێکیان بۆتە هەرێمێکی فەرامۆشکراو "قوبرسی باکور" کە تەنها چوار زانکۆی پێشکەوتووی دان پیانراوی نێودەوڵەتی و دوو قومارخانەی گەورەی جیهانی هەیە، هەموو ئەفریکاو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەو دوو شتە سەریان لێ ناوە. ئەویتریش ئێستە بە هۆی هاوپەیمانی لەگەڵ ئیسرائیل و ئیتاڵیاو پرۆسەی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی ووزە کە غازی سروشتی بێشوماریان دۆزیوەتەوە لە کەناری دەریای ناوەڕاست، ئێستە گریمانەی بەهێز ئەوەیە شۆڕشێک لە بواری ووزەو جیۆپۆڵەتیک دا بەرپا بکات، بە لای کەمی وەرچەرخانێک لە بواری ووزە، جیوپۆڵەتیک، ئابوریی سیاسی دا، ئەکات و، سەرەتاکانی دەرکەوتووە.
٭ کەتەلۆنیا و فۆڕمێکی تری قوبرس لە ئەوروپا
کەتەلۆنیا، چەند جارێک لە کەیسی قوبرسەوە نزیکە، جارێک بە هۆی ئەوەی هەردوکیان بەشێکن ئەووپاو ژینگەی ئەوروپی، هەردوکیشیان لە سەر دەریای ناوەڕاستن، کریستیانن، تایبەتمەندییەکی (لە بیرکراو) و کاریگەری ئەم دووانەو ئەم ناوچەیە بەگشتی ئەوەیە، بەشێکن لە مەسەلەو پرۆژەی " ئۆرۆ- مێدیتریان" ( Issues in Euro - Med politics). نزیکەی (۲۷) ساڵە کۆنێکتیک لە نێوان ئەوروپاو دەریای ناوەڕاست دا هەیە وەکو شەراکەت لە نێوان ئە ئەم ووڵاتانەدا، بە تایبەتی ئێستا کۆنێکتەکە ئیسرائیل و قوبرس (بەشە یۆنانیەکە) سەرکردایەتی ئەکەن، مەسەلەکەش پێش هەموو شت هێڵی بۆڕی غازی سروشتییە. واتە لایەنی پەیوەندییە ئابورییەکە کەمێک ململانێ ئیتنی و کەلتورییەکەی داپۆشیووە. ئەردۆگان سەرۆکەکەی تورکیا ناتوانێ نە بە شەڕ نە بە ئاشتی لەو پرۆژە ئابورییە غازییە و ئەو کۆنێکشنەی ئەوروپاو دەوڵەتانی دەریای ناوەڕاست بەشداربێت، کەچی لە قوبرس مزگەوتی گرانبەها دروست ئەکا و هێزی زیاتر کۆ ئەکاتەوە. ئەردۆگان ئەڵێ هیچ نەبێت با بەشە تورکیەکەی قوبرس لە خێرو بێری ئەو ئابورییە بێ بەش نەبن، لە کاتێکدا نە قوبرس غاز بە تورکیا ئەفرۆشێ و نە ڕێگەش ئەدا ئیسرائیل بۆ تورکیا ی هەناردە بکات، وێنەی تورکیا وێنەی داگیرکەرە، داگیرکردنی ئەو بەشەی قوبرس پێچەوانەی هەموو ڕێساو یاسا نێودەوڵەتییەکانە، تورکیا پێچەوانەی هەقیقەتی مێژوویی و جوگرافیشە.
بۆیە، کەتالۆنیا ش فۆڕمێکی ترە لە کەیسی قوبرص لە ئەوروپا بەتایبەتی هەردوکیان لە باشوری ئەوروپان، ترسی ئەوەش هەیە بۆ هەمان مەبەست بو بێت!. لە بەرانبەردا وەزارەتی دەرەوەی قوبرص (مەبەست لە دەوڵەتی قوبرصە بەشە یۆنانیەکە) ڕایگەیاند کە دان بە سەربەخۆیی کەتالۆنیادا نا نێت و مامەڵە لەگەڵ حکومەتی ئیسپانیادا ئەکەن، بەو هۆیەشەوە لوتکەی ووڵاتانی باشوری ئەوروپایان دواخست.
٭کەرکوک کۆلکەی هاوبەشە لە نێوان کوردستان و قوبرس دا
هەرێمی کوردستان- عێراق، لەکاتێکدا دروشمی سەربەخۆیی هەڵگرت و، ڕیفراندۆمی بۆ سەربەخۆیی کرد، هیچ خوێندنەوەیەکی بۆ جیوپۆڵەتیکی ئەم ناوچانە بەتایبەتی کاریگەری دەریای ناوەڕاست بەسەر کوردستانی گەورەوە نەکردووەو نەکردبو !. قووڵایی ستراتیجی لە قووڵایی مێژوو و جوگرافیای خۆیدا قەتیس ناکرێت، بەڵکو لەوێوە ئەخوێنرێتەوە ئاخۆ ئەو حەوزە کاریگەرانە کوێن ڕاستەوخۆ سەریان لە ناوخوانی هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستاندایە. ململانێکانیش هەر لەوێوە کاریگەری ئەخەنە سەر بڕیار لەسەر چارەنووسی کوردستان. ئەمە یەکێکە لە کۆلکە هاوبەشەکان.
کۆلکەیەکی هاوبەشی تر، لە نێوان سروشتی کێشەی قوبرس وبێت کوردستان دا بریتییە لە (کەرکوک). بوونی پێکهاتەی تورکمان لە کەرکوک وا لە سەرۆکوەزیرانی تورکیا " بیناڵی یەڵدرم" ئەکا بڵێت " کەرکوک شارێکی تورکمانییەو بەشێکە لە تورک". کەرکوکیش وەک قوبرس لینکی جوگرافی و مێژوویی بە تورک و تورکیاوە نییە، بەڵام بیانوویەک دروست ئەکەن بۆ ئەوەی دەستوەربدەنە کاروباریەوەو، دواتریش بیکەنە گرفتێک، تا دەستکەوتەکەیان ئەوە بێت داوای نیوە یان هەمووی بکەن. لە دوای بەهاری عەرەبییەوە تورکیا نەیتوانی ئەم دەستوەردانەی لە سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان بکاتە واقیعێک، لە کەرکوکیش گۆڕانکاریی و پێشهاتە هەرێمییەکان ئاکامی ئەو چانسەی دیاری ئەکەن.
٭ سەرئەنجام
بە گشتی لێرەدا، وێڕای سەردەم و خاڵە جیاوازەکانی نێوان هەرسێ کەیسی "قوبرص، هەرێمی کوردستا، کەتالۆنیا" خاڵی هەرە لێکچوویان بریتی یە لە دەرەنجامی ڕاپرسی و ساتی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، کە هەرسێکیان " دان پیا نە نانی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی دایک" کۆیان ئەکاتەوە، لە ئاکامدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو بە دوای یەکدا بەیاننامەیان دەرکردووە کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی مەرکەز و دایک ئەکەن (مەبەست لە ووڵات یان حکومەتی دایک ئەو شوێنەیە کە لایەنی جوداخواز ئەیەوێ لێی جیابێتەوە). بە گشتی لێرەدا، وێڕای سەردەم و خاڵە جیاوازەکانی نێوان هەرسێ کەیسی "قوبرص، هەرێمی کوردستان، کەتالۆنیا" خاڵی هەرە لێکچوویان بریتی یە لە دەرەنجامی ڕاپرسی و ساتی ڕاگەیاندنی دەوڵەت، کە هەرسێکیان " دان پیا نە نانی نێودەوڵەتی و دەوڵەتی دایک" کۆیان ئەکاتەوە، لە ئاکامدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەموو بە دوای یەکدا بەیاننامەیان دەرکردووە کە مامەڵە لەگەڵ حکومەتی مەرکەز و دایک ئەکەن (مەبەست لە ووڵات یان حکومەتی دایک ئەو شوێنەیە کە لایەنی جوداخواز ئەیەوێ لێی جیابێتەوە). وە هەرسێکیشیان دواتر حکومەتی مەرکەزیی خاڵی بەسەردا فەرزکردوون و بچووکی کردونەتەوە .