• English
  • العربية

زریانى تەلئەڤیڤ

12/16/2024 9:57:00 PM

  - عارف قوربانی

هیچ نهێنیى و شاراوەییەک لەوەدا نەبوو، ئەوەى بزووتنەوەى حەماس لە 7ى ئۆکتۆبەرى 2023 لەژێر ناوى (تۆفانى ئەقسا) دژ بە ئیسرائیل ئەنجامیدا، کارێکى سەربەخۆ و بە بڕیارێکى تاکلایەنەى سەرکردایەتیى حەماس لەنێو بەرەى مقاوەمە کرابێت. روون بوو دەستپێشخەرییەکى پلان بۆ داڕێژراوی بەرەى مقاوەمە بوو بۆ جەنگ لە دژى ئیسرائیل، کە چاوەڕوانى ئەوەیان دەکرد رۆژێک لەناکاو ئیسرائیل جەنگ لە دژى ئەوان بەرپا بکات.

ویستیان لەم رێگەیەوە هاوکێشەى جەنگە چاوەڕوانکراوەکەى نێوان ئیسرائیل و بەرەى ئێران بگۆڕن. بۆیە کاتێ ئیسرائیلیش هێرشى پێچەوانەى بۆ سەر غەززە دەستپێکرد، بەرەى ئێرانى لە لوبنان و یەمەن و عێراق و سووریا و تەنانەت ئێران خۆیشى دووجار بە هاویشتنى پێشکەوتووترین مووشەک و درۆنەکانى بەشدارى پەلامارەکانى بەرەى مقاوەمەى کرد دژ بە ئیسرائیل.

لە بەرانبەردا ئیسرائیلیش جیاوازی نەکرد لە نێوان بزووتنەوەى حەماس و ئەو گرووپە دەوڵەتى و نادەوڵەتیانەى دیکەى ناو بەرەى مقاوەمە. شانبەشانى پێشڕەوییەکانى لە جەنگى غەززە، بەردەوام لە رێگەى درۆن و مووشەک و بە فڕۆکەى جەنگییش کۆگاى چەک و جبەخانە و ناوەندە سەربازی و ستراتیجییەکانى حیزبوڵڵاى لوبنان و حوسیەکانى یەمەنى دەکردە ئامانج. لەنێو سووریاش بە درێژایى جەنگى غەززە وەک دیاردەیەکى رۆژانە فڕۆکەى ئیسرائیل بۆردوومانى پێگەى ئێران و ناوبەناو ناوەندە سەربازییەکانى سووریاشى بۆردومان دەکرد. سەرەڕاى مەترسییەکانى فراوانبوونەوەى جەنگ و گوشارى ئەمریکا و ئەورووپا بۆ سەر ئیسرائیل کە راستەوخۆ پەلامارى ئێران نەدات، وەک وەڵام و کاردانەوە بەرانبەر بە مووشەکە ئێرانییەکان، چەندین ناوەندى سەربازی لە ئێرانیش کردنە ئامانج.

گەرچى ئیسرائیل نایەوێ بە هیچ جۆرێک خۆى وا دەربخات دەستى لەنێو رووداوەکانى سووریادا هەبێت. بەڵام لەمەشدا هیچ گومانێک نییە کە رووخانى ئەسەدیش هەر درێژکراوەى جەنگى غەززەیە. نە گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانى سووریا بەو ئەندازەیە بەهێز بوون بەبێ پشتیوانى هێزگەلى دەرەکى بتوانن بەشار لەسەر حوکم بهێننە خوارەوە، نە ئەسەد و سوپاکەشى بەو ئەندازەیە داڕووخابوون بەرگەى دوو هەفتە نەگرن. ئەوەى روویدا دەرکەوتە و لێکەوتەى رێکەوتنى نهێنى و سیناریۆى رووداوگەلێکى نادیاری کۆمەڵێک هاوکێشەى هەرێمایەتى و نێودەوڵەتییە.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئایا تاوەکو ئەندازەى بێگیانبوونى حەماس و لاوازبوونى حیزبوڵڵاى لوبنان و بە رووخانى ئەسەد، جەنگەکە کۆتایى دێت، یاخود عێراق و ئێرانیش دەگرێتەوە؟ بۆ وەڵامى ئەم پرسیارە دەبێت لەوە تێبگەین کە ئایا ئەم رووداوانە درێژکراوەى جەنگى ئیسرائیلە و ئەمە زریانى تەلئەڤیڤە وەک کاردانەوە لە بەرانبەر تۆفانى ئەقسا و دەیەوێ بەم جۆرە ئاسایش و سەقامگیریى داهاتووی وڵاتەکەى دەستەبەر بکات، یاخود نەخشەو پلانێکى نێودەوڵەتییە بۆ کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان و دروستکردنى جۆرێک لە ئارامى لە رۆژهەڵاتى نێوەڕاست؟

هەر کام لەم دوو ئەگەرە لە پشتى رووداوەکانەوە بن، لۆژیک پێمان دەڵێت کە شەڕەکە تەواو نەبووە. چونکە ئەگەر رووداوەکان بەشێک بن لە نەخشەیەکى گەورەتر بۆ جۆرێکى دیکە لە بەڕێوەبردنى ناکۆکی و کێشەکانى رۆژهەڵاتى نێوەڕاست، ئەوە دەبێت عێراق و ئێران تورکیاش بکەونە ناو ئەو هاوکێشەى لاوازکردن و گۆڕانکارییانەوە. چونکە بەبێ دەستکاریکردنى سیستمى حوکمڕانى ئەم سێ وڵاتە، رۆژهەڵاتى نێوەڕاست سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێت.

ئەگەر پلانێکیش بێت بۆ رێکخستنەوەى ناوچەکە و لاوازکردنى رۆڵى هێز و گرووپە چەکدارە نادەوڵەتییەکان وەک ئەوەى لە لایەک بەرانبەر بە حەماس و حیزبوڵڵا کردیان و لە لایەکى دیکەشەوە بەهێنانە سەر حوکمى گرووپەکانى ناو تەحریر شام (هەتەشە) بیانەوێ کۆتایى بەو فرە هێزە چەکدارە ناڕێکخراوەى ناو سووریا بهێنن، ئەوە حوسیەکانى یەمەن هێشتا ماون و لە عێراقیش بەهۆى ئەو دەیان گرووپ و هێزە چەکدارەى هەیە و هەر یەکە و لە شوێنێکەوە ئاراستە دەکرێت و دەوڵەت دەسەڵاتى بەسەریانەوە نییە، دەبێت بەربژێرى یەکەم بێت دواى سووریا بکەوێتە بەر زریانى گۆڕانکارییەکان.

ئەگەر درێژکراوەى غەززەبى ئیسرائیلیش بێت لە تۆفانى ئەقسا، هێشتا عێراق و ئێران وەک دوو تەرەفى کاریگەرى ناو بەرەى مقاوەمە ماونەتەوە و نەکەوتونەتە بەر تۆڵەى ئەو وڵاتە. بەتایبەتیش کە تائێستا ئیسرائیل وەڵامى ئەو سەتان هێرشەى نەداوەتەوە کە گرووپەکانى عێراق کردوویانەتە سەر ئیسرائیل. کە بەپێى دوایین لێدوانى فەرمى حەیدەر لامى، ئەندامى مەکتەبى سیاسى بزووتنەوەى نوجەبا کە بەشێکن لە بەرەى مقاوەمە، لە لێدوانێکى رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە سەرەتاى جەنگى غەززەوە زیاتر لە 400 جار هێرشی درۆنى و مووشەکییان کردووەتە سەر ئیسرائیل. بێگومان ئەم هێرشانەى عێراق بێ وەڵام نامێننەوە. لە هەمانکاتدا مانەوەی عێراق و ئێران بەم جۆرە، مەترسى و هەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشى ئیسرائیل. کەواتە ئەگەر ئاراستەى رووداوەکان لە دەستى ئیسرائیل بێت، بەدواى کەوتنى ئەسەد دا نۆرەى عێراق و ئێرانیش دێت، چونکە بە وەک خۆى مانەوەى ئەم دوو وڵاتە، ناتوانێت سەقامگیری بۆ ئاسایشى ئیسرائیل دەستەبەر بکات.

هەرچەندە بە بەراورد بە سووریا ئۆپۆزیسیۆن و هێزێکى بەدیل ئامادە نییە بۆ جێگرەوەى دەسەڵاتى ئێستاى عێراق و لە ئەگەرى کەوتنى ئەم سیستمە شیعییەى حوکمڕانى ئێستاى عێراقدا وڵاتەکە رووبەڕووى چارەنووسێکى نادیار دەبێتەوە، بەڵام مانەوەى ئەم فرەهێزە چەکدارە میلیشیاییەى شیعى، مەترسییەکانى لەو چارەنوسە نادیارە زیاترە بۆ ناوچەکە. بۆیە ئەگەرێکى کراوەیە گوێنەدرێتە بەدیلى ئامادە و زریانەکە رووبکاتە عێراق.

لە هەر کام لەو ئەگەرانەى سەرەوەدا ئامانجەکە بەدینایەت ئەگەر گۆڕانکارییەکان ئێران نەگرێتەوە. بۆیە چاوەڕوانکراوە ئێرانیش بەربژێر بێت بۆ پێشهاتێکى گەورەتر لەوەى لە سووریا روویدا، چونکە لە لایەک ئێران لە پشتى زۆربەى ئەو گرووپە نادەوڵەتیانەیە کە سەقامگیریى حیهانییان تێکداوە، لە لایەکى دیکەشەوە لە ناوخۆى وڵاتەکەدا چەوساندنەوە و پێشێلکردنى ماف و ئازادییەکان گەیشتووەتە ئاستێکى ترسناک. هەروەک کێشەى گەلانى کورد و ئازەر و بەلووچ و عەرەبەکانیش تادێ پەرە دەستێنن. بەتایبەتیش کە جۆرێک لە وێناکردنى رووداوەکان بەو جۆرەیە کە دەیانەوێ هێزە گەورەکانى ناوچەى رۆژهەڵات بچوکبکرێنەوە. بەو پێیەش ئێران یەکێک دەبێت لەو وڵاتانەى چاوەڕوانکراوە بەر زریانى گۆڕانکارییەکان بکەوێت. بەتایبەتی تریش بەهۆى گەڕانەوەى ترەمپ بۆ سەر دەسەڵات لە ئەمریکا، ئەگەرى ئەوە زیاترە رووداوەکان خێراتر بن.

بە هەموو پێوەرێک ئەو زریانەى ناوچەکەى گرتووەتەوە، روودەکاتە عێراق و ئێرانیش. کوردیش وەک یەکێک لە کێشەکانى ناوچەکە مەحکومە بە لێکەوتەى رووداوەکان. شانبەشانى ئەو مەترسى و هەڕەشانەى رووی تێدەکەن، ئەگەرى رەخساندنى دەرفەتیشى زۆرە بتوانێت بەهۆیانەوە وەک بکەرێکى کاریگەر لەنێو هاوکێشە و نەخشەى داهاتووى رۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا رۆڵ و پێگەیەکى بەهێزى هەبێت، بەڵام مەرجى سەرەکى بۆ دەرفەتەکان بەستراوە بە ئامادەیى و ئیرادەى بڕیارى ئازایانەى سەرکردەکانییەوە.