د. بەهرۆز جەعفەر
ئەمریکا هۆلیۆدە، ناسایە، هارڤاردە. ستانفۆردە.
ئەمریکا دامەزراوەی هێریتەیجە، ڕاندە، ئینتەرپرایزە، برۆکینجزە.
ئەمریکا تاکە زلهێزە، تاکە وڵاتە دەتوانێت ئیدارەی (٧٥٠) بنکەی سەربازیی لە (٨٠) وڵاتی جیاوازدا بدات.
ئەمریکا دۆلارە؛ لە ساڵی ٢٠٢٣ دا ڕۆژانە (٧،٥) حەوت تریلیۆن و نیو دۆلار لە فۆڕێکس دا ئاڵوگۆڕی پێکراوە. لە ٢٠٢٤ یشدا دۆلار دراوی ژمارە یەکی بازاری ئابوریی جیهانییە. ئەوا دۆناڵد ترامپیش دەرچوو؛ ئیدی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێتە ڕێبازێکی بازرگانیی تەواوەتی و، ڕیالیزمی نوێ دەگاتە ترۆپکی سەردەمی خۆی.
ئەمریکا زێڕە؛ لە (٢٠٢٤) دا یەدەگی زێڕ لە ویلایەتە یەکگرتوەکان گەیشتۆتە (٨،١٣٣) هەشت هەزار و ١٣٣ مەتریک تۆن. بەتەنها یەدەگی زێڕی ئەمریکا زیاترە لە یەدەگی هەموو وڵاتانی بریکس (بەرازیل، ڕووسیا، هیند، چین، باشوری ئەفریکا). هەموو کاڵایەک لەم جیهانەدا یان بە زێڕ یان بە دۆلار دەپێورێت، ئەمریکا دۆلارە و زێڕیشە. ئەگەرچی دراوەکانی دیکەش یەدەگی وڵاتان پێکدەهێنن بە ڕێژەی جیا-جیا.
ئەمریکا تاکە زلهێز و وڵاتە کە کار لە سەر کەلتوری دیموکراسی و بەهاکانی لیبرالیزم دەکاتەوە، لەو پێناوەشدا لە دوای ١١ی سێپتەمبەرەوە سەدان ملیار دۆلاری خەرجکردوە.
ئەمریکا تاکە زلهێزە کە شەڕ دژی توندوتیژیی و تیرۆریزم دەکات لە تەواوی جیهاندا، ئایا چین و ڕووسیاو کۆریای باکور چ شتێکیان لەهەگبەدایە لەوەی ئەمریکا باشتر بێت؟!
ئەمریکا تاکە زلهێزە کە بەکەڵکی کوردستان هاتوە، ئەگەر ئامادەیی ئەمریکا نەبوایە لە ڕۆژئاوای کوردستان بە نیو کاتژمێر تەواوی کوردەکان دەکەوتنە بەر نەشتەری تورکەکان و بە کرێگیراوەکانیان.
ئەمریکا تاکە هێزە کوردی پاراستوە لەبەردەم هەڕەشەکانی حکومەتی ناوەندیی عێراقدا. لە دوای ڕووخانی سەدام حوسەینەوە دووجار بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی دژی بەغدا دەرچواندوە لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان، بەڵام ئیتر کورد خۆی خوێنەوار نییەو نوێنەرەکانی تەنها دەمهەراشی ناو سۆشیال میدیا و هەندێ بابەتی ڕووکەش دەزانن و، ناتوانن ئەمانە ئیستغلال بکەن، ئەوە بابەتێکی ترە.
ئەمریکا بوو لە دوای جەنگی کەنداو هەرێمی کوردستانی درووستکرد. کورد چوون شەڕی ناوخۆیان کرد و دەیان هەزارکەسیان لەیەکدی کووشت، ئەمریکا بوو نێوبژیوانی کردن، ئەمریکا سەدامی بۆ ڕووخاندن، دەستووری بۆ نووسینەوە، کوردی کرد بە سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوە و سوپاسالاری ئەو عێراقە. ئەمریکا بوو شەڕی داعشی بۆ کردن، هەموو مانگێک هاوکاری هێزی پێشمەرگە دەکات. ئەمریکایە بە پارەی خۆی هەزاران کوردی بردە زانکۆ پێشکەوتوەکانی جیهان، سەدان ناوەندی دیبلۆماسی پێ ئاشناکردن. کورد هێشتا هەر خەریکی جەلالی و مەلایین؛ ئەمریکا ٣٢٠٠ مانگی دەستکردی لە فەزادا جێگیرکردوەو بوە بە هێزێکی گەردوونی.
کورد هێشتا لەسەردەمی چەوساندنەوەی پرۆلیتاریاو جەبری دەرەبەگایەتیدان، ئەمریکا بوەتە خاوەنی زیاتر لە (٥٢٠٠) کڵاوەی ئەتۆمی.
ئەمریکا کتێبە؛ لە ٢٠٢٢ دا ٣،٣ ملیۆن ناونیشانی جیاوازی کتێب لە ئەمریکا چاپکراوە، لە ٢٠٢٣ دا نیزیکەی سێ ملیۆن کتێب چاپکراوە.
ئەمریکا تاکە زلهێزە، کە هەموو جەنگەکانی لەدەرەوە کردوون. تاکە وڵاتە کە دوو جەنگی جیهانی ڕوودەداو تەواو دەبێت، بەبێ ئەوەی فیشەکێک گەیشت بێتە کەناری گوندێکی ئەمریکی.
ئەمریکا ئەوروپای بونیادنایەوە لە دوای ١٩٤٤ و، پرۆژەی مارشال و دەیان ڕێککەوتننامەی جیهانی خستە خزمەتی سیاسەتەکانی خۆرئاواوە.
ئەمریکا وڵاتی دامەزراوە بەهێزەکانە، جەنگ و ئاشتی و درووستکردنی بڕیار بەتەنها لەدەست کەسێک یان خێزانێک دا کۆنەبۆتەوە.
ئەمریکا پێش ئەوەی سەرباز و دۆلار بێت، کەلتورە، دامەزراوەی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییە، دەستورێکی ٤-٦ لاپەڕەییە کە ئەمریکای بەو بەهێزییە هێشتۆتەوە. هەموو ئەوانەی دەچنە ویلایەتە یەکگرتوەکان ئەو کەلتورە دەیانکات بە خۆی، هەڵیاندەمژێت.
لەکۆتاییدا، ئەمریکا مەڵبەندی داهێنانە گەورەکانە، زۆرینەی ڕەهای فیلمە سەرسوڕهێنەرەکان لە ئەمریکا بەرهەم دێت. ئەمریکا کۆمپانیا سەرسوڕهێنەرەکانی دەرمانە؛ ڤایزەرە، جۆنسن ە، بریستۆڵ مایەرسە. ئەمریکا کۆمپانیاکانی وەک ئەپڵ، تێسلا، ئەمازۆن، فۆرد، نایک، ماکدۆناڵد و کۆکا کۆلایە، چیڤرۆن و ئیکسۆن مۆبیلە، جەنەراڵ ئەلیکتریکە. ئەمریکا؛ بەریتانیایە، کەنەدایە، ئیسرائیلە، ئوسترالیایە. ئەمریکا سەرزەمینی ئەلبێرت ئەنیشتاین، کارل ساگان، ڕیچارد فەیمان، هانس مۆرگێنتاو، نەئۆم چۆمسکی، هینری کیسنەر، کینز واڵتز، جۆهن مێرشایمەر، تۆماس کۆهن، ڕۆبەرت شیڵەر و...و.. هەزاران زانای دیکەیە.
ئەمریکا تەکنەلۆجیایە، سۆشیال میدیایە؛ گۆگڵە، مایکرۆسۆفتە، فەیسبوکە، تویتەرە. هەموو ئەوانەی سەرەوەیە پێش ئەوەی فڕۆکەی بی -٥٢ و ئێف-٣٥ بێت. ئەم دیڕانە سەلمێنەری ئەوەن کە "ئەمریکا شارستانییەتە، شارستانییەتیش ئاوهایە." ئاوهایە ئەمریکا؛ مرۆڤ لەوێدا داهێنەرە، بەڵام لە ڕۆژهەڵات و لە وڵاتی ئێمەدا سەرکز دەکرێت، برسی دەکرێت، بێچار و بێزار دەکرێت، ڕاودەنرێت و...تادوایی.
دۆناڵد ترامپ بۆ جاری دووەم دەچێتەوە کۆشکی سپی، بردنەوەی ئەمجارەی کۆمارییەکان و ترامپ زۆر جیاوازترە، بەتایبەت لەوێدا کە کۆمارییەکان زۆرینەی "سێنات"یشیان بەدەستەوەیە و، ڕێگریی کەمترە لەبەردەم بڕیارەکانیان. بۆیە؛ قسەیەکی زەق هەیە بۆ هەموو لایەنێک لەدەرەوەی ئەمریکا؛ هەم ویلایەتە یەکگرتوەکان و هەم ترامپ پاسەوانی ماڵی باوکی کەس نین؛ مرۆڤی ژیر دەبێت لەناوجەرگەی نەزمە جیهانییەکە بگات، دەبێت گەلی وەکو کورد خۆی لەگەڵ سەردەمەکەو سیستمە جیهانییەکە بگونجێنێت نەک پێی وا بێت دەبێت ئیدارەی ترامپ و سیستمە جیهانییەکە خزمەتکاری ئەوبن و جیهان بێت خۆی لەگەل کوردان بگونجێنێت!
لەگەڵ هەر هەموو ئەوانەشدا؛ ئیدارەی ئەمریکا لەبەردەم دەرزەنێک گرفتی گەردوونی، سەرئێشەی ناوخۆیی، تەحەدای دەرەکی دایە، ئەو گرفتانە ئەوەندە قووڵن؛ ئەوەندە هەستیار و زۆرن زەحمەتە ئیدارەی ترەمپ و تیمەکەی بتوانێت دەرەقەتیان بێت. هەڵبەت کتێبی ئایندەم ساڵی ئایندە هەر لە ئەمریکا بڵاودەبێتەوە، باس لە تەحەدیاتەکانی بەردەم سیستەمی تاکجەمسەریی ئەمریکا و ئاسۆکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات. یەکێك لە دێڕە سەرەکییەکانی ناو کتێبەکە ئەوەیە: ئەمریکا لە دەرەوە ناڕووخێت، مەگەر لەناوەوە دابڕزێت: ترسی گەورە ئەوەیە ڕۆژێک ئەمریکا لە ناوخۆی ئەمریکادا بدۆزرێتەوە. ئێستا چەندین کتێب نووسراون کە باس لە ڕیشەکانی ئەو ترازانە دەکات.