- بێوار ڕەحمان / هاوەڵ و هەماهەنگیکاری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی لە عێراق.
-
لە (١٨ ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣) دا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچوو، سەدرییەکان کە لە سێ هەڵبژاردنی یەکلەدوای یەکی پەرلەمانیی عێراقدا یەکەم بوون، بەشدارییان نەکرد. بایکۆتکردنی پرۆسەی سیاسیی لە عێراقدا لەلایەن "موقتەدا سەدر"ەوە، تارماییەکە بەسەر لایەنە سیاسییەکان و پرسیارێکە هەر ناوەند و لایەنێک بەجۆرێک لێکی دەداتەوە!
ئایا سەدرییەکان وەک چۆن گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی بوون و دەستبەرداری کورسییەکانیان بوون، ئاوهاش دەستبەرداری پارێزگاکانی عێراق دەبن، کە خاوەنی گەورەترین حکومەتیی –خۆ-جێیین لە عێراقدا؟ هەریەکە لە پارێزگاکانی بەسرە، ناسریە، عەمارە، دیوانییە ، نەجەف و بەشێک لە پارێزگای کەربەلاش لە ژێر هەژموونی سەدرییەکاندا بوون ( یان نیزیک بوون لێیان). ئایا سەدرییەکان هەر بە یەکجاریی ماڵئاوایی لە حکومەتی عێراق دەکەن و هەژموونی سەدر تەنها لە نەجەف دەمێنێتەوە؟!
لە ٤ ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٣ دا، موقتەدا سەدر سەردانی کەربەلای کرد. بە پێی هەندێ لە سەرچاوەکان لە کۆبونەوەیەکی تایبەتی دا، سەدر بە کەسە نیزیکەکانی وتوە "من لە نیزیک ترین کاتدا شەهید دەبم". ئێوارەی ٢٥ ی کانونی دوەمی ٢٠٢٣ دا لە ناوچەی عامرییەی بەغدا بەیەکداکێشان لەنێوان سەرایا سەلام و عەسائیبی ئەهلی حەق ڕوویدا، کاتێک لایەنگرانی سەدر ئاڵای عێراق و سەدرییەکان هەڵدەواسن، چەکدارانی عەسائیبی ئەهلی حەق دێن لە ژێر درووشمەکانی ئەوان وێنەی قاسمی سولەیمانی دروشمی عەسائیب هەڵدەواسن، هەردوولا بە چەکی قورس و سووک بەرانبەر یەکدی وەستانەوە. ئەمانە ئاماژەی ئەوەن موقتەدا سەدر پەیامی هەڵگیرساندنی جەنگێک بە لایەنە عێراقییەکانی ناو حکومەت دەدات.
سەرایا سەلام، گوزارشتە لە هێزە شەڕکەرەکانی سەر بە گرووپی سەدرییەکان، پێکهاتەکەی (٣٨) هەزار چەکدارە، کە بنکەی سەرەکییان دەکەوێتە شاری سامەڕا و پاراستنی مەرقەدی حەسەن ئەلعەسکەری و عەلی لهادی لە دەستی ئەوانە.
ئەنجومەنی پارێزگاکان پێگەی عامری و مالیکی بەهێزدەکات؟
پاش دوورکەوتنەوەی سەدرییەکان، دیمەنەکە وا دەردەکەوێ کە نوری مالیکی کێرڤی لە پنتەکانی حوکمڕانییدا بەرەو هەڵسانەوەی بەرچاو ڕۆیشتوە. لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیشدا " هادی عامری و مالیکی" زۆرترین ڕێژەی کورسیی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان لە چوارچێوەی "هاوپەیمانی نەبنی" دا بەدەستهێناوە؛ ئەم هاوپەیمانێتیە وەلائییەکانی حەشدی شەعبیشی لە خۆگرتوە، کە (٤٣) کورسیی لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا مسۆگەر کردوە. دەتوانین بڵێین چوارچێوەی هەماهەنگیی بوون بە خاوەنی (١٤) پارێزگای عێراق لە کەرکوکەوە تا بەسرە قسەی کۆتایی بە بێ ئەوان ناکرێ! تەنانەت هەر پارێزگایەکی سووننەنشینیش ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان پاڵپشتی لێ نەکات ناتوانێ ببێتە پارێزگاری لێ دابنرێ. لەگەڵ ئەوەشدا، پارتی دیموکراتی کوردستان هەم لە کەرکوک و هەم لە مووسڵ ڕێژەی دەنگەکانی و کورسییەکانی تووشی دابەزین بوویەوە.
پرسیاری ئەوەی ئایا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەژموونی کێ بەهێز دەکات، بەوێدا تێپەڕدەبێ ئایا بۆچی سەدرییەکان دەیانەوێ پارێزگاکان لە دەست نەدەن، بە تایبەتی پارێزگایەکی گرینگی وەک نەجەفی پیرۆز کە لە دەستی سەدرییەکان بوەو "د. ماجید ئەلوائیلی" سەرپەرشتی دەکات. ئێستا ئیتر بەمجۆرە سەدر هەموو شتێك لەدەست دەدات، تەنها ئەوەی ماوەتەوە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و، باڵوێزی عێراق "محەمەد سەدر" ە لە لەندەن. تەنها سەردانێکی سەید موقتەدا بە یاوەری حەسەن ئەلعەزاری و ئەحمەد لمەتڕی و سەیدعەون بۆ کەربەلا و ئەداکردنی دوو ڕکات نوێژ لەوێدا چی بۆ پرۆسە سیاسییە دەهێنێ؟ ئاگادارکردنەوەی نیزیکەکانی "مقربین" بەوەی کە ئەو شەهید دەبێ، پێدەچی پەیامێکی توندبێ و کۆتایی بە بێدەنگی بهێننن. بە ئاشکرا لە بەرەی کەرخ و ڕەسافەی بەغدا ڕێژەی بەشداربوون لە هەڵبژاردنی پارێزگاکاندا نە گەیشتە (٢١٪) کە هۆیە سەرەکییەکەی بایکۆتی هەڵبژاردنەکە بو لە لایەن سەدرەوە، هەندێک ناوچەی بەغدای پایتەخت بەشداریی خەڵک نەگەیشتە (١٠٪ ) و (١١٪)، لەناو بەغداددا هیچ لایەنێکی سەر بەچوارچێوەی هەماهەنگی نەیتوانیوە ( ١٥ تا ٢٠) هەزار دەنگ کۆبکاتەوە، بۆیە سووننەکان بەتایبەت لیستەکەی "محەمەد حەلبوسی" یەکەم بوون.
دەکرا (١٩ ملیۆن و ١٠٠ هەزار) دەنگ بدەن، بەڵام ڕێژەی بەشداربوون لە ناوەڕاست و باشوری عێراق نەگەیشتە (٤ ملیۆن و ١٠٠ هەزار)، کەواتە نیزیکەی (٩ ملیۆن و ١٠٠ هەزار) بایکۆتی هەڵبژاردنیان کردوە، بۆیە سەدر ئێستا تەماشای پێگەی خۆی دەکات، کە ئێستاش زیاتر لە جاران شەقامی عێراقی لە دەستدایە، دەستی بە جووڵە کردوە، ئەنجامی جووڵەکەش ئەوەیە لە "حەی عامریە" بەغدا سەرایا سەلام و کەتائیبی عەسائیبی ئەهلی حەق بەریەک دەکەون و (٦) کەس کوژرا و (٢١) کەسیش بریندار بوو. زانیارییەکان ئەوەمان پێدەڵێن کە سەرکردە سەربازییەکانی ناو سەرایا سەلام کە لە (٧٢) کەس پێکدێن، کۆبونەوەی پێشوەختیان بۆ ئامادەباشی هەبوە.
ئەمانە ئەوەمان بۆ دەردەخەن، کە ڕەنگە پێگەی سیاسیی مالیکی و عامری و خەزعەلی لە پرۆسەی سیاسییدا، هەروا بەئاسانی بەهێز نەبێ و ناسەقامگیریی تەواو لە مەیدانی سیاسیی و شەقامی عێراقدا بەدوای خۆیدا بهێنێت. لایەنی کەم ساڵی (٢٠٢٤) ساڵی شکاندنی بێدەنگییەکانی سەدرییەکان دەبێت لە عێراقدا.
بۆچی سەدر دەگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق؟
لە ڕێگەی "سەید موستەفا ئەلیەعقوبی"یشەوە کە کوڕە خاڵی سەدر و بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی سەدرییەکانەوە، جووڵەکان دەستی پێکردوە. یەکێک لەو لایەنە سەرەکییانەی سەدر بەدەستییەوە دەناڵێنێت، نەبوونی "مەرجەع" ێکە بۆ سەدر، دوای ئەوەی لە ٢٨ ی ئابی ٢٠٢٢ ەوە "کازم حەلحائیری" لە تارانەوە لە گەرمەی ململانێکانی سەدرو لایەنە شیعییەکانی ترەوە، دەستی لەکاری مەرجەعیەت کشاندەوە، گوایە ئەو پیر بوەو ناساخە، بەڵام ڕاستییەکەی ئەوەبو، لە ژێر فشاری ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەوەی کردوەو، ئێستا دەستبەسەرە. نەبوونی مەرجەعییەتێکی ئاینی نە لە حەوزەی قووم نە لە نەجەف و نووسینگەکانی تر بۆ سەدرییەکان، خاڵی لاوازیی ڕەوتی سەدرە. هەر کاتێک سەدر هەستی بەوە کرد، کە خۆی ناتوانێت ببێتە مەرجەع و مەرجەعییەت بەڕێوە ببات (کە پۆستێکی گرنگترە لەوەی کە هەیبوەو هەیەتی) ئەوا بە قورسیی بە خۆی دەکەوێ و دەگەڕێتەوە ناو پرۆسەی سیاسیی عێراق. قەیرانی مەرجەعییەت و نەبوونی ئایەتوڵا لەناو شیعەی عێراقدا بوەتە گرفتێکی هەنووکەیی، لە دوای شەهیدبونی "سەید موحەمەد حەکیم" ماڵی حەکیم نەیانتوانی مەرجەعییەتێکی دیکە دابنەنەوە. هەریەکە لە بەشیر نەجەفی و ئیسحاق ئەلفەیاز باری تەندروستییان زۆر خراپە. سەدرییەکان ئەگەر خۆشیان مەرجەعییەتی نەجەف وەرنەگرنەوە، ئەوا پشتیوانی لە "سەید موحەمەد ڕەزا" دەکەن، لەبەرانبەر ئەوەی بڕیاری سیاسیی عێراق لەدەستی سەدرییەکان و قوببەی بڕیاری مەرجەعییەتیش لەدەستی کوڕە گەورەکەی سەید سیستانی "سەید موحەمەد ڕەزا" بێت. ئەمەش بۆ یەکەم جار دەبێ لە مێژووی شیعەگەراییدا مەرجەعێک بمرێ و کوڕەکەی جێگەی بگرێتەوە. باری ئاینی موحەمەد ڕەزا ئەوەیە قوتابی بوە لەسەر دەستی "سەید لخوئی، شێخ واحید خۆراسانی و باوکی کە گەورە مەرجەعی شیعەیە لە ئاستی جیهاندا.
ئەو دوو کەسەی کە بەتەواوی لە لایەن موقتەدا سەدرەوە ڕەت دەکرێنەوە، مالیکی و قەیس خەزعەلییە. بەتایبەتی ڕێبەری حیزبی دەعوە "نوری مالیکی" بەلای سەدرەوە قبوڵکراو نییە بگەڕێتەوە سەردەمی زێڕینی خۆی، کە ساڵانی دوای (٢٠٠٦) مالیکی خاوەنی (١١) پارێزگاو (٨٩) کورسی پەرلەمان عێراقی بەدەستەوە بوو.
کابینەکەی محەمەد شەیاع سودانی لە ٢٠٢٤ دا
کابینەکەی سودانی لەسەر بنەمای چوار بەڵێن لە هەناوی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت (کە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، کورد و سووننەکان پێك دێت) هاتە دەر؛ بەڵێنی یەکەمیان، ڕازی بوون بە گۆڕینی شێوازی کارکردنی دادگای فیدراڵی و گۆڕینی ئەنجومەنی دادوەری عێراق (لەمەش پاشگەزبوونەوە)، دوەمینینان، یاسای نەوت و گاز بوو (هێشتا کابینەی سودانی هیچ هەنگاوێکی بۆ نەناوە)، سێهەمینیان، بە هاوبەشی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان یاسای بودجە دەربچێ (ئەوەش تیایدا سەرکەوتوو نەبوون)، چوارەمینیان، بابەتی ناوچە کێشە لەسەرەکان کە ناکۆکی لەسەرە لە نێوان کوردو عەرەبدا بەڵێنیان دا کە هێزە وەلائییە- شیعییەکانی تیا بکشێنێتەوە (لەمەش پاشگەزبونەوە).
بۆیە، بەئەگەری زۆرەوە پارتی دیموکراتی کوردستان لە چارەکی یەکەمی (٢٠٢٤) دا لە کاتی کشانەوەی لە کابینەکەی سودانی ڕابگەیەنێت. هێشتا پەیوەندیی بەهێز لە نێوان پارتی دموکراتی کوردستان و ڕەوتی سەدردا هەیە، پەیوەندییەکی بەهێز لە نێوان موقتەدا سەدر و "سەید موحەمەد ڕەزا" کوڕە گەورەی "ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی" دا هەیە. لە ئاستی هەرێمایەتیشدا، سعودییەکان پاڵپشتی ڕەوتی سەدر دەکەن. دەرئەنجامی ئەمانەش ئەوەن بۆ یەکەمین جارە بەشێوەیەکی چڕ ئیدارەی ئەمریکا (بەفەرمانی جۆ-بایدن) بە درۆن و فڕۆکەی شەبەح بەو سەختییە پەلاماری حەشذی شەعبی بدات لە سێ شوێنی هەستیار لە عێراق: کەتائیبەکانی سەید شوهەدا، کەتائیبی عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی ئیمام عەلی کردە ئەمانج، کە هەریەکە لە شبل زەیدی وئەکرەم کەعبی سەرکردایەتی دەکەن.
کۆتایی
سەدر تارماییەکە بەسەر هەموو لایەنە سیاسییەکانی عێراقەوە، هەموان وەک بۆمبە تەوقیتکراوەکە تەماشای دەکەن، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و شەقامدا جڵەوی تەواوەتی لە عێراقدا هەیە، ئاسان نییە بتواندرێ و بزاندرێ سەدر بەنیازی چی یە، هەندێک لایانوایە زیانمەندی یەکەم و کۆتایی ڕەوتی سەدرە کە بەتەواوەتی کەوتۆتە دەرەوەی یاریگاکە، هەندێکی دیکەش وەک (ئەم نووسینە پاڵپشتی دەکات) گریمانەی بەهێزیان ئەوەیە ئەگەر سەدر نەتوانێ جڵەوی تەواوەتی مەرجەعییەت وەک چەترێکی گەورەو کاریگەری شیعە لە عێراق و ناوچەکە بگرێتە دەست، بێگومان لە ناکاوێکدا دەبێتە سوپرایز بۆ چوارچێوەی هەماهەنگی و هێزە وەلائییەکان.
- بێوار ڕەحمان / هاوەڵ و هەماهەنگیکاری پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی لە عێراق.